سلاڤۆی ژیژەک بۆ رووداو: دەبێت وڵاتانی زلهێز زیاتر پشتیوانیی کورد بکەن
وەرگێڕانی: جووتیار قارەمان
رووداو دیجیتاڵ
رووداو دیجیتاڵ
فەیلەسووفێکی سلۆڤینیاییە؛ نووسین و گوتارەکانی لەبارەی سیاسەت، ئایدیۆلۆژیا، کولتووری باو و فیلم لە جیهان دەخوێندرێنەوە و گوێیان لێ دەگیرێت، ئەو کەسە سلاڤۆی ژیژەکە و لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو باسی دۆخی کورد، مێژووەکەی و پێشمەرگە دەکات لەگەڵ چەندین رووداوی دیکە کە جیهانیان سەرقاڵکردووە.
سلاڤۆی ژیژەک ئێستا تەمەنی نزیکەی 75 ساڵە، لەبارەی کوردەوە دەڵێت، "ئێوە خەڵکێکن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە رووی هزرییەوە زۆر پێشکەوتوون. ئێوە موعجیزەن. ئێوە دەتوانن ببنە نموونەیەک، نەک تەنیا بۆ وڵاتانی دەوروبەرتان، بەڵکو بۆ هەموو جیهان کە چۆن خەڵکێکی بێبەش دەتوانن لە رووی هزرییەوە بگەشێنەوە." هەروەها باسی ئەوە دەکات کە چۆن هەرێمی کوردستان لە چاو ناوچەکانی دیکەی عێراق دا سەقامگیرە.
تێڕوانینی ژیژەک بۆ پرسی کورد ئەوەیە کە "هیچ کەس نایەوێت ئۆتۆنۆمیی راستەقینە و تەواوەتیتان بداتێ کە من پێم وایە ئێوە شایانی ئەوەن." دەشڵێت، "دەبێت زلهێزەکان، هێزە جیهانییەکان، زیاتر لایەنی ئێوە بگرن. پێم وایە جۆرێک یەکێتیی هەموو کورد، رەنگە وڵاتێکی تەواو سەربەخۆیش نا، بەڵکو ناوچەیەکی تەواو ئۆتۆنۆمی سەقامگیریی زیاتر لەو ناوچەیەدا بهێنێتە ئاراوە."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: پڕۆفیسۆر سڵاوت لێبێت و ئەم کاتەت باش، سوپاس بۆ ئامادەبوونت، شانازییە کە گفتوگۆت لەگەڵ دەکەم، سەرەتا دەمەوێت لە پرسی کوردەوە دەستپێبکەین، ئێوە تاڕادەیەک ئاگادارن لە پرسی کورد، چۆن کوردت ناسی؟
سلاڤۆی ژیژەک: ناسینی کورد لەبەر ئەوە نییە کە من جاروبار بانگهێشت کراوم قسەی لەسەر بکەم و، تەنانەت جارێکیش گوتارێکم بۆ زانکۆی رۆژئاڤا پێشکەش کرد. پێم وایە بۆ من زیاتر دۆخی کورد رەنگە باشترین بەرجەستەکەری ئەو بنبەستە بێت کە هەموومانی تێدایە. لەبەر ئەوەی سیاسەتی کۆڵۆنیاڵی و هەروەها گەمەی هەموو نەتەوەکان، گەمەی پیلانگێڕیی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی دەوروبەری کورد، جارێکی دیکە ئەوەیان بەرجەستە کردەوە کە چ شتێک لە جیهانەکەماندا هەڵەیە.
یەکەم شت کە پێویستە مرۆڤ بیزانێت ئەوەیە ئەم کینە بەرچاوە لە [وڵاتانی] رۆژئاوا لەسەر هەندێک رۆمانی کۆنی سەرکێشی بەندن کە رۆمانی سەرکێشیی بەناوبانگن و تێیاندا کوردستان ناوچەیەکی هۆڤییانەیە (وەحشییانە)، [باس لەوە دەکەن] رەنگە خەڵکێکی پاڵەوانی راستگۆ بن، بەڵام هۆڤین (وەحشین) و ئاوا و ئاوان. جا ئەوەی بە تایبەتی سەرنجی منی راکێشا، بۆ نموونە گفتوگۆی سەرنجڕاکێش و هزرییانە و مێشکی رۆشنگەرانەی خەڵکی کوردە. هەروەها ئێوە پێشمەرگە و شەڕڤانی ئافرەتتان هەیە. جا مایەی دڵتەنگییە کە بەهۆی ئەم تێکەڵە کۆڵۆنیاڵییەوە ئێوە بە لایەنی کەمەوە بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراون. ئەوانیش "ئێران، عێراق، سووریا و تورکیان." هیچ کەس نایەوێت ئۆتۆنۆمیی راستەقینە و تەواوەتیتان بداتێ کە من پێم وایە ئێوە شایانی ئەوەن. ئینجا من هەر زۆر سەرم سووڕماوە. دەبێت زلهێزەکان، هێزە جیهانییەکان، زیاتر لایەنی ئێوە بگرن. پێم وایە جۆرێک یەکێتیی هەموو کورد، رەنگە وڵاتێکی تەواو سەربەخۆیش نا، بەڵکو ناوچەیەکی تەواو ئۆتۆنۆمی سەقامگیریی زیاتر لەو ناوچەیەدا بهێنێتە ئاراوە. لەنێوان وڵاتە جیاوازەکاندا وەک بەربەستێکی پارێزگاری دەبێت. پێموایە توخمە خەمهێنەکە لێرەدا زلهێزەکانن. هەروەها ئێوە پێویستیشە پشت بە زلهێزەکان ببەستنن تا گوشار لە هێزە ناوچەییەکان بکەن لە دەوروبەری خۆتاندا. بۆ نموونە، گەرچی من چۆمسکی نیم کە زۆر دژی منە، بەڵام لە خاڵێکدا هاوڕای ئەوم کە ئەو بە گشتی دژی دەستتێوەردانەکانی ئەمریکایە. بەڵام بیرت بێت کە چەند ساڵ لەمەو پێش کاتێک ترەمپ سەرۆک بوو، فەرمانی دا و هێزەکانی ئەمریکای کشاندەوە، پێم وایە لە باکووری سووریا بوو. ئەمە بڕیارێکی کارەساتبار بوو، بە تایبەتی لەو شوێنەی کە دەبوو ئەمریکا بمێنێتەوە، ئەوان هێزەکانیان کشاندەوە. بۆیە من ئەو ئەنجامەی لەمەوە پێی گەیشتووم ئەوەیە، هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە کە وا لە ئێوە بکات هەست بە تاوانباری بکەن. ئینجا من نازانم کە ئاخۆ ئێوە پشت بە یارمەتیی ئەمریکا دەبەستن یان خزمەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکا دەکەن یان هەر شتێکی دی... ئێوە نابێت بۆ هیچ کەسێک خۆتان بکەنە قوربانی.
رووداو: لەگەڵ ئەو دابەشبوونەی کورد بەسەر ناوچەکە و جیهاندا فاکتەرەکانی مانەوەی کورد چین، کورد چی بکات بۆ ئەوەی وەک میللـەتێکی زیندوو بمێنیتەوە؟
سلاڤۆی ژیژەک: شتە زۆر ناخۆشەکە ئەوەیە، پێم وایە هیچ گەرەنتییەک نییە. پێم وایە لە جیهانێکدا دەژیین، جیهانی ئەمڕۆ، کە بە ئاشکرا لە لایەن هیچ چارەنووسێکی باڵاوە رێنوێنی ناکرێت، یان تەنانەت بە مانا مارکسییەکەی لەدەستدانی گشتیی پێشکەوتنە. دەکرێت شتەکان تەواو خراپ ببن. ئێوە بە سەربەخۆییەکەتان مەحکومن. ناکرێت پشت بە هیچ هێزێکی گەورەتر ببەستن تا بتانپارێزن. دەیڵێمەوە، هەر لەبەر ئەوەیە پێم وایە ئێوە هەموو مافێکتان هەیە کە ئەم گەمە جیۆپۆلەتیکییە گوماناوییە رەت بکەنەوە کە پێتان دەڵێن "ئێوە خزمەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکایی دەکەن... ئێوە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی رووسیا یان بەرژەوەندیی ئیسلامی یان هەر کەسێکی دیکە دەکەن." نەخێر، ئێوە مافی تەواوەتیتان هەیە هەرچییەک بکەن کە بۆ گەرەنتیکردنی مانەوەتان پێویست بێت. ئێوە هیچ شتێک قەرزاری هیچ کەسێک نین، بەڵام پەیامە ناخۆشەکە ئەوەیە کە هیچ گەرەنتییەک نییە.
رووداو: هۆکاری ئەوەی کورد تاوەکو ئێستا نەبووەتە دەوڵەت چییە؟ هۆکار خۆیانن یان پەیوەندی بە جیۆسیاسی خاکی کوردەوە هەیە؟
سلاڤۆی ژیژەک: پێموایە لە زۆر باردا کە کۆمەڵێک کەس لە دۆخێکدا بن وەک دۆخی کورد، دەتوانیت تاوانی خودی ئەم کەسانە دەستنیشان بکەیت، بەڵام ئەوە بۆ کوردستان نابێت. ئێوە دەزانن تراجیدیاکەتان چییە. ئەم قسەیە دەکەم، بە هەڵە لێم تێمەگە، من شێت نیم، جارێکیان لە ئیستەنبووڵ گوتارێکم پێشکەش کرد، زۆر بە وریایی و پارێزەوە ستایشی تورکیای کۆنی سوڵتانەکانم تا کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم کرد. جا گوتم "ئەوە تا رادەیەک بۆ مانەوەتان باش بوو، چونکە ئێوە دەزانن کە تورکیای تا کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم زۆر زیاتر فرە-سەنتەری بوو. رێگەی بە ئۆتۆنۆمیی رێژەییانەی ناوچە جیاوازەکان دەدا. لە کاتێکدا پێم وایە تراجیدیاکە بۆ ئێوە و بۆ پێکهاتە نەژادییەکانی دیکەی ئیمپراتۆریەتی تورکیا، وەک تراجیدیای ئەرمەنەکان، لەوێوە دەست پێدەکات کە تورکە لاوەکان [پەیدا بوون] و تورکیا ویستی ببێتە وڵاتێکی نەتەوەیی مۆدێرن." ئەوە تراجیدیاکەتان بوو. بە سادەیی، لەم وڵاتەدا هیچ شوێنێک بۆ ئێوە[ی کورد] نەبوو. من دەزانم کە ئەتاتورک هەوڵی دا رێگەچارەیەکی گوماناوییانە بسەپێنێت کە وای رادەگەیاند ئێوەی کورد "تورکی کوردن". ئاشکرایە ئەوە سەری نەگرت. بۆیە دەیڵێمەوە، تراجیدیاکە ئەوە نەبوو کە تورکیا یان عێراق یان سووریا دەوڵەتی بنەڕەتی بوون، نا، ئەوانەیش نەمان، بەڵام تراجیدیاکەی ئێوە لەوێوە دەستی پێ کرد کە ئەم دەوڵەتانە ویستیان ببنە دەوڵەتی یەکڕەنگی نەتەوەیی مۆدێرن.
رووداو: باسی وڵاتە کۆڵۆنیاڵەکانت کرد، با لە پرسی کوردەوە بچینە سەر پرسی شەڕی رووسیاو ئۆکراینا، دەپرسم ئایا وڵاتانی کۆڵۆنیاڵن کە ئۆکراینا بەکار دەهێنن وەک رووسیا دەیڵێت؟
سلاڤۆی ژیژەک: دەزانم ئەمە حوکمێکی جەماوەرییە، تەنانەت لەناو هەندێک لە بازنەکانی چەپیشدا لە رۆژئاوا [هەیە]، بەڵام پێم وایە ئەمە هەڵوێستێکی زۆر دڕندانەیە بەرامبەر بە ئۆکراینییەکان کاتێک دەڵێن ئەوان شەڕی بەوەکالەت دەکەن. نەخێر، ببوورە، ئەوە شەڕی بەوەکالەت نییە. ئەوان بە مانای واقیعی شەڕ دەکەن تا وەک نەتەوە بمێننەوە. دژەکەیان، رووسیای دەستدرێژیکەر، هەر تەنیا نایەوێت ملیان پێ بدات کە بیانکاتە بەشێک لە شتێکی وەک یەکێتییەکی سۆڤیێتی نوێ، نا، بەڵکو راشکاوانە نکووڵی لە هەبوونیان دەکەن. دەڵێن "ئۆکراینی بوونیان نییە." پووتین چەند جارێکی گوتی کە "ئۆکراینا داهێنانی لینینە" و ئەوە سەرنجراکێشە کە رەخنەی لە لینین گرت. جا بە دڵنیاییەوە ئۆکراینییەکان هەر کاتێک بتوانن یارمەتییەک پەیدا بکەن، بە دوایدا دەگەڕێن. بەڵام پێم وایە لە جیاتی ئەوەی شەڕەکەیان بچووک بکەینەوە بۆ شەڕێکی ناوچەیی بەوەکالەت لەنێوان زلهێزەکاندا، ئەوا باشترە پێیان سەرسام بین. ئۆکراینییەکان شتێکی سەرنجڕاکێشیان کرد. ئەو کاتەم بیرە کە شەڕەکە دەستی پێکرد. هەموو زلهێزەکان، هێزە رۆژئاواییەکان و هەموو وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپایش چاوەڕێیان دەکرد ئۆکراینا خێرا بدۆڕێت.
رووداو: ئەوەی ئێستا لە ئۆکراینا روودەدات جەنگی مانەوەیە یان شەڕی بە وەکالەتە؟
سلاڤۆی ژیژەک: ئامانجەکە زیندوو مانەوەیە. بە دڵنیاییەوە وڵاتی دیکەیش تێوەگلاون، بەڵام ئایا ئەوە روون نییە؟ ئەوە سەرنجڕاکێشە کە پووتین بەردەوام ئەمە دووپاتە دەکاتەوە، ئەوەی ئامانجیەتی جۆرێک لە بووژاندنەوەیە، نەک هی یەکێتیی سۆڤیێت، بەڵکو بووژاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی قەیسەرییە. زۆر بە روونی و راشکاوی دەیڵێت و دەیڵێتەوە. پێویست ناکات مرۆڤ پشتەوەی مانای قسەکان بخوێنێتەوە تا بزانێت لە سەردەمی قەیسەردا چی بووە. لەو سەردەمەدا بازنەی کاریگەریی رووسیا بریتی بووە لە فینلاند، پۆڵەندا و ئا بەو جۆرە. [دەیەوێت] جارێکی دیکە ئەمانە لەژێر دەسەڵاتی رووسیادا بە تەواوەتی ناچالاک ببن.
رووداو: لەم جەنگەی ئێستا روودەدات درۆن بەکاردێت، بە جەنگی درۆنەکان ناسراوە، تەکنەلۆجیا چ رۆڵێکی هەیە لەم جەنگە؟
سلاڤۆی ژیژەک: ئەوە راستە. ئەمە لایەنێکی دیکەیە، بەڵام ئەوەیش راستە کە شەڕ زیاتر و زیاتر دەبێتە شتێکی بێسەرباز. سەرباز کەم و کەم دەبنەوە. ئەگرچی هێشتا سەرباز لە گۆڕەپانی شەڕدا رۆڵێکی گرنگ دەبینن، بەڵا، ئێستا شەڕ زیاتر لەلایەن ئەو کەسانەوە دەکرێت کە لە شوێنێکی وەک ناوەندی بڕیار یان تاقیگە دانیشتوون، تەنانەت هەندێک جار هەزاران کیلۆمەتر لە بەرەکانی شەڕەوە دوورن و لە شاشەیەکەوە سەیری شەرەکە دەکەن و دەست بە دوگمەدا دەنێن. ئەمە داهاتوومانە و، نایشتوانین لێی هەڵبێین. رەنگە ئەمە ببێتە نوکتە، بەڵام خەونەکەم تەنیا ئەوەیە کە ئایا ئەوە باش نییە کە لایەنەکانی شەڕ رێک بکەون لەسەر ئەوەی شوێنێکی جیهان کە بیابانی تەواوەتی بێت یان شوێنێک بێت کە بە کار نەهێنرێت و مرۆڤی تێدا نەبێت، هەڵیبژێرن و بچن لەوێ شەڕ بکەن؟ با وای پێناسە بکەین کە زەوییەک بێت بۆ ململانێکانیان و ئیتر ئازاری هیچ کەسێک نەدەن. لە لایەکی دیکەوە، شەڕ زیاتر بووەتە شەڕی درۆنەکان و شەڕی تەکنەلۆجییانە و رۆڵی سەربازی راستەقینە کەمتر و کەمتر دەبێتەوە. لە لایەکەی دیکەیشەوە، ئەوە شتە ناخۆشەکەیە لە بارەی بەکارهێنانی درۆنەوە کە ئامانجەکە زیاتر بە جۆرێکە تەنانەت ئەوەندەی خەڵکی سڤیل لە پشتەوەی بەرەکانی شەڕەوە دەکرێنە ئامانج سەرباز ناکرێنە ئامانج. وەک ئەوەی ئێستا رووسیا دەیکات کە بە شێوەیەکی رێکخراو لە رۆژئاوای ئۆکراینا نزیک بە رۆمانیا و لە سەر سنووری رۆمانیا بۆمبارانی سایلۆ و سەرچاوەکانی دانەوێڵە دەکات. پێم وایە ئەمە تەنگژەیەکی ترسناکە. بە تایبەتی لە بارەی دۆخی ناوەڕاستی ئەفریقاوە، لەوێ لە مانگەکانی پێشوودا چەند کودەتایەکی سەربازی روویان دا لە مالی، نەیجەر، بۆرکینافاسۆ کە بە یارمەتیی رووسیا کران، [بە یارمەتیی] گرووپی ڤاگنەر و سەربازە ئیسلامییە ناوخۆییەکان. ئێستا رووسیا ئەم راپەڕینە بە خەبات دژی کۆڵۆنیالیزمی رۆژئاوایی لێکدەداتەوە. ئەمە توخمێکی راستیی تێدایە. ئەو وڵاتانەی پێشتر فەرەنسا داگیری کردبوون، هێشتا لەژێر باڵادەستیی فەرەنسادان، فەرەنسا دەیانقۆزێتەوە. بەڵام ئایا ئەمە دۆخێکی زۆر ناخۆش نییە کە شوێنگرەوەکە کودەتایەکی ئیسلامییەکانە؟ ئەم پەیوەندییەی نێوان ئیسلامییە بناژۆخوازەکان و سوپای تایبەتی رووسیا ناخۆشترین مۆتەکەیە. ئەمە بۆ من دۆخێکی هەر زۆر خەمهێنە کە هەڵبژاردنەکە لەنێوان خراپ و خراپتردایە، لەنێوان کۆڵۆنیالیزمی رۆژئاوایی و دیکتاتۆریەتی زۆر تووندی ناوخۆییدایە.
رووداو: دەمەویت زیاتر لەسەر پرسی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا بوەستین، خۆم ئاگاداری بەشێک لە بۆچوونەکانتم، لەهەمبەر ئەم پرسە، ئایا ئەم پێشکەوتنە گەورەیەی تەکنەلۆجیا مرۆڤایەتی بەرەوپێشەوە دەبات یان وەک دەوترێت مرۆڤایەتی بەرەو لەناوچوون دەبات؟
سلاڤۆی ژیژەک: شتێکی دووسەرەیە. لە لایەکەوە، من لەو بڕوایەدا نیم لە ئاستێکدا بین کە ژیریی دەستکرد یان ئەو سیستەمانەی بە کۆمپیوتەرە گەورەکان رێکخراون بڕیار بدەن. پێم وایە ئەوە روونە کە هەموو ئەمانەی وەک ئەمرازەکانی سەربازی و تووندوتیژی کە بە ژیریی دەستکرد کۆنترۆڵ کراون هێشتا خزمەتی بەرژەوەندییە سیاسییە بەرجەستەکانی چینی دەسەڵاتداری ناو خەڵکە دەوڵەمەندەکەی هەندێک وڵات دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، ئەوەی لێی دەترسم … من زۆر لەسەر ئەمەم نووسیوە … ئەوەی لەم کۆمپیوتەرانەی بەسەرماندا زاڵ دەبن زۆر زیاتر لێی دەترسم شتێکە کە ئێمە زیاتر لێی نزیک دەبینەوە، ئەویش پەیوەندیی راستەخۆی نێوان کارکردی مێشکمان و ئامێری دیجیتاڵییە. ئایا دەزانیت پێشکەوتنێکی مەزن لە ئارادایە؟ کۆمپیوتەرەکان دەتوانن بیرۆکەکانمان بخوێننەوە، ئەمە هێشتا بە سەختی دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەکرێت. مەبەستمان دەخوێنێتەوە. ئێمە لەم ئازادییە زۆر سەرەتاییە بێبەش کراوین. تەنانەت ئەگەر کۆیلەیش بیت، بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ناخدا ئازادیت. دەتوانیت بیر لە هەر شتێک بکەیتەوە کە دەتەوێت. چی روودەدات ئەگەر ئەمە لە کۆمپیوتەردا بەردەست بێت؟ بە جۆرێک لە جۆرەکان ئیتر ئێمە مرۆڤ نابین. ئەمەیە وام لێ دەکات بە راستی بترسم.
رووداو: پێتوایە ژیریی دەستکرد کە خۆت دەڵێی مەترسیدارە لە داهاتوودا مەترسیی زیاتر بێت؟ بۆچی دەبێت بترسین لەوەی تەکنەلۆجیا مرۆڤایەتی کۆنترۆڵ دەکات، مەگەر مرۆڤ کۆنترۆڵی تەکنەلۆجیای نەکردووە؟
سلاڤۆی ژیژەک: دەزانی، سەرەتا با ئاماژە بە تێبینییەکی کورت بدەم. ئەوەی زۆر سەرنجراکێشە ئەوەیە زانستی هاوچەرخ هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ئیدی وەک زانستی سرووشتیی کۆن نییە کە دەیەوێت زۆر چالاکانە سرووشت کۆنترۆڵ بکات و کەڵکی لێ وەربگرێت. ئێستا گژنێ (تەحەدا) گەورەکە ئەوەیە چۆن ئامێرێک دروست بکەیت کە زیرەکی هەبێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە خۆمان زیرەکتر و بیرتیژتر بێت. ئەمە ئەنجامێکی نەخوازراو نییە. زانایان مەراقی ئەم بیرۆکەیەیانە کە با ئامێری زیرەک دروست بکەین. پێم وا نییە سەرکەوتوو بن. ئامێرەکان وەک شێوازی زیرەکیی مرۆڤ زیرەک نابن، بەڵام ئەمە گرنگ نییە. تەواو رێی تێ دەچێت کە نەک تەنیا ئێمە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵکو تەنانەت دروستکەرەکانیشیان کۆنترۆڵ بکەن.
رووداو: لەم سەردەمە پێشکەوتووەی تەکنەلۆجیا رۆڵی رۆشنبیر یان فەیلەسووف چییە؟
سلاڤۆی ژیژەک: تۆ زۆر باش لە پرسیارەکەتدا خستتەڕوو، پێم وایە رۆڵەکە پێشکەشکردنی چارەسەر نییە. ئێمە ناتوانین ئەوە بکەین. لێم مەپرسە چی لە ژیریی دەستکرد بکەین. لێم مەپرسە بۆ نموونە چی لە ژینگە بکەین. بەڵام بە لایەنی کەمەوە دەبێت خەڵک فێر بکەین پرسیاری راست بکەن، نەک چارەسەری سادە دابین بکەن، بەڵکو پرسیاری راست بکەن. با ژینگە بە نموونە وەربگرین. زۆر کەس کە ئاگایان لە کێشە ژینگەییەکانە، چارەسەری سادە پێشکەش دەکەن، وەک "ترەست تەکنەلۆجی" و داهێنانی تازە یان چارەسەری کۆنەپارێزانە کە دەڵێن با بگەڕێینەوە بۆ شێوازە کۆنەکەی ژیان. نەخێر ئەمە سەر ناگرێت. ئەمە ئەرکی فەیلەسووفانە کە نەهێڵن ئێمە هەڵە بکەین.
رووداو: دەمەوێت تەکنەلۆجیا بە سینەماوە گرێبدەم، دەزانم ئێوە خوێندنەوەیەکی وردو رەخنەگرانەت هەیە بۆ سینەما، رەنگە ئاگادار بیت کە لە ماوەی رابردوودا بەشێک لە سینەماکاران، ئەکتەر، دەرهێنەر و نووسەر، خۆپێشاندانیان کرد، رەخنەیان لەو بەرەوپێشچوونەی تەکنەلۆجیا گرت کە رۆڵیان کەمدەکاتەوە ئێوە دەڵێن چی؟
سلاڤۆی ژیژەک: تێگەیشتنی من بۆ ئەمە تەواو بەدبینانەیە. هەر بەو جۆرەی زۆرێک لە رەخنەگرە زیرەکەکان ئاماژەیان پێداوە، گرفتەکە ئەوە نییە کە ئامێری دیجیتاڵی سیناریۆ و ئەو شتانە بنووسێت، گرفتەکە ئەوەیە ئەم هەموو فیلمە پڕفرۆشانە، وەک فیلمەکانی مارڤڵ و ئەوان، هەر زۆر دووبارە و گەمژانە و ساویلکانەن. هەر پێشتر پێکهاتەکەیان داڕێژراوە ئەگەرچی لەلایەن ژیرییەکی دەستکردیشەوە دروست بکرێت کە زۆر داهێنەر نەبێت. هەر بۆیە گەرچی حەزم لێیان نییە، بەڵام ئەم دوو فیلمە سەرکەوتووە تازەیەی باربی و ئۆپنهایمەرم بە دڵە، چونکە ناچنە ناو ئەو شێوازەوە.
رووداو: دوا پرسیارم، یەکێک لە ئاواتەکانت ئەوەبوو کە کتێبێکی هەزار لاپەڕەیی وەک کتێبی (less than nothing) بنووسیت، کەی ئەم کتێبە دەنووسیت؟
سلاڤۆی ژیژەک: ئێستا "کەمتر لە هیچ" بەردەستە، نازانم چەند ساڵە کە هەیە. بەڵام تۆ دەزانیت کە چیم بەسەر هات. ئەمە بڕیار بوو کاری تەمەنی من بێت. 1000 لاپەڕەیە. کاتێک ئەم کتێبەم تەواو کرد، لە خەونەکانمدا بە دەست ئەو بیرۆکانەوە گیرم خواردبوو کە لەو کتێبەدا لە چیدا شکستم هێناوە. جا بۆ ئەم حەوت بۆ هەشت ساڵەی دوایی من بەس هەوڵ دەدەم ئەو شتە بە کۆتا بگەیەنم کە لەو کتێبەدا نەمتوانی بیکەم. بەڵام ئەوەی رەنگە زیاتر سوودی بۆ ئێوە هەبێت ئەوەیە کە ئێستا بەم تازەییانە دوو کتێبی نوێم تەواو کردووە. یەکێکیان مانگی داهاتوو بڵاو دەبێتەوە کە لەسەر "ئازادی"ـیە؛ "بیرۆکەی ئازادی چەندە پێچەوانەیە؟"، "چ مانایەکی هەیە ئەگەر ئەم سەردەمە بە چالاکانە ئازاد بیت؟" رەخنەیە لە تێگەیشتنی نیولیبراڵانە بۆ ئازادی. کتێبی دووەم ناونیشانەکەی دەڵێت "هەموو شتێکی بێباوەڕیی کریستیانێتییە". دوای لێبووردن دەکەم ئەگەر هەندێکتان بێزار بکەم، من خۆم بێباوەڕم. بەڵام پێم وایە بێباوەڕییش پێویستی بە شتێکە کە دەکرێت پێی بڵێیت "ئەزموونی عیرفانییانەی دینی"، ئەزموونی لاوازیمان، ئەزموونی کەنداڵان یان بۆشایی کە ئێمە بە تەواوەتی تێیدا نیشتەجێین. جا بەبێ ئەم بنەمایە، هەرچییەکی ناو دەنێیت: ئەزموونی عیرفانیی رۆحانی، ئێمە هەر بە راستی بەبێ ئەمە مرۆڤ نیین. ئێستا من سەروکاریم لەگەڵ ئەمەدا هەیە. تۆزێک پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە من پیر بووم و لەم تەمەنە پیرییەی مندا ئیتر دەست دەکەیت بە پرسینی ئەم پرسیارە بنچینەییانە.
رووداو: بەڕێز سلاڤۆی ژیژەک فەیلەسووفی سلۆڤینی دڵخۆشبووم بە گفتوگۆکردن لەگەڵت، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە..
سلاڤۆی ژیژەک: دەتوانم رستەیەک زیاد بکەم؟ چەند هیوایەکی شاراوەم هەن. چەند ساڵ بەر لە ئێستا، بەر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەر لە تووندوتیژییە تازەکان، بەرنامە دانرا کە من سەردانی باکووری سووریا یان رۆژئاڤا بکەم. سەردانی زانکۆی رۆژئاڤا. من ناتوانم بە باشی ناوەکەی گۆ بکەم.
رووداو: رۆژئاوای کوردستان؟
سلاڤۆی ژیژەک: بەڵێ. حەزم دەکرد سەردانی هەندێک بەشی کوردستان بکەم. چونکە ئەوەی سەرنجم رادەکێشێت ئەوەیە کاتی خۆی کە گەنج بووم ئێوە لە روانگەی هەندێک رۆژئاواییەوە کە لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستاندا کتێبیان نووسیبوو، ئێوە وەک خەڵکی شێتۆکە و سەرەتایی باس کرابوون، بەڵام نەخێر وا نییە. ئێوە خەڵکێکن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە رووی هزرییەوە زۆر پێشکەوتوون. ئێوە موعجیزەن. ئێوە دەتوانن ببنە نموونەیەک، نەک تەنیا بۆ وڵاتانی دەوروبەرتان، بەڵکو بۆ هەموو جیهان کە چۆن خەڵکێکی بێبەش دەتوانن لە رووی هزرییەوە بگەشێنەوە. هیوادارم موعجیزە روو بدات ... رەنگە یەکێک لە هیواکانم … رەنگە من خەون بۆ کوردستان ببینم … مەبەستم لە کوردستان هەموو پارچەکانیەتی کە کوردیان تێدا دەژی. ببێتە شوێنێکی وەک بەنگالاۆری هیندستان. دەزانی، پرۆگرامین و ناوەندە دیجیتاڵییەکان کە شتە باشەکانی شارستانیەتی ئەمڕۆن، دەتوانن راستەوخۆ هەنگاویان بۆ بنێن بەبێ چوون بەرەو پیشەسازیی کۆن. بۆیە دەیڵێمەوە کە یەکێک لە دوایین ئاواتەکانم ئەوەیە سەردانی کوردستان بکەم، ئیتر هەر بەشێکی بێت. تەنیا دەمەوێت لەوێ بم. ئێوە سەلماندووتانە کە چەندە باش دەتوانن کار بکەن. راستە کە زۆر چەپڕەوانە نییە، بەڵام بە تایبەتی لە باکووری عێراق، کە لە عێراق پشێوی هەیە، بەڵام بەشە کوردییەکەی تاکە شوێنە لە عێراق بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت. هەروەها ئەو بەشەیشتان لە باکووری سووریا زۆر رۆشنبیرن. دەبێت خەڵک فێری ئەمە ببن و بیزانن. ئێوە هۆزی سەرەتایی نین کە ئێمە ئەوروپایی بمانەوێت بتانپارێزین.
رووداو: پڕۆفیسۆر سوپاستدەکەم، هیوادارم رۆژێک لە رۆژان سەردانی کوردستان بکەن و لە نزیکەوە بتانبینین، دووبارە سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
سلاڤۆی ژیژەک: شانازی دەکەم هەمیشە قسەتان بۆ بکەم. زۆر سوپاس.