پارێزگاری نەینەوا بۆ رووداو: کەسوکاری قوربانییەکانی حەمدانیە دەتوانن لە دادگا سکاڵا تۆمار بکەن

05-10-2023
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
هەڤپەیڤین لەگەڵ نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا
هەڤپەیڤین لەگەڵ نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا
نیشانەکردن ئاگرکەوتنەوە لە حەمدانیە نەجم جبووری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری نەینەوا لەبارەی رووداوی هۆڵی ئاهەنگەکانی حەمدانیە بە رووداوی گوت کەسوکاری قوربانییان "ئێستا دەتوانن سەردانی دادگای حەمدانیە بکەن و سکاڵا تۆمار بکەن'' ئەگەر گومانیان هەیە. 
 
نەینەوا، دووەم گەورە پارێزگای عێراقە کە هەمیشە چاوی نەک لایەنە ناوخۆییەکان، بەڵکو دەرەوەشی لەسەرە، دوایین رووداوی گەورەی جەرگبڕ کە لەمدواییە لە سنووری پارێزگاکە روویدا، سووتانی هۆڵی ئاهەنگەکانی هەیسەم بوو و، بەهۆیەوە تائێستا نزیکەی 115 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
لیژنەیەکی گەورە بۆ بەدواداچوونی هۆکارەکانی رووداوەکەی هۆڵی ئاهەنگەکانی هەیسەم لە حەمدانیەی زۆرینە کریستیاننشین پێکهات، کە لە شەوی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا سووتا، بەڵام ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە لەلایەن کریستیانەکانەوە رەتکرایەوە و، داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەکەن.
 
نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەدا لەگەڵ رووداو کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 5-10-2023) پەخشکرا، رایگەیاند "ئەو لێکۆڵینەوەیەی کراوە، تەنیا شتەکانی روون کردووەتەوە؛ ئەوەی پەیوەندیی بە لایەنی ئیدارییەوە هەیە، هەروەها ئەوەی پەیوەندیی بە لایەنی جینائییەوە هەیە.''
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، نەجم جبووری داوا لەو کەسانە دەکات کە شوێنێک دادەمەزرێنن، 'بیر لە بنەماکانی سەلامەتی بکاتەوە و دووربکەوێتەوە لە هەوڵی بەخشینی شیرینی بەم بەش و ئەو بەشی فەرمانگەیەک بۆ ئەوەی بنووسن ئەم هۆڵە، یان ئەم مۆڵە یان ئەو دامەزراوەیە هەموو شتی تەواوە لەڕووی سەلامەتییەوە.'

دەقی هەڤپەیڤینەکە:

رووداو: دەمەوێت لەبارەی رووداوەکەی حەمدانییە پرسیار بکەم؛ پاش ئەو لێکۆڵینەوەیەی بە سەرۆکایەتیی بەڕێز وەزیری ناوخۆ کرا، بەڵام خەڵکی حەمدانییە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە رەتدەکەنەوە و، داوادەکەن لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی بکرێت، ئێوەش لەسەر ئەو رایەن؟
 
نەجم جبووری: پێموایە جۆرە تێکەڵکردنێک هەیە، زانیارییان دەربارەی ئەو لێکۆڵینەوەیە نەبووە. ئەو لێکۆڵینەوەیەی کراوە تەنیا شتەکانی روون کردووەتەوە، ئەوەی پەیوەندیی بە لایەنی ئیدارییەوە هەیە و ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی جینائییەوە هەیە. لێرە بەدواوە دادگا دەرگا بۆ هەموو ئەوانە دەکاتەوە کە داوای مافی کەسی دەکەن یان زانیارییەکیان هەیە. دەرگای دادگا دەکرێتەوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵاکانی تایبەت بەو رووداوە. کەسوکاری قوربانییەکان ئێستا دەتوانن سەردانی دادگای حەمدانیە بکەن و سکاڵا تۆمار بکەن بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لای خۆیان دەربارەی رووداوەکە هەیە.
 
رووداو: جەنابت پارێزگاری نەینەوایت و حەمدانیەش سەر بە نەینەوایە، چی دەکەی بۆ دەرخستنی راستییەکانی ئەو رووداوە؟
 
نەجم جبووری: هەموومان بەلامانەوە گرنگە راستییەکە ئاشکرا ببێت. ئێمە، رووبەڕوو لەگەڵ خەڵکی حەمدانیە قسەمان کردووە، هەروەها لەڕێی دەزگاکانی میدیاشەوە گوتوومانە هەرکەسێک زانیارییەکی هەیە، ئێمە ئامادەین گوێ بگرین. کێ زانیارییەکی هەیە و کێ ترسێکی هەیە، با بێتە لای ئێمە و ئێمەش لای خۆمانەوە دەیگەیەنینە دەستی دادگا.
 
رووداو: خەڵکی حەمدانییە مافی ئەوەیان هەیە داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بکەن؟ گومانێکیان لەوە هەیە کە دادگاکانی عێراق نەتوانن لێکۆڵینەوە لەو بابەتەدا بکەن؟ یان شتێکی دیکە لە ئارادایە؟
 
نەجم جبووری: نا، تێگەیشتنی من بە جۆرێکی دیکەیە. دەزگای دادوەریی ئێمە دەزگایەکی دادپەروەرە، بەتایبەتی ئێمە لە سنووری نەینەوا دادوەرمان هەن کە هیچ کاتێک ئامادە نین سازش لەسەر مافی ئەو قوربانییانە بکەن و هیچ کاتێک سازش لەسەر مەسەلەی حەقدا ناکەن. هەرکاتێک بینییان، یان گومانیان هەبوو کە زانیارییەکیان داوە، بەڵام دادگا هیچ هەنگاوێکی نەناوە، ئەوکاتە مافی ئەوەیان دەبێ داوای دادگای دیکە بکەن، بەڵام رای من وایە، کە دەزگای دادوەریی عێراق و بەتایبەتی دادگاکانی پارێزگای نەینەوا ئامادەن گوێ بگرن، ئێمەش ئامادەین گوێ لە هەر زانیارییەک یان بەڵگەیەک بگرین کە لای خەڵکە.
 
رووداو: سەبارەت بەو تەرمانەی هێشتا لە پزیشکی دادوەرین، ژمارەیان چەندە و چەند تەرم ماون کە هەتا ئێستا نەناسراونەتەوە؟
 
نەجم جبووری: ئێستا تیمێکمان هەیە کە لە پزیشکی دادی بەغداوە هاتوون. ئەو تەرمانەی زەحمەتە بناسرێنەوە، وا خەریکی شیکاریی دی ئێن ئەین، بەوجۆرە توانییان بەشێکیان بناسنەوە و ئەوانی دیکەش وا کاریان لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی بناسرێنەوە. پێموایە ئەو تەرمانەی ماون نزیکەی 25 بۆ 30 تەرمن.
 
رووداو: لە بریندارەکانیش بەشێکیان بە هاوکاریی ئێوە و سەرۆکوەزیران رەوانەی وڵاتانی دیکە کراون بۆ چارەسەر، هیچ برینداری دیکە ماون کە پێویستییان بە چارەسەر لە دەرەوەی وڵات بێت؟
 
نەجم جبووری: ئێمە، ئەوەی پێویستی بە دەرەوەی عێراق بێت، بێگومان ئەوە بە بڕیاری پزیشکەکان دەبێت، لەوانە نزیکەی 10 بریندارمان رەوانەی تورکیا کردوون. بەشێکیشیان بە سوپاسەوە برام فەخامەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و برام مەسروور بارزانی بە سوپاسی زۆرەوە بەشێکیان لە نەخۆشخانەکانی هەولێرن و بەشێکیان لە نەخۆشخانەکانی دهۆکن و تەنانەت بەشێکیان رەوانەی نەخۆشخانە تایبەتەکانی دهۆک کراون و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سوپاسەوە خەرجییەکەی لەئەستۆ گرتوون.
 
رووداو: بەڕێز جبووری، دەمەوێ لەبارەی شتێکی دیکەش پرسیار بکەم. هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ناوت بخرێتە نێو یاسای ریشەکێشیی بەعس، ئایا ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوورت بخەنەوە، یان شتێکی دیکە هەیە؟
 
نەجم جبووری: بەڵێ، مەبەستە سەرەکییەکە دوورخستنەوەمە لە خۆبەربژێرکردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان... ئەمە مەبەستە سەرەکییەکەی ئەوانە کە لەو رووەوە هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئەوەی ریشەکێشم بکەن و دوورم بخەنەوە لە مافی خۆبەربژێرکردن بۆ ئەندامیێتی ئەنجوومەنی پارێزگا.
 
رووداو: ئەوانە کێن کە دەیانەوێت دوورتبخەنەوە؟
 
نەجم جبووری: هەندێ لایەنی سیاسیی ناسراون... لایەنی سیاسین.
 
رووداو: دۆخی ئەمنی ئێستا لە نەینەوا سەقامگیرە، بەڵام هێشتا گرووپی چەکدار ماون کە سەر بە حەشدی شەعبین، داواتان لە بەڕێز سەرۆکوەزیران نەکردووە تەنیا سوپا و پۆلیس بمێننەوە و ئەوانە دووربخرێنەوە؟
 
نەجم جبووری: بەڵێ بڕیار وابوو هەتاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئیدی پۆلیسی لۆکاڵی تەواوی دۆسیەی ئەمنی لەدەست بگرن. هێزەکانی سوپا و حەشد بچنە دەرەوەی شار. ئێستا وا پۆلیسی لۆکاڵی خەریکن ئەرکی خۆیان دەبینن و خۆیان ئامادە دەکەن بۆئەوەی دۆسیەی ئەمنی بگرنە دەست.
 
رووداو: من، شتێکم نەماوە ئەگەر ئێوە قسەیەکتان هەبێ بۆ گەلی عێراق.
 
نەجم جبووری: ئەو کارەساتەی روویداوە کارەساتی هەموو عێراقییەکانە و تەنیا کارەساتی خەڵکی حەمدانیە نییە. بە چاوپۆشی لە هۆکارەکانی کە ئایا دەستی تاوانی لەپشتە یان نا، بەڵام ئەمە بەداخەوە بەڵگەیەکە بۆ پابەندنەبوون بە مەرجەکانی سەلامەتی. خاوەنی ئەو هۆڵە ئەگەر پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی بووایە، تەنانەت کە ئاگرەکەش کەوتەوە لانیکەم ئەو ژمارە زۆرە قوربانیەی لێ نەدەکەوتەوە. بۆیە تکام لە هەمووان هەیە جا لە موسڵ بن یان لە کوردستان، یان لە هەر شوێنێک، ئەوەی شوێنێک دادەمەزرێنێت، دەبێت بیر لە بنەماکانی سەلامەتی بکاتەوە و دووربکەوێتەوە لە هەوڵی بەخشینی شیرینی بەم بەش و ئەو بەشی فەرمانگەیەک بۆ ئەوەی بنووسن ئەم هۆڵە یان ئەم مۆڵە یان ئەو دامەزراوەیە هەموو شتی تەواوە لەڕووی سەلامەتییەوە. با ئەوەیان لەبیر بێت کە ژیانی خەڵک بەهادارە و تەنانەت ئەگەر گریمان دادگایەکی عادیلانەش لەسەر زەوی نەبوو، دواجار دەچێتەوە بەر دادگەی دادپەروەرانەی خوا و کەسیش لەوێ دەربازی نابێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.