رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، عێراق بۆشایی لە بەکۆگاکردنی ئاو هەیە و پێویستە بەنداوی گەورە دروست بکرێن. ئاماژە بەوەش دەکات، رێککەوتنی گرنگ لەنێوان عێراق و تورکیا هەیە بۆ دروستکردنی بەنداو لەسەر ئەو ئاوانەی لەو وڵاتەوە دەڕژێنە نێو عێراق.
محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە پلانی کشتوکاڵیی حکومەتی فیدراڵی کرد، لەبارەی دوورخستنەوەی بەشێک لە ناوچەکان لە پلانەکە رایگەیاند، "بەگوێرەی پلانی ئاو کار دەکەین کە لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان دامانڕشتووە."
محەممەد خوزاعی گوتی، پلانە کشتوکاڵییەکان لەسەر دوو بنەما دادەڕێژرێن، "بنەمای یەکەم بەندە بە بڕی بوونی ئاو، کە بەشی چاندنی ئەو خاکە بکات کە هەیە. خاڵی دووەمیش ئەو بڕە ئاوەیە کە دەتوانین بیدەینە جووتیاران کە مافیانە."
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 5.5 ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی هەیە، کە ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنمی دەکرێتە گەنم و جۆ. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەبارەی ئەو بڕە گەنمەی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت گوتی، "پێشتر لەسەر بڕی 700 هەزار تۆن رێککەوتن هەبوو. وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی پشکی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت کە پەیوەندیی بە پلانی زستانەوە هەیە. پارەکەیش لەلایەن گەنجینەی ناوەندییەوە خەرج دەکرێت. بۆیە وەکو هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئەوەش هەژمار دەکرێت بۆئەوەی بڕە پارە پێویستەکەی بۆ دابین بکرێت."
بڕیارە حکومەتی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێ بەنداوی گەورەی دەڵگە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، باکورمان لە دهۆک و مەنداوە لە پارێزگای هەولێر دروست بکەن، تێکڕا توانای گلدانەوەی نزیکەی ملیارێک مەتر سێجا ئاویان هەیە.
بە گوتەی محەممەد خوزاعی، عێراق پێویستی بە دروستکردنی بەنداوە بۆ گلدانەوەی ئاوی زیاتر، "عێراق بۆشایی زۆری لە بەکۆگاکردنی ئاو هەیە. ئەو بەنداوە زۆر گەورانەی هەمانن، خۆیان پڕ نین و عێراقیش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کێشەی کەمئاویی زۆری هەیە."
رۆژی 23ی نیسانی 2024 تورکیا و عێراق 26 رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد، شەش یاداشتنامەیان تایبەت بوون بە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان و کشتوکاڵ.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنێکی گرنگ لەنێوان عێراق و تورکیا هەیە بۆ دروستکردنی بەنداو، "بۆئەوەی سوود لە ئاوی رژاوی وڵاتانی هەرێمی وەربگرین و زامنی ئەوەش بکەین ئاوەکە زیان بە ناوەندی پارێزگاکان نەگەیێنێت."
محەممەد خوزاعی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ لێکتێگەیشتن لە سەرجەم بوارە جیاوازەکان کە پەیوەندییان بە دۆخی عێراقەوە هەیە، هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی و وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان هەیە.
پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق:
رووداو: هەندێک ناوچە لە پلانی کشتوکاڵ دوورخراونەتەوە بەهۆی نەبوونی ئاو، بەڵام ئەو ناوچانە بارانێکی پێویستیان تێدا دەبارێت. بۆچی ئەم بڕیارە دراوە؟
خوزاعی: بەدڵنیاییەوە ئێمە بەگوێرەی پلانی ئاو کاردەکەین کە لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان دامانڕشتووە. ئامانج لەو پلانە هاوبەشە لەبەرچاوگرتنی دۆخی خراپی ئاوە لەسەر ئاستی عێراق. سەرباری ئەوەش، ناکرێت هەموو زەوییەکان بکێڵدرێن. بەڵام بەروبوومە ستراتیژییەکان بەگشتی و گەنم بەتایبەتی دەوڵەت بایەخی زۆریان پێدەدات. پێویستییەکانمان لە گەنم ناگاتە پێنج ملیۆن تۆن؛ هەروەها ئێوەش باش دەزانن نرخی فرۆشی گەنم لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە 500 هەزار دینار ناگاتە بەندەرەکانمان لە پارێزگای بەسرە. ئەمە لە کاتێکدایە دەوڵەت بە 850 هەزار دینار گەنم لە جووتیارانی دەکڕێت. بەمەش 350 هەزار دینار پاڵپشتی لە جووتیارانی دەکات بۆ هەر تۆنێک. ئەمە بڕێکی زۆری پارەیە. ئێوەش دەزانن عێراق وەک وڵاتانی دیکە بودجەی سنووردارە و رەنگە نەتوانێت هەموو پێداویستییەکانی پڕبکاتەوە. هەندێکجار نرخی نەوت دادەبەزێت، زۆرجار پێویستمان بە زۆر شتی بەپەلە و لەناکاو دەبێت وەک دەوڵەت. ئەنجام، پلانە کشتوکاڵییەکان لەسەر دوو بنەما دادەڕێژرێن. بنەمای یەکەم بەندە بە بڕی بوونی ئاو کە بەشی چاندنی ئەو خاکە بکات، ئەوەی بڕیاری لەسەر دەدرێت. خاڵی دووەمیش ئەو بڕە ئاوەیە کە دەتوانین بیدەینە جووتیاران کە مافیانە. بۆیە پرۆسەکە ئاسان نییە کە بڵێیت هەموو زەوییەکان دەکێڵرێن، ئەوە لە کاتێکدایە رەنگە ئاوی تەواوت نەبێت بۆ چاندن. بۆیە دید و تێڕوانینێکی تایبەت بە وەزارەتی کشتوکاڵ هەیە و بەهەمان شێوە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاویش تێڕوانینی دیکەی دەبێت. ئەوەش تەنیا بەند نییە بە پێداویستییەکانی وەزارەتی تەندروستییەوە. پێداویستی تەندروستیی ئاو، پێداویستی یەکجار زۆر بۆ ئاوی خواردنەوە، پێداویستی وزە هەیە. بۆیە ئێمە بەشێکین لە پێداویستییەکانی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵی. بۆیە کاتێک پلانی کشتوکاڵی دادەڕێژرێت، دەبێت هەموو ئەم دیوە جیاوازانەش لەبەرچاو بگیرێن کە ئەوانیش هێندەی پلانی وەزارەتەکەمان پێویستن.
رووداو: چەند گەنم لە هەرێمی کوردستان وەردەگرن؟
خوزاعی: ئەمە بەگوێرەی رێککەوتنە لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان. پێشتر لەسەر بڕی 700 هەزار تۆن رێککەوتن هەبوو. بەڕێزتان دەزانن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی پشکی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت کە پەیوەندی بە پلانی زستانەوە هەیە. پارەکەیش لەلایەن گەنجینەی ناوەندییەوە خەرج دەکرێت. بۆیە وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئەوەش هەژمار دەکرێت بۆ ئەوەی بڕە پارە پێویستەکەی بۆ دابین بکرێت.
رووداو: بۆچی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق یارمەتی جووتیارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نادات بە تۆو و پەین؟
خوزاعی: ئەوە لەیاد مەکە، برایانمان لە پارێزگاکانی باکوور هەولێر، دهۆک و سلێمانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویان هەیە. ئەوانیش بودجەیان هەیە. لە بابەتی دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتی و سرووشتی سیستمی سیاسی لە عێراق، وەزارەتێک هەیە بەناوی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کە دەبێت بودجەی هەبێت بۆ ئەوەی چاو بەم بابەتانەدا بگێڕێت. سەرباری ئەوەش، وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی فیدراڵی پلانی کشتوکاڵی دادەڕێژێت کە پارێزگاکانی هەرێمیش دەگرێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی بازرگانی، بەروبوومی برایان لە هەرێم وەردەگرێت و پارە و شایستەکانیشیان پێ دەدات. ئەمڕۆش هەندێک ئەرک و بەرپرسیارێتی هەن بە راستی پەیوەندییان بە وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێم هەیە.
رووداو: هەوڵەکان بە کوێ گەیشتوون سەبارەت بە بڕیاری دروستکردنی چوار بەنداو لە هەرێمی کوردستان؟
خوزاعی: لە راستیدا دەبێت ئەم پرسیارە سەرەتا ئاراستەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و ئەو لایەنە پەیوەندیدارە بکرێت کە راستەوخۆ ئەو کارە دەکەن. بەڵێ، پێویستمان بە دروستکردنی بەنداو هەیە بۆ گلدانەوەی ئاو لە هەموو روویەکەوە. هەرچی کۆگا زۆر گەورەکانن، وەک دەزانن عێراق بۆشایی زۆری لە بە کۆگاکردنی ئاو هەیە. ئەو بەنداوە زۆر گەورانەی هەمانن، خۆیان پڕ نین و عێراقیش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کێشەی کەمئاوی زۆر هەی. زۆر پێویستمان بە بەنداو هەیە بۆ ئەوەی سوود لە ئاوی رژاوی وڵاتانی هەرێمی وەربگرین و زامنی ئەوەش بکەین ئاوەکە زیان بە ناوەندی پارێزگاکان نەگەیێنێت. پێم وایە رێککەوتنێکی گرنگ لەنێوان عێراق و تورکیا هەیە بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە بەنداوانە.
رووداو: هەندێکجار جووتیارانی هەرێمی کوردستان کێشەی گواستنەوەی بەرهەمیان لە بازگەکان هەیە.
خوزاعی: برای بەڕێزم، کێشەی بازگەکان هەیە. هەموو جووتیارێک کێشەی لەگەڵ بازگەکان نییە. هەندێک شت هەن لایەنی پەیوەندیدار کاریان لەسەر دەکات، لایەنی چاودێریکار و جێبەجێکار مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە دۆخانەدا دەکەن. ئەمە بەرپرسیارێتی وەزارەتی کشتوکاڵ نییە. دەرەنجام میکانیزمی کارکردن هەیە لەنێوان پارێزگاکانمان لە هەرێم و پارێزگاکانمان لە عێراق. بۆیە دەبێت رێز لە میکانیزمی کارکردن بگیرێت. هەندێک لە بەروبوومەکان نابێت رێگە بە هاتنەژوورەوەیان بدرێت و هۆکاریشیان روون و دیارە. جووتیارێک یان بازرگانێک کێشەی لەگەڵ بازگەیەک دەبێت بە مانای ئەوە نایەت کە کێشەی گشتییە. بۆیە دەکرێت ئەو میکانیزمانە لایەنە پەیوەندیدارەکان کاریان لەسەر بکەن و مامەڵەی فەرمی لەگەڵدا بکەن.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم، هەوڵەکانتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا و رووبەری سەوزایی لەسەرتاسەری عێراق بە کوێ گەیشتوون؟
خوزاعی: لە راستیدا لە مانگی ئاداری 2023دا سەرۆکوەزیران دەستپێشخەرییەکی هەبوو بۆ رواندنی پێنج ملیۆن نەمام لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق. سوپاس بۆ خودای گەورە، وەزارەتی کشتوکاڵ رۆڵی باشی تێیدا هەبووە. هەروەها لیژنەیەک پێکهات بەسەرۆکایەتی دکتۆر عەباد جەبر مالیکی و توانیمان لە ماوەیەکی دیاریکراودا ژمارە راگەیێندراوەکە تێپەڕێنین، ئەویش بە رواندنی شەش ملیۆن و 250 هەزار نەمامی جۆراوجۆر، هەر لە زەیتوونەوە بگرە تا دەگاتە مزرەمەنییەکان و خورما، کالیپتۆز، دارەکانی جوانی. هەروەها دەستپێشخەرییەکی دیکەش هەبوو بۆ رواندنی نەمام و زیادکردنی سەوزایی لە بەغدا لە ئەیلوولی ئەم ساڵدا. ئەوە جگە لە دەستپێشخەری رواندنی 10 ملیۆن نەمامی جیاواز کە لە مانگی ئۆکتۆبەر دەستمان پێکرد. دەکرێ بەم دەستپێشخەرییانە گۆڕانکاری زۆر گرنگ رووبدەن لەسەر ئاستی عێراق بەهۆی ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا بە بیابانبوون رووی تێکردین و زیانی یەکجار زۆرمان بەرکەوت لە رووی کشتوکاڵ و ژینگەوە. بەردەوامبوونی ئەم دەستپێشخەرییانە شوێنەواری بەبیابانبوون کەم دەکاتەوە. پێم وایە هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی و وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم هەیە بۆ لێکتێگەیشتن لەسەرجەم بوارە جیاوازەکان کە پەیوەندییان بە دۆخی عێراقەوە هەیە. هەندێک بابەت پەیوەندیی راستەوخۆیان بە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمەوە هەیە، بەڵام هەندێک بابەت کە هەموو عێراق دەگرێتەوە، پێم وایە لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگیی هەیە لەنێوان هەردوو وەزارەتدا. هەر بەم بۆنەیەوە، ساڵانە بەشێکی زۆری برایانی جووتیارانی لە هەرێم سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەکەن لە بەغدا کێشەکەیان بۆمان باس دەکەن و پێشنیازەکانیان ئاراستەمان دەکەن، چونکە دەبینن پێشوازی گەرمییان لێ دەکرێت و گوێ بە سکاڵا و پێشنیازەکانیان و تەنانەت دەستپێشخەرییەکانیان دەگیرێت، بەخێرایی مامەڵە لەگەڵ کێشەکانیان دەکرێت و کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت. زۆرجار ئێمە کێشەکانمان بۆ چارەسەر کردوون، ئەمەش وایکردووە ساڵ دوای ساڵ سەردانەکانیان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی روو لە هەڵکشان بکات و وەزارەتەکەمان بە وەزارەتی دایک دەبینن و باوەڕیان بەوەیە کە وەزارەتەکەمان بایەخی زۆر بە کێشەکانی جووتیارانمان لە هەرێم دەدات، وەک چۆن بایەخ بە جووتیارانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ