CPJ: لە خۆپێشاندانەکانی ئێران 35 رۆژنامەڤان دەستگیرکراون

05-10-2022
دانا عومەر
 هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یەگانە رەزایان، لێکۆڵەری باڵای تایبەت بە ئێران لە کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان (CPJ)
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یەگانە رەزایان، لێکۆڵەری باڵای تایبەت بە ئێران لە کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان (CPJ)
A+ A-

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئاماری کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان (CPJ)، لە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، 35 رۆژنامەڤان دەستگیرکراون و "لە دۆخێکی نالەباردان و ئەشکەنجە دراون و، لە ژووری تاکەکەسیدا دەستبەسەرکراون".
 
یەگانە رەزایان، لێکۆڵەری باڵای تایبەت بە ئێران لە کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان (CPJ)، لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات، باسی دۆخی رۆژنامەڤانانی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کرد. 
 
یەگانە رەزایان، ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێک لە رۆژنامەڤانان لەکاتی دەستگیرکردنیان و لە زیندانیشدا ئەشکەنجە دراون، یەکێک لە رۆژنامەڤانەکان هەردوو قاچی شکێندراوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یەگانە رەزایان، لێکۆڵەری باڵای تایبەت بە ئێران لە کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان (CPJ):
 
رووداو: دۆخی رۆژنامەڤانانی ئێران چۆنە بە تایبەت ئەو رۆژنامەڤانانەی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەی ئێران دەستگیرکراون؟
 
یەگانە رەزایان: دۆخی رۆژنامەڤانانی دەستبەسەرکراو لە ئێران لەم کاتەدا ئەگەری هەیە زۆر خراپ بێت، بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و نەبوونی بارودۆخێکی ئازاد لە راگەیاندندا، هەواڵ و زانیاری لەسەر ئەو بابەتە زۆر بە ئەستەم دەگاتە دەستی ئێمە، زانیارییەکی زۆر وردمان لەبارەی بارودۆخی رۆژنامەڤانانی دەستبەسەرکراو لەبەردەستدا نییە، جگە لەوەی دەزانین زۆربەیان یان گواستراونەتەوە بۆ گرتووخانەی ئێڤین، یان ژنانی رۆژنامەڤانیش گواستراونەتەوە بۆ گرتووخانەی قەرچەک کە بارودۆخێکی زۆر خراپی هەیە بۆ راگرتنی دەستبەسەرکراوان.
 
رووداو: هیچ ئامارێکتان لەبارەی رۆژنامەڤانانی دەستگیرکراو لایە، هیچ رۆژنامەڤانێک لە خۆپێشاندانەکان برینداربوون یان کوژراون؟
 
یەگانە رەزایان: ئێمە لە کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان، تاوەکو ئەمڕۆ توانیومانە دەستگیرکردنی 35 رۆژنامەڤان پشتڕاستبکەینەوە، واتە تاوەکو ئەمڕۆ 35 رۆژنامەڤانی ئێرانی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە خۆپێشاندانەکان دەستگیرکراون. کاتێک دەڵێم لە خۆپێشاندانەکان، بەهۆی کاری رۆژنامەڤانییەوە لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان دەستگیرکراون، زانیاریمان لەسەر ئەوانە نییە کە بێسەروشوێنن، بەڵام ئەوەی دەیزانین ئەوەیە کاتی دەستگیرکردنیان زۆر بە تووندی دەستگیرکراون. بۆ نموونە یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لە کاتی دەستگیرکردنیدا بەگوێرەی گوتەی بنەماڵەکەی، سەری شکێندراوە. هێزە ئەمنییەکان کێشاویانە بەسەریدا و شکاندوویانە. حوسەینی رونەقی، نووسەر و رۆژنامەڤانی دیاری ئێران لە هەواڵەکاندا هاتووە کە هەردوو قاچی شکێنداروە. هێزە ئەمنییەکان لێیانداوە و هەردوو قاچیان شکاندووە، لەبارەی کوشتنی رۆژنامەڤانانیشەوە هیچ ئامارێکمان نییە و ئاگادارنین هیچ رۆژنامەڤانێک کوژرابێ.
   
رووداو: لەبارەی چارەنووسی ئیلاهە محەممەدی و نیلوفەر حامدی، ئەو دوو رۆژنامەڤانەی لەسەرەتاوە بابەتی گیانلەدەستدانی ژینایان بڵاوکردەوە، هیچ زانیارییەکتان هەیە؟
 
یەگانە رەزایان: ئەو زانیارییانەی ئێمە هەمانە لەبارەی هەردوو رۆژنامەڤان ئیلاهە موحەممەدی و نیلوفەر حامیدی، ئەو دوو رۆژنامەڤانەی پێش هەموو کەس زانیارییان لەبارەی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە، ئەو زانیارییانە کە پارێزەرەکەیان محەممەد عەلی کامفیروزی بڵاویکردوونەتەوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانە هەردوو خانمەکە لە زیندانی تاکەکەسی لە زیندانی ئەوین دەستبەسەرکراون، هیچ زانیارییەک لەبارەی بارودۆخیان نییە، لەژێر لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەدان.
 
رووداو: ئێستا دۆخی نەمانی ئینتەرنێت و ئازادیی رۆژنامەگەری لە ئێران لە چ ئاستێکدایە؟
 
یەگانە رەزایان: ئەو زانیارییانەی ئێمە لە کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان هەمانە ئەوەیە هێڵی ئینتەرنێت لە ئێران زۆر سنووردارە، لە ناوەندی شارەکان لەو شوێنانەی ئینتەرنێت هەیە زۆر لاوازە، رۆژنامەڤانان و خۆپێشاندەرانی ئێران دەستیان بە ئینتەرنێت و ئینیستاگرام و واتسئەپ ناگات، بۆیە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی دەستگەیشتن بە زانیاری لە ئێران لەژێر پرسیاردایە، لە ئاستێکی زۆر خراپدایە، بەو هۆیەشەوە کارکردنی رۆژنامەڤانان زۆر ئەستەم بووە.
 
رووداو: CPJ، چ رێکارێک دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی رۆژنامەڤانان لە خۆپێشاندان و گرژییەکانی ئێران؟
 
یەگانە رەزایان: ئێمە لە رێکخراوی داکۆکیکردن لە رۆژنامەڤانان بەکارهێنانی تووندوتیژی لە دژی رۆژنامەڤانان لە لایەن ئێرانەوە بە تووندی سەرکۆنە دەکەین، داوای دەستبەجێ ئازادکردنی رۆژنامەڤانانی دەستگیرکراو دەکەین، تاوەکو ئەو شوێنەی پێمان دەکرێت هەوڵی پاراستنی رۆژنامەڤانانی دەستگیرکراو لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەی ئێران دەدەین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.