بەرپرسێکی ڤایبەر بۆ رووداو: پشتیوانیی زمانی کوردی دەکەین


رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی گەشەپێدان و بازاڕە سەرەکییەکان لە ڤایبەر باسی نوێگەرییەکان لە کۆمپانیاکەیان و گونجاندیان لەگەڵ خواستی بازاڕی گەنجان بۆ رووداو دەکات، دەشڵێت، وەکو وەفایەک بۆ ئەو ژمارە زۆرە بەکارهێنەرەی کە 13 ساڵە لە هەرێمی کوردستان هەیانە، زمانی کوردییان لە ئەپلیکەیشنەکەیان بەتەواوی بەرەوپێشبردووە. 
 
لەبارەی ئەوەی ئایا هیچ پلانێکی دیاریکراویان هەیە بۆ هەرێمی کوردستان کە تایبەت بێت بە گەنجان و گەنجانی خاوەن بازرگانیی بچووک، ئاتاناس رەیکۆڤ، جێگری سەرۆکی گەشەپێدان و بازاڕە سەرەکییەکان لە ڤایبەر دەڵێت، خزمەتگوزاریی بێبەرامبەریان هەیە بۆ دروستکردنی چانێڵ و چاتی تایبەت کە گەنجان و خاوەن کارەکان دەتوانن بەکاریان بهێنن، "هەر تەنیا نووسین دروست ناکەن، بەڵکو پشتیوانیی دروستکردنی وێنەیش دەکەن... شتێکی دیکە کە لە سەکۆکەماندا زۆر بەسوودە، کامێرای راستەقینەی بەهێزکراوە (کامێرای AR)، کە بە یارمەتیی سناپ خستمانە ناو ڤایبەرەوە."
 
رەیکۆڤ لەبارەی بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی لە ڤایبەر رایگەیاند، ڤایبەر بە تایبەتی سەرچاوەی تەرخان کردبوو بۆ ئەوەی بە تەواوەتی پشتیوانیی زمانی کوردی بکات تا ڤایبەر بکاتە کوردی. "ئێستا هەموو پێکهاتە و بابەت و بەرنامەکان و رێکخستنەکان و کارکردەکان لەگەڵ زمانی کوردیدا گونجێنراون. ئەمە دەستکەوتێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە. ئەمە رێگەیەک بوو بۆ دەربڕینی سوپاسگوزاریمان بۆ دڵسۆزیی بەکارهێنەرانی کورد و هەروەها بۆ ئەوەی پێشانی بدەین رێز لە جیاوازییەکان دەگرین."
 
هەروەها دەڵێت، "زۆر بە چڕی لەگەڵ هاوبەشە تەکنەلۆجییەکانماندا کار دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە ئەو خزمەتگوزارییانەی لە بازاڕەکەدا پێشکەشیان دەکەین، لە ماوەیەکی دیاریکراوی خێرادا پشتیوانیی زمانی کوردییش بکەن."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: لە سەرەتای هاتنی ئینتەرنێت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان یەکێک لە یەکەمین پلاتفۆرمەکان کە پێی ئاشنابووین ڤایبەر بوو، دەمەوێ باسی ئەوەم بۆ بکەی، ئێوە وەک جاران هەر بە بەهێزی ماون، پاشەکشەتان کردووە یان گەشەتان کردووە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی؟
  
ئاتاناس رەیکۆڤ: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. زۆر خۆشحاڵم کە قسە بۆ ئێوە و بینەرانتان دەکەم. بۆ ئێمە عێراق و بە تایبەتی کوردستان زیاتر لە 13 ساڵە هەر لە سەرەتای پەیوەندیی خۆڕاییەوە تائێستا بازاڕێکی زۆر گرنگ بووە بۆ ڤایبەر. بە درێژایی ئەم ساڵانە زۆر سەرکەوتنمان بە دەست هێناوە. ئێمە لە زیادکردن و گەشەدان بە ناوبانگمان بەردەوام دەبین، نەک تەنیا وەک خزمەتگوزارییەکی پەیوەندیی خۆڕایی، بەڵکو وەک نامەنێر و سەکۆیەکی پەیوەندیی بازرگانی و سەکۆیەک بۆ بابەتەکان، دەتوانم بڵێم لە کوردستانی عێراق ناوبانگێکی زۆرمان هەیە. داتاکانمان ئەوە پێشان دەدەن کە ئێمە لەناو بەکارهێنەراندا لە خزمەتگوزاریی پەیوەندییدا پێشەنگین.  
  
رووداو: ئامارەکان چیتان پێدەڵێن، بەگوێرەی زانیارییەکان کە لای من هەن باسی ئەوە دەکەن کە 69٪ی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڤایبەر بەکاردەهێنن، واتە لە پلەی چوارەمدان، لەسەر ئاستی جیهان ئێستا چەند کەس ڤایبەر بەکار دەهێنێت و لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان چیت لایە لەم بارەیەوە؟
  
ئاتاناس رەیکۆڤ: بە داخەوە، بەهۆی سیاسەتی کۆمپانیاکەمانەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی بەشێکین لە کۆمپانیایەکی گەورەتری وەک راکۆتینی ژاپۆنی، ئێمە لەسەر بنەمای وڵاتان داتاکانمان ئاشکرا ناکەین. بۆیە ناتوانین ژمارەی تەواوەتیی بەکارهێنەران بە کەس بدەین، بەڵام داتایەک کە وا بکات بینەرانتان بتوانن وێنای قەبارەی سیستەمەکە بکەن ئەو راستییەیە کە ساڵ و نێوێک لەمەو پێش دابەزاندنی بەرنامەی ڤایبەر لە گووگڵ پلەی ملیارێکی تێپەڕاند. دەتوانیت لەمەوە ژمێرەیەک بکەیت و، ئێمەیش لەم ساتەدا بەردەوامین لەوەی بە هەمان خێرایی گەشە بکەین. 
 
رووداو: نەوەیەکی نوێ لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە پێشەوە کە ناسراون بە زیرەکی و دیجیتاڵی، ئێوە وەک کۆمپانیای ڤایبەر هیچ پلانێکتان هەیە بۆ ئەوەی زۆرترین هاوئاهەنگیتان لەگەڵیان هەبێ و سوود بە خۆیان و پڕۆژەکانیان بگەیێنن؟
  
ئاتاناس رەیکۆڤ: ئێمە لە بەرەی پێشەوەی پشتبەستن بە ژیریی دەستکردداین. کاتێک شتەکە پەیوەندیی بە تەکنەلۆجیاوە هەبێت، ئێمە ساڵانێکە بە رێگەی جۆراوجۆر ژیریی دەستکرد بەکار دەهێنین، لەناویاندا پێشنیازی کەسییانەی پارێزراو لەسەر ئامێرەکان و خزمەتگوزاریی ئەنتی-سپام و ئەنتی-سکام کە رووبەڕووی بەکارهێنەرانمان دەبنەوە لەسەر 99.9٪ی هەموو بابەتە نەخوازراو و زیانبەخشەکان بەکاردەهێنرێن. لە عێراقیش لە رێگەی ژیریی دەستکردمانەوە لەسەر بنچینەی لۆگاریتمێک لە کاردایە. لە بارەی خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە گەنجانەوە یان ئەو خزمەتگوزارییانەی زیاتر بەرچاون وەک ئەوانەی لە پێشەوەن و ئاراستەی بەکاربەر کراون، ئێمە چاتێکی ژیریی دەستکردمان هەیە کە بە هاوکارییە لەگەڵ جات جی پی تی کە کۆمپانیایەکی پێشەنگی بوارەکەیە و پشتیوانیی لە هەموو زمانەکان دەکات بە عەرەبییشەوە. لە سەرووی ئەوەیشەوە ئێمە هاوبەشایەتییەکی ستراتیجیمان هەیە لەنێوان کۆمپانیای راکوتینی سەرەکیمان لە ژاپۆن و ئۆپن ئەی ئایی دروستکەری چات جی پی تی کە مانگێک لەمەو پێش راگەیەنرا. ئێمە راستەوخۆ کار دەکەین خزمەتگوزاریی زۆر پێشکەوتوو بهێنین کە لە بەشە جوداکانی بەرنامەکەماندا دەردەکەون. جا ئێمە متمانەمان هەیە کە ئەوان خزمەتگوزاریی زۆر سەرنجڕاکێش دروست دەکەن وەک پوختەی قسان. بۆ نموونە ئەگەر گفتوگۆیەکی زۆر زۆرت کردبێت و چەند کاژێرێکی خایاندبێت یان گفتوگۆی گرووپێکی قەرەباڵخ، دەتوانیت بە دوگمەیەک بزانیت چی باس کراوە و بڕیار بدەیت چۆن وەڵام بدەیتەوە و چۆن بچیتە ناو گفتوگۆکەوە لە جیاتی ئەوەی دانەدانە نووسینەکان بخوێنیتەوە کە هەندێک جار لە گرووپە قەرەباڵخەکاندا 100 نامە دەبن. هەروەها کاریش لەسەر ئەوە دەکەین لە خزمەتگوزاریی بازرگانیدا بە ژیریی دەستکرد سپام دەستنیشان بکەین. ئەوەی یارمەتیی کۆمپانیاکان دەدات کارەکانیان ئۆتۆماتیک و باشتر ببێت. لەگەڵ تەکنەلۆجیادا بێکۆتا ئەگەر هەیە و ئێمە لە بارەی داهاتووەوە زۆر خۆشحاڵین. 
 
رووداو: هیچ پلانێکی دیاریکراوتان هەیە بۆ هەرێمی کوردستان کە تایبەت بێت بە گەنجانی هەرێمی کوردستان کە دانیشتووانەکەی رێژەیەکی زۆری گەنجن، زۆرن ئەوانەی ئەو پلاتفۆرمە دیجیتاڵییانە بەکاردەهێنن هیچ پلانێکتان هەیە بۆئەوەی کە بزنسێکیان هەبێت کە ڤایبەر بەکاربهێنن وەک رێگەیەکی دیجیتاڵی کەڵکی لێببینن؟
  
ئاتاناس رەیکۆڤ: بەڵێ، خزمەتگوزارییەکە بەردەستە، باشتر دەکرێت. هەر بەکارهێنەرێک دەتوانێت دایببەزێنێت. دەتوانن لەم شوێنی چاتانەدا بەشدار بن و بە خۆڕایی بە کاریان بهێنن. هەر تەنیا نووسین دروست ناکەن، بەڵکو پشتیوانیی دروستکردنی وێنەیش دەکەن، بۆیە بەکارهێنەرە گەنجەکان دەتوانن بە خۆڕایی بە کاری بهێنن و پێویست بە پارەدان ناکات. ئەگەر راستەوخۆ بچیتە سەر خزمەتگوزارییەکان، بە پشتبەستن بەو فرمانە زمانییەی دەیاندرێتێ، بە هەر جۆرە دەربڕینێک کە بیانەوێت گوزارشت لە خۆیان بکەن، دەتوانن لە پەیوەندیدا یان تەنانەت بۆ فێربوون یان هەر پڕۆژەیەکی دیکە بە کاری بهێنن. جا ئەمانە هەنگاوی یەکەمن. شتێکی دیکە کە لە سەکۆکەماندا زۆر بەسوودە، کامێرای راستەقینەی بەهێزکراوە (کامێرای AR)، کە بە یارمەتیی سناپ خستمانە ناو ڤایبەرەوە. 
 
رووداو: چ پلانێکتان هەیە بۆ پێشخستنی زمانی کوردی لە نێو پلاتفۆرمی ڤایبەرەوە؟
  
ئاتاناس رەیکۆڤ: رەنگە خۆتان باش بزانن، ڤایبەر بە تایبەتی سەرچاوەی تەرخان کردبوو بۆ ئەوەی بە تەواوەتی پشتیوانیی زمانی کوردی بکات تا ڤایبەر بکاتە کوردی. جا ئێستا هەموو پێکهاتە و بابەت و بەرنامەکان و رێکخستنەکان و کارکردەکان لەگەڵ زمانی کوردیدا گونجێنراون. ئەمە دەستکەوتێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە. ئەمە رێگەیەک بوو بۆ دەربڕینی سوپاسگوزاریمان بۆ دڵسۆزیی بەکارهێنەرانی کورد و هەروەها بۆ ئەوەی پێشانی بدەین رێز لە جیاوازییەکان دەگرین. جا وەک گوتم، ئێمە زۆر بە چڕی لەگەڵ هاوبەشە تەکنەلۆجییەکانماندا کار دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە ئەو خزمەتگوزارییانەی لە بازاڕەکەدا پێشکەشیان دەکەین، لە ماوەیەکی دیاریکراوی خێرادا پشتیوانیی زمانی کوردییش بکەن. لەسەر کاتە دیاریکراوەکە بۆ هەر خزمەتگوزارییەک کە پێشکەشی دەکەین ناتوانم قسە بکەم، بەڵام دڵنیایی دەدەین ئەمە کاری لەپێشینەیە و لە پلاندایە بۆ پەرەدان بە هەر خزمەتگوزارییەکی سەرەکی کە دەیکەین. 
 
رووداو: رووداو گەورەترین دامەزراوەی میدیاییە لە عێراقدا لە رووی ژمارەی بینەر و سەردانیکەری سۆشیاڵمیدیاکەی، هیچ پلانێکتان هەیە بۆئەوەی لەگەڵ رووداو پێکەوە کاری هاوبەش بکەن بۆ هۆشیارکردنی خەڵک لەسەر بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکان و ئینتەرنێت، هیچ کەمپەنێکی واتان لە مێشکدا هەیە دەتانەوێ شتێکی لەو جۆرە بکەن؟ 
  
ئاتاناس رەیکۆڤ: بەڵێ، چەند ساڵێکە هاوبەشایەتییەکی درێژخایەنمان لەگەڵ رووداو هەیە. چانێڵێکمان لەگەڵ میدیاکەتاندا هەیە و خۆشحاڵین کە چۆن ئەم هاوبەشایەتییە گەشە دەکات. جا وەک ئاماژەم پێ دا، گەلێک بەرهەم و شەقڵی جیاواز هەن کە ئامادەیان دەکەین. خۆشحاڵ دەبین بە قووڵی لەگەڵ رووداودا لە رێگەی ئۆرگانییەوە لە ئاپەکەدا تێکەڵ ببین و لە سەرەوەی شاشەی گەڕانمان و بەشەکانی دیکەی بەرنامەکەدا تێکەڵی بەشە هەواڵە جیاوازەکان ببین. دەتوانین زانیارییەکانی رووداو پێشان بدەین. ئاسانکاریی زۆر دەکەین، کە ئێستا بۆ بەکارهێنەرانمان لە کوردستانی عێراق هەیە. 
 
رووداو: لە ماوەی رابردوودا یەکێتیی ئەوروپا سیاسەتەکانی زۆر تووندکردووەتەوە بەرامبەر بە کۆمپانیا و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و تۆمەتباریان دەکەن بە قۆرخکاری و تۆ لەو بارەیەوە چی دەڵێی و چۆن دەڕوانییە سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا؟
  
ئاتاناس رەیکۆڤ: با تۆزێک ئەم بەشەی قسەکە رێک بخەمەوە. هەڵوێستی ئێمە هەمیشە بە جۆرێک بووە کە تۆمەتبارکردن نەبووە، بەڵام زیاتر نیگەران بووین لەسەر ئەو راستییانەی کە ئەو گرنگترین ناوچە تەکنەلۆجییانەی هەمانن لەنێوان دوو یان سێ کۆمپانیادا قۆرخکراون کە رێساکانیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەهێز دەکەن. تەنانەت ئەو کۆمپانیا زۆر بەناوبانگانەی بنەمای بەهێز و بڕی گەورەی سەرچاوەیان هەیە، وەک ڤایبەر و راکوتینی کۆمپانیای دایکمان، هەندێک کات بۆ چوونە بازاڕ و پیشاندانی نوێگەرییەکانمان بەو جۆرەی باوەڕمان وایە دەبێت بکرێت، سەختیمان تووش بووە. دەبێت لایەنی تایبەتی و ئاسایشیی ئەلیکترۆنی مافی بەکارهێنەران بێت، دەبێت "دیفۆڵت Default" بێت، نابێت بخرێنە ژێر هیچ ئیعتیبارێکەوە. بەڵام زۆر نموونە هەن کە رێگەمان نەدراوە ئەو ئاستە دابین بکەین کە حەز دەکەین لە هەموو ئەو خزمەتگوزارییەکانماندا هەبن کە رایاندەگەیەنین. جا هەنێک جار لەبەر ئەمەیە کە بۆچی هەموو ئەو نوێگەرییانەمان ناخەینە روو کە دەتوانین لە بازاڕەکەدا هەمانبن. ئەوەیش بەهۆی بەربەستەکانی کۆمپانیا تەکنەلۆجییە ئەمریکییە زۆر گەورە و کاریگەرەکانەوە، جا بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە، ئێمە و زۆر کۆمپانیای دیکەی وەک سیگناڵ لە بابەتی تایبەت بە تایبەتمەندیی کەسی و زانیاریی بەکارهێنەرانەوە نیگەرانیی خۆمانمان بەرز کردووەتەوە. لەگەڵ رێکخەران لەسەرانسەری جیهاندا دیارترینیان کۆمیسیۆنی ئەوروپی، گفتوگۆمان کردووە لەسەر ئەوەی چۆن چۆن بتوانین دۆخەکە باشتر بکەین و چ شتێک رێگە دروستەکەیە. 
  
رووداو: چیتان کردووە بۆ ئەوەی خەڵک گومانی نەبێت لەوەی کاتێک ڤایبەر بەکاردەهێنێت چاودێری ناکرێت و زانیارییە کەسییەکانی پارێزراو بێت لە هەرێمی کوردستان و عێراق و لەسەرانسەری جیهان بە گشتی؟
  
ئاتاناس رەیکۆڤ: سەرەتا با لە شتە زۆر سەرەتاییەکانەوە دەست پێبکەین. لە بابەتی پاراستنی بەکارهێنەراندا شتە بنچینەییەکە ئەوەیە هەموو پەیوەندییەکانیان بە دیفۆڵت بکەنە جفرەکردنی ئێند-تو-ئێند. بۆ ئەوەی هیچ گومانێکیان لە هیچ یەکێک لە نامەکان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکانیاندا نەبێت. ئەمە بۆ ڤایبەر چەند ساڵێکە راستییە. زیاتر لە حەوت ساڵە هەرگیزا و هەرگیز سازشمان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیایە نەکردووە، چونکە ئەمە لەم ساتەدا ستانداردێکی زێڕینە. ئەمە بنچینەیە. لێرە بە دواوە ئەوە زۆر گرنگە بەکارهێنەران فێر بکرێن و دژی ئەو قسە و پڕوپاگەندانە شەڕ بکەن کە دەڵێن پاراستن و تایبەتمەندی بایەخیان نییە، چونکە هەندێک بەکارهێنەر ئەوە بە کەم سەیر دەکەن، ئێمە لەگەڵ زۆر رێکخراوی ناحکومی و حکومەتدا کار دەکەین بۆ ئەوەی بە راستی بەکارهێنەران فێر بکەین سوود وەربگرن و بزانن چۆن دەتوانن سەکۆیەکی پاریزراو لە یەکێکی نەپارێزراو جودا بکەنەوە. شتەکەی دیکە پەیوەندیی بە بابەتەکان و دەستگەیشتن پێیانەوە هەیە. ئێمە سەکۆیەکین کە تێیدا دەتوانرێت بۆ بابەتەکان بگەڕێیت و بۆ هەر کەسێک بەردەستن. بابەتە گشتییەکانیش کە لەسەر سەکۆکەمان بڵاو دەکرێنەوە لە لایەن تیمەکەمانەوە بە وریاییەوە وردبینییان بۆ دەکرێت. لە هەر بازاڕێکی گرنگدا خەڵكی خۆجێییمان هەیە کە خەڵکانێکی ناو ئەم بازاڕانەن یان نزیکیانن کە بە باشی لە بابەتەکان تێدەگەن و وردبینییان بۆ دەکەن تا پارێزراو و گونجاو بن و پشتیان پێببەسترێت. ئێمە پاک و پیس دەکەین، هەواڵە ساختەکان و پڕوپاگەندە بلۆک دەکەین. بۆ بەکارهێنەرە گەنجەکان و منداڵانیش بابەتە مەترسیدارەکان بلۆک دەکەین، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی زۆر منداڵ ڤایبەر بە کار دەهێنن کە دایبابیان متمانەیان بە سەکۆکەمان هەیە. 
  
رووداو: باسی ئەو سیاسەتە داراییانە بکەین کە یەکێتیی ئەوروپا بەرامبەر بە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان گرتووەتەبەر، وەرگرتینی 10٪ و 20٪ وەک باج چۆن هەڵدەسەنگێنی و پێتوایە کاریگەری زۆر دروست دەکات لەسەر پلانەکانی ئێوە بە گەشەسەندنی زیاتر و چۆن دەڕوانییە ئەو سیاسەتە؟
 
ئاتاناس رەیکۆڤ: کە باسی باج دەکەیت، باسی چ ناوچەیەک دەکەیت؟ بە ئەرک نەبێت دەکرێت زیاتر روونی بکەیتەوە؟ 
  
رووداو: ئەو جۆرە باجەی یەکێتیی ئەوروپا لە بەرامبەر ئەمریکا و بەرامبەر بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکان بەتایبەتی ئەو کۆمپانیا تەکنەلۆژیانەی کە لایسس و مۆڵەتی کاردکردنیان هەیە لە وڵاتانی ئەوروپا باجیان لێوەردەگیڕیت و باجێكی جیاواز لە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان وەردەگیڕێت ئەو باجە لە پای چی وەردەگیرێت و چ کاریگەرییەکی لەسەر ئێوە دروست کردووە؟
  
ئاتاناس رەیکۆڤ: راستییەکەی ئێمە تەواو پابەندی دوایین رێنماییەکانین کە یەکێتیی ئەوروپا دەریکردوون. بڕوایشمان وایە ئەمە بۆ هەموو بازاڕێک رێگەیەکی دادپەروەرانەیە. هەروەها لە شوێنە سەرەکییەکاندا هەین وەک لۆکسۆمبۆرگ. بە تەواوەتی پشتیوانیی ئەم رێکارانە دەکەین، چونکە هەندێک کۆمپانیا هەن پەیماننامە و رێنماییە فرەنەتەوەییەکان بە رێگەی خراپ بە کار دەهێنن کە ئێستا ئەوە رێگەی دەدرێت. جا رەنگە رێنماییە نوێیەکان لەسەر سەکۆکە دەربکەون و رێگەی تایبەت رێکبخەن بۆ ئەوەی چۆن هەڵسوکەوت بکەن کە بوارەکە یەکسان بکەنەوە، چونکە ئەوە دادپەروەری نییە کە دەوڵەمترین و بەهێزترین کەمترین باج بدەن. هەر بۆیە بڕوامان وایە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێشەوە. 
 
رووداو: چیتان کردووە بۆئەوی خۆتان ئاپدەیت بکەنەوە بۆ ئەوەی لەناو ئەپلیکەیشنەکانی مۆبایل و ماک و دیسکتۆپ، گلەییەک هەیە کە زۆر خاون، ئەو گلەییە لە جێی خۆیەتی و هیچتان هەیە بۆ ئەوەی لە ئێستا خێراتر بن؟
  
ئاتاناس رەیکۆڤ: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگ و ئاڵۆزە. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە ئێمە زۆر سەرنج دەخەینە سەر کوالێتی و چوستیی ڤایبەر. لە هەمان کاتدا، ئەوەی دەبێت بەکارهێنەران لە مێشکیاندا بیپارێزن بریتییە لە چاوەڕوانییان لە ئێمە. ئێمە یەک بەرنامەی مۆبایلمان هەیە کە لە سەرانسەری جیهاندا خزمەتی هەموو کەسێک دەکات. جا بەکارهێنەران لە سەرانسەری جیهاندا پێویستی و چاوەڕوانیی جیاوازیان هەیە. زۆر بەکارهێنەر لە ئەوروپا، ئاسیا و ئەمریکا دەیانەوێت ڤایبەر تایبەتمەندێتی و شێواز و رووکاری بەکاربەری زۆر هەبێت. ئێمە پارەدانیشمان هەیە کە لە هەندێک وڵاتی دیاریکراودا کاردەکات. نامەی بازرگانیمان هەیە. هەموو جۆرە جفرەیەکمان هەیە، لەبەر ئەوە ناتوانین ڤێرژنی جیاواز لە بەرنامەکەمان بە دوای یەکدا بڵاو بکەینەوە. پیشەسازیی جیهانیی ئاپستۆر بەم جۆرە کار دەکات. ئێمە قەبارەیەکی دیاریکراومان بۆ بەرنامەکەمان هەیە و بەرنامەکەمان جۆرێک ئاڵۆزیی هەیە. هەر بۆیە ئەو بەکارهێنەرانەی مۆبایلێکی لاوازیان هەیە رەنگە وا هەست بکەن ڤایبەر تۆزێک قورسە. لەوانەیە بەراوردی بکەن بۆ هەندێک کاری دیاریکراو کە بۆ بەرنامەیەک تەنیا یەک شت بکات زۆر دڵخواز نەبێت، بەڵام دەبێت بیرت بێت، ئێمە گەلێک ئەگەر پێشکەش دەکەین و بەرو داهاتوویەک کار دەکەین کە ڤایبەر ببێتە شابەرنامە و پارەدان و پەیوەندیی بازرگانی و خزمەتگوزارییە کردەییەکان لە یەک ئەزموونی گشتگیردا لە خۆ بگرێت. ئەمە بۆ بەکارهێنەرانی عێراقیش. ئەمە شتێکە بڕوامان وایە ڕەوایەتی بە کارەکەمان دەدات کەمێک گەورەتر بیهێڵینەوە. بۆیە ئەم دیدگایە دانەخرێت.