فازڵ میرانی: ئەگەر بافڵ و قوباد تاڵەبانی پەیڕەوی سیاسەتی مام جەلال بکەن كێشە لەنێوانمان روونادات


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، "ئەم دوورییەی برادەرانی یەکێتی لە پارتی" وای پێدەچێت بیانەوێت جێگرەوەیەک بۆ پارتی بدۆزنەوە و دەڵێت، ئەگەر بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی "پەیڕەوی سیاسەتی مام جەلال بکەن، کێشە لەنێوان پارتی و یەکێتی روونادات."
 
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد و رۆژی شەممە، 04-03-2023، پەخشکرا، لەبارەی کێشەکانی پارتی یەکێتی و ناکۆکییەکانی ئەو دوو حیزبە لەسەر کورسیی پێکهاتەکان، لاهوور شێخ جەنگی، کێشەکانی یەکێتی لەگەڵ حکومەت، پرسی هەڵبژاردن و چەند بابەتێکی دیکەیش قسەی کرد.
 
فازڵ میرانی پێیوایە ئێستا کورسیی پێکهاتەکان "گرێکوێرەی" کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتین و باس لەوە دەکات "ئێمە پێمان باشە لەوە زیاتر ئێمە و یەکێتی لەسەر پێکهاتەکان نەبینە بڕیاردەر، نەبینە پارێزەریان، ئینجا مەسیحی بن یان تورکمان. خۆیان هەر بڕیارێک بدەن با ئێمە قبووڵی بکەین."
 
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، کێشەکانی پارتی و یەکێتی بۆ "کۆتایی شەستەکان" دەگەڕێتەوە، " بەڵام دوای ساڵی 1998 و بەهۆی ئەو تێگەیشتنەی لەنێوان سەرۆک مەسعود بازرانی و خوالێخۆشبوو مام جەلال هەبوو، ئەو کێشانە بەرەبەرە ئارامتر بوون." گوتیشی، ئەگەر بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی پەیڕەوی سیاسیەتی مام جەلال بکەن، ئەم کێشانە روونادەن.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ فازڵ میرانی:
 
رووداو: لەگەڵ یەکێتی لە ئاستی مەکتەبی هەڵبژاردن کۆبوونەوە. کەی لە ئاستی باڵاتر کۆدەبنەوە؟
 
فازڵ میرانی: من هەموو کات گوتوومە، جێگرەوەی رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی چی دەبێت؟ یان جێگرەوەی پارتی بۆ یەکێتی کێیە؟ جاران دەمگوت جێگرەوەی یەکێتی بۆ پارتی کێیە؟ بەڵام ئێستا گۆڕیومە، چونکە پارتی تاوەکو ئێستا بەدوای جێگرەوەدا نەگەڕاوە، بەڵام واپێدەچێت ئەم دوورییەی برادەرانی یەکێتی کە دەیانەوێت جێگرەوەیەک بۆ پارتی بدۆزنەوە کە بە رای من وەک دۆستێک، ئەگەر ئەم کارە بکەن گەورەترین هەڵەیە، چونکە جێگرەوەیەک لە پارتی بەهێزتر، هاوبەشێک لە پارتی بەهێزتر لە مێژوو و لە جوگرافییا نابیننەوە. کاتێک تۆ دەبی بە هاوبەشی کەسێک، دەبێ بارەکەت لەگەڵ هەڵبگرێت و سووکی بکات، نەک ئەوەی بارەکەت قورستر بکات. یەکێتی هەر هاوبەشێکی دیکە بدۆزێتەوە، بە بۆچوونی من، باری خۆی قورستر دەکات، بەبڕوای من هەڵەشە.
 
هەردوو دەزگای هەڵبژاردن ئەو دیوارە سەهۆڵییەیان شکاند کە هیچ بیانویەک نەبوو؛ ئێمە چووینە لایان، چونکە سیاسەت بە تێڕوانینی کەسی و کردەوە و دژکردەوە ناکرێت؛ هەروەها سیاسەت بە دەرگەی داخراویش ناکرێت؛ دەبێ دەرگەی سیاسەت کراوە بێت و نابێ تێڕوانینی کەسی تێدا بێت و بە کردەوە و دژکردەوەش کار نەکرێت؛ لەبەر ئەوەی کاتێک کردەوەیەک هەڵە دەبێت، تۆ دژکردەوەت نەبێت باشترە بۆ ئەوەی هەڵە نەبیت، چونکە وەڵامدانەوەی کارێکی هەڵە ئەویش دەبێتە هەڵە کردەوەیەکی هەڵە، چونکە ئەو زیوە و وەڵامنەدانەوە دەبێتە زێڕ، ئەگەر تۆش وەڵامت دایەوە تۆش دەبیتە زیو. 

 

هەردوو دەزگای هەڵبژاردن لەسەر خاڵە سەرەکییەکان کۆکن: هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن بۆ چوار بازنە بە جۆرێک هەر پارێزگایەک بازنەیەک بێت، پشتبەسەتن بە بایۆمەتریی عێراق، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، ئەگەر یەکێتی و حیزبەکانی دیکە ویستیان لە کۆمیسیۆن نوێنەرەکانی خۆیان بگۆڕن، بەربەستێک نییە؛ هەژمارکردنی دەنگەکانیش چی بە ئەلیکترۆنی بێت و چی بە دەست؛ لیست نیوە بەنیوە ئەمانە پرەسنیپی بنەڕەتی هەڵبژاردنن. 
 
خاڵێکی ناکۆک ماوە کە ئەویش پێکهاتەکانن. ئێمە پێمان باشە لەوە زیاتر ئێمە و یەکێتی نەبینە بریکاری پێکهاتەکان، مەسیحی بن یان تورکمان. باخۆیان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هەر بڕیارێک دەدەن بیدەن ئێمە پێیەوە پابەندین. مادام تۆ رازیت کە ئەوان هاوبەشی تۆن لەم وڵاتەدا، ئەوان هەرچی نەتەوەیەکن و هەر ئاینێکیان هەیە با ئازادیی خۆیان هەبێت، چۆن ئێمە بۆ خۆمان بڕیار دەدەین یەک بازنەیی یان چەندبازنەیی بێت، بەڵام ئێمە بڵێین دەبێ کورسییەکانی مەسیحی و تورکمانەکان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبکرێن، ئەگەر قبووڵی نەکەن مەنتیقی تێدایە. 
 
رووداو: کێشەکەی چییە؟
 
فازڵ میرانی: دەکرێ دهۆک بە قەد هەولێر و سلێمانی کورسی هەبێت؟ پرسیارێکی ئاساییە.. من ئەو پرسیارە دەکەم، نا.. کورسیی دهۆک کەمترە لەبەر ئەوەی دانیشتووانی دهۆک لە هەولێر و سلێمانی کەمترن، هی سلێمانی زۆرترە لە هەولێر. مەسیحیش بەو شێوەیەن، 100 ماڵی مەسیحی لە سلێمانی هەیە، بەڵام لە پارێزگای هەولێر 600 ماڵی مەسیحی هەیە. ئایا دەکرێ مەسیحییەکان لە هەولێر یەک کورسییان هەبێت و لە سلێمانیش یەک؟ 
با هەموویان یەک بازنە بن. مەسیحییەکی خەڵکی سلێمانی لە نێو یەک بازنە دەربچێت، کەس رێگری ناکات. وەکو هەڵبژاردنی جاری یەکەم کە لە یەک بازنەدا لە هەموو عێراق کرا، کوردێکی فەیلیی خەڵکی کوت لەسەر لیستی ئێمە دەرچوو، فەیلییەکی خانەقین لەسەر لیستی یەکێتی دەرچوو، بەڵام نەمانگوتووە دەبێ کورسییەکی پارتی لەم شوێنە دیاریکراوە هەبێت. دووبارە من دەڵێم ئەوە بۆ ئەوان جێبهێڵین. دەبێت ئێمە کۆسپ نەخەینە بەردەم هەڵبژاردن. هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەبێ بکرێت، یانی دەبێت هەموومان بە خەڵکی کوردستان بڵێین دەبێ ئەم هەڵبژاردنە بکرێت.

 

 رووداو: کەی؟
 
فازڵ میرانی: هەر کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری بکات. ئێستا شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەسەر حیزبەکاندا دەگەڕێت و هاتنە لای ئێمە و چوون بۆ لای یەکێتیش بۆ ئەوەی وادەیەک دابنێن و کۆبوونەوەیەک بۆ حیزبەکان رێکبخەن و پاشان بە رێککەوتن رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکرێت.
 
رووداو: هیچ بەرچاوڕوونییەک هەیە کە هەڵبژاردن کەی بێت؟
 
فازڵ میرانی: خۆی دەبێ لە پێش مانگی 11 و ئەو وادەیەی پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژکردووەتەوە، هەڵبژاردن بکرێت.
 
رووداو: یانی مانگی 10؟
 
فازڵ میرانی: کۆتاییەکانی مانگی 10 و سەرەتاکانی مانگی 11؛ دەبێ پێش ئەو رێککەوتەی پەرلەمانی کوردستان تەمەنی خۆی درێژکردووەتەوە هەڵبژاردن بکرێت، ئەگەر ئێمە دەست بە ئامادەکارییەکان بکەین، دادگەی فیدراڵیش زۆر خۆی لەم بابەتە نادات، چونکە جۆرێک رێککەوتن هەیە لەسەر ئەوەی کە دادگەی فیدراڵی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە دەستووری بزانێت یان نادەستووری کە جێگەی گفتوگۆیە بە رای من، دەستووری عێراق هیچ نووسراوێکی تێدا نییە لەسەر ئەوەی پەرلەمانی کوردستان مافی نییە تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە. لە دەستووردا ئەگەر نووسراوێک لەسەر ئەم بابەتە نەبوو دەبێت بۆچوونەکانی بۆ وەربگیرێت، دووەم؛ پێشینەی هەیە و جارێکی دیکەش پەرلەمانی کوردستان تەمەنی خۆی درێژ کردووەتەوە، بۆیە دادگەی فیدراڵی لەبری ئەوەی بڵێت ئەم درێژکردنەوەیەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەستوورییە یان نا، باشترە بڕیارێک لە بەرژەوەندیی عێراق و کوردستان دەربکات و بڵێت ئێوە دەبێ لە ماوەی ساڵی 2023 هەڵبژاردن بکەن، ئەو کات خۆی تووشی ئەم کێشەیە ناکات و ئێمەش ئەرکدار دەبین بەوەی کە هەڵبژاردنەکەمان بکەین، چونکە ئەگەر هەڵبژاردن نەکەین چی دەبێت؟ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەکەونە بۆشاییەوە و ناشەرعی دبێ. باشە لە قازانجی ئێمەیە؟. بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆی ئێمەیە، لەبەر ئەوەی مومکین نییە پارتی دیموکراتی کوردستان [رێگە بدات] دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ناشەرعی بێت و دەبێت هەڵبژاردن بکرێت.
 
رووداو: گوتتان لە بابەتەکانی دیکە پارتی نەرمی نواندووە، ئێوە لە بابەتی پێکهاتەکانیشدا ئامادەن نەرمی بنوێنن؟
 
فازڵ میرانی: نەرمییەکە چییە؟ من پرسیارێک لەسەر پێکهاتەکان دەکەمەوە، کە لە سەرەتای قسەکانمدا گوتم ئایا دەکرێ ئێمە لەبری ئەوان قسە بکەین؟ یان دەکرێ ئێمە لەبری ئەوان بڕیار بدەین؟
 
رووداو: ئاخر یەکێتی شتێکی دیکە دەڵێت و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو پەرلەمانتارانەی ئێستا لە پەرلەمانن نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان ناکەن و نوێنەرایەتیی پارتی دەکەن.
 
فازڵ میرانی: شتێکی دیکە هەیە. من لەگەڵ ئەوەدام دوای ئەم هەڵبژاردنە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پارتی و یەکێتی لە نێویدا دەستەباڵان، لە کوردستان سەرژمێرییەکی مەسیحییەکان بکەن بۆ ئەوەی دەنگدەرەکانیان خۆیان دەنگبدەن و کەس دەنگیان پێنەدات، بەڵام تۆ ماوەیەکی سنووردارت هەیە و مەرج دابنێی بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت، ئەوە قبووڵکراو نییە. مەرج لە کاتی خۆیدا باشە، با هەڵبژاردن بکەین و دوای هەڵبژاردنەکان ئەوە بکرێت، ئەگەر سبەی کەسانێک بڵێن پارتی و یەکێتی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان ناکەن ئایا پێمانخۆش دەبێت؟ ئەی ئەم خەڵکە چۆن بووەتە نوێنەری ئەوان لە پەرلەمان؟ ئەم حیزبە مەسیحی و تورکمانانە کێن؟
 
رووداو: ئێستا ئەم هەستە بۆ پێکهاتەکان دروستبووە؟
 
فازڵ میرانی: نا، نوێنەرایەتییان دەکەن. نوێنەری خەڵک و حیزبەکانیانن، ئەگەر لە پەرلەمانیش بڵێن ئێمە یان یەکێتی دەنگمان پێدابن، بەڵام حیزبەکانیان رێسای خۆیان هەیە. خەڵکێکی تورکمان دەنگی بە حیزبە تورکمانەکان داوە، خەڵکێکی مەسیحی دەنگی بە حیزبێکی مەسیحی داوە. بۆ یاساییبوونی ئەوان رەتبکەینەوە و بڵێین نوێنەرایەتیی خەڵکی خۆیان ناکەن؟
 
رووداو: ئەم کێشەیە لەنێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهاتەکان چارەسەر دەبێت؟
 
فازڵ میرانی: ئەگەر مەرجەکان بەربەست نەبن چارەسەر دەکرێت. خۆیان و نەتەوە یەکگرتووەکان چی دەڵێن با بە گوێیان بکەین.
 
رووداو: هەر شتێک نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت پارتی پێی رازی دەبێت؟
 
فازڵ میرانی: لەسەر پێکهاتەکان بەڵێ. پێکهاتەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان هەر بڕیارێک بدەن ئێمە پێی رازین.
 
رووداو: کێشەی پارتی و یەکێتی لەسەر چییە کە ئەم گرێکوێرەیە ناکرێتەوە و کۆنابنەوە؟
 
فازڵ میرانی: نامەوێت برینە کۆنەکان نوێبکەمەوە، بەڵام کێشەکانی ئێمە زۆر کۆنن، دەگەڕێنەوە بۆ کۆتایی شەستەکان، بەڵام دوای ساڵی 1998 بەڕاستی کێشەکان بەرەبەرە ئارامتربوونەوە بەو تێگەیشتنەی لەنێوان سەرۆک مەسعود بازرانی و خوالێخۆشبوو مام جەلالدا هەبوو.
 
ئێستا ئەم شێوە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە نییە. ئاشکرایە ئێمە هیچمان لێ نەگۆڕاوە و مەرجەع و بڕیاردەری ئێمە هەمان مەرجەع و بڕیاردەرە کە لەگەڵ مام جەلال رێککەوتنی دەکرد، بەڵام ئێستا شێوازی رێکاری مام جەلال بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێمە وەکو خۆی نەماوە، لەبەر ئەوە برادەرانی یەکێتی ئازادن هەر بڕیارێک بۆخۆیان بدەن، بەڵام حەقە بزانن رێبازی مام جەلال چی بووە. کە ئێمە دەڵێین رێبازی بارزانی و ئەوان دەڵێن رێبازی مام جەلال؛ نابێ لەسەر ئەو رێبازە بڕۆن؟ مام جەلال بە ئامادەبوونی ئێمە و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی: جارێکی دیکە لەگەڵ ئێرە تێکنادەمەوە، باسی سەری رەشی دەکرد؛ دەبێ پەیڕەوی لەم رێبازە بکەن.
 
رووداو: کوڕەکانی مام جەلال پەیڕەوی لێناکەن؟
 
فازڵ میرانی: بە بڕوای من ئەگەر پەیڕەوی بکەن ئەم کێشانە روونادەن.
 
رووداو: ئەو تێگەیشتنەی کە سەرۆک بارزانی لەگەڵ خوالێخۆشبوو مام جەلال لە چارەسەرکردنی کێشەکان هەیبوو، ناتوانن لەگەڵ کوڕەکانی مام جەلال دروستی بکەن؟

 

فازڵ میرانی: من لەگەڵ وشەی "ناتوانن" نیم. ئینسان ئیرادەی هەبێت شتێک بکات، رێگەی بۆ دەدۆزێتەوە، کورد ناڵێت (دز و خاوەن ماڵ بوون بە شەریک و گایان لە پەنجەرەوە بردە دەرەوە) ئەگەر ئیرادە هەبێت، بۆچی نا؟ چی دەبێت ئەگەر ئێمە رێکنەکەوین؟ لەوە خراپتر دەبێت کە ئێمە شەڕی یەکترمان کرد؟ بەڵام دواجار هەردوولا گەیشتنە ئەو قەناعەتە کە ئەمە زیانی بۆ هەردوولا و بۆ وڵاتەکەمانی تێدایە، زیانی خەڵکەکەمانی تێدایە، ئەمە زیان بە ئەزموون و رابردووی ئێمە و ئەو هەموو قوربانییانەی کە داومانە دەگەیێنێت. ئێستا پاراستنی ئەم کیانە ئەرکی هەموو لایەنێکە؛ ئەوانەی کە تێیدا دەژین بە ئێمە و بە یەکێتییەوە. نابێ پێداویستییەکانی پاراستنی ئەم ئەزموونە دابین بکەین؟
 
رووداو: بەو ناکۆکییانەی کە لەگەڵ یەکدی هەتانە، ئەم ئەزموونە کەوتووەتە مەترسییەوە؟
 
فازڵ میرانی: بە مانای مەترسیی نەمان نا، بەڵام کاریگەری لەسەر بوارەکانی دیکەی ژیانی خەڵک و خزمەتگوزاری و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و هەڕەشەکانی دەوروبەرمان هەیە. خۆ ئێمە لە سویسرا نین، لەملا دۆخی سووریا، لەولا دۆخی عێراق، لە لایەکی دیکە دۆخی پەکەکە و تورکیا، لەولایەش دۆخی ئێران و مووشەک و ئۆپۆزیسیۆنەکانی. ئێمە ئەگەر لە نێوخۆشماندا یەکگرتوو نەبین، بێگومان بارمان قورستر دەبێت، ئەگەر هەموومان شان بخەینەبەر بارەکە، ئاسانترە لەوەی کە یەک یەک شانی بخەینەبەر، لەوانەیە هەریەک لە ئێمە بە تەنیا بۆی هەڵنەگیرێت.
 
رووداو: یەکێتی نیشتمانی کوردستان گلیەیی لە پارتی هەیە و دەڵێت دەستوەردان لەنێوخۆی حیزبەکەدا دەکەن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە بەڕێز لاهوور شێخ جەنگییەوە هەیە، ئێوە چۆن یەکێتی دڵنیا دەکەنەوە کە ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئێوەوە نییە؟
 
فازڵ میرانی: بایکۆتکردنی یەکدی کارێکی راست نییە لە سیاسەتدا و ئەوە بە بایکۆتکردن چارەسەر نابێت و بە دانیشتن بەرەبەرە دروست دەبێت. فەرموو هەردوو لیژنەی هەڵبژاردن دانیشتن، لەسەر چوار خاڵی گرنگ رێککەوتن و خاڵێک ماوە وادەیان داناوە کە کۆبوونەوەی دووەم هەبێت و رەنگە ئەم خاڵەش چارەسەر بکەن. نێوانی پارتی و یەکێتیش وایە. ئەی چەند ساڵە کێشەکانمان هەر بەو شێوەیە چارەسەرمان نەکردووە؟ هەر کاتێک بایکۆتمان کردبێت کێشەکان لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە، بەڵام هەر کاتێک کۆبوونەوە کراوە، بەربەرە کێشەکان چارەسەر بوون.
 
رووداو: ئەو گلەییەی یەکێتی بە حەق دەزانی؟
 
فازڵ میرانی: ئەگەر دەستوەردانمان کردبێت لە کاری نێوخۆییاندا حەقیانە، بەڵام ئێمە بۆچی دەستوەردان لە کاری یەکێتیدا بکەین؟
 
رووداو: بابەتی لاهوور شێخ جەنگی، پارتی هیچ پەیوەندییەکی بەو بڕیارانەوە نییە؟
 
فازڵ میرانی: بۆچی ئێمە بەرامبەر کوڕەکانی مام جەلال پشتگیریی لاهوور بکەین؟ چی لاهوور لە ئەوان باشترە؟
 
رووداو: ئەوە گلەیی یەکێتییە لە ئێوە.
 
فازڵ میرانی: ئاخر بە قەستی گلەییمان لێدەکەن، گفتوگۆمان لەگەڵ بکەن باشترە لەوەی کە لە دوورەوە گلەیی بکەن. با بڵێن ئێوە لەم شوێنە دەستوەردانتان لە کاری ئێمەدا کردووە و وازی لێبێنن، من ئەوکاتە بۆی دەسەلمێنم کە من نەبووم، یان دەڵێم ببورە بەدەستی من نەبووە و برادەرێک کردوویەتی، بەڵام بە بایکۆتکردن ئەو بۆ خۆی بڵێت و منیش بۆخۆم بڵێم، ئەوە بە یەکدی ناگەین.
 
رووداو: لاهوور خۆی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی ناسیوە. ئایا پارتی ئامادەیە وەکو هاوسەرۆک مامەڵەی لەگەڵ بکات؟
 
فازڵ میرانی: بە رای من ئەو بابەتە لە دادگەی بەغدا و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بەغداوە یەکلایی کراوەتەوە و ئەوە کێشەی پارتی نییە و کێشەی یەکێتییە.
 
رووداو: بۆ مامەڵەکردن دەڵێم؟
 
فازڵ میرانی: ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەوانە دەکەین کە لەگەڵمان دادەنیشن و سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی لایەنی بەرامبەری ئێمەیە و لەگەڵ ئەوان دادەنیشین.
 
رووداو: تیمی یەکێتی ماوەیەکە بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ناکات و ترسێک لای خەڵک دروستبووە کە بگەڕێنەوە بۆ دوو ئیدارەیی، پارتی وەک حیزبێکی سەرەکی لە کوردستان چی دەکات بۆ ئەوەی نەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی؟
 
فازڵ میرانی: ئایا کوردستان بە تەنیا موڵکی پارتی و یەکێتییە کە لە نێوان خۆیاندا بەشی بکەن؟ خەڵکی دیکە خاوەنی کوردستان نییە؟ ئەی ئەوانەی نە پارتین و نە یەکێتی، چۆن رازی دەبن وڵاتەکەیان لە نێوان دوو حیزب دابەشبکرێت. پارتی ئەم کارە ناکات. دووەم، منیش سەرۆکوەزیران بم قبووڵ ناکەم وەزیر بەشداری کۆبوونەوە نەکات، بەڵام لە وەزارەتی خۆی دەوام بکات، بڕیاری خۆی بدات و مووچەی خۆی وەربگرێت و تەنیا بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران نەبێت کە خۆی ئەندامە تێیدا. لە دونیادا شتی وا نییە.
 
کاتی خۆی مامۆستایەکانی برادەرانی گۆڕان بایکۆتیان راگەیاندبوو، بەڵام نیوەی مووچەکەشیان وەردەگرت. منیش گوتم مادام نیوەی مووچەکە وەردەگرن نیوەی دەوامەکەش بکەن، لە ئەمریکا و لە ئەوروپا چەند کاژێر کار دەکەی بەو رادەیەش مووچە وەردەگری؛ ئەگەر هەشت کاژێر کار بکەی مووچەی هەشت کاژێریش وەردەگری، بەڵام ئەگەر چوار کاژێر کار بکەی، مووچەی چوار کاژێر وەردەگری.
 
لە دونیادا هێزی مەنتق هەیە و مەنتقی هێز هەیە. ئەگەر ئێستا لە حیزبی ئێمە و لە یەکێتی، یەکێک سێ کۆبوونەوە ئامادە نەبێت و دیسیپلینی نەبێت، لەبەرچاو ناگیرێت؟ وەزیرێک لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کە خۆی تێیدا ئەندامە ئامادە نەبێت، بەڵام لەهەمانکاتیشدا لە ئیمتیازەکانی بەشدار بێت، هەموو کەس دەڵێت ئەمە دروست نییە.
 
رووداو: ئەگەر تۆ ئەرکی سەرۆکوەزیرانت هەبایە، چیت دەکرد؟
 
فازڵ میرانی: سوپاس بۆ خودا کە من سەرۆکوەزیران نیم، بەڵام من سەرۆکوەزیران بوومایە، بە وەزیرەکانم دەگوت دەبێ لە کۆبوونەوە ئامادە بن، رای خۆتان لە نێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وزیران بڵێن، ئەی بۆ ئەندامی ئەنجوومەنن؟ لەبری ئەوەی کە لە دەرەوە قسە بکەن، وەرن لە نێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران قسەکانتان بکەن؛ خۆ تەنیا پارتی و یەکێتی لەوێ نین و گۆڕانیشی تێدایە و خەڵکی دیکەش تێیدا بەشدارن؛ بۆیە ئەگەر پلانێکتان لەسەر حکومەت هەیە، لە ئەنجوومەنی وەزیران باسی بکەن. ئەنجوومەنی وەزیران شوێنی چارەسەری کێشەکانی حکومەتە.
 
رووداو: ئەوەتان بە گەرمی بە یەکێتی گوتووە؟ 
 
فازڵ میرانی: بەڵێ. پێویستیش ناکات پێیان بڵێین کە بگەڕێنەوە، ئەرکی خۆیانە. جەنابت بەرپرسی لە رووداو، ئەگەر کاک ئاکۆ پێت نەڵێت وەرە، ناچی بۆ دەوام؟ تۆ کارمەندی ئەوێی، مووچەی لەوێ وەردەگری و پێویست ناکات پێت بگوترێت وەرە، ئەگەر وەزیرێکیش ئەرکی خۆی نەزانێت، ئەی چۆن وەزیرە و بەسەر وڵاتدا حکوم دەکات؟
 
رووداو: ئەگەر من تۆزێک لە کاک ئاکۆ دڵگران بم و لە ماڵەوە بم، نابێ لێم بپرسێتەوە؟
 
فازڵ میرانی: کار مەکە و وازبێنە لە کارەکەت.
 
رووداو: ئەوەتان بە یەکێتی گوتووە؟
 
فازڵ میرانی: نا، ئێمە بەو زمانەی ئێرە قسە ناکەین. ئێمە تاوەکو بە نەرمی کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین پەنا بۆ شێوەی دیکە نابەین، لەبەر ئەوەی بەرپرسیارێتییەکمان هەیە. سبەی هەرچی لەم وڵاتە رووبدات، هەموو گلەیی لە پارتی دەکەن؛ هەموو دەڵێن کاک مەسعود برا گەورەیە و هەڵگری بەرپرسیارێتییەکەیە. برادەران بە منیان دەگوت کاک مەسعود بۆ وا و وا ناکات. منیش گوتم بۆچی؟ دەڵێن، ئەو براگەورەیە. گوتم لە ماڵدا خەڵک بە قسەی براگەورە ناکات؟ گوتیان بە قسەی دەکات، گوتم ئەی بۆچی ئێوە بە قسەی کاک مەسعود ناکەن؟ مادام برا گەورە و بەرپرسیارە، ئێوەش بە قسەی بکەن، بەڵام بۆ براگەورەیی تەنیا بۆ بەرپرسیارێتی بێ ماف و بە ئەرک دەکرێت؟ ئەوەش نابێت.
 
رووداو: بۆچوونی سەرۆک بارزانی لەبارەی ئەو پەیوەندییەی یەکێتی و پارتی چییە؟
 
فازڵ میرانی: سەرۆک بارزانی بەردەوام نیگەرانی ئەم ئەزموونەیە، نیگەرانی دۆخی خەڵکی هەرێمە، بۆیەش زۆر خۆی لەم کێشەیە نەداوە و هەر بۆ ئێمەی جێهێشتووە.
 
رووداو: جارێک گوتت کاک قوباد نیوە پارتییە، بەڵام کاک قوباد ئێستا توڕەیە لە پارتی.
 
فازڵ میرانی: ئەو کات قوبادیش خۆی توڕە کردبوو و گوتم ئەرێ تۆ بۆ خۆت توڕە دەکەی؟ ئێستا نێچیرڤانیش نیوەی هی خەڵکە و نیوەی هی ئێمەیە، نیوەی هی یەکێتییە. سەرۆکوەزیران، سەرۆکی حکومەتێکە. ئەی ئەو حکومەتە بە نیوەیی نییە؟ نیوەی هی ئێمەیە. نیوەی سەرۆکوەزیران هی ئێمەیە و نیوەی جێگری سەرۆکوەزیرانیش هی ئێمەیە. برادەرانی نێو یەکێتی و تووندڕۆکان، ویستیان کاک قوباد هان بدەن، بەڵام کە تۆ جێگری سەرۆکوەزیرانی، نیوەی تۆ هی منە.
 
رووداو: ئێستا ئەو نیوەیەی نەماوە لە نێو حکومەتدا؟
 
فازڵ میرانی: ماوە، چونکە جێگری سەرۆکوەزیرانە و خۆیشی دەڵێت جێگری سەرۆکوەزیرانم و ناڵێت جێگر نیم. ئێمەش نەمانگوتووە جێگری سەرۆکوەزیران نییە، بەڵام ئەگەر رایبگەیێنن جێگری سەرۆکوەزیران نییە، ئەوە بابەتێکی دیکەیە و ئێمە نایکەین.
 
رووداو: سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین جار هەوڵی داوە کە هەموان لەژێر چەترێک کۆ بکاتەوە.
 
فازڵ میرانی: هەوڵێکی دیکەش لە رێگەدایە بۆ ئاگاداریتان.
 
رووداو: هیچ بەنیازن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی لایەنەکان رێکبخات؟
 
فازڵ میرانی: بە رای ئێمە، ئەم چەترە، هی هەموو لایەنێکە. سەرۆکی هەرێم هی پارتییە بەڵام سەرۆکایەتی هەرێم تەنیا هی پارتی نییە و هی خەڵکی ئەم وڵاتەیە. بوونی هەموومان پێکەوە لەژێر ئەم چەترە، شتێکی سرووشتییە. ئەگەر ئەوە نەکەین لەکوێ کۆبینەوە؟ من کە دوای هەڵبژاردن ویستم سەردانی هەندێک لە حیزبەکان بکەم، چوومە لای یەکێتی، بەڵام هەندێک حیزب گوتیان پێویست ناکات سەردانی ئێمە بکەن، بەڵام سەرۆکایەتی هەرێم شوێنی هەموومانە. هەموومان دەتوانین لەوێ کۆببینەوە و قسەی خۆمان بکەین. سەرۆکی هەرێمیش درێغی نەکردووە. ئەو دیپلۆماسییەی کاک نێچیرڤان دەیکات، هەر لە دوای ریفراندۆمەوە تاوەکو ئێستا لە نێو حیزبەکاندا هەموومان ئومێدێکمان بەو هەوڵانە هەیە، چونکە ئەو هەوڵە خزمەتی ئامانجێک دەکات کە لە بەرژەوەندیی هەموومانە. ئەوەی پێی خۆش بێت یان ناخۆش لە کۆتاییدا بەرژەوەندی تێدایە.
 
رووداو: پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشنیازەکانی دۆست و دراوسێکانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی چەندە لا گرنگە و وەکو هۆشدارییەک دەیانبینێت؟
 
فازڵ میرانی: ئەگەر بۆ دواوە بگەڕێینەوە، لەدوای رێککەوتنی 11ی ئازارەوە تاوەکو ئێستا بەردەوام ئەمەمان لەبەرچاو گرتووە. ئێمە کە مام جەلالی خوالێخۆشبوو هات بۆ لای پارتی، هەر لە پێناو ئەو هاوڕییزییەدا بوو. دوای شەڕی نێوخۆیی 76 و 78،  کە لە خزمەت کاک ئیدریس ئاشتبوونەوەی گشتیمان کرد، هەر ئەو مەبەستەی هەبوو. لە راپەڕیندا بەرەی کوردستانیمان دروستکرد. دوای شەڕی شوومی نێوخۆیی لە ساڵی 98، جەنابی سەرۆک بارزانی و مام جەلالی رەحمەتی لە واشنتن ئاشتبوونەوە. هەموومان ئەوەمان لەبەرچاوە. ئەگەر راستگۆ بین لەگەڵ خۆمان و خەڵکەکەمان، ئەگەر ئاوا نەبین چی دەکەین؟
 
رووداو: دۆستەکانتان زیاتر لە خۆتان خەمی یەکڕیزییانە.
 
فازڵ میرانی: دۆستەکانمان بەرژەوەندیی خۆیانی تێدایە، بەڵام پرسیارێک هەیە، مەنتقە دۆستەکانی ئێمە لە ئێمە بەپەرۆشتر بن؟ ئەوە عەیبێکی گەورەیە بۆ کورد. من خۆم شەرم دەکەم ئەگەر ئەمریکی، فەرەنسی، یان ئینگلیزییەک بۆ یەکڕیزی و هاوڕیزیی حیزبە کوردستانییەکان لە من بە پرۆشتر بێت.
 
رووداو: یانی نێوان پارتی و یەکێتی ئەوەندە خراپ بووە کە بە راسپاردەی خەڵکی دیکە کۆببنەوە؟
 
فازڵ میرانی: نا، ئێمە ئێستاش دەتوانین بۆ خۆمان دابنیشین، واتا خۆشمان دابنیشین باشترە لەوەی خەڵکێک رامانسپێرێت.
 
رووداو: لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی حکومەتی شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پارتی گەشبینییەکی زۆری پێوە دیاربوو. ئێستاش وا بیر دەکەنەوە؟
 
فازڵ میرانی: من خۆم، تاوەکو عەقڵییەتی حوکمڕانی لە عێراق نەگۆڕێت، هیچ کات گەشبین نابم. ئەگەر پارەمان بۆ بنێرن، مووچەمان بدەنێ، بەڵام عەقڵییەتەکەیان هەر ئەوەی جاران بێت، من گەشبین نیم. لەبەر ئەوەی ئێمە کێشەمان لەگەڵ سوودانی، مالیکی، عەبادی و هیچ کەس نییە؛ کێشەمان لەگەڵ عەقلییەتی حوکمڕانیی عێراق هەیە.
 
شێوەی عەقلییەتی حوکمڕانییە ئەوەی بەسەر ئێمە و عێراقدا هێناوە. لە ساڵی 2003ەوە هەزاران ملیار دۆلار داهات هەبووە، جگە لە بودجەی عێراق، چونکە جیاوازی هەیە لە نێوان بودجە و داهات. ئێستا لای زۆنگاوەکان، هێشتا منداڵی عەرەبی عێراقی لە خانووی گڵیدا دەژین و قوتابخانەیان نییە، لەبەر ئەوەی شێوەی حوکمڕانیی عێراق شێوەیەکی هەڵەیە. ئەوان حەز ناکەن کورد ببێت بە شتێک. هەرکات لەم عەقڵییەتە پاشگەزبوونەوە، ئەو کات کێشەکان چارەسەر دەبن.
 
رووداو: ئێستاش ئەو عەقڵییەتە هەیە؟
 
فازڵ میرانی: نوخبەکانیان لە پەرلەمانن و زۆربەی شتەکان پەرلەمان لەسەر کوردی دەردەبڕیت. ئێمە مەگەر لەم وڵاتە بە زۆرینە و کەمینە رێککەوتنمان نەکرد؟ بە رێککەوتن، هاوبەشی و بە هاوسەنگی. ئەوان زۆرینەن و ئەگەر ئێمە 100 ئەندام پەرلەمانمان لە بەغدا هەبێت، 229 کەس بۆ ئەوان دەمێنێتەوە و دەبنە زۆرینە. ئەزموونیشمان هەیە کە لە چەندبەرەکیی خۆمان، یاسای هەڵبژاردنیان بەسەر ئێمەدا سەپاند بە زۆرینە، بودجەیان بەسەر ئێمەدا سەپاند بە زۆرینە و دەیانەوێت یاسای نەوت و گاز بەسەر ئێمەدا بسەپێنن بە زۆرینە. ئەوە عەقڵییەتی زۆرینە و کەمینەیە، لەبەر ئەوە من پەرۆشی عەقڵییەتی حوکمڕانییەکەم نەک کەسەکان، کەسەکان باشن بەڵام عەقڵییەتەکان باش نین. ئێمەی کورد، لە دەرەوەی عەقڵییەتی عێراق مامەڵە دەکەین، بە دوو قسەی خۆش دڵمان خۆش دەبیت، بەڵام دەبێ بزانین لە ناوەوە چی هەیە.
 
رووداو: بۆ ناچن لە ئێران کێشەکانتان لەگەڵ عێراق چارەسەر بکەن؟
 
فازڵ میرانی: ئێران نایەوێت کێشەکانمان چارەسەر بکات، جگە بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێت.
 
رووداو: شێوەی ئەوان چییە؟
 
فازڵ میرانی: ئێمە ناتوانین لە راگەیاندن ئەوە بڵێین.
 
رووداو: هیچ دڵنیاییەکتان لە لایەنەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت وەرگرتووە بۆ پابەندبوون بەو رێککەوتنەی ئێوە لە پارتی و یەکێتی لەگەڵ ئەوانی دیکە بۆ پێکهێنانی حکومەت واژۆتان کردووە؟
 
فازڵ میرانی: دڵنیایی لە نێوان ژن و پیاودایە، دڵنیایی لە ئەزموون و ئەرکدا دەردەکەوێت، من ناتوانم نیازیان بخوێنمەوە، بەڵام ئەرکرداربوونیان ئەوە لێکدەداتەوە.
 
رووداو: لە ماوەی زیاتر لەم 100 رۆژەدا حکومەتی سوودانی ئەرکەکانی بەڕێوەبردووە؟
 
فازڵ میرانی: بە رای من نا، سەرەتاییترین شتیش ئەوەیە، ئەو بڕیارە هەڵەیەی عادل عەبدولمەهدی و کازمی دایان، ئەوانیش درێژەی پێدەدەن و چاکیان نەکردووەتەوە. بڕینی ئەو 200 ملیارە کە دەڵێی خێرمان پێدەکەن، ئەوان بڕیان و ئەمانەش نەهاتن بڵێن ئەوانە مافی ئێوەیان خواردووە، ئێمە دەوڵەتی نوێیمان پێکهێناوە، فەرموو ئەوە پارەی کوردستان.
 
رووداو: ئەگەر ئەم ئەزموونە دووبارە بووەوە کە لە ساڵانی رابردوو لەگەڵ حکومەتەکانی دیکە هەتانبوو، رێککەوتن واژۆ بکەن و پەشیمان ببنەوە، هەڵوێستی ئێوە تەنیا لە چوارچێوەی گلەیی دەمێنێتەوە یان هیچ کارتێک هەیە کورد کەڵکی لێوەرگرێت؟
 
فازڵ میرانی: دەتەوێت ئێستا من بڵێم چی دەکەین؟ خۆ ئەوە مومکین نییە بڵێم. دیارە ئەوە نەبووە و ئەگەر بوو ئەوکات بڕیار دەدەین.
 
رووداو: لەگەڵ لایەنە سوننەکان ئەو رێککەوتنەتان ماوە کە بۆ پێکهێنانی حکومەت و هاوپەیمانی هەتانبوو؟
 
فازڵ میرانی: سوننەش دۆخیان لە ئێمە باشتر نییە لە نێوخۆیاندا.
 
رووداو: ئەگەر هەڵوێستێک لە لایەن کوردەوە هەبێت، سوننەکانتان لەگەڵ دەبێت؟
 
فازڵ میرانی: هەمووی سوننە نا.
 
رووداو: پێشتر زۆربەی سوننەکانتان لەگەڵ بوو؟
 
فازڵ میرانی: پێشتر رێکخستنی سوننەکان وەکو ئێمە جیا بوو. پێشتر ئێمەش یەک فراکسیۆنی کوردستانی هەبوو و حیزبە کوردییەکانی تێدا بوو.
 
رووداو: مەبەستم ئەو کوتلە گەورەی سوننەکانە. بەڕێز حەلبووسی و بەڕێز خەنجەر، ئەوانەتان لەگەڵ ماوە؟
 
فازڵ میرانی: بە رواڵەت لەگەڵ ئێمە ماون، بەڵام هێشتا هەڵوێستێک نەهاتووەتە پێش کە بڵێین تاسەر لەگەڵ ئێمەن. دەبێ لەسەر هەڵوێستەکان بڕیار بدەین. شتێک بێتە پێش و ئەگەر هەڵوێستیان لەگەڵ ئێمە بوو، بە ئەرێنی دەزانین و ئەگەر لەگەڵ ئێمە نەبوون دەڵێین لەگەڵ ئێمە نین.