رۆڵی دەزگای زانیاری لە هەڵبژاردن، کارکردن لەسەر 'ئەخلاقی خەڵک' و چاوسوورکردنەوە لە زاری بافڵ تاڵەبانییەوە

04-09-2021
گۆڤەند مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بافڵ تاڵەبانی رەتی دەکاتەوە گۆرانکارییەکانی نێوخۆی یەکێتی دەستی دەرەکی لە پشت بووبێت و دەڵێت، "نە تورکیا ئاگای لێبوو، نە پارتی بوو، نە ئێران بوو، نە رووسیا بوو".
 
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڤپەیڤینێکی یەک کاژێری لەگەڵ کۆمەڵێک رۆژنامەڤان ئەنجام دا کە شەوی 03-09-2021 بڵاوکرایەوە.
 
لە هەڤپەیڤینەکەدا بافڵ تاڵەبانی باسی بەشێک لە رووداوەکانی 08-07-2021 کرد کە بووە هۆی لێسەندنەوەی دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆک لە لاهوور شێخ جەنگی.
 
هەروەها باسی ژەهرخواردکردن و گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی نێو سلێمانی دەکات و دەڵێت، لە دوای 8ـی تەممووز هەڕەشەکردن و جنێودان لە سلێمانی کەمبووەتەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ رۆژنامەڤانان:
 
هەڤاڵان زۆر بەخێر بێن، زۆر خۆشحاڵم بە بینینتان ئەمڕۆ، دەمێکە حەز دەکەم ئەم دانیشتنە بکەین، بەڵام خۆتان دەزانن دوو سێ هەفتەیە تۆزێک سەرقاڵین، دڵنیام چەند پرسیارێکتان هەیە، پشتیوان بە خودا دەرفەتتان دەبێت هەموو پرسیارەکانتان بکەن و منیش بە رێک و راستی دەرفەتم دەبێت وەڵامتان بدەمەوە.
 
پرسیار: ئێستا کوردستان لەبەردەم خۆ ئامادەکردندایە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، یەکڕیزی کورد لە ئێستا چەندە گرنگە، ئێوە وەکو یەکێتی یەکڕیزی لە چیدا دەبینن، بە تایبەتی پەیوەندیتان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەنێویاندا پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکهێنەری حکومەتە لەگەڵ یەکێتی، چۆن ئەو یەکڕیزییە دروست دەبێت و پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پارتی چۆنە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باوەڕمان بە یەکڕیزیی کوردە؛ باوەڕمان بە هەرێمی کوردستانە. کێبڕکێمان لەگەك لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە و ئەوەش زۆر ئاساییە. لێتان ناشارمەوە کە حەزدەکەم لە پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر دەنگ بهێنین. حەزدەکەم یەکێتی بەهێزترین حیزب بێت لە کوردستان. بەرنامەی یەکێتی زۆر زۆر روونە. یەکێتی لە 8ی مانگەوە بووەتەوە یەکێتییەکی دیکە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەڕاوەتەوە سەر رێگەکەی خۆی. ئێمە ئێستا پرەنسیپەکانی جەنابی مام جەلال و رێبازەکەی جەنابی مام جەلال پەیڕەو دەکەین. ئەوە گرنگە لای ئێمە. ئێمە باوەڕمان بە یەکڕیزیی کوردە، بەتایبەتی لە بەغدا. ئەم هەڵبژاردنە زۆر زۆر گرنگە. کێشە لە دەوروبەرماندا زۆرە و ئێمەش باوەڕمان بەوەیە کە کورد دەبێت لە بەغدا یەکدەنگ و یەکڕیز بێت. زۆر ئاساییە لێرە گفتوگۆی چەند شتێک بکەین و کێبڕکێی یەکدی بین، بەڵام ئێمە باوەڕمان بە کێبڕکێیەکی پیاو ماقووڵانەیە. پێموانییە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە جنێو و بە فەیسبووک بتوانێت لە هیچ حیزبێکی دیکە بباتەوە.
 
ئێمە بە خزمەتکردنی خەڵک، نەهێشتنی گەندەڵی، بە پاڵپشتیکردنی حکومەتی لۆکاڵی، ئازادکردنی بیزنیز لە سلێمانی و ئەوەی پێی دەگوترێت زۆرنی سەوز، بەوجۆرە دەتوانین ببینەوە حیزبی ژمارە یەک. ئەگەر بە کورتی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە: بەڵێ، ئێمە باوەڕمان بە یەکڕیزیی کوردە، بەتایبەتی لە بەغدا. پێشموایە دوای 8ی مانگ، دەرفەت زیاترە بۆئەوەی کورد یەکڕیز بێت، بەتایبەتی لە بەغدا، چونکە رقی شەخسی لەنێوانمان نەماوە. راستە پەیوەندیمان نەبووە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام دڵنیام دوای هەڵبژاردنەکە دەرفەت هەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسەبکەین. ئێمە ئێستا هاوپەیمانیەتێکمان لەگەڵ گۆڕان هەیە و بارودۆخیشمان زۆر باشە. پشتیوان بە خودا ئەوە دەڕوات بۆ شوێنی دیکەش. ئێمە بەرنامەکەمان بەوجۆرە نییە لەگەڵ گۆڕان بۆ یەک هەڵبژاردن نزیک بینەوە، بەڵکو بتوانین بەیەکەوە لایەنی دیکەش داخڵ بکەین. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە باڵانسی هێز لە کوردستان راست بکەینەوە؛ باڵانسی هێز بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان راست بکەینەوە، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە، پێویستە بۆ ئێمە کورد لە بەغدا یەکڕیز بێت. ئەگەر ئێمە یەکڕیز بین، بەهێزترین بلۆک دەبین لە بەغدا. ئەگەر جەنابت بیبینیت کە ئێستا هەموو لایەک راکەراکە دەکات لە بەغدا. ئەوسا راکەراکە لە کوردستان بوو، چونکە ئێمە یەک بلۆک بووین و بەهێزترین بلۆکیش بووین. پێشموایە ئێستا دەرفەتی ئەوە هەیە کورد یەک بگرێتەوە و بە یەک دەنگ بڕوات بۆ بەغدا. پشتیوان بە خودا وا دەکەین و ئێمەش ئامادەین.
 
پرسیار: بەڕێزتان باس لە دوای 8ی مانگ دەکەن کە گۆڕانکاری روویداوە. هەندێک دەڵێن، بەڵێ ئەم گۆڕانکارییانە بە کرداری دەبینین، بەڵام دوێنێ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی بەسترا لەسەر کردنەوەی بەنزینخانەی نایاسایی لەناو سەنتەری شاری سلێمانی، تەنانەت ناوی شوێنەکەش گوترا کە تێیدا دروست دەکرێت، ئەگەر گۆڕانکارییەکان بەو جۆرەن، بۆچی هێشتا ئەمانە لە سلێمانییدا ماون و کێن و بۆچی دەستی بەڕێزتانی پێ نەگەیشتووە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: من سوپاست دەکەم بۆ ئەو پرسیارە، بەڕاستی زانیاریی وردم نییە لەسەر ئەو کەیسەی کە جەنابت باسی دەکەی. بەڵام دوای 8ی مانگ بەرنامەمان بۆ زۆر شت هەیە، بەڵام دەبێت لەناوخۆماندا دەستپێبکەین، ئەم حیزبە چەند ساڵێکە زۆر دووربووە لە حیزبایەتی. دڵنیام دوایی چەند پرسیارێکی دیکەم رووبەڕوو دەکەنەوە و ئەوکات وەڵامتان دەدەمەوە. چەند هەفتەیەکە ئەو گۆڕانکاریە روویداوە، ئێمە ئامادەین بۆ هەموو چاکسازییەک و کار لەسەر هەموو چاکسازییەک دەکەین، ئەو هەڵانەی کە پێشتر کراون خەتای کێ بووبێت؟ من نامەوێت بچمە نێو ئەو بابەتەوە، بەڵام دەیبینن. حەز دەکەم لە 8ی مانگەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاقیبکەنەوە، پێش 8ی مانگ بابەتێکی دیکەبوو، دڵنیام مانگ بە مانگ سەرکەوتووتر دەبین لەو تاقیکردنەوەیە.
 
پرسیار: باست لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کرد و ئاماژەت بەوەدا هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت لە رابردوو و ئێستاش بەشێک لە حیزبەکان تەتانەت کاندیدەکانیش ئەو بانگەشەیەی کە دەیکەن روو لە هەرێمی کوردستانە، لە کاتێکدا هەڵبژاردنەکە بۆ پەرلەمانی عێراقە. هەندێک کات بەشێک لە هاووڵاتیان پێیانوایە جۆرێک لە تێکەڵ و پێکەڵی هەیە و ئەوان هەست دەکەن هەڵبژاردنەکە بۆ پەرلەمانی کوردستانە. دەپرسم پێت باش نییە کاندیدەکان و تەنانەت حیزبەکانیش بەشێکی زۆریان کاتێک کە بانگەشە دەکەن بانگەشەکە بۆ عێراق بێت، لە کاتێکدا ئەوە بەغدایە بەشێک لە مافە دەستوورییەکانی کوردستان نادات. باشتر نییە بانگەشەی کاندیدێک بۆ وەرگرتنەوەی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان بێت؟ کە زۆر کێشەی دەستووری چارەسەرنەکراو هەن و زۆرێک لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە خوراوە.
 
بافڵ تاڵەبانی: پێموایە چەند رۆژێکی دیکە کاتێک بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، دوور نییە ئەو لایەنانە قسەکانیان بگۆڕن، بەڵام ئێستا دەستپێکی ئەو پرۆسەیەیە، دڵنیاتان دەکەمەوە ئەوەی من بینیبێتم لە هاوپەیامنیێتیەکەی ئێمەو گۆڕان، برادەران دەزانن چی دەڵێن و چۆن کاردەکەن و گەشبینیشم بە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە، رەنگە لێرە نەتوانم هەندێک لەو شتانە وەڵام بدەمەوە، کە دەبێتە ئاشکرابوونی دەستەکە، بەڵام ئەگەر جەنابت مۆڵەت بدەیت هەموو بابەتە گرنگەکان لە کاتی خۆیدا باس دەکرێت. بێگومان ناتوانم لەبری حیزبەکانی دیکە قسە بکەم، ئەوەی ئەوان دەیکەن بە ئارزووی خۆیانە و پشتیوان بە خودا سەرکەوتوو دەبن.
 
پرسیار: دەمانەوێت بە دیاریکراوی بۆمان روون بکەیتەوە لە دوای 8ی تەمموز کێشەی بەڕێزتان لەگەڵ کاک لاهوور چییە؟ کێشەکە لەسەر دەسەڵاتە لەسەر کورسییە لەسەر چییە؟ پێشتر رەنگە جەنابت بە برای خۆت ناوت بردێت. لە دوای 8ی تەمموزیشەوە جەنابت دەڵێی گۆڕانکاری کراوە، ئەو گۆڕانکاریانە چین کە لە ژیانی خەڵک روویانداوە. سەبارەت بەوەش رەنگە خەڵک بڵێن سەرەتا ناوی خۆت نا سەرۆکی یەکێتی...
 
بافڵ تاڵەبانی: داوای لێبووردن دەکەم من قەت ناوی خۆم نەناوە سەرۆکی یەکێتی.
 
پرسیار: لە فەیسبووکەکەی جەنابت..
 
بافڵ تاڵەبانی: من ئەو فەیسبووکە بەڕێوەنابەم، کە ئەوەشم بینی بە زووترین کات پێم گوتن ئەمە راست و دروست نییە و رێکم خستەوە.
 
پرسیار: سەبارەت بەوەی خەڵک بڵێن بۆچی لەسەرەتاوە پەناتان نەبردە بەر رێکاری حیزبی، هێز جوڵاندن هەیە و بۆ نموونە جەنابت بە جلی سەربازییەوە دەردەکەوی، رەنگە خەڵک بپرسێت بە چ سیفەتێک؟ بەپێی یاسای حیزبە سیاسییەکان نابێت حیزب هێزی چەکداری هەبێت.
 
بافڵ تاڵەبانی: زۆر شت هەیە کە نابێت هەبێت، خۆزگە لە خۆزگەی خوا ئێمە سویسرا بووینایە، خۆزگە وەکو وڵاتانی دیکە بتوانرابایە ئیمێلێک بنێریت بۆ شوێنێک تا فەرمانی حکومەت جێبەجێ بکەیت. بە داخەوە ئێمە جارێک دوورین لە سویسرا.
خەڵک باسی ئەو بابەتە دەکات دەڵێن لە 8ی مانگەوە ئەمە وەکو کودەتایەک بوو، پێمخۆشە بۆتانی روون بکەمەوە ئەمە هەڵوەشاندنەوەی کودەتا بوو، دەمێک ساڵە کودەتا کراوە لەناو ئەم حیزبە. باسی لاهوور دەکەی.. لاهوور دەزگا ئەمنییەکانی بەکارهێنا بۆ ئەو کودەتایەی ئێمە هەڵمانوەشاندەوە.
 
بەشێک لە دەزگای زانیاری زاڵ بوو بەسەر هەموو ئۆرگانێکی ئەو حیزبە، دەمێک ساڵە ئێمە لە حیزب ناچین، مەڵبەند مەڵبەند نەبوو، کۆمیتە کۆمیتە نەبوو، هەڵبژاردنمان نەکردووە لەناو ئەو حیزبە بێ لیستی دەزگای زانیاری، هیچ بەرپرسێکی ئەو حیزبە دەزگای وا بەکارنەهێناوە، هیچ بەرپرسێکی ئەو حیزبە هێزێکی پیرۆز هێزێکی ئاڵتوونی وەکو دژە تیرۆر ناوی دژە تیرۆری قەت بەکارنەهێناوە بۆ بەهێزکردنی خۆی یان بۆ پاڵپێوەنانی سیاسەتی خۆی. زۆر شت هەیە دەتوانم لەگەڵتانی باس بکەم و باسیشی دەکەم..
 
بافڵ تاڵەبانی: 50٪ی کادرانی یەکێتی نەیاندەوێرا بە تەلەفۆنی ئاسیاسێل قسە بکەن 
ئەمە حیزبی جەنابی مام جەلالە، ئێمە حیزبی سۆشیال دیموکراتین، ئەم حیزبە ئەوەندە دووربوو لە پرەنسیپەکانی مام جەلال ئەوەندە دوور بوو لە سۆشیال دیموکراسی خەڵک ئەو حیزبەی نەدەناسییەوە. دەزانن 40-50٪ی کادرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەیدەوێرا بە تەلەفۆنی ئاسیا سێل قسە بکات؟ دەزانن ئەمە چ تاوانێکە؟ دەزانن ئەمە واتای چی؟ ئەمە واتای ئەوەبوو متمانەیان زیاتر بە دەزگای پاراستن بوو لە دەزگای زانیاری.
 
بافڵ تاڵەبانی: بەش هەبوو لەناو دەزگای زانیاری ئیشی لەسەر ئەخلاقی خەڵک کردووە 
دەزانن بەش هەبوو لەناو دەزگای زانیاری کە رێک ئیشی کردووە لەسەر ئەخلاقی خەڵک، لەناو حیزبەکە. ئەو دەزگایە بۆ پاراستنی ئێمە و جەنابتە. ئەم دەزگایە هی ئەوە نییە یەک کەس بەکاری بهێنێت بۆ بەهێزکردنی خۆی بۆ هەڕەشەکردن لە کادر، واتس ئاپ دەنێردرا بۆ سەرکردایەتیەکانی من وا دەنگ بدەن و وا دەنگ نەدەن، چاویان سوور دەکردەوە لە کادرەکانی ئێمە.
گەیشتە سنوورێک بەرگەی نەدەگیرا، جەنابت رەنگە ئەمە شتانە نەزانی، بەڵام زۆربەی حیزبەکە ئەو شتانە دەزانێت. دەزگای زانیاری لەم دواییانە بوو بە شتێک وەکو بازرگانییەکی لێهاتبوو، وەکو بیزنز بوو بۆ هێزکردن و دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێک، ئەم شتانە وایلێهات گەیشتە سنوورێک کە ئێوە چەند شتێکتان بیستووەتەوە، بەڵێ من لێرە بۆتان رووندەکەمەوە، من سیخوڕم لەناو ئەو ماڵە دۆزیوەتەوە، نەک سیخوڕی حیزبێکی دیکە یان وڵاتێکی دیکە، سیخوڕی دەزگای زانیاری.
 
بافڵ تاڵەبانی: سیخوڕی دەزگای زانیاریم لەناو ماڵەکەم دۆزیوەتەوە 
باسی ئەوە دەکرێت ژەهر دراوە بەمن، بەڵێ وایە من دەرمانخوارد کراوم، بەڵگەشم لایە کە من دەرمانخوارد کراوم لەناو ماڵی خۆم، دانپێدانانیشم هەیە، دەرمانەکەش دۆزراوەتەوە، یا کەی دەتانەویست ئەو شتانە بەرگە بگیرێت؟ تاکەی دەتانەویست ئەو دۆخە بەردەوام بێت؟ لە دەیان کۆبوونەوە باسمانکردووە، بەسە. وەڵا ئەمە جوان نییە پێویستمان بەمە نییە، بەڵام بە داخەوە ئەنجامی نەبوو. بەداخەوە دۆخەکە خراپتربوو گەیشتبووە سنوورێک خەڵک ئەم حیزبەی نەدەناسییەوە، من ئەو حیزبەم نەدەناسییەوە.. بۆیە وەڵامی من بۆ ئەوانەی باسی کودەتا دەکەن ئەوەیە نەخێر زۆر هەڵەن، ئەمە هەڵوەشاندنەوەی کودەتا بوو. ئێستا یەکێتی دەبێتەوە بە حیزب، مەڵبەند دەبێتەوە بە مەڵبەند، کۆمیتە دەبێتەوە بە کۆمیتە، دەزگای زانیاری ئێستا باشترین بەرپرسی هەیە، کاری خۆی دەکات و دەڕواتەوە سەر کارەکەی خۆی کە پاراستنی ئێمەیە پاراستنی جەنابتان و کادرەکانی خۆمان. هەڕەشەکردن و چاو سوورکردنەوە و فشارکردن لە کادرەکانی ئێمە نییە، دەیان کادر هەیە کۆبوونەوەیان کردووە دوای کۆبوونەوەکە تەلەفۆنیان بۆ کراوە جارێکی دیکە وا قسە نەکەی، جارێکی دیکە وانەڵێی.. میدیای سێبەرتان تێبەردەدەین، لەم هەڵبژاردبە دەرناچی.. ئەمە کەی حیزبی جەنابی مام جەلال بوو؟
 
بافڵ تاڵەبانی: بەڵگەم لایە لەناو ماڵی خۆم دەرمانخوارد کراوم  
هەندێکجار ئەگەر بەرپرسیاریێتی لەسەر شانت بێت دەبێت بڕیار بدەیت، ئەو بڕیارەش هەموو جارێک ئاسان نییە، سەرکردە ئەوەیە کە بڕیار دەدات ئێمەش بڕیارماندا وتمان ئیستۆپ، بەڵێ وایە ستۆپەکە تۆزێک تووند بوو، بەڵام باوەڕم پێ بکەن ئەو ئیستۆپە تووندە پێویست بوو، بۆیە یەکسەر چوومە ناو ئەو بابەتە، چونکە هەست دەکەم جەنابتان ئەوەندە بەڕێزن رەنگە چەند پرسیارێک هەبێت تا ئێستا نەتانویستووە بیکەن. دەرگاکەتان بکەنەوە پرسیارەکانی خۆتان بکەن، من لە خزمەتتدام پشتیوان بە خوادا بەو وەڵامە تێگەیشتن کە من ئامادەم زۆربەی شتەکان باس بکەم.
 
پرسیار: رەنگە خەڵک بپرسێت بۆچی سەرەتا پەناتان نەبردە بە رێکاری حیزبی وەکو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ئەو پرسە چارەسەر بکرێت؟ سەبارەت بەوەش کە گوت یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ جاران، دەکرێت لە دوای 8ی تەمموزەوە چی لە دۆخی خەڵکی سلێمانی گۆڕاوە؟ چیتان کردووە بۆ نموونە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: چی لە دۆخی سلێمانی گۆڕاوە؟ با زۆر شتت بۆ باس بکەم، جارێ بۆ مەسەلەی حیزبایەتی، من 100٪ لەگەڵتام، بۆ زانیاری جەنابتان دەزگای زانیاری دەسەڵاتی هاوسەرۆکەکانە، دەزگای زانیاری دەزگایەکی حکومییە، ئێمە فەرمانی حکومەتمان جێبەجێکرد، نوێنەری ئێمە لە حکومەت کاک قوبادە، کاک قوباد بڕیاریدا ئەو گۆڕانکاریە رووبدات، ئێمەش پشتیوانی بووین و جێبەجێشمان کرد. چی گۆڕاوە لە سلێمانی؟ بڕۆ لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش و بزنسمانەکان قسە بکەن، زۆر شت گۆڕاوە لە سلێمانیدا.
 
پرسیار: بۆ خەڵک چی گۆڕاوە، خەڵک تووشی دڵەڕاوکێ بووە.
 
بافڵ تاڵەبانی: سەبارەت بە خەڵکیش زۆر شت گۆڕاوەم، بۆشت رووندەکەمەوە خەڵک بۆ تووشی دڵەراوكێ بووە. بڕۆ سەیری ستاتیستەکان بکە، بڕۆ بزانە سەرانەسەندن چەند کەمبووەتەوە، برۆ بزانە بکوژ چەند کەمبووەتەوە، بڕۆ بزانە لە 8ی مانگەوە چەند بزنسمان رفێندراوە، پێش 8ی مانگ چەند بزنسمان دەرفێندران.. بڕۆ لەگەڵ وڵاتە بیانییەکان قسە بکە بزانە ئێستا رازین چی دەگوزەرێت لە فڕۆکەخانەی سلێمانی، زۆر رازین، زۆر گۆڕانکاری لەناو شاری سلێمانی روویداوە و گۆڕانکاری زیاتریش روودەدات. حیزب نابێت دەستوەردان لەناو ژیانی بزنسمان و ژیانی بازرگانەکانی شارێک، دەبێت پشتیوانیان بێت، نابێت رێگریان لێبکات، نابێت هەڕەشەیان لێبکات و کێشەیان بۆ دروست بکات.
 
بافڵ تاڵەبانی: وڵاتە بیانییەکان زۆر رازین لەوەی ئێستا لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەگوزەرێت 
هاوڕێیەکم تێبینییەکی زۆر جوانی پێمدا. تۆ دەزانی لە 8ی مانگەوە یەک جنێو بە کوڕەکانی کاک نەوشیروان نەدراوە، تۆ دەزانی لە 8ی مانگەوە یەک جنێو بە دکتۆرە رێواز نەدراوە؟ تۆ دەزانی دەیان لایەنی سیاسی هەیە پەیوەندیان لەگەڵ ئێمە کردووە گوتوویانە تۆ دەزانی لە 8ی مانگەوە لە سۆشیال میدیا و تەلەڤزیۆنەکان یەک جنێو بە ئێمە نەدراوە؟ دۆخەکە زۆر دەگۆڕێت پێمخۆشە دڵنیابیت لەوە. تێبینییەکی دیکە کە سەیر بوو لەلای من، سلێمانی شاری رۆشنبیرییە پڕە لە پیاوماقوڵ و بزنسمان و نووسەر و هونەرمەند و گۆرانی بێژ و وێنەکێش، شتێکی سەیرم تێبینی کردووە لە 8ی مانگەوە یەک پیاو ماقوڵ، یەک هونەرمەند، یەک بزنسمان یەکێکیان بەرگریان لەو هەڤاڵانەی کە پێش 8ی مانگ لە حکومدابوون نەکردووە.
 
بافڵ تاڵەبانی: لە 8ی مانگەوە جنێودان کەمبووەتەوە 
پرسیار: دەترسن؟
 
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر ناترسن، لە چی دەترسن، بۆ کە ئێمە دەترسن؟ من بووم دەزگای زانیاریم بەکاردەهێنا بۆ هەڕەشەکردن لە کادر و کادرانی حیزبەکانی دیکە؟ من بووم بزنسمانم دەڕفاند؟ نازانی چی دەگوزەرا لەناو ئەو شارە؟ توخودا بە جیددیتە؟ 5 هەزار هێزی سکرتاریەت هەیە لەناو ئەو شارە، لە ژیانتدا گوێت لێبووە سکرتاریەت ستەم لە یەکێک بکات؟ گوێت لێبووە؟ نەخێر، کەی بیستووتە، یەکجار ناسنامەیەکی سکرتاریەتت بینیوە؟ نەخێر، بەڵام بەناوی دژە تیرۆر هەڕەشە لە دەیان کەس کراوە.
بافڵ تاڵەبانی: گەڕانەوە بۆ پێش 8ی تەمموز نییە 
گۆڕانکارییەکی زۆر روویداوە لەناو ئەو شارە، من هاوڕێم هەیە لەناو شار، سەتان نامەم بۆ هاتووە دەستخۆشیمان لێدەکەن، بزنسمان دەڵێت من ئەمشەو دەتوانم بخەوم، ئەمشەو پشوو دەدەم، من لە 8ی مانگەوە سەرانە نادەم بە ئەم و ئەو، ئەوە نەما. حیزب دوورکەوتەوە لە بزنس، حیزب، ناوی کەسم نەهێناوە باسی هیچ کەسێکم نەکردووە، پێشم خۆشە تاقیمان بکەنەوە، چاودێر بن کە بزنسمانێک هاتە پێشەوە گوتی ئەمە روویداوە وەرە پێم بڵێ، بزانە دەیهێڵم یان نایهێڵم.. دڵنیابە دڵنیابە دڵنیابە گۆڕانکارییەکی زۆر بەڕێوەیە، پێنج شەش هەفتەیە. هەر سەیری ستاتیستەکانی ناو شار بکە، بکوژ، رفاندن، تەقە، دزی، سەرانە بەراوردی بکە لەگەڵ دوو مانگ بەر لە ئێستا.. دڵنیات دەکەمەوە ئەرز و ئاسمانی جیاوازە.
 
رووداو: سێ ساڵە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 31ی ئاب بێدەنگە، ئەمساڵ راگەیێندراوێکتان دەکرد، ئەو راگەیێندراوە بەرامبەر بە پارتی تووندبوو. ئاگات لە راگەیێندراوەکە بوو یان خۆت رات لەگەڵ ئەو شێوازە دەربینە هەبوو؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەمە ئیشی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، منیش پشتیوانی هەموو بڕیارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانم.
 
رووداو: شاناز خان باسی ژەهرخواردنی کرد، خۆشت باستکرد، ئەگەر تۆزێک لە وردەکارییەکەی باس بکەی بۆ ئەوەی خەڵک تێبگات بەڵگەکان چین؟
 
بافڵ تاڵەبانی: من زۆر بە روونی و وردی قسەکەم کرد، دەشتوانم دووبارە بکەمەوە، بەڵێ من دەرمانخوارد کراوم، بەڵێ من بەڵگەم لایە، بەڵێ من دانپێدانانی خەڵکانم لایە، شتی دیکەشم لایە.
 
رووداو: بۆ بڵاوی ناکەیەوە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: زۆر روونە بۆ بڵاونەکراوەتەوە، چونکە من ئێستا گفتوگۆی ئەوە دەکەم، یەک؛ ئەمە بدرێتە دادگە، دوو؛ لە کوێ بدرێتە دادگە. ئایا لە کوردستان ئەو کەیسە دەدەم بە دادگە؟ یان لە وڵاتێکی دیکە. جەنابت دەزانی من هەموو شتێک ناتوانم بڵاو بکەمەوە، بەڵام بە داخەوە من دەرمانخوارد کراوم. دکتۆر هەیە لێرە منی بینیوە، پرۆفیسۆر هەیە لە چەندین شوێنی دونیا هێڵکاری دڵی منیان بینیوە، دووبارەی دەکەمەوە ئەو ماددەیەی کە درا بە من دۆزراوەتەوە، خەڵک دانی پێداناوە لەسەری. 
 
تۆ دەزانی لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و زۆربەی حیزبەکانی کوردستان چەند کێشە هەبووە؟ چەند کێشە هەبووە؟ هەر لەناو یەکێتی.. ناوەندی بڕیارمان هەبوو، پرۆسەی ریفۆرممان، هەبوو کاک بەختیار ویستی .. لەمن باشتر دەزانن. شتی وا قەت رووینەداوە هەڤاڵ.. شتی وا قەت رووینەداوە.. خیانەتە، نەک لە من لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە رێبازی جەنابی مام جەلال، وەڵا لە خەڵکی کوردستان، قەت شتی وا رووینەداوە. بۆیە روونە هەموو کەسێک تێبگات 7ی مانگ و پێش 7ی مانگ تەواو بووە گەڕانەوە نییە بۆ پێش 8ی مانگ، 8ی مانگ ئەو رۆژەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەڕایەوە بۆ رێبازەکەی جەنابی مام جەلال، کە بۆمان هەیە رای جیاوازمان هەبێت، بۆمان هەیە گفتوگۆی یەکدی بکەین، لە واتس ئاپ گرووپێکت هەیە گفتوگۆ لەگەڵ کارگێڕێکی مەکتەبی سیاسی بکەیت، ئەنجامی ئەوە قسەی تووندە، ئەنجامی ئەو گفتوگۆیە ئەوە نییە هێز بنێریتە سەر کارگێڕێکی مەکتەبی سیاسی و شەقامە بگریت و دەرگاکەی بشکێنیت و پێڵاوەکانت لەسەر مێزەکەی دانێیت هەزار هەڕەشە و جنێوی بۆ بنێریت. ئەمە کەی رێبازی مام جەلالە هەڤاڵان؟ مام جەلال کەی شتی وای دەکرد؟ ئەو حیزبە ئەوەندە دوور کەوتبووەوە لەو پرەنسیپانەی مام جەلال و پرەنسیۆی سۆشیال دیموکراسی. من گریانم دەهات بۆ ئەو حیزبە، خۆزگە ئەو شتانەی کە لە رووداو بڵاوبوونەوە لەسەر ئەو رووداوەی کەمن بۆتان باس دەکەم خۆزگە وانەبووایە، بەڵام هەڤاڵم وابوو. ئایا ئەمە رێبازی مام جەلالە؟ ئەمە سۆشیال دیموکراسییە؟ لەسەر گفتوگۆیەکی سادە لە گرووپێکی داخراو هێز ناردرایە سەر کارگێڕێکی مەکتەبی سیاسی.
هەڤاڵان باسی جەنابی مام جەلال دەکەن، جەنابی مام جەلال لە ژیاندابووایە قەت شتی وا رووینەدەدا.
 
رووداو: شێخ لاهوور لەسەر ئەو داواکاریانەی ئێوە رازییە کوردستان بەجێ بهێڵێت یان بمێنێتەوە، دوای کۆبوونەوەی نێوەندگیریش کە چەند شەوێک پێش ئێستا کرا بەچی گەیشت، شێخ لاهوور سوورە لەسەر ئەوەی بمێنێتەوە ئێوەش سوورن لەسەر ئەوەی کوردستان بەجێ بهێڵێت لانی کەم تاوەکو دوای هەڵبژاردنەکان بێت، رازییە یان رازی نییە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: لەکۆی 124 ئەندامی سەرکردایەتی 104یان پشتیوانی چوونە دەرەوەی لاهوریان کرد 
بافڵ تاڵەبانی: ئەمە یەکجار وانییە وەکو ئەوەی کە باسی دەکەن، چەند گفتوگۆیەک کرا، یەکێک لە گفتوگۆیەکان ئەوەبوو، کە ئەگەر حیزب بە جەنابی بڵێت بۆ قۆناخێک وڵات بەجێ بهێڵە، دەبێت وڵات جێبهێڵێت. ئەمە یەکەمین جاریش نییە ئێمە وا بکەین. ئەگەر لەبیرتان بێت لە هەڵبژاردنەکەی پێشتر بڕیارێک درا، کە بەڵکو هەندێک سەرکردایەتی قسە نەکەن باشتر بێت لەوەی کە هەندێکیان قسە بکەن، لەبیرتانە کە شتێکی وا هەبوو؟ بێگومان مافی مرۆڤ هەیە ئەمەو ئەوە هەیە، تۆ ناتوانیت بە یەکێک بڵێیت وس نابێت قسە بکەی یان بە یەکێک بڵێیت بڕۆ دەردەکەم لە وڵات، ئەم رووینەداوە، هەم ئەوسا بەو هەڤاڵانە گوترا بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێ زەحمەت تاوەکو دوای هەڵبژاردن قسە مەکەن. ئەمەش هەروابوو، بڕیاردرا بێزەحمەت تاوەکو دوای هەڵبژاردن رەنگە باشتربێت جەنابت گەشتێک بکەیت دوای هەڵبژاردن زۆر زۆر بەخێر بێیتەوە. بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسیش کاک رەفعەت ئاگای لێبوو، بڕیارمان دەرکرد و ناردمان بۆ لاهوور بە دڵی نەبوو، گوتی سەرکردایەتی با پێم بڵێت، ئەوەبوو سەرکردایەتیش پێی گوت، بەڵام دیارە ئەو بڕیاریداوە نەڕوات لە 124 سەرکردایەتی 104 سەرکردایەتی پشتیوانی ئەو رایە بووە، لە هەمان کاتیشدا من پێم جوان نەبوو جەنابی کاک دکتۆر بەرهەم هەر داوای لێبکەین ئەو شتە واژۆ بکات لەبەر ئەوەی کە سەرۆکی کۆمارە، منیش پێم شەرم بوو واژۆی بکەم بۆ ئەوەی نەبێتە شتێکی کەسی. بە کوردیەکەی من داوام نەکردووە لاهوور بڕوات، ئەمە داواکارییەکی حیزب بوو بۆ قۆناخێکی دیاریکراو دەڕوات ناڕوات بە ئارەزووی خۆیەتی، زۆر ئاساییە.
 
بافڵ تاڵەبانی: هیچ نزیکبوونەوەیەک لەنێوان من و لاهور شێخ جەنگیدا نییە 
کۆبوونەوەکەی کە باست کرد ئەو رۆژە، بەڵێ کۆبوونەوەمان کردووە، چەندین جار لەگەڵی دانیشتووم و چەندین کۆبوونەوەی نهێنیمان کردووە، چەند کۆبوونەوەیەکمان کردووە باسمان لەوە کردووە چی بکەین بۆ قۆناخێکی دیکە. بە داخەوە نازانم چۆن بەڵام هەموو کۆبوونەوەیەکی نهێنی دوای کاژێرێک لەناو سۆشیال میدیایە. قسەکانی کە باسیش دەکرێت پێچەوانەی راستییەکەیە.
نەوەڵا هیچ نزیک نەبووینەتەوە، نەوەڵا دانیشتنەکانمان هیچ ئەنجامێکی باشیان نەبووە، لەو بڕوایەشدانیم بتوانین بە کۆبوونەوەی داخراو کێشەکان چارەسەر بکەین، چەندین جۆری دیکە هەیە دەتوانین چارەسەری بکەین، بۆ زانیاریشت لە چەندین لاوە هەوڵمداوە چارەسەری بکەم. هەوڵمانداوە وەک خێزان چارەسەری بکەین، چارەسەر نەبوو، تاڵەبانییەکان هاتن نێو کێشەکە هەر چارەسەر نەبوو، هەوڵماندا بە حیزبی بیکەین هەر چارەسەر نەبوو. بەڵامن لێرەش پێتان دەڵێمەوە تەواو بووە.
 
رووداو: هاوسەرۆک نییە و بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردن ناکات؟
 
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر، بەشداری بانگەشە ناکات. خۆی گوتی، ئەگەر لە رووی یاساییەوە ئەو پرسیارە بکەیت، بەڵێ هاوسەرۆکە، بەڵام هاوسەرۆکێکی بێ دەسەڵاتە و هەموو دەسەڵاتەکانی رادەستی من کرد.
 
رووداو: خۆی رازی بوو؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەگەر قسەی راستیت دەوێت وەڵام من هەر ئاگام لێنەبووە، من ئاگاکام لەو بڕیارە نەبوو. جەنابی کاک ئاراست تەلەفۆنی بۆ چەندین ئەندامی مەکتەبی سیاسی کردبوو، گوتبووی با کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی بکەین، ئەو برادەرە وادەکات، تەنانەت من گومانم هەبوو شتێکی دیکە لەو کۆبوونەوەیە رووبدات، بەڵام قسەی کاک ئاراس بوو کۆبوونەوەی سیاسیمان کرد و دەسەڵاتەکانی دا بەمن.
 
رووداو: بابەتی سەرانە وەرگرتن و قاچاخچیێتی و خەڵک رفاندن و هەڕەشەکردن و هەڵکوتانە سەر خەڵک ئەمانە 10 ساڵە هەیە، قسەکەی خەڵک و فیدباکی سۆشیال میدیاش ئەوەیە 10 ساڵە کال بافڵ بۆ قبووڵی کردووە؟ کە هاتە سەر بابەتی ئەوەی ژەهر خوارد دەکرێت ئینجا کاردانەوەی خراپی هەبووە، خۆت گوتەنی ستۆپ، 10 ساڵە ئەمە هەیە چۆن نەتانتوانی رێگری بکەن، ئێستا کە رووداوێک دێتە پێشەوە ئیتر هەموو شتەکان پێچەوانە دەبێتەوە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەگەر مۆڵەتم پێبدەی، پێمخۆشە وەڵامت بدەمەوە. ژمارە یەک؛ زۆر سەیری سۆشیال میدیا مەکە، بۆ؟ خۆت لەمن باشتر دەزانی 85٪ی ئەوەی لە سۆشیال میدیا دەیخوێنیتەوە راستی نییە، یان تیمی ئەوە یان تیمی ئەوە یان ئەو حیزبەیە یان ئەو حیزبەیە. بۆیە جەنابت لەمن باشتر ئەوە دەزانی بۆیە با سەری خۆمان بە سۆشیال میدیا نەهێشێنین. 10 ساڵیشە دۆخەکە وایە، من لەو بڕوایەدانیم قەت بەقەد ئەم دوو ساڵە بارودۆخەکە خراپ بووبێت، دووبارەشی دەکەمەوە ناڵێم هەمووی ئەو کەسە بووە یان ئەو کەسە بووە. بەڵام من دەپرسم بۆ 8ی مانگ وەستا؟ وەستا. وابزانم ئەمە وەڵامی پرسیارەکەت دەداتەوە.
 
پرسیار: دوو پرسیارم لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پەیوەست بە بابەتی هاوپەیمانی کوردستان. هاوپەیمانیی کوردستان تەنیا هاوپەیمانیێتیەکە لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی و بزووتنەوەی گۆڕان یان دەکرێت بەرفراوان بێت و ببێتە چەترێک لایەنی دیکەش لەژێر ئەو سایەیەدا جێگەیان ببێتەوە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: پشتیوان بە خوادا دەبێتە چەترێک تا ئێمە بتوانین چەندین لایەن کۆکەینەوە، خۆی ئەمە ئامانجی منە، ئەو پەیوەندیەش کە هەمانە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەست ناکەم هەر بۆ ئەو هەڵبژاردنەبێت. ئێمە کەسی یەکین و هەر بەڕاستی ئێمە کەسی یەکین. پێمخۆشە دۆخە بەردەوام بێت نزیکتر ببینەوە بەڵکو دوایی شتی دیکەش بکەین.
 
پرسیار: شتی دیکە وەکو چی؟
 
بافڵ تاڵەبانی: یەک بگرینەوە.
 
پرسیار: خواستێکی وا هەیە لەناو یەکێتیی نیشتمانیی یان لانی کەم بەڕێزت؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەرێ وەڵا لای من هەیە، لەلای من زۆر زۆریش هەیە، زۆریش حەز دەکەم. لایەنی دیکەش هەیە
 
پرسیار: ئەو خواستە لای برادەرانی بزووتنەوەی گۆڕان هەیە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: جارێ باسم نەکردووە، بەڵام تازە ئەوە ئێستا کاک عومەر خۆی برادەران دەیبینن و ئینشەڵڵا کێشەمان نابێت، بەڵام دەزانن چۆنە هەڤاڵان؟ ئێمە بەڕاستی نابێت لەبیرمان بچێت بۆ ئێمە سیاسەت دەکەین.. ئێمە سیاسەت دەکەین تاوەکو بتوانین خزمەتی میللەتەکەمان بکەین، ئێ با وا بکەین، پێشموایە هەموو ئەو حیزبانەی کە لەو ناوچەیەن کە پێی دەگوترێت گرین زۆن، ئێمە بتوانین یەکبگیرینەوە، بەلایەنی کەمەوە لەیەکتر تێبگەین، دەتوانین ئەوسا باشتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین، دەشیکەین.
 
پرسیار: پەیوەندی بە هەندێک گلەیی ئەگەر ئاشکرا ئەگەر ژێر لێوی بزووتنەوەی گۆڕان یان بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە هەبێت، لە چەند بۆنەیەکدا گوتوویانە ئێمە زیاتر لە رێککەوتنێکمان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە بە رێککەوتنی دەباشانیشەوە لەنێوان رەوانشاد کاک نەوشیروان و رەوانشاد مام جەلال، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو پێویست پابەندی رێککەوتنەکان نەبووە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا، لەبارەی رێککەوتنی هاوپەیمانی کوردستان یەکێتی تا چەند پابەندە و ئەو رێککەوتنانەی رابردووتان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا چی بەسەر هاتووە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: با من بە زمانەکەی خۆم وەڵامت بدەمەوە، ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین رێککەوتنی کۆن جێبەجێ بکەین یان رەنگە ئەمە باشتر بێت ئەمڕۆ رۆژێکی ترە، چەند ساڵێک تێپەڕیوە بە رای من ئێمە لەگەڵ براکانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان دانیشین رێککەوتنێکی تازە بکەین، رێککەوتنێکی ستراتیجی کە ئێستا بتوانین جێبەجێ بکەین و گونجاو بێت لەگەڵ ئەمڕۆ، نەک رێککەوتنێک کە چەندین ساڵ پێش ئێستا نووسراوە، بەڵام بۆ هەردووکی ئامادەین.
 
پرسیار: رێککەوتنی ستراتیژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەبوو، ئەو رێککەوتنە ماوە، ئەگەر بتانەوێت رێککەوتنێکی دیکەی ستراتیژی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بکەن بۆ نموونە، ئایا بەریەککەوتن دروست نابێت لەوەی رێککەوتنێکتان لەگەڵ پارتی بەجیا هەبێت و رێککەوتنێک لەگەڵ گۆڕان بە جیا؟
 
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر، جارێ ئەو رێککەوتنەی نێوان ئێمەو پارتی ئەگەر ماشبێت، دەمێکە وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت لە هەردوو لایەنەوە، ئێمە کێبڕکێیەکمان هەیە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لەگەڵ گۆڕان لە راستیدا پێویست ناکات هەمانبێت. من لێتان ناشارمەوە ئامانجی من ئەوەیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حیزبی ژمارە یەک بێت لە کوردستان، برادەرانی پارتی بێتاقەت مەبن، بەڵام من دەمەوێت لێیان ببەمەوە، من دەمەوێت زۆرینەی پەرلەمانی کوردستان یەکێتی بێت. باوەڕم بەوەش هەیە کە بە خزمەتکردنی خەڵک بە نەهێشتنی گەندەڵی بە حیزبایەتی بە سیاسەتێکی دروست ئێمە دەتوانین ئەوە بکەین.
بەڵام لەو بڕوایەدانیم ئێمە بتوانین بە جنێو و فەیسبووک و بەم شتانە لە هیچ حیزبێک ببەینەوە، هەر خۆمان بچووک دەبینەوە بەم شتانە.
 
بافڵ تاڵەبانی: دابەشکردنی ئەم هەرێمە کفرە، خیانەتە 
بۆ رێککەوتنی ستراتیژی، پێویستمان بە رێککەوتنێکی ستراتیجیە، ئەوا دەبێت پرسیار بکەین ئەو رێککەوتنە چی تێدابێت؟ پێش ئەوەی بگەینە ئەو قۆناخە ئێمە دەبێت شتێکی دیکە بکەین. دەبێت کورد یەک بخەینەوە لە بەغدا، جارێ لێرە چی دەکەین دوایی دەتوانین گفتوگۆی بکەین، ئەوەی کە پێویستە ئێستا ئەوەیە کورد بە یەکڕیزی و یەکدەنگی بڕوات بۆ بەغدا. من پێموایە ئەمە هەنگاوێکی باشە شتەکانی دیکە دوای ئەوە دێن. ئێستا هەر هیچ نەبێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک رای هەیە، ئێستا بەشێک نەماوە لەناو یەکێتی کە پێی باش بێت ئەو هەرێمە بکەینە دوو بەش بۆ نموونە. من باوەڕم بەوە نییە ئەو هەموو شەهیدەمان داوە، ئەنفالکراین، کیمیاییان لێداین، شەڕی هەموو وڵاتانی دونیامان کرد بۆ ئەو هەرێمە کردمان، جا ئایا کێ لێمان قبووڵ دەکات لەبەر کێشەیەکی کەسیی ئەم هەرێمە بکەینە دوو بەش، هەر کفرە خیانەتە. بەڵام ناڵێن ناتوانین کێبڕکێی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین، ئامانجی ئێمە ئەوەیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ببێت بە گەورەترن و بەهێزترین حیزب لە کوردستان، زۆر گەشبینیشم بۆ ئەوە. بەڵام جەنتڵمانلی.
 
پرسیار: پرسیاری یەکەمم ئەوەیە لە دوای کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سیستەمی هاوسەرۆکی لەناو یەکێتیدا پەیڕەو دەکرێت، ئەم بابەتە تا چەند خاڵی بەهێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە؟ ئەم سیستەمە وەکو لە قسەکانی خۆشتدا باستکرد جۆرێک لە ناکۆکی لەسەر ئەو بابەتە هەیە، ئایا ئەو سیستەمە لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت؟
 
بافڵ تاڵەبانی: بەردەوام دەبێت بەردەوام نابێت ئەمە بۆ سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت بەجێیبهێڵین، بەڵام وەکو سیستەم ئەگەر راست بووینایە لەگەڵ یەکدی، ئەگەر گفتوگۆی جیددیمان کردبووایە لەگەڵ یەکدی، ئەگەر بمانتوانیبایە گلەییەکان بە یەکدی بڵێین، نەک لە سۆشیال میدیاوە لەیەکدی بدەین، ئەگەر بمانتوانیبایە وەکو برا سیاسەت بکەین سیستەمەکە سیستەمێکی خراپ نییە. ئێستاش باوەڕم بەوەیە کە دەمانتوانی وا بکەین ئەو سیستەمە سەرکەوتوو بێت، بەڵام ئێستا لەو قۆناخە نەخێر سیستەمی هاوسەرۆکی پێموانییە لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا مابێت. هەر ئەوە ماوە لەناو کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتی ئەو بڕیارە بدرێت، ئەوەی من باسی دەکەم ئەمە رای کەسی خۆمە، دوایین بڕیاریش لای سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، هەموو متمانەیەکیشم بەو سەرکردایەتیە هەیە، بە تایبەت دوای 8ی مانگ.
 
پرسیار: لەم رۆژانەدا بەڕێز شێخ لاهوور چووە بەردەم دادگەی سلێمانی، جەنابیشت لە قسەکانتدا باستکرد کە دەتانەوێت پاڵپشت بە دادگا کێشەکانتان یەکلایی بکەنەوە، زۆرجاریش لە کوردستان باس لەوە دەکرێت سەروەری یاسا نییە، پێتانوایە لە رێگەی دادگاکانەوە ئەم کێشەکانی نێوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چارەسەر بکرێت؟
 
بافڵ تاڵەبانی: کێ چووە بۆ دادگا؟
 
پرسیار: بەڕێز کاک شێخ لاهوور..
 
بافڵ تاڵەبانی: نامەوێت بە جۆرێک وەڵامی ئەوە بدەمەوە، بەس ئەگەر قسەی راستیت دەوێت من بە مەسەلەی هەڵبژاردن و یەکێتیی نیشتمانی زۆر سەرقاڵم بەڕاستی ئاگام لە هاتووچۆکانی لاهوور نییە، من دەستخۆشی لێدەکەن حەزدەکەم بۆ کوێ دەڕوات بڕوات ئافەرین.
 
پرسیار: تۆ پەنا دەبەیتە بەر دادگە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەگەر پێویست بکات، بەڵێ. جارێک بڕیاری کۆتایی خۆمم نەداوە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات بەڵێ ئەرێ وەڵا.
بافڵ تاڵەبانی: متمانەم بە کوردستان و دادگەی کوردستان هەیە 
 
پرسیار: لە هەرێمی کوردستان سەروەری یاسا هەیە، دادگەکان جۆرێک لە جۆرەکان سەروەریان هەیە تا کێشەکان چارەسەر بکەن؟ لە کاتێکدا بەشێکی زۆر گلەیی هەیە لە دادگەکان. تێبینیتان لەسەر دادگەکانی هەرێمی کوردستان چییە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: من متمانەم بە کوردستان هەیە، متمانە بە دادگەی کوردستان هەیە.
 
پرسیار: با لە رووداوەکانی ناوخۆی یەکێتییەوە دەستپێبکەین، ئەگەر مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبدەینەوە، چەندین رووداو و کارەساتی گەورە و جیابوونەوە لەناو یەکێتیدا روویداوە، بەڵام ئەوەی ئەمجارە جیاوازە لە رووداوەکانی پێشوو، لە رابردوودا خەڵکانێک لەنێو یەکێتی دەهاتنە دەرەوە، بەڵام ئەمجارە بەو پاساوانەی بەڕێزت باست کردن خەڵک لە یەکێتی دەنێرنە دەرەوە. ئایا ئەمە بۆ بارودۆخی یەکێتی سەخت نابێت لەم قۆناخەدا؟
 
بافڵ تاڵەبانی: نا، من دووبارەی دەکەمەوە، کەس نانێردرێتە دەرەوە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەتوانم بە جۆرێکی دیکە وەڵامت بدەمەوە، وایدابنێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سویسرایە لە کوردستان نییە، حیزبێکە ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە جنێڤە لە سویسرا، ئەو شتانەی کە هەمووتان دەیزانن لەناو حیزبەکە روویداوە، ئەو شتانەی لە سلێمانی روویداوە لە جنێڤ روودەدات، ئینجا ئەو شتانەی کە دەزگا ئەمنییەکان کردوویانە لە سویسرا کردیان، ئەو شتانەی کە بەرامبەر من کراوە لە سویسرا کرا، ئەو هێز ناردنەی سەر کارگێڕێکی مەکتەبی سیاسی لە سویسرا کرا، ئەمە بهێنەرە بەرچاوت، لەوێ تاوانبار دەچێت بۆ دادگە، حاکمەکە دەڵێت تۆ تاوانباری، تاوانباریش دەڵێ بەڵێ گەورەم سزایەکەم چییە؟ حاکمیش دەڵێ سزاکەت ئەمەیە، ئەو پارەیەی کە کۆتکردووەتەوە ئەو هەموو ساڵە بۆخۆت، بزنسەکانت بۆخۆت، هاوڕێکانت وەکو چاوی خۆمان دەیانپارێزین، بڕۆ چوار مانگ لە خۆشترین وڵاتی دونیا پشوو بدە. لە سویسرا تاوانبارەکە دەچێت دەستی حاکمەکە ماچ دەکات و دەڵێت زۆر سوپاس کاک حاکم. پێنج خولەکیش دوای ئەوە جەنابی کاک حاکم دەبەنە لە شێتخانە دایدەنێن. ئێستاش رێک ئاوایە
 
با پرسیاری دووەم لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بێت، مانگێک یان نزیکەی 40 شەوێکمان ماوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام بدرێت، هەموو هێزە سیاسییەکان لە عێراق خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئامادەکردووە. لەلای یەکێتیی نیشتمانی هەڵبژاردنی پێشوەختە چ ئامانجێکی هەیە و بە چ ئامانجێکەوە دەچێتە ئەو هەڵبژاردنەوە؟ بە تایبەتی ئێمە دەیبینین هاوپەیمانیێتیەکی هەیە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و لێکتێگەیشتنیشی لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هەیە، پەیوەستیش بە دۆخی نێوخۆی یەکێتی یەکێتی ئامادەیە بۆ ئەو هەڵبژاردنە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەیە بۆ ئەو هەڵبژاردنە؟ ئەرێ وەڵا ئامادەیە، داواش لە هەموو یەکێتییەکان دەکەم وەکو هەموو جارێکی دیکە بێن ئیشی خۆیان بکەن سەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرز بکەنەوە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە هەڵبژاردن ناترسین، پێشوەخت بێت لە کاتی خۆیدا بێت و هەرچۆنێک بێت. بەڵێ ئێمە ئامادەین.
 
پرسیار: دەمەوێت لەبارەی دۆخی هاووڵاتیان لە شاری سلێمانی بپرسم، یەکێک لەوانە کەیسی سەرانە وەرگرتن، ئازاردانی خەڵک، قاچاخچیێتی، کە ئەمانە لە چەند ساڵی رابردوو بینیومانە و هەبووە، جەنابیشت لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک باست لەو پرسە کردووە، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئایا ئەم کەسانە رووبەڕووی دادگە کراونەتەوە و دەکرێنەوە؟ دواتر لە دادگە چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت؟ بەو پێیەی کە هاووڵاتیان زۆر کات گلەیی ئەوە دەکەن کەیسەکان لە دادگەکان داخراون، چۆن ئەو دڵنیاییە دەدەنە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی؟ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێگری لە دووبارە بوونەوەیان بکات بە تایبەتی لە دوای 8ی تەمموزەوە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: من ناتوانم لەبری دادگە قسە بکەم، بەڵام ئێمە دەتوانین شتێکی دیکە بکەین، ئێمە دەتوانین وا بکەین کە خەڵک ئەو ترسەی نەبێت، نەترسێت کە هێزێک یان دەزگایەک یان هێزێکی تایبەت یان شتێکی وا دێت و گوشاریان دەخاتەسەر کە نەوێرن سکاڵای خۆیان بکەن و بێنە پێشەوە. ئەوە یەکێک لە شتەکانە کە ئێمە وەکو یەکێتی دەتوانین بیکەین.
ئێمە دەتوانین باشتر کۆنترۆڵی یەکێتی بکەین و زیاتر کۆنترۆڵی خەڵکانێک کە نزیکن لە یەکێتی بکەین، دەتوانین وایان لێبکەین کە کەس ئیتر نەتوانێت ئەو شتانە بکات. دادگە بە راستی دەبێت ئیشی خۆی بکات، پێمخۆش نییە دەستوەردان لە کاروباری دادگە بکەم، ئەوە ئیشی خۆیانە، بە هەرجۆرێک کۆمێنت لەسەر ئەو بابەتە بدەم خراپ بەسەرمدا دەشکێتەوە، ئەگەر من بم بەس من پێمخۆشە هەموو هاووڵاتییەک نەترسێت و ئازاد بێت، سکاڵای خۆی بکات، ئینشەڵڵا دادگەش ئیشی خۆی دەکات.
 
پرسیار: ئەوەی مەبەستم بوو ئەوەی گرنگە ئەو بەشەیەتی کە پەیوەستە بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لەم زۆن و لەو سنوورە دایە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: لە 8ی تەمموزەوە تاقیمان بکەنەوە، من دەتوانم بڵێم لە 8ی مانگەوە ئەو شتانە روونادات، ئەگەر لەبیریشتان بێت چەند مانگێک پێش ئێستا پرسیارێکی وا لەمن کرا، ئەوسا ئاماژەیەکیشم دا، گوتم ئێمە ئەو شتانە ناهێڵین، ئەگەر پێویستی کرد لە برای خۆمەوە دەستپێبکەم، دەستی پێدەکەم.
 
پرسیار: بەشێکی دیکە پەیوەستە بەوەی کە شاری سلێمانی هەمیشە هاووڵاتیانی گلەیی لەوە دەکەن کە بەجۆرێک لە جۆرەکان پەراوێزخراوە، باس لەو بەشەی ناکەم کە پەیوەستە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە گرنگی زیاتری داوە بە هەندێک ناوچە، وەبەرهێنان کراوە و کاری باش کراوە، ئەو بەشەی دیکەی کە پەیوەستە بە حیزبەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمەودوا دەیەوێت چی بکات بۆ شاری سلێمانی، لە بوژانەوە لە بونیادنانەوەی شاری سلێمانی جارێکی دیکە.
 
بافڵ تاڵەبانی: ئێمە دەتوانین چەند شتێک بکەین، ئێمە چەند کادری خۆمان لەناو ئەو حکومەتەن. حکومەتی لۆکاڵ زۆربەی ئەو برادەرانەی لەناو حکومەتی لۆکاڵن گۆڕان و یەکێتین، دەبێت ئیش لەسەر کادرەکانی خۆمان بکەین تا زیاتر ئیشی خۆیان بکەن و زیاتر خزمەتی خەڵک بکەن، هەندێکجار ئێمە ئەوەمان نەکردووە، بێجگە لەوە ئێمە دەتوانین کەشێک دروست بکەین بزنسمان حەز بکات بێتەوە بۆ سلێمانی. ئێستا بزنسمانی زۆر گەورە هەن لە سلێمانی ئیش ناکەن، نزنسمانی سلێمانی هەیە چووەتە بەغدا یان چووەتە هەولێر، دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین بۆ ناوێرن لێرە بزنس بکەن؟ بۆ ناتوانن لێرە بزنس بکەن، ئیلا دەبێت کەشێک دروست بکەین کە خەڵک خۆی حەز بکات بێت لە سلێمانی بزنس بکات کاری بازرگانی لە سلێمانی ئازاد بێت، بەرە بەرە شتەکان خۆی دەگۆڕێت.
 
پرسیار: بۆچی هەندێک لایەن و هەندێک کەس 8ی تەمموز بە کودەتا ناودەبەن؟
 
بافڵ تاڵەبانی: یان بێ زانیارین؟ یان لە قازانجیان نییە ئەو گۆڕانکارییەی کە 8ی مانگ روویدا.  دووبارەی دەکەمەوە هەڵوەشاندنەوەی کودەتابوو، یەکێتیمان خستەوە سەر رێگا راستەکەی خۆی، ئەم یەکێتییەی کە دوای 8ی مانگ بوو، زۆر دوور دەبێت لەو حیزبە ئیستقبائیەی کە دەیانویست دایمەزرێنن، دەگەڕێینەوە بۆسەر پرەنسیپەکانی سۆشیال دیموکراسی و رێبازەکەی مام جەلال.
 
پرسیار: ئەوانەی لەدوای 8ی تەمموزەوە دەسەڵاتیان نەماوە باس کۆمەڵێک لایەنی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تۆمەتبار دەکەن، بۆ نموونە دەڵێن دەستی پارتی دیموکراتی کوردستانی تێدایە دەستی تورکیای تێدایە، تەنانەت دەگوترێت دەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی تێدایە، لە زاری بەڕێزتەوە وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەم تۆمەتانە بەشێک لە راستیان تێدایە؟ ئایا ئێوە ئیعازتان لە هیچ کەسێک وەرگرتووە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: نەوەڵا، ئەسڵ و ئەساسی نییە، ئەمە دروستکراوە بەشێکە لەو شەڕە میدیاییە ناشرینەی کە بە راستی نابێت کەس گوێی لێبێت، نە تورکیا ئاگای لێبوو، نە پارتی بوو، نە ئێران بوو، نە رووسیا بوو، نە سەددام زیندووبووەو بەرنامەی دانا.. ئەسڵ و ئەساسی نییە.
 
رووداو: خوالێخۆشبوو مام جەلال زۆر باسی بەرگریکردن لە میدیا و میدیای ئازاد و ئازادیی رادەربڕینی دەکرد، ئەوەندەی دیاریش بێت تۆ بەرگری لە میدیا دەکەی، قسە زۆر لەسەر ئەوەیە کەناڵی ئای پڵەس یان ئەو کەناڵەی دەگوترێت کەناڵی شێخ لاهوور بۆ بە زەبری هێز و بەو شێوازە و دەمەو ئێوارەیە چوونە سەریان، تەنانەت دەگوترێت خەڵک هەیە لێیدراوە و ئافرەت ترسێندراوە و خەڵک تەوق کراوە، ئای پڵەس بۆ بەو شێوازە داخرا؟
 
بافڵ تاڵەبانی: دەگوترێت من وەکو بافڵ تەلەڤزیۆنی لاهوورم داخست، دەپرسم بێ زەحمەت بۆ تەلەڤزیۆنی لاهوورە؟ بۆ؟ زەوییەکەی هی نۆکانە، باڵەخانەکە یەکێتی دروستی کردووە، ئامێرەکانی دەزگایەکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروستی کردووە، بۆ تەلەڤزیۆنی بافڵە، بۆ تەلەڤزیۆنی لاهوورە بۆ تەلەڤزیۆنی کاک عیماد نییە؟ بۆ تەلەڤزیۆنی کاک عەتا سەراوی نییە؟
 
رووداو: نابێتە تەلەڤزیۆنی تۆ؟
 
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر من پێویستم بە تەلەڤزیۆن و میدیا نییە، بەڵام با شتێکت بۆ روون بکەمەوە، یەکەم شت، کەس لەوێ لێدانی نەخوارد دڵنیاتان دەکەمەوە. شتێکی سەیر هەبوو، تۆ دەزانی کە باسی ئەو تەلەڤزیۆنە دەکرێت تەلەڤزیۆنی کاک لاهوور مۆڵەتی نییە، دەزانن ئەو تەلەڤزیۆنە هێشتا فریکوێنسی سەتەلایتی نەبوو، بەڵام سەیربوو لام کە شەو و رۆژ خەڵک لەوێ دەوام دەکات، لەوە تێنەدەگەیشتم. ئێمە چیمان کرد؟ پرسیارمان کرد لێیان خۆم پرسیارم لێیان کرد  و پرسیم بێزەحمەت چی دەکەن لەوێ؟ وەڵامیان نەداینەوە،، تووندتر پرسیارم کرد چی دەکەن لەو باڵەخانەیە کە باڵەخانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە؟ هەر وەڵامیان نەدامەوە.. منیش چیم کرد دوو سێ برادەرم هێنا هی میدیا لەگەڵ مەفرەزەیەکی ئەمنی گوتم بڕۆن بزانن لەوێ چی هەیە، دەزانن لەوێ چی هەبوو، با بۆتان باس بکەم.. دەیان پەیجیان بەڕێوە دەبرد، هەموویان جنێویان دەدا بە هەر هەموومان، ئەمە جنێوخانە بوو، جنێویان دەدا بە قوباد، بە کاک کۆسرەت، کوڕەکانی کاک نەوشیروان، دکتۆر رێواز.. ئەزانن چۆن بوو؟ بە یەک دسپلین ئەو کارەیان کردبوو هەموو کەسێک فۆڵدەرێکی خۆی هەبوو، لەو بڕوایەدان کاک کۆسرەت، کلیپ، ڤیدیۆ، کۆمێنت، جنێو.. ئامادەبوو. کاک کۆسرەت، قوباد تاڵەبانی، مەسعود بارزانی، هەموو کەسێک تەنانەت فایلیان ئامادەکردبوو بۆ ئەوە خەڵکانەی نزیک خۆیانن، نەوەکا رۆژێک نزیکی خۆیان نەمێننەوە. جنێوخانەبوو بەناوی یەکێتی، لەناو باڵەخانەی یەکێتی، بە مووچەی یەکێتی.. هەڤاڵان بۆ خاتری خودا ئەمە تەلەڤزیۆن نەبوو، جارێ تەلەڤزیۆنەکە ئیشی نەدەکرد، چۆن دەتوانم شتێک داخەم کە ئیش ناکات.
 
لێرە داواتان لێدەکەم لیژنەیەک پێکبهێنن، لیژنەیەکی میدیایی وەرن سەیری ئەو هارد درایڤانە بکەن، ئەگەر پڕ نەبێت لەوی کە من ئێستا بۆم روونکردنەوە چیتان دەوێت دەیکەین، ئێیوە میدیاکار نین لیژنەیەک لەناو خۆتان دروست بکەن وەرن پشکنینی هارد درایڤەکان بکەن بزانن ئەمە تەلەڤزیۆن بوو یان جنێوخانە بوو؟ دڵنیاتان دەکەمەوە ئەوە جنێوخانەبوو تەلەڤزیۆن نەبوو.
دووبارەی دەکەمەوە لەناو باڵەخانەی یەکێتی، بە پارەی یەکێتی، بە چ مافێک؟
 
رووداو: کەواتە کەناڵەکە چی لێدەکەن؟
 
بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی بڕیار دەدات، بەڵام بەڵێنتان پێدەدەم نایکەمە جنێوخانە.
 
رووداو: چارەنووسی کارمەندەکان چی لێبەسەردێت؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەوەی کە من بزانم کارمەندەکان هێشتا مووچەی خۆیان وەردەگرن، هیچ کێشەیان نییە، بەڵام پێیان گوتراوە بێزەحمەت جنێو بە کەس مەدەن.
 
پرسیار: سەبارەت بە دۆخی سلێمانی، خۆشت باستکرد لە دوای 8ی تەمموزەوە دۆخێک لە سلێمانی دروستبووە، کەی ئەم دۆخەی سلێمانی کۆتایی پێدێت، کە لە شەقامە گشتییەکان کۆمەڵێک هێزی ئەمنی دەبیندرێت، کەی سەقامگیری بۆ سلێمانی دەگەڕێتەوە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەوەی کە ئەمڕۆ ئەمنیەتی ئەو شارەی تێکداوە، ئەو کۆکردنەوەیەی چەکداری نا فەرمییە کە هەندێک کەس بە بەشێکیان دەڵێت ملیشیا، ملیشیایە لەلای لالەزار، ئێستاش نازانم بۆ پێویست دەکات ئارپیجی لەشان و نەعل لەپێ و قژ لوول و خەڵکی سەرخۆش بەچەکەوە لەوێ هاتووچۆ بکەن، بەڕاستی ناشرینە، تێناگەم لەوە.. تەنانەت وەڵاممان بۆ لالەزار ناردووە گوتوومانە ئەرێ بابە بۆ وادەکەن؟ ئێوە لەچی دەترسن؟ دەڵێن لە ئەمنیەتی خۆمان دەترسین، پرسیارم هەیە بۆ لە ئەمنیەتی خۆتان دەترسن؟ دەیانجار گوتوومە پێویست ناکات ئێوە لە هیچ شتێک بترسن.
 
دەزانن 80 پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەوێ دەوام دەکەن، بێجگە لەوە کۆمەڵێک پاسەوانی سکرتاریەت لەوێ دەوام دەکەن، بێجگە لەوەش کۆمەڵێک شۆفێر کە هەموویان خولی پاسەوانیان بینیوە لەوێ دەوام دەکەن، لەوێ هەموو جۆرە چەکێک هەیە لە تفەنگەوە تاوەکو دەمانچە، ئێستا دۆشکەی لێیە و مووشەکی کۆرۆنا و میلانی لێیە.. کاکە ئێوە لە چی دەترسن؟ ئەو ملیشیایەمان بۆچییە، ئێستاش تێناگەم ئەو ملیشیایە بۆچییە. من بڕواموایە ئەو رۆژەی کە ئەو ملیشیایە لەوێ نەما ئەمنیەتی سلێمانی وەک خۆی لێدێتەوە. ئێشتاش ئەمنیەتی سلێمانی باشە، هەرچەند 100 مەترێکە لە دەوروبەری لالەزار کە ئێوارە زیاتر لە مەگەدیشۆ دەچێت لە سلێمانی ناچێت، کە ئەمە نەما شار وەکو خۆی لێدێتەوە.
 
بافڵ تاڵەبانی: ئێواران دەوروبەری لالەزار زیاتر لە مەگەدیشۆ دەچێت 
من پێموایە کەس لە لالەزار لەخۆی ناترسێت، ئەوان پێیانوایە بە کۆکردنەوەی ئەو چەکدارانە کە هەموو شەوێک هاوار دەکەن ئەوە هاتنە سەرمان، پێیانوایە سۆزی خەڵک رادەکێشن بۆلای خۆیان، بەداخەوە ئەمە هەڵەیە، بە پێچەوانەوە بە رای من خۆیان ناشرین دەکەن، هاوڕێی بیانیم هەیە پێمان پێدەکەنن.. لەو چەند رۆژە وێنەیەک بڵاوببووەوە برادەرێک لەسەر دۆشکەیەک وەستاوەو ئارپیجیەکیشی لەشانە، کابرای بیانی گوتی بەو پیاوە بڵێن ناتوانێت هەردووکی بتەقێنێت یان دەبێت ئارپیجییەکە بتەقێنێت یان دەبێت دۆشکەکە بتەقێنێت، ئەمە قسەیەکی هەزەلی نییە، ئەمە گاڵتەیە پێمانی دەکەن. ئەمە سلێمانییە شاری رۆشنبیرییە، ئەمە مەگەدیشۆ لە رۆژە رەشەکان نییە، من تێناگەم بەو هەموو چەکدارە کە لە 110 چەکدار زیاتری لێیە بۆ پێویست دەکات؟ خەڵک وا بکات کە لەبیرتان نەچێت بە 88 دژە تیرۆر مەخموور رزگار کرا.
 
دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دەکەم، کە بڕیاریان داوە بەرگری لە خەڵکی سلێمانی بکەن، کە لە هەمان کاتیشدا بەرگری لەوانەی ناو لالەزاریش دەکەن. ئێمە دەبێت دەستخۆشیان لێبکەین وەکو هەموو جارێک.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە