تیمی هەژماری من بۆ رووداو: هەژماری من و تەوتین یەک پڕۆژەن بەڵام جیاوازی لە سوود و شێوازیان دا هەیە
رووداو دیجیتاڵ
تیمی "هەژماری من" لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو دا دەڵێت، "پڕۆژەی (هەژماری من) بەشێکە لە میکانیزمی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و، هەمان پڕۆژەیە لەگەڵ پڕۆژەی تەوتین،" بەڵام "جیاوازیی بنەڕەتی هەیە لە سوود و شێوازی جێبەجێکردنی"دا.
تیمی هەژماری من لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە شێوەی نووسراو وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی داوەتەوە، دەڵێت، "پڕۆژەی (هەژماری من) تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ لە تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت."
بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی فیدراڵیی عێراق رازی نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی (هەژماری من)ەوە بدات، بەڵام لە دوایین سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر بانکی بازرگانیی عێراق TBI، دواتر فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئازادە لەوەی حیسابەکەی لە TBIـەوە ببەستێتەوە بە (هەژماری من)ەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی تیمی هەژماری من و رووداو:
رووداو: جیاوازیی نێوان (هەژماری من) و (توطین الرواتب)ی عێراق چییە؟
تیمی (هەژماری من): پڕۆژەی (هەژماری من) بەشێکە لە میکانیزمی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و، هەمان پڕۆژەیە لەگەڵ پڕۆژەی تەوتین. لە کاتێکدا، تەوتین و هەژماری من هەمان ئامانج و دیدگایان هەیە، جیاوازیی بنەڕەتی هەیە لە سوود و شێوازی جێبەجێکردنی وەکو ئەوەی لەم خشتەی خوارەوەدا ئاماژەی پێدراوە:
رووداو: ئەگەر هەژماری من بۆ دابەشکردنی مووچە قبووڵ بکرێت، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەتوانن قەرزی بانکی لە بانکەکانی نێو پڕۆژەی (هەژماری من) وەربگرن؟ ئەگەر وەڵامەکەی بەڵێ یە، رێژەی سوودی قەرزەکە چەند دەبێت؟ دەتوانن چەند قەرز وەربگرن (بڕەکەی)؟ قەرزەکە تەنیا بۆ مووچەخۆر دەبێت یان خانەنشین و هاووڵاتیی ئاسایی کە مووچەخۆر نەبن لێی سوودمەند دەبن؟
تیمی (هەژماری من): ساڵێک لەمەوپێش، پڕۆژەی (هەژماری من) لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە فەرمی و نووسراو رەزامەندیی لەسەر درا و پەسند کرا، سەرجەم بانکە بەشداربووەکانیش نووسراو (کتاب)ی پەسندکردنی پڕۆژەکەیان لایە. بەڵێ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چ فەرمانبەری مەدەنی چ پێشمەرگە بێت، لە رێگەی بانکە بەشداربووەکانی (هەژماری من) لەژێر رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندی قەرز دەبەخشن و هەر بانکێک و رێژەی سوود و جۆری قەرزی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام مەرجی سەرەکی شیاویی مووچەی فەرمانبەرە بۆ وەرگرتنی قەرز، بڕی قەرزەکەش دەوەستێتە سەر رێژەی مووچەی فەرمانبەر و هەروەها قەرزەکە بەبێ بوونی وەکیل و رەهن دەدرێت.
رووداو: لە 13 ساڵی رابردوودا، مووچەی خانەنشینان لە رێگەی چەند بانکێکی ئەهلییەوە و بە کارتی بانکی دەدرا، بەڵام یەکێک لە بانکەکان ئیفلاسی کرد و کێشە بۆ خانەنشینان دروست بوو، مەترسی نییە ئەم ئەزموونە دووبارە ببێتەوە لە کاتێکدا هەر شەش بانکەکەی پڕۆژەی (هەژماری من) بانکی ئەهلین؟ ئەگەر مەترسی نییە، گەرەنتییەکە چییە؟
تیمی (هەژماری من): رێنوێنییەک هەیە بەناوی (ضمان الودائع المصرفية رقم 3) بۆ ساڵی 2016، کە ئامانج لێی ئەوەیە لە رێگەی کۆمپانیای گەرەنتیی سپاردنی پارە سامانی بەکارهێنەرانی بانکەکان زامن بکات و رێگری لەوە دەکات حاڵەتی ئیفلاسبوونی بانک رێگربێت لەوەی کە فەرمانبەر زیانی پێبگات، ئەمەش بەشێکە لە میکانیزمەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی بۆ پاراستنی سامانی مووچەخۆران. بەم شێوەیەش سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی (هەژماری من) لەژێر چەتری ئەم کۆمپانیا هاوبەشەی نێوان حکومەت - کەرتی تایبەت گەرەنتیی سەلامەتیی سامانی مووچەخۆر دەکەن.
رووداو: هەر بانکێک کە دادەمەزرێت، بڕە پارەیەک وەکو سەرمایەی دامەزراندن لە بانکی ناوەندیی عێراق دادەنێت، لە ئەگەری قبووڵ کردنی (هەژماری من)، ئەو بڕە پارەیەی دەخرێتە سەر حیسابی بانکەکان بۆ مووچە، زیاتر نابێت لەو بڕە پارەیەی کە وەکو سەرمایە دایانناوە لە بانکی ناوەندی؟ بۆ نموونە، ئەگەر بانکێک بە سەرمایەی 500 ملیار دینار دامەزرابێت، ئەو بڕە پارەیەی بۆ دابەشکردنی مووچە دەخرێتە سەر حیسابەکەی زیاتر نابێت لەو بڕەی پێی دامەزراوە؟
تیمی (هەژماری من): بەپێی رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، بانکەکان مەرجی هەبوونی سەرمایەی پێویستیان بۆ دانراوە کە بریتییە لە 250 ملیار دینار بەلایەنی کەمەوە، بەڵام بانکی ناوەندی ئەوەشی بە بانکەکان راگەیاندووە کە تاوەکو کۆتایی ساڵ پێویستە ئەم سەرمایە بگەیێننە 400 ملیار دینار. ئەمەش یەکێکە لە هەرە گرنگترین سوودەکانی پابەندبوون و کارکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی، کە دڵنیایی دەدات لەوەی بانکەکان پابەندن و خۆیان بەدوور دەگرن لەو مەترسییانەی کە دەبنە هۆی مایەپووچی. کەواتە بانکی ناوەندیی عێراق کۆمەڵێک رێسای روون و تایبەتی هەیە دەربارەی پارێزراویی سپاردە و سیولە لە بانکەکان دا.
رووداو: ئەگەر هەژماری من قبووڵ بکرێت، چەند کاتتان دەوێت بۆئەوەی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی کە ماون هەژمارەکەیان بۆ دروست بکەن؟
تیمی (هەژماری من): پڕۆژەی (هەژماری من) تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ لە تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت.