فرانسوا ئۆلاند بۆ رووداو: کورد هۆکار بوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە داعش پارێزراو بێت

05-04-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند
هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا باسی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کورد دەکات و دەڵێت، یەکەم جار لە ساڵی هەشتاکانەوە دروستبووە. دەشڵێت، کورد رۆڵی هەبووە و ئێستاش رۆڵی خۆی هەیە لە دژی داعش و دژی تیرۆر. "ئەگەر کورد نەبووایە کە لە دەوری سەرۆک بارزانی بوون، دەبوو تاوەکو ئێستاش موسڵ لەژیر داگیرکاریی داعشدا بووایە." 
 
سەرۆکی پێشووی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو شتانەی کورد کردوونی بۆ دەستگیرکردنی تیرۆریستەکان هیچ کاتێک لە یادیان ناکەم، چونکە ئەوە هۆکار بوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە مەترسیی ئەوان پارێزراو بێت."
 
هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی دۆستانەیان هەیە، فرانسوا ئۆلاند دەڵێت: "کوردان هەموو کاتێک ویستوویانە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ فەرەنسادا هەبێت."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فرانسو ئۆلاند
 
رووداو: حەزدەکەم یەکەم پرسیارم لەوەوە دەستپێبکەم کە پەیوەندیی بەڕێزتان لەگەڵ کورد چۆن دروستبوو و لە کوێوە دەستیپێکرد؟
 
فرانسوا ئۆلاند: لە ساڵی هەشتاکاندا لە رێگەی خانم دانیال میتەرانەوە بوو کە دەستپێشخەرییەک بۆ پێشوازی لەو کوردانە کرا، کە رووبەڕووی توندوتیژیی و هێرش دەبوونەوە، لە هەرێمەکەی خۆمدا منیش پێشوازیم لە کورد کرد، کە دواتر زۆرینەیان بوونە هاووڵاتی فەرەنسا؛ دواتریش وەکو سەرۆککۆمار من پشتیوانی فەرەنسام بۆ کورد راگەیاند، کە رووبەڕووی هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی ببوونەوە."
 
رووداو: هەمیشە گەلی فەرەنسی و سەرکردەکانی فەرەنسا پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبووە، دەمەوێت بزانم هۆکاری ئەوە چییە؟
 
فرانسوا ئۆلاند: زۆربەی کات کورد رووبەڕووی هێرش بووەتەوە، هەندێک جاریش کۆمەڵکوژکراون، فەرەنسا هەموو کاتێک پشتیوانیی ئەو گەلانە دەکات کە بەهۆی ناسنامەیانەوە رووبەڕووی هێرش دەبنەوە، ئەوە نەریتێکی فەرەنسایە، سەرەڕای ئەوانەش کوردان هەموو کاتێک ویستوویانە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ فەرەنسادا هەبێت.
 
رووداو: بەڕێز هۆلاند دەمەوێت بزانم فەرەنسا چۆن دەتوانێت هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات؟
 
فرانسوا ئۆلاند: دەبێت فەرەنسا هەمووکات ئەوانە قبووڵ نەکات لە ئێران روودەدەن کە نەک تەنیا لە دژی ژنانن، لە دژی کەمینەکانیشن، هەروەها نابێت ئێمە قبووڵی بکەین کە سووریا کورد بچەوسێنێتەوە، هەتا هەندێک جار شەڕی ناسنامەشیان دەکرێت لەلایەن ئەردۆغانەوە. لە عێراقیش دەبێت هەمووکات گرنگی بەوە بدەین کە کوردستان پێگەی خۆی بە تەواویی هەبێت لەو وڵاتەدا کە ناوی عێراقە، بۆ ئەوەی کوردستان رۆڵێکی تایبەتی تێدا بگێڕێت.
 
رووداو: بەڕێزتان لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازیتان لە پێشمەرگە و شەڕڤانانی هەسەدە کرد، ئێوە رۆڵی کورد لە شەڕی دژی داعش چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
 
فرانسوا ئۆلاند: بە خۆشحاڵییەوە کورد رۆڵی هەبووە و ئێستاش رۆڵی خۆی هەیە لە دژی داعش و دژی تیرۆر. ئەگەر کورد نەبووایە کە لە دەوری سەرۆک بارزانی بوون، دەبوو تاوەکو ئێستاش موسڵ لەژێر داگیرکاریی داعشدا بووایە. لە سووریاش کورد نەبووایە ئێمە نەماندەتوانی هەموو ئەو شارانە رزگار بکەین کە دەوڵەتی ئیسلامی داگیری کردبوون. هەروەها ئەو شتانەی کورد کردوونی بۆ دەستگیرکردنی تیرۆریستەکان هیچ کاتێک لە یادیان ناکەم، چونکە ئەوە هۆکار بوو کە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی لە مەترسیی ئەوان پارێزراو بێت.
 
رووداو: ئێوە ئایندەی کورد لە سووریا چۆن دەبینن؟
 
فرانسوا ئۆلاند: من باوەڕێکی زۆرم بەوان هەیە، چونکە کوردەکان ئازاو بوێرین و خاوەنی پرەنسیپن و رێز لە بەهاکانیان دەگرن، بەتایبەت لەبارەی ژنانەوە. من هیچ کاتێک لەیادی ناکەم کاتێک کە سەرۆککۆمار بووم پێشوازیم لە چەند ژنێکی کورد کرد، کە لە ریزی پێشەوەی شەڕدابوون کاتێک شەڕی دژی داعش هەبوو.
 
رووداو: ئەو کاتەی ئێوە کوردتان ناسی، دۆخی کورد زۆر خراپ بوو، ئەی ئێستا دۆخی کورد چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
 
فرانسوا ئۆلاند: هێشتا ئاستەنگی هەیە، لە سووریا ئێستاش کورد رووبەڕووی هێرشی میلشیاکانی تورکیا دەبێتەوە، لە ئێرانیش وەکو ئێوە باستان کرد ئێستاش بەشێک لە دانیشتووانەکەی رووبەڕووی هێرشی رژێمەکە دەبنەوە، بۆیە دەبێت پشتیوانی بەردەوام بێ، ئەمەش ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیەیە کە ئێستا من تێیدا بەشداریی دەکەم.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە