سکرتێری هوداپار: لەنێو لیستی ئاکپارتیدا بەربژێرمان دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری گشتیی هوداپار دەڵێت، راستەوخۆ داواکردنی فیدراڵی بۆ کورد لە باکووری کوردستان لە بەرنامەی کاری حیزبەکەیاندا نییە. سەبارەت بە سیستمی تورکیاش بۆ دوای هەڵبژاردن دەڵێت، ئەوان بەلایانەوە گرنگە هەر سیستمێک بێت یەکسانی تێدابێت. دەشڵێت، سیاسەتی حیزبەکەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیا دەرمانە و بچنە پەرلەمان یان لە دەرەوەی بن هەمان سیاسەتی ئێستا پەیڕەو دەکەن.
 
شەهزادە دەمیر، سکرتێری گشتیی پارتی دۆزی ئازاد- هوداپار، لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە لەگەڵیدا کردووە، باس لە هاوپەیمانیی حیزبەکەیان لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکەپە بۆ هەڵبژاردن دەکات و دەڵێت، بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا پشتیوانیی ئەردۆغان دەکەن و بۆ پەرلەمانیش لەنێو لیستی ئاکپارتیدا بەربژێریان دەبێت.
 
سەرۆکی هوداپار باس لەوەش دەکات، حیزبەکەیان دەیەوێت لە تورکیا قەدەخە لەسەر هیچ شتێک نەبێت و هەموو کەسێک ئازادانە بیروڕای سیاسی خۆی دەرببڕێت. دەشڵێت، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تاوەکو دوای جەژن حیزبەکان کۆبوونەوەی جەماوەری بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ناکەن.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: لەم رۆژانەدا لە میدیاکانەوە ناوی حیزبەکەتان زۆر دەبیسترێت، چۆن لەو باسانە دەڕوانن باشن یان خراپ؟ لە کاتێکدا کاتی هەڵبژاردنیش نزیک دەبێتەوە؟
 
شەهزادە دەمیر: روونە کە ئێمە بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین لەمساڵدا، سەرەتا دەڵێم ئەم هەڵبژاردنە بۆ وڵات و گەلی ئێمە؛ بۆ ئومەتی ئیسلام و گەلی کورد و تورک و هەموو ئەو گەلانەی لە تورکیا دەژین ببێتە هۆی خێر و ئاشتی و خۆشی. 10 ساڵ تێپەڕیوە کە هوداپار دامەزراوە، لەو کاتەوەی دامەزراوە ئەمە چوارەم جارە دەکەوێتە هەڵبژاردنەوە، جارێک سەربەخۆ و سێ جار هەرێمی، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ئەو گفتوگۆیانە لەسەر هوداپار نەکراون کە ئێستا دەکرێن، هوداپار بە دەنگ و رەنگ و بەرنامەی خۆی تاوەکو ئەمڕۆ لە مەیدانی سیاسەتدا بووە، ئەو پارتانەی ئەمڕۆ لە سیاسەتدان لەگەڵ زۆرینەیان ئێمە چاومان بەیەک کەوتووە؛ بەڵام ئێستا شتێکی نوێ دەڵێن، وەکو ئەوەی ئێستا هوداپار بناسن و بەرنامەکەیان بینیبێ، وەکو ئەوەی هوداپار تازە لە وڵاتێکی دیکەوە هاتبێتە ئەم وڵاتە؛ هوداپار لە کاتی دامەزراندنییەوە تاوەکو ئەمڕۆ بۆ خێر و باشی ئەم وڵاتە کاری کردووە و تاوەکو هەبێت وادەبێت؛ خەبات و خزمەتی هوداپار بە تەواویی لەسەر ئاشتی و برایەتییە و هیچ کاتێکیش لەوە دەرناچێت. ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر هوداپار دەکرێن ئێمە بە باشی دەزانین، بۆچی باشی دەبینین؟ چونکە لە بەرچاوانە کە چی دەڵێن و بەرنامەی ئێمەش لەبەرچاوە کە چییە و راستیش لە گۆڕەپانەکەدایە، تاوەکو ئەمڕۆش ئەو خەباتەی کردوومانە لە گۆڕەپانەکەدایە، کەسیش ناتوانێ راستیی بشارێتەوە، سیاسەتێک کە هوداپار دەیکات ئێمە و هەموو پارتەکانی دیکە و گەلی ئێمەش دەزانن کە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیادا بەڕاستی دەرمانن، لەبەرئەوەی دەیەوێت بچێتە پەرلەمان و زیاتر چالاک بێت، کەسانێکیش ئەوەیان ناوێت، کە هوداپار بە رەنگ و راستی و بەرنامەی خۆیەوە بکەوێتە نێو سیاسەتی تورکیاوە.
 
رووداو: هەندیک لایەن دەڵێن لە بەرنامەی هوداپاردا خۆسەری، فیدراڵی و سیستمی ویلایەت هەیە، هەندێک لایەنیش دەڵێن نەخێر، تەنیا لە گوتنی بەرپرسانی پارتەکەدا هەیە و لە بەرنامەیاندا نییە، راستی ئەم بابەتە چییە؟ بۆ کورد باسی فیدراڵی یان خۆسەری دەکەن؟
 
شەهزادە دەمیر: بڕای بەڕێز.. راستەوخۆ داواکردنی فیدراڵیزم بۆ کورد نییە، لە سەرەتاوە تاوەکو ئەمڕۆ ئێمە گوتوومانە و بەرنامەکەشمان لە بەردەستدایە هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت بیبینێت، ئێمە دەڵێین با لە تورکیادا هەموو شتێک بە ئاسانی گفتوگۆی لەسەر بکرێت، هیچ شتێک قەدەخە نەبێت، هەرکەسێک بیر و تێڕوانینی هەرچی بێت بتوانێت لەسەر دواڕۆژی تورکیا، لەسەر تورک و کورد بە ئازادانە دەریبڕێ؛ چی لە دڵیاندایە بیخەنەڕوو. خەڵکیش راستیی پارتەکان ببینن و بەگوێرەی تێڕوانینی خۆیان کامەیان باشن ئەوەیان بۆ خۆیان بە باش بزانن، ئێمە دەمانەوێت گەل ئازاد بێت، باقەدەخەکردن لەسەر سیاسەت و بیریی خەڵک نەبێت لە پارتەکەی ئێمەشدا ئەوە هاتووە. لە میدیا بێت یان لە هەرکوێ بێ خەڵک بتوانێت قسە بکات و بە رەنگی خۆی داواکانی بخاتەڕوو، لەبەرنامەی حیزبەکەمان لەسەر هەموو بابەتەکان ئازادییمان دەوێت و دەمانەوێت سیاسەتیش بە ئازادیی بکرێت.
 
رووداو: بۆ گەیشتنی بەربژێرەکانتان بۆ پەرلەمان هیچ رێککەوتنێکتان لەگەڵ ئاکپارتی کردووە؟ ژمارەی بەربژێرەکانتان دیارن، یان لە لیستی ئاکپارتیدا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن؟ ئامانجی ئێوە سەرخستنی چەند بەربژێرە بۆ پەرلەمان؟
 
شەهزادە دەمیر: لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئێمە پشتیوانیی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەین؛ خۆشمان بەربژێرمان بۆ سەرۆککۆمار نییە. لە هەڵبژارنی پەرلەماندا بڕیاری ئێمە ئەوەیە کە لەنێو لیستی ئاکپارتیدا بەشداریی هەڵبژاردن بکەین، ئەمە بڕیاری حیزبە؛ ژمارەی بەربژێر و شوێنەکان جارێ کەمێک داتایان ماوە، لە ماوەیەکی کەمدا تەواو دەبن، هەردوو حیزب هیچیان نەگوتووە نامەوێت منیش ئێستا هیچی لەسەر بڵێم، دواتر روون دەبێتەوە.
 
رووداو: لەنێو میدیادا هەندێک ناو دەهێندرێن بۆ بەربژێربوون، بۆ نموونە سەرۆکی گشتی پارتەکەتان، ئەو ناوانە تاوەکو چەند راستن، ئێوە یەکلاتان کردوونەتەوە؟ یان تەنیا پێشبینین؟
 
شەهزادە دەمیر: ئەوانە هەواڵی میدیان، ئەو هەواڵانە راگەیێندراو و بڕیاری حیزبەکەمان نین، دەبێت ئەوان بن یان هەندێکی دیکە بن، یانیش هەندێک لەوانە بەشێکیان بن، کە من ئێستا ناتوانم شتێکی لەسەر بڵێم.
 
رووداو: ئەگەر ئێوە بچنە پەرلەمان، لەسەر دۆزی کورد، بۆ نموونە خوێندنی کوردی یان ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە پلان و بەرنامەتان چی دەبێت؟
 
شەهزادە دەمیر: پێشتریش لەسەر ئەم بابەتانە گفتوگۆمان کردووە؛ میدیاکانیش زۆر دەپرسن کە بچنە پەرلەمان چی دەکەن، دوای 10 ساڵ ئێمە بێین و باسی حیزبەکەمان بکەین ئەمە شتێکی بێ مانایە، لەسەر بابەتی کورد و برایەتیش لە بەرنامەی ئێمەدا روونە، حیزبەکەمان تاوەکو ئەمڕۆ چی بووە دواتریش وادەبێت و لە پەرلەمانیشدا هەر وادەبێت، لە بەرنامەی ئێمەدا هیچ شتێک نە گۆڕاوە. لە رێککەوتنماندا {لەگەڵ ئاکپارتی} هەرکەسە و بە رەنگی خۆی بەشدارە، رێککەوتن بۆ هەڵبژاردن بەو مانایە نییە، کە بیروڕامان ببێتە یەک؛ نەخێر، بۆ رۆژی هەڵبژاردن هاوکارییەک دروست دەبێت، لەبەر ئەو سیستمە نوێیەی دەوڵەت دایناوە هاوپەیمانی پێویست بوو، هاوپەیمانی بوون بە یەک نییە و بۆ هەڵبژاردنە و دواتر هەرکەس سەربەخۆیە.
 
رووداو: لەسەر سیستم چی دەڵێن، رەنگە لە سەردەمی نوێدا هەوڵی گۆڕینی سیستمی تورکیا بدرێت، باسی سیستمی پەرلەمانیی بەهێز دەکرێت، ئێوە لە پەرلەمان بن لەم بارەیەوە هەڵوێستان چی دەبێت؟
 
شەهزادە دەمیر: ئەو سیستمەی تۆ باستکرد و قسەی لەسەر دەکرێت سیستمێک نییە، کە خودای گەورە داینابێت، کەم و کورتی لە سیستمەکاندا هەن، باش و خراپیشیان هەیە، ناتوانین بڵێین سیستمێک کە مرۆڤ دروستیکردووە تەواوە، یان لەوە باشتر نییە، چونکە لە مرۆڤایەتیدا تەواوکردن هەیە و بەرەپێشچوون هەیە، دەبێت یاساکانیش بەگوێرەی پێویستییەکانی مرۆڤ گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، ئەمڕۆ سیستمێک باشە، دوو بۆ سێ ساڵی دیکە باش نییە، تێڕوانینی ئێمە بۆ سیستم بەڕاستی بەو شێوەیەیە. سیستمی پەرلەمانیش کەموکورتی هەبوو، 100 ساڵ لەم ناوچەیەدا ئەوە پەیڕەوکرا ئێمە چارەسەرکردنی کێشەکانمان لێ نەبینی و کێشەکان تاوەکو ئێستاش ماونەتەوە، دوو بۆ سێ ساڵە ئەم سیستمە نوێیە هاتووە تائێستا بەتەواویی تاقینەکراوەتەوە، ئێمەش کەموکورتییەکانی دەبینین، بە بڕوای ئێمە هەرکام لە سیستمەکان بێت گرنگ ئەوەیە یەکسانی بێنێتە ئاراوە؛ هەرکام سیستم بوو ئەوەی کە سەرۆکە و بەڕێوەی دەبات یەکسانی پێکبهێنێ کێشەکان چارەسەر دەبن، بەڵام هەرچەند سیستم تەواویش بێت و یەکسانی تێدا نەبێت نابێتە چارسەر.
 
رووداو: لەکاتی بانگەشەدا ستراتیژی ئێوە چی دەبێت و چی دەکەن؟
 
شەهزادە دەمیر: ئێستا برینی ئێمە نوێیە و بوومەلەرزەیەکی گەورەمان تێپەڕاندووە کە زیاتر لە 50 هەزار کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا، باوەڕناکەم لەم پڕۆسەی هەڵبژاردنە هیچ میتینگێک (کۆبوونەوەی جەماوەری)ی گەورە بەڕێوەببەن، رەنگە دوای جەژنی رەمەزان و نزیکی هەڵبژاردن هەندێک میتینگ بەڕێوەبچن، ئێمەش بە ناوی خۆمانەوە وەکو هوداپار بەشداریی هەڵبژاردن ناکەین و لەنێو لیستی ئاکپارتیدا بەشداری دەکەین؛ حیزبێک لەسەر ناوی خۆی نەچێتە هەڵبژاردنەوە میتینگ زۆر پێویست نییە، رەنگە بشکرێت سوودی هەبێت، تاوەکو ئێستاش لەسەر چۆنیەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەگەڵ ئاکپارتی بە وردی گفتوگۆمان نەکردووە.
 
رووداو: سوپاس و ماڵئاوا