کچە کوردێکی ئێزدی لە فەلەستین: تەمەنم تەنیا 10 ساڵ بوو لە چەکدارێکی داعش مارەکرام


رووداو دیجیتاڵ 

مەریەم، کچە کوردێکی ئێزدییە، تەمەنی تەنیا هەشت ساڵ بوو کە لە شنگال کەوتە دەستی داعش، لە تەمەنی 10 ساڵیدا لە شاری رەققە لە چەکدارێکی داعش مارە دەکرێت و دوای ماوەیەک دەبێتە دایکی کوڕێک. ئەو دەڵێت، ناخۆشترین ساتەکانی ژیانی لە نۆ ساڵی رابردوودا دەستدرێژیی ئەو چەکدارەی داعش بۆ سەری و لەدایکبوونی کچەکەی بووە لەنێو ئۆتۆمبێلدا.
 
مەریەم کە ئێستا لە گوندێکی فەلەستینە و رووداو قسەی لەگەڵ کردووە، دەڵێت، زۆر بیری کەسوکارەکەی دەکات، بە تایبەتی دایکی. دەشڵێت قسە لەگەڵ دایک و باوک و براژنەکانی دەکات، بەڵام لەگەڵ براکانی نا، چونکە بە گوتەی خۆی، لەسەر ئەوەی بووەتە موسڵمان قسەی لەگەڵ ناکەن.
 
سەبارەت بە گوزەرانی لە فەلەستین دەڵێت، لە خانوویەکی کرێ دایە، ژنێکی خێرخواز کرێی خانووەکەی بۆ دەدات، هەر ئەو ژنەش پارەی خەرجییەکانی دیکەی بۆ دابین دەکات.
 
خەون و خۆزگەی مەریەم ئەوەیە بگەڕێتەوە نێو کەسوکارەکەی، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، جارێ نا، چونکە هەندێک کاری ماون لە فەلەستین دەبێت تەواویان بکات، کە پەیوەندییان بە ئایندەی دوو منداڵەکەیەوە هەیە.
 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەریەم
 
رووداو: ئەم کاتەت باش لۆسیا، با یەکەم جار گۆیمان لە چیرۆکی تۆ بێت، ئەگەر لە بیرت بێت تەمەنت چەند ساڵ بوو و لەگەڵ کێ کەوتییە دەستی داعش، لە خزمەکانتان چەند کەس بوون و چەند کەستان کەوتنە دەستی داعش؟
 
مەریەم: ئێمە نۆ کەس بووین، من و براکانم لەگەڵ ماڵی خاڵمان بووین و ئێمە لەگەڵ ئەوان کەوتینە دەستی داعش. بنەماڵەی من رزگار ببوون، بەڵام من و براکانم لەلایەن داعشەوە دەستگیرکراین، دوای ئەوە نزیکەی ساڵێک لە ماڵێکدا بووین، دواتر براکانی منیان برد و لەوێ دەرچوون و رزگار بوون. دوای ئەوەی من لە براکانم جیاکرامەوە، کاریگەری زۆری لەسەر من دروستکرد، من دەمویست لەگەڵ براکانم بم. دواتریش منیان لەگەڵ خالۆژنم و کەسانی دیکە برد.
 
رووداو: دەتوانی بۆمان باس بکەی کە چۆن لە هەردوو برات جیاکرایتەوە، ئەوکات ئێوە لە کوێ بوون، ئایا لە شنگال بوون، لە تەلعەفەر بوون لە کوێ بوون، چوون دوای ساڵێک لە براکانت جیاکرایتەوە؟
 
مەریەم: ئێمە لە تەلەعفەر بووین، ئەوان هەردوو برای منیان برد، نازانم چییان لێکردن.
 
رووداو: تەمەنیان چەند ساڵ بوو ئەو کاتەی بردیانن؟
 
مەریەم: یەکێکیان لە خۆم بچووکتر بوو، من ئەو کات هەشت ساڵ بووم، ئەوی دیکەیان دوو ساڵ لە خۆم گەورەتر بوو، هەر یەکیان دوو ساڵ لە خۆم بچووکتر و گەورەتر بوون، بەمشێوەیە بوو.
 
رووداو: بە چ شێوەیەک براکانت لێت جیا بوونەوە و ئەوان هاتن؟ تۆیان بۆ کوێ برد؟
 
مەریەم: ئەوان (داعشەکان) ئێمەیان بردە شوێنێکی وەکو قوتابخانە، کچەکانیان برد، کوڕەکانیان برد، گەورەکانیان برد هەموویانیان جیاکردەوە و دوای ئەوە کچەکانیان بە جیا برد. دواتر پەیوەندیم کرد بەدایک و باوکمەوە و گوتیان براکانت هاتوونەتە لای ئێمە. منیش هەوڵمدا هەڵبێم بەڵام نەمتوانی، من بچووک بووم.
 
رووداو: چۆن بوو ئێوەیان لە تەلعەفەر گواستەوە، چەند کەس بوون و ئێوەیان بردە کوێ؟
 
مەریەم: ئێمەیان برد بۆ قوتابخانەیەک و هەر جار کەسێکیان دەهات کچێکیان هەڵدەبژارد و لەگەڵ خۆی دەبرد.
 
رووداو: لە کوێ بوو؟ ئەو شوێنەی کە کچەکانیان بۆ گواستبووەوە کوێ بوو، لە سووریا بوو یان لە عێراق، بە چ شێوەیەک دەهاتن و کچەکانیان هەڵدەبژارد؟
 
مەریەم: ئەو کاتەی ئێمەیان لە تەلعەفەر گواستەوە، ئێمەیان بردە شوێنێک وەکو زیندان بوو، نازانم لە کوێ بوو، پێموایە ناوی بادۆش بوو، لەوێ ئێمەیان بردە رەققە، دوای رەققە هەندێکیان بردە نۆفێ، هەندێکیان بردە شوێنی دیکە، بەمشێوەیە ئێمەیان بڵاوەپێکرد، هەر کەسێک کچێکی بۆ خۆی دەبرد. دواتر من نزیکەی دوو ساڵ لە زیندان بووم و دوای دوو ساڵ بە منیان گوت تۆ گەورە بوویت و پێویستە شوو بکەیت.
 
رووداو: ئەو کات تەمەنت چەند ساڵ بوو؟
 
مەریەم: 10 ساڵ.
 
رووداو: دواتر کە گوتیان هەر دەبێ شوو بە کەسێک بکەی، چی روویدا؟
 
مەریەم: ئەو کاتەی منیان برد، لە دەستپێکدا کەسێک منی بەخێو کرد (لە لای کەسێک بوو) کە خەڵکی تورکیا بوو، لە لای ئەو و ژنەکەی بووم تاوەکو ئەو کاتەی گەورە بووم، دوای ئەوەی کە گەورە بووم بە منیان گوت پێویستە شوو بکەیت، من پێمگوتن ئێستا نا، ئەوان گوتیان دەبێ شوو بکەیت و ئەگەر رازی نەبی بە زۆر بە شوو دەدرێیت.
 
رووداو: ئەو کاتی گوتیان دەبێ شوو بکەیت، تەمەنت چەند بوو، یەکەم جار لەگەڵ کێ بە شوو درای، بە بێرت دێت کێ بوو ئەو کەسە، تەمەنی چەند بوو و خەڵکی کوێ بوو؟ 
 
مەریەم: ئەو کاتەی گوتیان دەبێ شوو بکەیت، تەمەنم نزیکەی 10 ساڵ بوو و کەسێکی قەڵەو بوو، پرچی درێژ و ریشێکی درێژی هەبوو، بۆیەش من زۆر ترسام، ئەوەندە دەترسام کە خەونم پێوە دەبینی. دوای ئەوەی زانیان کە ترساوم گوتیان پێویستە بیفرۆشین. منیان بردە میوانخانەیەکی تایبەت بە فرۆشتن، کەسێک هات کە زۆر باش بوو و گوتی من دەیبەم و وەک کچی خۆم بەخێوی دەکەم تاوەکو گەورە ببێ و دواتر بە شووی دەدەم. ئەو کەسە منی برد و نزیکەی دوو ساڵ منی بەخێو کرد و من گەورە بووم، شێخ و ئەمیری گەورەیان گوتی دەبێ ئەو کچە شوو بکات، تەنانەت کە خۆشی نەیەوێت، هەر دەبێ بە شوو بدرێت.
 
رووداو: پرسیارەکەم ئەوەیە، تەمەنت چەند بوو کە تۆیان بە شوودا؟ 10 ساڵ بووی؟ گوتت دوو ساڵ لای کەسێک مایتەوە. واتە تۆ 12 ساڵ بووی یان 10؟ چۆن بوو؟ کەسەکە خەڵکی کوێ بوو؟ تۆ لە کوێ بووی؟ پرۆسەکە چۆن بوو؟ تۆیان لە خانووێکدا بینی؟ هاتن بتبینن یان دوو ساڵ لای کەسێک مایتەوە و دوای باڵقبوون تۆیان مارەکرد؟" 
 
مەریەم: من بۆ ماوەی دوو ساڵ لە لای ئەو پیاوە بووم کە منی بەخێوکرد. دواتر کەسێک هات گوتی دەمەوێ ژن بێنم. کەسێکی گەنج بوو. بەڵام دایکی رێگەی پێ نەدا، چونکە ئێمە کەنیزەک بووین و رێگەی نەدا ژیانی هاوژینی لەگەڵ کەنیزەکێک پێکبێنێت. ئەوەیان کەسێکی سووری بوو. دوای ئەوە، کەسێکی فەلەستینی هات و پێیگوتم پێویستە گوێم لێ بگری. دواتر منی مارەکرد و ئێمەیان برد بۆ ئەوەی خوێنمان بپشکنن کە ئایا لەگەڵ یەک دەنگونجێین یان نا. پاشان بردیانین بۆ لای دادوەر. لای دادوەر پرسیان تەمەنم چەندە، گوتیان 16 ساڵە، چونکە ئەگەر گوتبام 10 ساڵانم، رێگەیان پێ نەدەداین لەو تەمەنەدا هاوسەرگیری بکەین. بۆیە گوتیان تەمەنی 16 ساڵە بۆ ئەوەی مارە بکرێم. دواتر گرێبەستی هاوژینییان نووسی و منیان بردە بازاڕ و سوپاس بۆ خوا زێڕ و هەموو شتێکیان بۆ کڕیم. هەروەها مارەییشیان پێ دام. 
 
رووداو: بۆچی لە بەرامبەر دادوەر نەتگوت 10 ساڵانم کاتێک کە ئەوان گوتیان 16 ساڵیت؟ بۆچی رازیبوویت شوو بەو فەلەستینییە بکەیت؟ تەمەنی چەند ساڵ بوو؟ 
 
مەریەم: تەمەنی 24 ساڵ بوو. تەمەنی منیش 10 ساڵ بوو. ئەوان منیان ترساند و گوتیان نابێت بڵێیت تەمەنت چەند ساڵە. منیش زۆر بە باشی نەمدەزانی تەمەنم چەندە. بۆیە منیان ترساند بۆ ئەوەی نەڵێم تەمەنم چەندە. 
 
رووداو: زمانی ئەوانت نەدەزانی؟ لە زمانی عەرەبی تێنەدەگەیشتی بۆیە؟
 
مەریەم: عەرەبیشم بە باشی نەدەزانی. تەنیا هەندێکم دەزانی. تازە فێری هەندێ عەرەبی ببووم. هەر نەمدەزانی دادوەر چییە، نەمدەزانی ژیانی هاوژینی چییە. تەنانەت نەمدەزانی دەمبەنە کوێ، نەمدەزانی بەشووم دەدەن.
 
رووداو: کاتێک بردیانی بۆ ئەوەی زێڕ و جلت بۆ بکڕن، تۆیان بۆ کوێ برد؟ کوێی سووریا بوو؟ لە بیرتە؟ ئایا شاییان بۆ کردی؟ ئەو رۆژە چۆن بوو؟
 
مەریەم: بەڵێ لە بیرمە. من و یەکێک لە ژنەکانیان بووین. ئێمەیان بردە بازاڕ. زێڕ و جلیان بۆ کڕیم. پارە و هەموو شتێکیان پێدام. لای ئەوان ئەم شتانە شەریعەتن. بۆیە پێویست بوو ئەو شتانەم پێ بدەن. ئەمە لە شەریعەتی ئەواندایە. لە بازاڕی رەقە جل و شتەکانم کڕین. 
 
رووداو: رۆژی گواستنەوەکەت لەبیرە؟ ئایا ئاهەنگیان بۆ رێکخستی؟ هەستت چۆن بوو؟ ئایا بە دڵت بوو تۆ وەک کەسێکی 10 ساڵی و پیاوەکەش 24 ساڵی؟ ئەگەر تۆ شووت بەو نەکردبا، لە چی دەترسایت، لەوەی کە کەسێکی گەورەتر بێت و بتبات؟
 
مەریەم: شایی و میوزیک و ئەو شتانە لای ئەوان حەرامن.. بە منیان گوت ئەگەر بمەوێت جلی سپیی بووکێنی لەبەربکەم، بەدڵم بوو بەڵام نەک لەبەر هیچ شتێک، بەڵکو لەبەر ئەوەی نەمدەزانی شایی و ئەو شتانە چین. لەبەر ئەوەی زۆر بچووک بووم. دواتر منیان بردە ماڵێک. لەو ماڵەدا پیاوەکە تەماشای منی دەکرد و منیش تەماشای ئەوم دەکرد. نەمدەزانی. شتێکی نامۆ هەبوو. نەمدەزانی چی هەیە. نەمدەزانی هاوسەرگیری چییە. دواتر ئێوارە داهات و ئەو دەیزانی چیدەکات، بەڵام من نەمدەزانی چی هەیە. هەستم دەکرد شتێکی نائاسایی هەیە، بەڵام نەمدەزانی چییە. دواتر بوو ئێوارە و پێیگوتم وەرە بنوو. منیش چووم. شتێکی زۆر نامۆیە. زۆر زەحمەتە. هەستم زۆر ناخۆش بوو. 
 
رووداو: چەند ساڵ لای مایتەوە؟ چ شتێکی بە زۆرەملێ لێی کردیت و چی بەسەرتهێنا؟ دووچاری چ نەهامەتیێک هاتی لای ئەو؟ لە کوێ بوون، ئایا لە رەقە بوون؟ ئایا هیچ منداڵێکت لێی هەبوو؟
 
مەریەم: ئێمە لە رەققە بووین. دوای ساڵێک دووگیان بووم. دواتر منداڵەکەم بوو، کە کوڕێک بوو. ناوی خەتابە. دوو مانگ دوای ئەوەی کە خەتابم بوو، ژنێکی دیکەی هێنا، بەڵام ژنی دووەمی عەرەب بوو، وەکو ئێمە نەبوو. دوای ئەوە زۆر کێشەمان لە نێواندا دروستدەبوون و زۆر لە منی دەدا. ئەو ساڵە زۆر نەهامەتیم چەشت. دوو مانگ دوای ئەوەی کە ئەو ژنەی هێنا، دووبارە دووگیان بوومەوە، واتە دوو مانگ دوای منداڵەکەم، دووگیان بوومەوە بە کچەکەم کە ناوی جەنایە. کاتێک کە دووگیانبووم، دووبارە کەوتینە ژێر گەمارۆ و خواردن و ئەو شتانەمان پێ نەدەگەیشت. گەمارۆ هەبوو. بۆردوومان هەبوو.
 
رووداو: لە کوێ بوون؟ تۆ هێشتا لە رەققە بوویت؟ 
 
مەریەم: نەخێر لە رەققە رۆشتم. لە ناوچەیەکی پێش باغۆز بووم... سووسە. دواتر لە سووسەوە چووینە باغۆز. 
 
رووداو: چەند لەو شوێنانە مانەوە کە بۆردوومان دەکران؟ بۆ ماوەی چەند ساڵ لەگەڵ ئەو پیاوەدا مایتەوە؟
 
مەریەم: من دوو ساڵ و نیو لای مامەوە. یان دوو یان سێ ساڵ لای ئەو بووم. ئێمە هاوژین بووین. دواتر هێشتا بە کچەکەم دووگیان بووم، ئێمەیان بردەدەرەوە. ئاگربەست رایگەیێندرا. ئێمەیان لە باغۆز بردە دەرەوە و ئێمەیان بردە کەمپی هۆل. 
 
رووداو: کە تۆ چوویتە کەمپی هۆل، ئەویشت لەگەڵ بوو؟ چەند ساڵ لەوێ مانەوە؟ چی بەسەر پیاوەکە هات؟ کوژرا؟  
 
مەریەم: تەنیا ژن و بریندارەکانیان لە باغۆز بردە دەرەوە، بەڵام ئەو لەگەڵم نەهات. بە منی گوت: "تۆ بڕۆ. کە تۆ بە سەلامەت دەرچووی، دواتر من دێم." دواتر من چوومە کەمپی هۆل و دوای دوو مانگ یان شتێکی وا من چوومە دەرەوە و هێشتا لەگەڵ ئەودا لە پەیوەندیدا بووم. واتە قسەمان لەگەڵ یەکدیدا دەکرد. دوو مانگ لە کەمپی هۆل بووم. زۆر بێ ئۆقرە بووم، بۆیە لە کەمپەکە چوومە دەرەوە. منداڵم لەگەڵ بوو و نەمدەتوانی پارەیەکیان بۆ خەرجبکەم. دوای ئەوەی کە دەرکەوتم، چوومە ئیدلب. لە ئیدلب پەیوەندیمان بڕا. چوومە فەلەستین، دوای ئەوە، ڤیدیۆیێکی ئەویان بڵاوکردەوە، گوتیان کوژراوە. 
 
رووداو: چۆن لە ئیدلبەوە چوویتە فەلەستین؟ هیچ کچێکی دیکەی ئێزدیت لەگەڵ بوو لە کەمپی هۆل؟ کەست دەناسی؟ کەی چوویتە فەلەستین؟
 
مەریەم: 2019 ئێمە لە کەمپی هۆل چووینە دەرەوە و رۆیشتین بۆ ئیدلب. من لە مانگی منداڵبوونەکەمدا بووم. بە رێگەوە، لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا منداڵەکەم بوو. نەخۆشخانە و دکتۆر نەبوون. رێگەکەش چۆڵەوانی بوو. منداڵەکەم پەیدابوو. زۆر ئازار و ژانم هەبوو. لەو ماندووبوون و دوای ئەو هەموو رێکردنە، منداڵەکەم لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا پەیدا بوو. منداڵەکانم بردن و لەگەڵ قاچاخچیێک چووین بۆ ئیدلب. نزیکەی سێ مانگ لەوێ بووم. من هیچ کچێکی ئێزدیم نەدەناسی و خۆم تێکەڵ بە کەس نەدەکرد. دواتر لە ئیدلبەوە رۆشتم بۆ تورکیا. ماوەی 30 کاژێر بە پێ رۆشتم لە کاتێکدا کە تازە منداڵەکەم ببوو. زۆر زەحمەت بوو. 
 
رووداو: چۆن لە ئیدلبەوە 30 کاژێر بە پێ رۆشتی بۆ تورکیا؟ چۆن لەوێوە چوویتە فەلەستین؟ ئایا بە قاچاخ رۆیشتی یان پاسپۆرتتان یان وەڵاتینامەتان هەبوو؟
 
مەریەم: نەخێر، بە قاچاخ بوو. پاسپۆرت و هیچمان نەبوو، بەڵام کە رۆیشتینە تورکیا بۆ ماوەی هەشت مانگ لە تورکیا ماینەوە. دواتر ئێمەیان بردە میسر و لەوێشەوە بۆ فەلەستین. 
 
رووداو: مامەڵەی ئەوان لەگەڵ تۆ چۆن بوو؟ ئەوان دایکوباوکی ئەو پیاوە داعشە بوون کە لە سووریا کوژرا؟ دایکوباوکی چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردی؟ ئێستا لای ئەوانی یان چوویتە شوێنێکی دیکە؟ 
 
مەریەم: ئەوان باش بوون. هیچ کەموکورتییان نەدەکرد، بەڵام گەنجەکانیان هەندێک ناخۆشییان بۆ دروستکردم بۆیە لە ماڵیان چوومە دەرەوە و سوپاس بۆ خوا خەڵکی باش بوون و ماڵێکیان بۆ بەکرێ گرتم و هەموو خەرجیێکیان بۆ دابینکردم. 
 
رووداو: ئەمە چەندە لای ئەوان رۆشتیت؟ ئێستا لە کوێی فەلەستینیت و چۆن دەژیت؟
 
مەریەم: ئێمە لە نابلسین، بەڵام ئەوان لە ناوچەیەکی دیکە بوون. رێگەی نێوان من و ئەوان نیو کاژێرە. ئێستا من و کچەکەم لە ماڵی خۆمانداین و بەتەنیاین. سوپاس بۆ خوا خەڵکی خێرخواز لە هیچ شتێک درێغیمان لەگەڵدا ناکەن. 
 
رووداو: کێ یارمەتیی ئێوە دەدات؟ چۆن دەژین؟ کێ شیر و خواردن و شتتان بۆ دێنێت؟ کێ یارمەتیتان دەدات؟ تۆ هیچ کارێک دەکەیت؟
 
مەریەم: نەخێر، من هیچ کارێک ناکەم. منداڵەکانیشم گەورەن و پێویستیان بە شیر و دایبی نییە. خواردن دەخۆن، بەڵام سوپاس بۆ خوا، ئەو ژنە هەموو شتێکم بۆ دێنێت. خواردن دێنێت، ئاو و هەموو شتێک دێنێت، تەنانەت خەرجییەکەشم پێ دەدات. 
 
رووداو: کام ژن خواردنت بۆ دێنێت؟ مەبەستت کێیە؟
 
مەریەم: ژنێکە. ژنێکی خێرخوازە.
 
رووداو: لە کەیەوە پەیوەندیت لەگەڵ ماڵەوەتان لێرە دروستبووە؟  تۆ لەگەڵ هیچ کەس لە ئەندامانی خێزانەکەت لێرە لە کوردستان لە شنگال قسە دەکەیت؟ 
 
مەریەم: من لەگەڵ دایکم قسە دەکەم. لەگەڵ براژنەکانم قسە دەکەم، کەمێکیش لەگەڵ باوکم قسە دەکەم، بەڵام لەگەڵ براکانم نا. 
 
رووداو: بۆچی ناگەڕێیتەوە؟ دایک و باوکت پێتناڵێن وەرەوە؟ بیری کێ دەکەیت لێرە؟ زیاتر بیری کێ دەکەیت؟
 
مەریەم:  دایکم. 
 
رووداو: دایکت؟
 
مەریەم: بەڵێ. زۆر بیری دەکەم. 
 
رووداو: کە قسەی لەگەڵ دەکەی، دڵتەنگ نابیت؟
 
مەریەم: بەڵێ، زۆر دڵتەنگ دەبم. کاتێک دەبینم کچێک لای دایکیەتی، من زۆر خەمگین دەبم، چونکە شتێکی وام نییە پێی ئاسوودە بم. زۆر خەم دەخۆم. 
 
رووداو: بۆچی ناتەوێت بگەڕێیتەوە؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کەس یارمەتیت نادات؟ کەس پێتناڵێت وەرە؟ هۆکار چییە کە ناگەڕێیتەوە؟ 
 
مەریەم: دەمەوێت بگەڕێمەوە بەڵام نەک ئێستا، چونکە هەندێ کارم هەیە دەبێت تەواویان بکەم و دواتر بێم. هەر کە لە سەلامەتیی منداڵەکانم دڵنیابوومەوە دێم. 
 
رووداو: تۆ حەز دەکەیت بگەڕێیتەوە؟ ئەگەر هەندێ کەس هەبن لێرە بیانەوێت یارمەتیت بدەن، دەتوانیت بگەڕێیتەوە؟ 
 
مەریەم: بەڵێ، بەڵام نەک ئێستا. تەنیا تاوەکو ئەو کاتەی لە منداڵەکانم دڵنیادەبمەوە و بزانم منداڵەکانم سەلامەت دەبم، ئەو کات دەگەڕێمەوە. 
 
رووداو: بۆچی ئەم پەچەیە (نیقاب) دەکەیت؟ 
 
مەریەم: کاتێک کە منیان بردە نێو ئایینی ئیسلامەوە، گوتیان پێویستە عەبا لەبەرکەی. ئەم عەبایە کە هەموو لەش دادەپۆشێت و ئەم پەچەیەش دەموچاو دادەپۆشێت. دەڵێن پێویستە خۆمان داپۆشین، چونکە هاوژینی پەیامبەر وایکردووە و بۆ ئەوەی کەس نەمانبینێت. واتە ئەو کاتەی چوومە نێو ئیسلام، ئەم جلەیان لەبەرکردم. 
 
رووداو: دایک و باوکت ناڵێن بگەڕێوە؟ تۆ چییان پێ دەڵێی؟ دەتەوێت بگەڕێیتەوە؟ ئەگەر کەسێک یارمەتیت بدات کەی دەگەڕێیتەوە؟ 
 
مەریەم: ئەوان زۆر پێمدەڵێن. دەڵێن وەرەوە بگەڕێوە، بەڵام هەندێ شت لە مێشکمدان، هەر کە تەواومکردن ئەگەر خوا حەزبکات دێم. من بەڵێنم بە دایکم داوە کە دەگەڕێمەوە. 
 
رووداو: واتە تۆ حەزدەکەیت بگەڕێیتەوە و دایک و باوک و کەسوکارت ببینی؟ 
 
مەریەم: بێگومان.
 
رووداو: وێنەی تۆمان بینین. جلی پزیشکت پۆشیوە. بۆچی ئەو جلانە دەپۆشی؟ هیوا و ئومێدەکانت چین دوای ئەو ناخۆشیانەی کە پێیدا تێپەڕبووی، خەونەکانت چین؟
 
مەریەم: لەو کاتەوەی کە هاتوومەتە فەلەستین و خۆمم لە قوتابخانە ناونووسکردووە، تەنانەت لەو کاتەوەی کە منداڵیش بووم، خەونم ئەوە بووە ببمە پزیشک، چونکە زۆر ناخۆشیم بینی. دەمەوێت ئەوانەی بریندار دەبن و یان نەخۆشن تیماریان بکەم و چارەسەریان پێ بدەم و خزمەتیان بکەم. 

 

 
رووداو:  ئێستاش هەر موسڵمانی و نوێژەکانت دەکەیت؟ چونکە بە زۆرەملێ ئایینەکەتیان پێ گۆڕی و دەزانی کە چەند ستەمیان لێ کردیت؟ هەندێ کەس تۆیان بە ناوی ئیسلامەوە ئازاردا و لە چەندین کاتدا زۆریان بەسەردا هێنایت. لە تەمەنی 10 ساڵیان تۆیان بەشوودا کە ئەوە لە ئایینی ئیسلامدا نییە کەسێک لە 10 ساڵییدا بەشوو بدرێت. دوای بینینی ئەمانە، تۆ هێشتاش موسڵمانی؟ هێشتا نوێژ دەکەیت؟
 
مەریەم: ئایینی ئیسلام لەگەڵ ئەوەدا نەبوو ئەو ستەمە لە من بکرێت، چونکە ئایینی ئیسلام پێویستی بەوە نییە یەکێک بە زۆرەملێ ببێتە موسڵمان، ئەمە هەرگیز قبووڵ ناکرێت. بەڵام تەنیا داعش وا بوون و گوتیان پێویستە ببێتە موسڵمان؛ ئەگەر نەبێتە موسڵمان لێیدەدەین.  
 
رووداو: بۆچی پەچەکەت لێ ناکەیتەوە و بێ پەچە قسەمان بۆ بکەیت؟ پێتوایە گوناهە؟ چونکە پێتگووتم حەرامە ژن و پیاو قسە لەگەڵ یەک بکەن، بۆچی پەچەکەت لانابەیت و بەو شێوەیە قسەمان بۆ بکەی؟
 
مەریەم: ناتوانم. 
 
رووداو: حەرامە یان ناکرێت یان بۆچی؟
 
مەریەم: مەبەستت بۆچی من پەچەکەم لانابەم؟ 
 
رووداو: بەڵێ، بۆچی بێ پەچە قسە ناکەی؟ بۆ ئەوەی ئێمە و خەڵکیش تۆ ببینین
 
مەریەم: نەخێر، ناتوانم. ئەمە بە دەستی خۆم نییە و ناتوانم لایبەم. 
 
رووداو: لەبەر ئەوەی گوناهە و حەرامە یان لەبەر چی؟
 
مەریەم: من زۆر شتم لێرە بینیون کە زۆر باشن، نەک لەبەر ئایینی ئیسلام، بەڵام زۆر شت زۆر باش بوون. تەنانەت هەندێکیان لای ئێمە هەبوون و لای ئەوانیش هەبوون، کە شتی باشن. بەڵام لەبەر ئایینی ئیسلام نییە کە ئەم شتەم پۆشیوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە خۆم لە خەڵکەکەیان بپارێزم. 
 
رووداو: دەبینین لە وێنەکانتدا دەردەکەوێت نینۆکەکانت درێژن و بۆیە کراون، ئایا لە ئایینی ئیسلامدا ئەوە رێگەپێدراوە؟
 
مەریەم: نەخێر، ئەمە قبووڵکراو نیە، تەنانەت لە نوێژەکانیشیاندا رێگەی پێ نادرێت، بەڵام من حەزم لێیەتی. 
 
رووداو: دەتوانیت نینۆکەکانت پێشانمان بدەیت؟ درێژن؟ 
 
مەریەم: بەڵێ. 
 
رووداو: بۆچی کورتیان ناکەیتەوە؟ واتە ئەم پەچەیەت تەنیا بۆ خۆپاراستنە؟ 
 
مەریەم: نەخێر. بەڵام نینۆک شتێکی باش نییە. کورتیان دەکەم بەڵام هەندێ جار حەزم لێیە بیانهێڵمەوە. 

 

 
رووداو: ئەگەر رێگەیەک هەبێت، کەی دەگەڕێیتەوە؟ ساڵێکی دیکە بۆ نموونە یان کەی؟ تۆ گوتت تاوەکو لە منداڵەکانت دڵنیادەبیتەوە، ئەوە دوو ساڵی دیکەیە؟ مانگێکی دیکەیە؟ یان چۆن؟ تۆ دەزانی دایکت و ماڵەوەتان هەموویان چاوەڕێی تۆن و ماڵباتەکەت هەموویان حەز دەکەن بگەڕێیتەوە؟ ئێستا دایکت بۆت دەگریت؟
 
مەریەم: بەڵێ، دەگریێت، زۆر فرمێسک دەڕێژێت، بەڵام من گوتم کاتێک کە لە منداڵەکانم دڵنیابوومەوە ئەو کاتە دێم، واتە نامەوێت گوناهیان لە ملمدا بێت. هەتا لێیان دڵنیانەبمەوە ناگەڕێمەوە، ناشزانم ئەمڕۆ دەبێت، مانگێکی دیکە دەبێت یان ساڵێکی دیکە، نازانم. بەڵام هەر کە لێیان دڵنیابووم، بە پشتیوانیی خودا دێم. 
 
رووداو: تۆ دەزانی کە ئێستا نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە و تائێستا نزیکەی چوار هەزار کەسی رزگار کردووە و پشتیوانیی کردوون، ئەگەر پشتیوانیی تۆش بکرێت، ئامادەیت رۆژێک بگەڕێیتەوە؟ پێویستت بە شتێک هەیە بۆ ئەوەی خۆت رزگار بکەیت و بگەڕێیتەوە؟
 
مەریەم: من پێشتریش گوتم، هەر کە لە سەلامەتیی منداڵەکانم دڵنیابوومەوە، وەک چۆن پەیوەندیم بە ئێوە کردووە، دووبارە پەیوەندیتان پێوە دەکەم و دەڵێم یارمەتیم بدەن و دەگەڕێمەوە، بەڵام ناتوانم بە تەنیا بێم. 
 
رووداو: تۆ هیچ لە بارەی کچە ئێزدییەکانی دیکەی وەکو خۆت دەزانیت؟ بۆ نموونە ئەگەر لە تورکیا مابن؟ لەوێ لە فەلەستین و وڵاتەکانی دیکە چەندیانت بینی؟ ئاگاداری هیچ کەسی؟ زانیاریت لایە کەسانی دیکەی وەک خۆت هەبن؟
 
مەریەم: لە کەمپی هۆل دەمبینین، بەڵام نەمدەناسین. 
 
رووداو: زۆر بوون؟ 
 
مەریەم: نەخێر دوو سێ کەس بوون. تەنیا رۆژێک ئەوانم بینی. هەر هێندەم زانی کوردن. دواتر لەو کەمپە دەرکەوتم و هیچم لەبارەیانەوە نەزانی. 
 
رووداو: لە تورکیا کەسی دیکە نەبینی، لە فەلەستین یان لە وڵاتانی دیکە؟ 
 
مەریەم: نەخێر، لە تورکیا خۆم تێکەڵ بە هیچ کەس نەکرد. هەوڵمنەدەدا هیچ کەس بناسم و هیچ کەسێکی ئێزدیی لەو جۆرە ناناسم. تەنانەت لێرە لە فەلەستینیش هیچ کەسی وا نییە. من نازانم منیش چۆن دەرچووم. 
 
رووداو: ئێستا تێکەڵیت لەگەڵ کێ هەیە؟ چ کارێک دەکەیت و چۆن رۆژەکانت بەسەردەبەیت؟ ئایا لە خانووی کرێی یان لە شوققەی؟ کێ کرێ و خەرجییەکانت بۆ دابیندەکات؟ تو گوتت ژنێکی خێرخواز ئەو کارە دەکات؟ ئایا بەشی پێویست پارەت دەداتێ بۆ کرێ و هەموو شتێک؟ 
 
مەریەم: پارەی کرێکە بە پیاوەکە دەدات نەک من، بەڵام خەرجی و خواردن و ئەوانی دیکە بە منیان دەدات. پێم دەڵێت هەرچی ویستت بۆ خۆتی بێنە، بەڵام کاتێک کە پارەم پێ دەدات، دەڕۆمە بازاڕ و بۆ خۆم هەموو شتێک دێنم. 
 
رووداو: هیچ کەسێکی کوردی ئێزدی لە فەلەستین نابینی؟
 
مەریەم: نەخێر هیچ کوردێک لێرە نییە. هەرگیز. 
 
رووداو: پێتوایە چەند کچی دیکەی وەک تۆ مابن کە لە فەلەستین، سووریا یان تورکیا بن و نەگەڕابێتنەوە؟ واتە ئەوانەی کە ئایینیان گۆڕدراوە؟ بە بۆچوونی تۆ زۆرن؟ مەزەندە دەکەیت چەند بن؟
 
مەریەم: رەنگە 150 کەس یان شتێکی لەو بابەتە بن. 
 
رووداو: واتە مەزەندە دەکەی تاوەکو ئێستا 150 مابن؟
 
مەریەم: بەڵێ، بە نزیکەیی.
 
رووداو: تەماشای کوردستان و شنگال دەکەیت؟ تەلەڤزیۆن هەیە؟ یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیانبینی؟ حەزدەکەی کێ ببینیت، تەنیا دایکت و کەسی دیکە نا؟ 
 
مەریەم: حەزدەکەم هەموو کەسوکارم ببینم: براکانم، باوکم... هەموویان، بەڵام زۆر زۆر بیری دایکم دەکەم. 
 
رووداو: چ شتێکی ناخۆشت لەم 10 ساڵەدا بەسەرت هاتووە کە لەبیرتنەکردبێت و لەبەری بگریێیت لە کاتێکدا کە تۆ هێشتاش نەبوویتە 18 ساڵ؟
 
مەریەم: زۆر ئازارم چەشت. زۆر زۆر. لەبەر ئەو نەهامەتییەی کە بینیومە، پێمدەڵێن تۆ تەمەنت 17 ساڵ نییە. دەڵێن تەمەنت نزیکەی 25 یان 26 ساڵە لەبەر ئەو زانینەی کە هەمە. ئەو نەهامەتی و دەردەسەریەی کە بەسەرم هات وایکرد تەمەنم ببێتە 25 یان 26 ساڵ. 
 
رووداو: گوتت ئێستاش هەوڵدەدەی بخوێنیت، دەتەوێت بەردەوامی بە خوێندن بدەیت؟ دەڕۆیتە قوتابخانە؟
 
مەریەم: بەڵێ من دەچمە قوتابخانە و مانگێکی دیکە ئەزموونمان دەبێت. من دەخوێنم. 
 
رووداو: پاسپۆرت، وەڵاتینامە و ڤیزە لە فەلەستین بۆتان دروستکراوە؟ هیچتان هەیە؟ 
 
مەریەم: نەخێر ئەو شتانەم هێشتا ئامادەنەبوون، بەڵام داواکاریم پێشكێشکردووە و چاوەڕێم دەرکەون و دواتر هەر کوێم ویست دەتوانم گەشتی بۆ بکەم. 
 
رووداو: دەزانی کە ئێستا کەسوکارەکانت و ناسیاوەکانت هەموویان چاوەڕێن جارێکی دیکە بگەڕێیتەوە و بێیتەوە ئێرە، هیچ شتێکت هەیە لێرەوە بە کەسوکارت بڵێی یان پەیامێکت هەبێت بۆیان؟ ئایا رۆژێک دێت بێ پەچە بتبینین؟
 
مەریەم: بێگومان، ئەگەر گەڕامەوە، دەکرێت پەچەکەم لاببەم، بەڵام شاڵێک لە بری ئەوە لەبەردەکەم، واتە شتێک کە دامبپۆشێت. 
 
رووداو: واتە ئەگەر ئێستا لێرە رێگەت پێ بدەن بە داپۆشراوی و بە موسڵمانی بگەڕێیتەوە، ئامادەیت بگەڕێیتەوە؟
 
مەریەم: نەک لەبەر موسڵمانێتی، بەڵام وەکو گوتم، کە کارەکانم تەواوکرد، بە موسڵمانی بێت یان ناموسڵمانی، دەگەڕێمەوە. لێرە هیچ کەسم نییە. لەبەر کێ بمێنمەوە؟!
 
رووداو: تۆ دەتەوێت بگەڕێیتەوە بەڵام چاوەڕێی هاتنی کاتەکەی دەکەیت؟
 
مەریەم: بەڵێ، زۆر حەزدەکەم بگەڕێمەوە، بەڵام دوای تەواوکردنی کارەکانم. هیوادارم هەموو خەڵکی کوردستان یارمەتیی من بدات بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە... خەونەکەم بهێننە دی.. زۆر حەزدەکەم. 
 
رووداو: لە بارەی ئایینی ئیسلامەوە فێری زۆر شت کراویت بە زۆرەملێ، بەڵام لە بارەی ئایینەکەی خۆتەوە هیچ نازانیت، چونکە ئەو کاتەی کە رۆیشتی منداڵ بوویت، وایە؟
 
مەریەم: هەندێ شتی کەمم لەبیرە. بەڵام ئایینەکەمم زۆر نەدیت. 
 
رووداو: تۆ بۆچی بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ براکانت ناکەیت؟ گوتت تەنیا لەگەڵ دایک و براژنەکانت قسە دەکەیت، بۆچی؟
 
مەریەم: راستە. من قسە لەگەڵ ئەوان دەکەم. پێمدەڵێن لەبەر ئایین... 
 
رووداو: بۆچی لەگەڵ براکانت قسە ناکەیت؟
 
مەریەم: ئەوان نایانەوێت. دەڵێن تۆ موسڵمانی بۆیە. 
 
رووداو: هەر بە پەچەوە قسە لەگەڵ ماڵەوەتان دەکەیت؟
 
مەریەم: نەخێر، شتێکی حەڵاڵە کە براکانم بمبینن. 
 
رووداو: بەڵام پێتوایە ئێستا حەرامە خەڵک بێ پەچە بتبینێت؟
 
مەریەم: بەڵێ، خەڵکی نەناسیاو بێ پەچە نامبینن. من تەنیا بۆ خۆپارێزی پەچە بەکاردێنم. ئەوانەی ئێرە ئەوانی دەرەوەی گوندەکەیان بەدڵنییە. منیش تەنیا دەمەوێت خۆم بپارێزم. 

 

رووداو: ناخۆشترین رووداو لەم 9 ساڵەدا چیبووە کە بەسەرت هات کە لەبیری ناکەیت؟
 
مەریەم: هاوسەرگیریی زۆرەملێ و ئەوکاتەی کە کچەکەمم بوو، ئەمانە هەرگیز لەبیرناکەم. 
 
رووداو: مەبەستت ئەو کاتەی کچەکەت هاتە سەر دونیا؟
 
مەریەم: بەڵێ، زۆر زەحمەت بوو. هیچ دکتۆرێکم لا نەبوو. منداڵەکەم پەیدا دەبوو و پێویستم بە هاوکاری بوو، کەسم لەگەڵدا نەبوو جیا لە ژنێک و چوار پیاو. چۆن دەتوانم منداڵەکەم بێنمە سەر دونیا؟ زۆر ئازارم بینی. نەخۆشخانە نەبوو. لەنێو ئۆتۆمبێلدا منداڵەکەم بوو. 
 
رووداو: واتە هیچ دکتۆر و هیچ شتێک نەبوو جگە لە ژنێک و 4 پیاو؟
 
مەریەم: نەخێر، نەبوو. ئێمەیان بردە شوێنێک وەکو مزگەوت وابوو، لەنێو مزگەوتەکەدا کورد هەبوون.. کوردی شيعە بوون. کاتێک کە ئێمەیان بینی، کە ئەوانەی لەگەڵ ئێمە سوننە بوون، گوتیان ئێوە قبووڵناکەین. تەنیا دەمانویست لەو مزگەوتە بمێنینەوە تا ئەو کاتەی منداڵەکەم دەبوو و دواتر دەچووینە دەرەوە، بەڵام رێگەیان نەدا. پاشان سوپاس بۆ خوا لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا منداڵەکەم بوو. 
 
رووداو: شتێک ماوە کە نەمانپرسیبێت و بتەوێت باسیبکەیت؟
 
مەریەم: بەڵێ، تەنیا دەمەوێت ئەو کاتەی دەگەڕێمەوە، خەڵک یارمەتیم بدەن بۆ ئەوەی خەونەکەم بەدیبێنم. 
 
رووداو: زۆر سوپاس. هیوادارین رۆژێک لەم ستۆدیویە هەڤپەیڤینت لەگەڵدا بکەین.
 
مەریەم: بە پشتیوانیی خوا. 
 
رووداو: تۆ نەتویست ناوت ئاشکرابکەیت و ناوێکی دیکەت هەڵبژاردووە، مەریەم یان لوسیا؟
 
مەریەم: مەریەم، بەڵێ. 
 
رووداو: زۆر سوپاس.