فەرماندەیەکی دروزەکان بۆ رووداو: حوکمی ئایین لای ئێمە بە تەواوی رەتکراوەیە

دوێنێ کاژێر 10:20
سیروان عەباس
شێخ مەروان ئەلڕزق، فەرماندەی یەکەیەک لە ژووری ئۆپەراسیۆنی سوەیدا میوانی رووداو بوو.
شێخ مەروان ئەلڕزق، فەرماندەی یەکەیەک لە ژووری ئۆپەراسیۆنی سوەیدا میوانی رووداو بوو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیەکی ژووری ئۆپەراسیۆنی سوەیدا دەڵێت: "حوکمی ئایینی و ئیسلامی تەنیا وڵات و خەڵکیان بەرەو شەڕ و کێشە بردووە، ئەمە لای ئێمە بە تەواوی رەتکراوەیە، ئێمە دەوڵەتی عەلمانی، مەدەنی، دیموکراتی، یاسا، هاوڵاتیبوون، دەوڵەتی مافەکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانمان پێ باشترە".
 
شێخ مەروان ئەلڕزق، فەرماندەی یەکەیەک لە ژووری ئۆپەراسیۆنی سوەیدا کە لە پێکهاتەی دروزەکانی سووریایە، میوانی بوڵتەنی کاژێر 14:00ی رووداو بوو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد.
 
شێخ مەروان، لەبارەی کوردەوە گوتی: " کوردەکانی سووریا کەسوکاری ئێمەن و لەگەڵماندا دەگونجێن، باش، پاک و پیاون و لە مێژوودا زۆر ستەمیان لێکراوە."
 
گوتیشی: "هەموو سوورییەک کەسوکاری ئێمەیە، ئێمە جیاوازی ناکەین لەنێوان عەرەب، ئاشووری، مەسیحی، ئیسلام و شیعە، بیرۆکەی زۆرینە و کەمینە لە سووریا داگیرکار هاوردەی کردووە و ئێمە رەتیدەکەینەوە. سوورییەکان دۆستی یەکن بە هەموو پێکهاتەکانییەوە."
 
ئەو فەرماندەیەی دروزییەکان، لەبارەی چوونی سوپای ئیسرائیل بۆ نێو قووڵایی خاکی سووریا گوتی: "ئیسرائیلییەکان چۆن بیر دەکەنەوە ئەوە کاری خۆیانە، کەس لە دەرەوە مەرجی خۆی بەسەرماندا ناسەپێنێت، ئێمە مەرجەکانی خۆمان لە ناوەوە دەسەپێنین، چونکە بەهێزین و خاوەنی ئەم مەرجانەین و خاوەنی ئەم هێزەین."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی شێخ مەروان ئەلڕزق، فەرماندەی یەکەیەک لە ژووری ئۆپەراسیۆنی سوەیدا لەگەڵ رووداو
 
رووداو: دۆخی سوەیدا چۆنە؟
 
شێخ مەروان: ئەم وڵاتە لە دەسەڵاتدارە گەندەڵەکان رزگاری بووە کە بۆ ماوەی زیاتر لە 54 ساڵ حوکمیان کردووە، ئێستا دۆخەکە لە خۆشی و شادیدایە، تەماشای رووی هەموو سوورییەکان دەکەیت، دەبینیت بە فەزڵی خوا گەشاوەیە و هەموویان خۆشحاڵن. پێموایە هەموو سوورییەکان خۆشحاڵن کە رزگاریان بووە.
 
رووداو: ئێوە هێزی تایبەت بە خۆتان هەیە، ئێستاش وایە یان هێزەکانی دەستەی تەحریری شام هاتوونەتە ئەوێ [سوەیدا]؟
 
شێخ مەروان: ئێمە لە پارێزگای سوەیدا چەند گرووپێکی چەکدارمان هەن، ئێستا هەوڵ دەدەین ئەم گرووپانە لە ژوورێکی عەمەلیاتی یەکگرتوودا کۆبکەینەوە، تاوەکو لە داهاتوودا لەژێر دەسەڵاتی دەستەی سیاسی بن کە نوێنەرایەتی دەسەڵاتی پارێزگا دەکات، واتە دەسەڵاتی پارێزگا وەکو پارێزگار یان فەرماندەی پۆلیس یان سوپا. بە هەر ناوێک لەم ناوانە بێت ئینشائەڵڵا هەموو ئەم گرووپانە دەچنە ژێر دەسەڵاتی سیاسی بەرپرس لە کاروباری سیاسی.
 
رووداو: مەبەستتان لە دەسەڵاتی سیاسیی کێیە کە دەڵێی لە داهاتوودا بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی سیاسیی پارێزگا؟
 
شێخ مەروان: ئێمە لێرە لە پارێزگای سوەیدا ناناوەندیمان پێ باشترە، ناناوەندی مانای جیابوونەوە لە سووریای دایک نییە، ناناوەندی مانای ئەوەیە کە هەر وڵاتێک خۆی بەڕێوەببات بە پەیوەندی لەگەڵ ناوەند، ئەمەش شتێکی باوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرکەوتووە، لەوێ چەندین نەتەوە و ئیتنیک و ئایین و رەگەز هەن، هەروەها لە ژاپۆن کاتێک دوای جەنگی ناوکی هەستایەوە و بەرەو پێشەوە چوو، هەروەها لە ئەڵمانیا دوای جەنگی جیهانی و لە میرنشینە عەرەبیە یەکگرتووەکان، ئەزموونی ناناوەندی ئەزموونێکی شکۆدار و باوە، لەم ئەزموونەوە دەگەینە داهاتوویەکی جوان و گەش.
 
بەڵام ئەزموونەکانی دیکە تەنیا وڵات و خەڵکیان بەرەو شەڕ و کێشە بردووە، مەبەستم لەمە حوکمی ئایینی و حوکمی ئیسلامی لای ئێمە بە تەواوی رەتکراوەیە، ئێمە دەوڵەتی عەلمانی، دەوڵەتی مەدەنی، دەوڵەتی دیموکراتی، دەوڵەتی یاسا، هاوڵاتیبوون، دەوڵەتی مافەکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانمان پێ باشترە.
 
رووداو: ئەگەر دەسەڵاتی نوێی سووریا بە ناناوەندی رازی نەبێت، هەڵوێستی ئێوە چی دەبێت؟
 
شێخ مەروان: دەسەڵاتی دیمەشق ناتوانێت شەریعەتی خۆی بەسەرماندا بسەپێنێت، دەسەڵات ئەمەی نییە، ئێمە ئازادین و نیشتمانپەروەرین، کەس ناتوانێت لەسەر بابەتی نیشتمانپەروەری کێبڕکێمان لەگەڵ بکات، ئێمە لە پارێزگای سوەیدا لەم چیایە بەرزەدا دژی ئیبراهیم پاشای میسری جەنگاین و شکێنراین و دژی هێرشی تورکیەکان جەنگاین و ناومان نرا یاخیبووانی نەتەوەکان و دژی فەرەنسییەکان جەنگاین و سەرکەوتین بەسەریاندا، وڵاتمان رزگار کرد. کاتێک وڵاتمان رزگار کرد، کۆمەڵێک سووری بوون لەگەڵ خوالێخۆشبوو سوڵتان پاشا ئەترەش.
 
دەسەڵاتمان قۆرخ نەکرد، پاشا (وا لێی خۆش بێت) دوای ئەوەی وڵاتی رزگار کرد چووە سەر کاری کشتوکاڵی و نەچوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات، ئێمە لەگەڵ دروشمی خوالێخۆشبوو پاشاین. 
 
ئایین بۆ خودایە و نیشتمان بۆ هەمووانە، ئێمە هەموومان هاوبەشین لەم نیشتمانەدا، من خاوەنی هەموو بستێکی زەویم لە هەموو سووریادا و ئەمە مافی هەموو سوورییەکە.
 
رووداو: ئەگەر هەردوولاتان مکوڕبوون لەسەر بڕیاری خۆتان، ئەنجامەکەی چی دەبێت؟
 
رووداو: ئەمە لە داهاتوودا دەردەکەوێ. دەستی هاوکاریمان درێژکردووە بۆ دیمەشق، ئێمە دەزانین ئێستا کێ لە دیمەشق هەیە، ئەم دەسەڵاتەی ئێستا لە دیمەشقە، ئێمە دەزانین ئەو رابردووەی پێکیهێناوە و لە کوێوە هاتووە و چی نوێنەرایەتی دەکات و چی کردووە، ئەوان لە دیدی ئێمەدا شاراوە نین، دەزانین ئاراستەی کۆنیان چی بووە، بەڵام بۆ ئاراستەی ئێستایان گوتە و کردەوەمان دەوێت، نامانەوێت گوتەکان لەگەڵ کردەوەکان یەکنەگرنەوە.
 
رووداو: بەڕێز ئەحمەد شەرع دەڵێ، نووسینەوەی دەستوور و هەڵبژاردن سێ بۆ چوار ساڵی پێویستە، رای ئێوە؟
 
شێخ مەروان: ئەم لێدوانە پاساو نییە کاتێک نیەتی راستەقینە بۆ بنیاتنانی نیشتمان هەبێت و نیشتمانپەروەرانی سووری لەم زەوییەدا و دەستەبژێر و بیرمەندەکان دەتوانن لە نزیکترین کاتدا دەستوورێکی سووری بنووسنەوە و دەتوانن دەوڵەتێکی سووری بنیات بنێن.
 
سووریا خاوەنی شارەزایی و لێهاتووییە، سوورییەکان لە هەر شوێنێک بن جیهانیان سەرسام کردووە، سوورییەکان گەلێکی شکۆدارن و کارامەن لە کارکردندا، گەلێکن شارستانییەتیان بۆ جیهان و هەموو وڵاتانی جیهان ناردووە، شارستانییەت و نووسین و زانستیان ناردووە، کەواتە ئەم وڵاتە لانکەی شارستانییەتەکان و لانکەی پێغەمبەرانە، ئەم وڵاتە دەتوانێت هەستێتەوە، بەڵام واتای ئەوە نییە، لێرەدا خۆ دەبوێرم لە دەستپێکردنی کارکردندا. بەڵام بۆ ماوەی ساڵان نا، کاتێک نیەتی راستەقینە هەبێت ئەم کارە پێویستی بەو هەموو ساڵانە نییە.
 
رووداو: هەندێ لایەن ئێوە تۆمەتبار دەکەن بەوەی دەتانەوێ هێزەکانی ئیسرائیل زیاتر بێنە نێو قووڵایی خاکی سووریا، ئەمە راستە؟
 
شێخ مەروان:  سەبارەت بە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل لە دراوسێیەتیدا، ئەمە کاری دەوڵەتی ئیسرائیلە. ئێمە نیشتمانپەروەرین، ئێمە پێمان باشە بەشێک بین لەم نیشتمانە سوورییە و ئێمە بەشێکین لەم گەلە سوورییە، ئەمە ئەوەیە کە پێمان باشە.
 
بەڵام ئیسرائیلییەکان چۆن بیر دەکەنەوە ئەوە کاری خۆیانە، بەڵام سەبارەت بە تائیفەی یەکتاپەرستەکان (دروز) تائیفەیەکی بەڕێزە و لەسەر زەویی ئیسرائیل و لەسەر زەویی لوبنان و لەسەر زەویی سووریا و لەسەر زەویی ئوردون هەن. بوونی ئەم تائیفەیە واتە تائیفەیەکی یەکگرتوو، تائیفەیەکە لە ئامۆزا و خزم پێکهاتووە، کەواتە ئەم تائیفەیە یەکگرتووە، بە هەموو واتای وشە یەکگرتوو، بەڵام کەس لە دەرەوە مەرجی خۆی بەسەرماندا ناسەپێنێت، ئێمە مەرجەکانی خۆمان لە ناوەوە دەسەپێنین، چونکە بەهێزین و خاوەنی ئەم مەرجانەین و خاوەنی ئەم هێزەین لەسەر زەوی. بە یەکگرتنمان، بە دەستەبژێرەکانمان، بە بیرمەندەکانمان، بە پیاوە بەهێز و بوێرەکانمان کە دژی داگیرکەری فەرەنسی و تورکی و ئیبراهیم پاشا جەنگان و سەرکەوتن بەسەریاندا، ئێمە بەنی مەعرووف لە مێژوودا هیچ جەنگێکمان نەدۆڕاندووە.
 
رووداو: پرسیارەکەم ئەوەبوو کە تۆمەتبار دەکرێن بەوەی ئیسرائیل زیاتر بێنە پێشەوە و لە ناوچەکانی ئێوە بمێننەوە.
 
شێخ مەروان: وەڵامێکی راشکاوانە دەدەمەوە؛ ئەگەر رۆژێک لە رۆژان دەوڵەتێک لێرە لە سووریا دامەزرا و هەموو سوورییەکان رەزامەندییان لەسەری دەربڕی و ئەم دەوڵەتە دەستی بۆ ئاشتی درێژ کرد لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل، ئێمە هیچ رێگرییەکمان نییە بۆ ئاشتی، دەستمان درێژکردووە بۆ ئاشتی بۆ هەموو لایەک، بەڵام لە چوارچێوەی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و لە چوارچێوەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافەکانی مرۆڤەوە.
 
رووداو: پەیوەدندیتان لەگەڵ کورد چۆنە لە سووریا؟
 
شێخ مەروان: کوردەکانی سووریا کەسوکاری ئێمەن و لە زۆربەی رەنگەکان لەگەڵماندا دەگونجێن، باش، پاک و پیاون و لە مێژوودا زۆر ستەمیان لێکراوە. هەموو سووریەک خزمی ئێمەیە، ئێمە جیاوازی ناکەین لەنێوان عەرەب، ئاشووری، مەسیحی، ئیسلام و شیعە، بیرۆکەی زۆرینە و کەمینە لە سووریا داگیرکار هاوردەی کردووە و ئێمە رەتیدەکەینەوە. سوورییەکان دۆستی یەکن بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە