عەبدولحەکیم بەشار: ئەگەر پەکەکە لە رۆژئاوا نەمێنێت لە تەنیشت هەسەدە دەوەستم

دوێنێ کاژێر 04:29
عەبدولحەکیم بەشار لە ستۆدیۆکانی رووداو.
عەبدولحەکیم بەشار لە ستۆدیۆکانی رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا دەڵێت، هەر کاتێک پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان نەما، لە پاڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەمێنێت. دەشڵێت، هەر کاتێک پەکەکەیان دەرکرد و پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە پچڕاند، ئەو کاتە هێرش کرایە سەر کۆبانی، بۆچوونێکی دیکەی دەبێت.
 
عەبدولحەکیم بەشار، لە هەڤپەیڤینێکدا کە نالین حەسەن لەگەڵی کردووە، باسی لە چوونی دەکات بۆ دیمەشق و دەڵێت، ئەو چووبوو خەڵک و کەسایەتی و هێزە سیاسییەکان ببینێت، نەک ئەحمەد شەرع، بۆ ئەوەی بۆچوونیان لەبارەی ئاییندەی سووریا بزانێت. دەشڵێت: "ئەوان کۆک بوون لەسەر ئەوەی سووریای داهاتوو ناناوەندی بێت، کە هەر فیدراڵییە، بەڵام لە وشەی فیدراڵی دەترسان".
 
عەبدولحەکیم بەشار، کە دوێنێ لەگەڵ شاندێکی کوردی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە، باسی بۆچوونی سەرۆک بارزانی کرد لەبارەی داهاتووی کورد لە سووریا و گوتی، سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە، 'ئەگەر ئێوە ئامۆژگاری من قبوڵ بکەن، ئێوە کوردەکانی سووریا پێکەوە بن و لەسەر مافی گەلی کورد چی پێویست بێت و چ یارمەتییەک لە دەستم بێت، من ئامادەم ئەگەر بتوانم".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەبدولحەکیم بەشار
 
رووداو: دوێنێ لە لای سەرۆک بارزانی بوون. ئایا ئەو گەشبین بوو سەبارەت بە داهاتووی رۆژئاوای کوردستان؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: بە کورتی ناتوانم بڵێم، بەڵام رەوشێکی نوێ لە سووریا دروست بووە. رژێمێک کە پارتی بەعس بوو 60 ساڵ لە دەسەڵات بووە، ئێستا دەرفەتێک دروست بووە کە کورد بگاتە مافی خۆی. لە سەردەمی بەعس هیچ دەرفەتێک بۆ کورد نەبوو. زۆرمان هەوڵ دا، بەڵام بە پێچەوانەوە کاری شۆڤێنی دژی کورد دەکرا. ئەمڕۆ پێویستمان بە گوتارێکی کوردی هاوبەش و یەکدەنگ هەیە، پێویستمان بە شاندێکی کوردیی هاوبەش هەیە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەو شاندە پێکنایەت. من بۆ جەنابی سەرۆک باسی ئەو چالاکی و کۆبوونەوانەی خۆمم کرد لە ماوەی ئەو 20 رۆژەی کە لە شام بووم. بۆچوونی خۆمم سەبارەت بە داهاتووی سووریا پێگوت و پێویستە ئێمە وەکو کورد چی بکەین. وەڵامەکەی بۆ ئێمە ئامۆژگارییەک بوو کە زۆر بەنرخە و بە کورتی گوتی "ئەگەر ئێوە ئامۆژگاری من قبوڵ بکەن، ئێوە کوردەکانی سووریا پێکەوە بن و لەسەر مافی گەلی کورد چی پێویست بێت و چ یارمەتییەک لە دەستم بێت، من ئامادەم ئەگەر بتوانم"، قسەکەی زۆر روونە.
 
رووداو: لای سەرۆک بارزانی باستان لە چی کرد؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: لە سووریا زۆربەی هێزە سیاسییەکانمان بینی، هێزەکانی حکومەت، بەرەی نیشتمانی، ئۆپۆزیسیۆن و ئەوانەی لە نێوانیشیاندان. نەتەوەکانی سووریامان بینی (دروزی، عەلەوی، ئیسماعیلی) و بۆچوونێکی هاوبەشمان کۆکردەوە و بۆ جەنابی سەرۆکمان روونکردەوە، کە نەتەوە و خەڵکی سووریا چ بۆچوونێکیان هەیە و داوای چی دەکەن. یەکێک لەو بۆچوونانە ئەوە بوو کە خەڵکی سووریا هەموویان دڵخۆشن لەبەر ئەوەی یەکەم جارە دەتوانن ئەو شتانەی دەیانەوێت بیڵێن. هەروەها هەندێک مەترسی هەبوو لەبەر ئەوەی ئەم رژێمە نوێیە پاشخانێکی ئیسلامی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا خەڵکی سووریا بڕیاری خۆیان داوە و بە هیچ شێوەیەک دەسەڵاتێکی یەک لایەنە قبووڵ ناکەن، چ ئیسلامی بێت یان نائیسلامی بێت. یەک پارتی، یەک هێز، یەک کەس ناتوانێت چیدی حوکمی سووریا بکات. خەڵکی سووریا چیدی ئەمە قبووڵ ناکەن و هێزە نێودەوڵەتییەکان پەیامەکانی خۆیان گەیاندە بەڕێوەبەرایەتی نوێی سووریا کە ئەوان سووریایەکیان دەوێت، کە یەک لایەنە بەڕێوەنەچێت، بەڵکو سووریایەک بێت فرە لایەن بێت و مافی ژنان و نەتەوەکانی تێدا هەبێت.
 
رووداو: ئایا راستە سەرۆک بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسەی کردووە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: من ئەوە نازانم، بەڵام ئەحمەد شەرع بەگوێرەی زانیارییەکانی من زۆر بە باشی باسی کورد دەکات. لای ئەوان دەستەیەک هەیە بە ناوی ئەنجوومەنی ریشسپییان کە لە 32 کەس پێکدێت، سیمینار لەسەر پرسی کورد نەک تەنیا لە سووریا بەڵکو لە ناوچەکە دەکات. لێدوانەکانی لەسەر کوردان ئەرێنین هەروەها کورد و پەکەکە لە یەکدی جیا دەکاتەوە. لەبەر ئەوەش جەنابی سەرۆک نامەیەکی کراوەی نارد و سوپاسی کرد لەسەر ئەم لێدوانانەی دەربارەی پرسی کورد.
 
رووداو: کاتێک چوون بۆ سووریا، پێتانگوتم، داواکاریمان وەکو ئەنەکەسە فیدراڵییە. ئایا دەسەڵاتی نوێی سووریا فیدراڵی بۆ رۆژئاوای کوردستان قبوڵ دەکات؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: ئێستا، نە دەسەڵات بە تەنیا ئەم بڕیارە دەدات، بەڵکو دەستووری نوێی سووریا دەبێت ئەو بڕیارە بدات. ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دەیگوت من بڕیاری 2254 قبوڵ ناکەم، بەڵام ئێستا دەڵێ ناوەرۆکی ئەم بڕیارە قبوڵ دەکات، کە دەستوور یەکێک لە خاڵەکانییەتی، بەشێوەیەک هەموو سوورییەکان تێیدا بەشدار بن و ئێمە وەکو کوردی سووریا لە تەنیشت نەتەوەکانی دیکە  تێیدا بەشدار دەبین. دەبێت خەڵکی سووریا بە دانوستاندنێکی بەرفراوان بگەنە ئەنجامێک دەربارەی شێوەی سووریای داهاتوو و ئەو کاتە داوای فیدراڵی دەخەینە سەر مێزی دانوستاندن، کە بۆ هەموو سووریا باش دەبێت.
 
رووداو: دوایین راگەیێندراوی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا باسی ناوەندێتی (لامەرکەزی) دەکات. ئایا ناوەندێتی بووەتە داواکاریی پارتەکەتان؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: نەخێر. ئێمە تاوەکو ئەم کاژێرە داوای فیدراڵی دەکەین. ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا بەرنامەکەی نەگۆڕیوە و هەر داوای فیدراڵی دەکات. ئێمە باسی نا-ناوەندێتیی سیاسی دەکەین کە وەکو فیدراڵییە. خەڵکی سووریا دەیانەوێت ئەم چەمکە بەکاربهێنن لەبەر ئەوەی لە وشەی فیدراڵی دەترسن. من گفتوگۆم لەگەڵ زۆر لایەن کردووە، ئەوانیش هەمان ناوەڕۆکی فیدراڵی دەڵێن بەڵام لەو ناوە دەترسن و هۆکارەکەی نازانم، ئێمە هەوڵدەدەین باوەڕ لای ئەوان دروست بکەین کە فیدراڵی پێگەی سووریا بەهێز دەکات نەک لاواز، فیدراڵی  زیاتر کورد بە سووریاوە گرێ دەدات.
 
رووداو: کام پارت و لایەن لەگەڵ ئەم داواکارییەن؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: زۆرن. من نزیکەی 20 پارتم بینیوە و نەتەوەی جیاوازم بینیوە و زۆربەیان دەڵێن پێویستە کورد خودی خۆی ئیدارەی خۆی بکات. کاتێک پرسیارم لێکردن، ئایا مافی ئەوەمان هەیە ئەنجوومەنێک پێکبهێنین و بڕیار دەربکەین، گوتیان بەڵێ، ئەو مافەتان هەیە. کاتێک پرسیمان دەتوانین ئیدارەی خۆمان بکەین و حکوومەت بونیات بنێین و سەرۆکێک هەڵبژێرین، دیسان دەڵێن بەڵێ. ئەمە فیدراڵییە، بەڵام وەکو گوتم ئەوان لەم ناوە دەترسن.
 
رووداو: شێخی دروزییەکان داوای ناوەندێتی دەکات، هەندێک کەس لە سوێدا داوای فیدراڵی دەکەن. ئێوە باوەڕتان وایە حکومەتی داهاتووی سووریا ناوەندی دەبێت یان ناناوەندی؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: بەپێی بەدواداچوون و دانوستاندنەکانم، من دەبینم کە داهاتووی سووریا فیدراڵییە. دروزییەکان داوا دەکەن کە خودی خۆیان ئیدارەی خۆیان بکەن. عەلەوییەکانیش بە هەمانشێوە، هەروەها خەڵکی دەرعا. ئێمەی کوردیش دەمانەوێت خۆمان بەڕێوەببەین. خەڵکێکی زۆر هەن کە رۆڵێکی گرنگیان لە داهاتووی سووریادا هەیە. راگەیێندراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئێستا دەڵێن ئێمە لەگەڵ فیدراڵی نین، بەڵام تەنیا ئەوان بڕیار نادەن، خەڵکی سووریا خودی خۆیان بڕیار دەدەن. داهاتووی سووریا فیدراڵییە.
 
رووداو: وڵاتان لەسەر ئەم بابەتە چی دەڵێن؟ گەرەنتیی نێودەوڵەتیتان وەرگرتووە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: وڵاتانی نێودەوڵەتی دەڵێن ئێوە خەڵکی سووریا لەسەر چی رێکبکەون، ئێمە لەگەڵ ئێوەین. لای هێزە نێودەوڵەتییەکان چوار خاڵ زۆر گرنگن ئەوانیش سووریایەکی دیموکرات، مافی گەلی کورد، پاراستنی نەتەوەکانی دیکە و پاراستنی مافی ژنان. ئەمە لای هێزە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا بنەڕەتین.
 
رووداو: ئەحمەد شەرعتان بینی؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: نەخێر
 
رووداو: بۆچی؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: نەمانویست.
 
رووداو: بۆچی نەتانویست؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: من تەنیا بۆ ئەوە چووبووم کە خەڵک ببینم، بزانم خەڵکی سووریا چۆن بیر دەکەنەوە و نەچووبووم بۆ دانوستاندن و رێککەوتن. کاتێک بۆ رێککەوتن بێت، پێویستە شاندێک  بچێت و دانوستاندن بکات و واژوو لەسەر رێککەوتنەکان واژۆ بکەن. من تەنیا چووبووم بۆ ئەوەی لە دۆخەکە بڕوانم. رژێمێک رووخا و رژێمێکی دیکە هات و سووریایەکی نوێ، پێویستە ئێمەی کورد لەوێ بین و بزانین دۆخەکە چۆنە و چی دەکرێت. چوونی من بۆ ئەوە بوو کە تێبگەم خەڵکی سووریا بەگشتی چۆن بیر دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی هەندێک تەنیا مافی کولتووریان بۆ کورد دەوێت و هەندێک لەگەڵ ئەوەن کە کورد خۆی ئیدارەی خۆی بکات، بۆیە پێویستە هاوپەیمان بۆ خۆمان دروست بکەین.
 
رووداو: ئەحمەد شەرع دەڵێت نووسینی دەستووری نوێ و هەڵبژاردن سێ تاوەکو چوار ساڵی دەوێت. ئێوە ئەمە وەک مەترسی دەبینن؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: نەخێر، پێشتر کاتێک بڕیاری 2254 دەرچوو، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا جۆن کێری کۆبووینەوە، ئەو کات گوتی ماوەیەکیان داناوە کە دوو ساڵە بۆ ئەوەی دەستوور بنووسرێت، بەڵام گوتبووی زەحمەتە لە دوو ساڵدا جێبەجێ بکرێت و دەکرێت تاوەکو چوار ساڵ بخایەنێت. ئێستا پاش ئەوەی ئەم حکومەتە کاربەرێکەرە دەڕوات کە ماوەکەی تاوەکو مانگی سێیە، بەڵام من باوەڕم وایە ماوەکەی درێژ دەکرێتەوە، حکومەتی کاتی دروست دەبێت و ئەم حکومەتە دەبێت ئاسایش دابین بکات، کە خەڵک بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان و هەموو ئەم پرۆسەیە، کاتی دەوێت. ئەگەر لە سێ ساڵدا دەستوورێکی نوێ ئامادە بکەین زۆر باش دەبێت.
 
رووداو: ئایا دەترسن کە ئەم هەنگاوانەی ئێستا بەشێک بن لە پرۆسەی دروستکردنی حکومەتێکی ئیسلامی لە سووریا؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: نەخێر، زەحمەتی هەیە نەک نییە لەبەر ئەوەی لایەنی دەسەڵاتدار ئیسلامییە، بەڵام ئەحمەد شەرع هێدی هێدی هەنگاو بەرەو مەدەنیبوون دەنێت، جلەکانی گۆڕیوە و راگەیێندراوەکانیشی. ئەحمەد شەرع تێدەگات کە سووریاییەکان قبووڵ ناکەن  و گوتوویەتی سووریا ئەفغانستان نییە و سووریا بە تەواوی وەکو ئیدلیب نییە. جارێک گوتی سووریا دەوڵەتێکی مەدەنیی شەرعییە، بە ملیۆنان کەس دابەزینە گۆڕەپانی ئومەوی، کە منیش لەوێ ئامادە بووم و خەڵک گوتی سووریا دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکراتییە. ئەویش تێدەگات کە نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نە خەڵکی سووریا ئەمە قبووڵ ناکەن.
 
رووداو: ئەحمەد شەرع ژمارەیەک فەرماندەی چەکداری تووندڕەوی بیانی کە لە لیستی تیرۆری وڵاتاندان، بە فەرمی کردوونی بە فەرماندە و پلەداری هێزەکانی سووریا. هەڵوێستی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: بە بۆچوونی من ئەحمەد شەرع بەرپرسانی هێزە چەکدارەکانی لەوێ دەرهێناوە و خستوونیەتە شوێنێکی ئیدارەکەی. کۆمیتە دروست دەکات، لیوا، عەمید و وەزارەتی بەرگری،  لە بەشی سەربازییەوە دەیانگوازێتەوە بۆ بەشی کارگێڕئ کاتێک دەیانخاتە بەشی ئیدارە و بەڕێوەبردن، پرسی سەربازی لە دەستیان دەردەهێنێت. دواتر بڕیاریشی داوە کە لە کۆنگرەی نیشتمانیدا دەستەی تەحریری شام هەڵبوەشێنێتەوە و ئەو کات سوپایەکی نیشتمانی دادەمەزرێت و ئیسلامی نابێت، سوپایەکی نیشتمانی دەبێت و هەر کەسێک چەکی هەڵگرتبێت لەژێر هەندێک مەرج و شەرتدا دەتوانێت شوێنی خۆی لە ناو سوپادا بگرێت. جا چ هێزەکانی ئیئتیلاف بن یان دروزییەکان، هەسەدە و ئەوانی دیکە بن.
 
رووداو: بەڵام ئەو چەکدارانە بیانین؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: رۆڵی ئەوان زۆر سیمبۆلیک دەبێت، ئەوان لە ناوەندی بڕیاردانی سەربازییەوە گوازرانەوە شوێنێکی بەڕێوەبەری.
 
رووداو: ئێوە جێگری سەرۆکی ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سووریان. ئەحمەد شەرع گوتی ئیئتیلاف نەماوە و دەتوانن وەکو کەس بەشداری کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی ببن. هەڵوێستی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: ئێمە ئەو راگەیێندراوەمان لە فەیسبووک بینیوە و شتێکی فەرمیمان لێی نەبیستووە. ئیئتیلاف پەیوەست نییە بە کەسێک یان لایەنێکەوە، بەڵکو پەیوەستە بە خەڵکی خۆیەوە لە ئەنەکەسە، ئەنجوومەنی تورکمانی، ئیخوان موسلیمین، رێکخراوی دیموکراتی ئاشووری، جگە لە بەشی سەربازی کە ئێستا لێی دەردەچن. هەندێک هێزی چەکدار ئێستا تێکەڵی سوپای نوێ بوونە، کە شەرع دروستی دەکات و چیدی ئەندامی ئیئتیلاف نین وەکو عەمشات، حەمزات، فەیلەق ئەلشام و جەبهەی شام.
 
رووداو: چەند هێزن؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: هەشت هێز دەرچوون لە ئیئتیلاف.
 
رووداو: چەند ماون؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: ئێمە 77 هێز و لایەن بووین، ئێستا 69 ماوین
 
رووداو: بۆچی ئەحمەد شەرع تاوەکو ئێستا شاندی ئیئتیلافی نەبینیوە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: بەپێی زانیارییەکانی من، تاوەکو ئێستا لەگەڵ هیچ هێزێکی سیاسی دانەنیشتووە، لەگەڵ کەسایەتییەکان دادەنیشێت. ئەو دەڵێت یاسای پارتە سیاسییەکان نییە و هەر کاتێک یاسا دروست بوو ئەوا لەگەڵ پارتی و هێزە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسی کۆنەبووەتەوە و لەبەر ئەوەش دەیەوێت کۆنگرەیەک بکات و لەوێ هەتەشە هەڵبوەشێنێتەوە.
 
رووداو: ئایا حکومەتی کاتیی ئیئتیلاف ماوە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: ماوە بەڵام هێدی هێدی چارەسەر دەبێت لەبەر ئەوەی نابێت دوو یان سێ حکومەت هەبن. ئێمە دژی دۆخی نوێ نین و هەر کاتێک قۆناخی گواستنەوە دەستپێبکات، کاری حکومەتی کاتیی ئیئتیلاف نامێنێت.
 
رووداو: هەردوو حکومەت تێکەڵی یەک دەبن یان چۆن؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: هەر کاتێک حکومەتی کاتی دروست بکرێت، مەبەستم حکومەتی ئێستا نییە، چونکە ئەوەی ئێستا کاربەڕێکەرە. کاتێک حکومەتی کاتی دروست دەکرێت، راوێژ دەکرێت و بەپێی ئەوە، کەسانی پێویست بەپێی رۆڵیان، دادەنرێن.
 
رووداو: ئایا ئیئتیلاف لە رەفتار و بڕیارەکانی ئەحمەد شەرع رازییە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: هەندێک رەخنە هەن بەڵام تاوەکو ئێستا ئێمە لەگەڵیداین و نامانەوێت کۆسپی بۆ دروست بکەین. کاتێک دەچینە قۆناخی حکومەتی گواستنەوە، ئەو کاتە پێویست بە راوێژکارییەکی بەرفراوانە کە هەموو کەس تێیدا بەشدار بێت. کاتێک حکومەتی ئێستا ویستی کۆنگرەیەکی نیشتمانی ساز بکات، ئیئتیلاف رەخنەی هەبوو کە دەبێت لیژنەیەکی ئامادەکار هەبێت و هەندێک بەڵگەنامە هەبن و بە زانیارییەوە لەسەر ئەوە راوەستن کە چۆن خەڵک بانگهێشتی کۆنگرە بکەن. ئێستا ئەوەشیان دواخست.
 
رووداو: تەنیا ئەم رەخنەیەی ئیئتیلاف هەیە، یان رەخنەی دیکەش هەن؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: زیاتر لەسەر کۆنگرەکە و دامەزراندنی هەندێک کەسە. ئیئتیلاف دەبینێت کە دۆخێکی نوێ هەیە، وڵاتێکی وێران کە کەوتووەتەە دەستی ئەم ئیدارەیە، لەبەر ئەوە پێویستە هەندێک کاتیان پێ بدرێت، تاوەکو خۆیان ببیننەوە.
 
رووداو: بۆچی تاوەکو ئێستا هێرشەکانی گرووپەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا لەسەر بەنداوی تشرین و کۆبانێ بەردەوامن؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: کورد کاری لە مبیج و بەنداوی تشرین چییە؟ بۆچی کورد لەوێن؟ ئێمە وەکو ئەنەکەسە دەمانەوێت شاندێکی هاوبەش پێکبهێنین. ئێمە دوو شتمان دەوێت، ئێمەی کوردی سووریا پێکەوە کار بکەین و لەسەر مافی گەلی کورد رێکبکەوین. تاوەکو ئێستا پەکەکە ئیدارەی ئەوێ دەکات. ئێمە دەڵێین خۆتان لە پەکەکە دابڕن، چونکە بوونی ئەوان دوودڵی دروست دەکات و ئەوەی دیکەش با بەرنامەی خۆیان ئاشکرا بکەن و بگۆڕێن. ئێمە وەکو ئەنەکەسە مافی گەلی کوردمان دەوێت و بەرنامەی ئێمە روونە. بە جێبەجێکردنی ئەم دوو هەنگاوە ئێمە دەگەینە یەک و ئەستەم نییە.
 
رووداو: ناکۆکیی ئێوە لەسەر شێوازی مافی کورد لە سووریایە؟
 
عەبدولحەکیم:  کوردی سووریا خۆیان بەڕێوەببەن. پێکنایەت کە من بچم بۆ شام و قەندیل پەیوەندی بە منەوە هەبێت. دەبێت شاندێکی کوردی لە نێوخۆی سووریا بن، بڕیار لە دەستی خۆیاندا بێت.
 
رووداو: تۆ باسی منبج و بەنداوی تشرینت کرد، بەڵام کۆبانێش بە ئامانج دەکرێت؟
 
عەبدولحەکیم: دیسان دەڵێم با پەکەکە لە نێوان ئێمە دەربچێت و ئەگەر ئەو کاتە هێرشیان کردینە سەر، من لە تەنیشتی ئێوە رادەوەستم. من دەڵێم خۆتان لە پەکەکە دابڕن و پەکەکە لای ئێمە قەدەخە بکەن. تورکیا بە جیهانی گوتووە، لە ناویشیدا ئەمریکا کە پێیگوتووە تۆ بە دەیان هەزار کیلۆمەتر دەبڕیت بۆ ئەوەی شەڕی داعش بکەیت، چونکە وەک مەترسی لەسەر خۆی دەبینێت، بەڵام هی ئێمە مەترسییەکە لەسەر سنووری ئێمەیە. با پەکەکە دەربکەن و پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە پچڕێنن و کەسانی بیانی لە ناو خۆیان دەربکەن، ئەو کاتە ئەگەر هێرش کرایە سەر کۆبانێ، بۆچوونێکی دیکەم دەبێت و ئەم بۆچوونە نابێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە