رووداو دیجیتاڵ
نووسەر و شارەزایەکی زمانی کوردی دەڵێت، چەندین ساڵە سوێد بڕیاری داوە زمانی دایک بۆ منداڵانی بیانی بخوێنرێت، "ئەو پێشەنگە لە جیهان لە گرنگیدان بە زمانی دایک." گوتیشی: "پار نزیکەی 7 هەزار منداڵی کورد لە سوێد زمانی کوردییان دەخوێند."
فەهمی کاکەیی، نووسەر و شارەزا لە زمانی کوردی شەوی دووشەممە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە کاوە ئەمین پێشکێشی کرد گفتوگۆ لەبارەی زمانی دایکەوە کرا و ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەکرد: "منداڵ لە دایک و باوکێکی زمان جیاواز فێری کام زمان بێت ئەوە زمانی دایکە."
فەهمی کاکەیی هۆشداری لەبارەی کەمبوونەوەی خوێندنی زمانی کوردی لە سوێد دەدات و دەڵێت: "ساڵانە 2٪ فێربوون بە زمانی کوردی لەو وڵاتە کەمدەبێتەوە."
ئەو شارەزایەی زمانی کوردی هۆکارەکەشی بۆ نەوەی سێیەمی کۆچبەرانی کورد لەو وڵاتە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: ئەو توێژە "زۆر گرنگی بە زمانی کوردی نادەن."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەهمی کاکەیی، نووسەر و شارەزا لە زمانی کوردی:
رووداو: لەو گرفتانەی کە رووبەڕووی کۆچبەران و پەنابەرانی کورد دەبێتەوە لە دەرەوەی وڵات یاخود لە تاراوگە ئەوەیە کە چۆن بتوانن منداڵەکانیان فێری نووسین و خوێندنەوە و زمانی کوردی بکەن، ئەو گرفتانە چین کە رووبەڕووی قوتابییان و دایبابان و مامۆستایان دەبنەوە لە دەرەوەی وڵات بۆ فێربوونی زمانی کوردی. بۆ نموونە وڵاتێکی وەکو سوێد، تاچەند گرنگی بە زمانی دایک دەدات مەبەست چییە لە زمانی دایک، ئەمە و کۆمەڵێک بابەتی گرنگ و پەیوەندیدار بە زمانی کوردی و فەرهەنگی کوردی لەگەڵ مامۆستا فەهمی کاکەیی نووسەر و مامۆستای زمانی کوردی لە سوێد و هەروەها شارەزا لە زمانی کوردی تاوەتوێ دەکەین، کاک فەهمی زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفتە، ئەگەر پێناسەیەکی زمانی دایک بکەین تۆ چۆن پێناسەی دەکەی؟
فەهمی کاکەیی: زمانی دایک یەکەم زمانە کە مناڵ فێری دەبێت و بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاری دەهێنێت، ئینجا زمانی دایک مەرج نییە هەر زمانی دایکەکە بێت، زمانی دایک لە حاڵەتێکە کە دایک و باوک بە هەمان زمان قسە بکەن، یان هەمان زار قسە بکەن ئەوە ئیتر شکی تێدا نییە کە زمانی دایکەکەیە، بەڵام جاری وا هەیە ئەگەر دوو زاری جیاواز قسەیان کرد رەنگە مناڵەکە بەزاری باوکەکە زمان بگرێت نەک بەزاری دایکەکە، هەروەها لە شوێنێکی وەکو سوێد با بڵێین رەنگە دایک و باوک بە هەمان زمان قسە نەکەن.
رووداو: ئەی ئەگەر لە دوو نەتەوەی جیاواز بن؟
فەهمی کاکەیی: بۆ نموونە یەکێکیان کوردە لەو کاتەدا مناڵەکە بە کام زمان زمانی گرت ئەوە زمانی دایکیەتی، ئینجا لە شوێنی واش هەیە، جاری وا هەیە کە زمانی فەرمی وڵاتەکە وەکو زمانی دایک دەژمێردرێت، بەڵێ.
رووداو: بەڵێ، بڵێین دەستەواژەیە لە کەیەوە بەکاردێت کێ بەکاریهێنا، تایبەتە بە زمانێکی تایبەت یاخود هەموو زمانی دایکی ئەگرێتەوە؟
فەهمی کاکەیی: ئێستا لەم کاتەدا بەڵێ، کە گوتت زمانی دایک هەموو شوێنێک دەگرێتەوە هەموو کەسێک دەزانێت زمانی دایک چییە و مەبەست لێی چییە، بەڵام کاتی خۆی بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەکو سوێد ناوی زمانی دایک نەبوو، بەڵکو ناوی زمانی ماڵەوە بوو، یانی لە ماڵەوە بە چ زمانێک قسە دەکرێت، بەڵام ئێستا ئەویش نەماوە هەر ناوێ ناوە زمانی دایک.
رووداو: وڵاتێکی وەکو سوێد کە جەنابتان لەوێ وەکو مامۆستا کارتان کردووە و شارەزای فەرهەنگ و شێوەی بەڕێوەبردنین، بە تایبەتی وەزارەتی پەروەردە، بۆچی سوێد گرنگی زۆر دەدات بە زمانی دایک، ساڵانە وەکو دەڵێن ملیۆنان کڕۆن لەم بوارەدا خەرج دەکات هۆکار چییە؟
فەهمی کاکەیی: سوێد پێشەنگە لە هەموو دونیا بۆ فێرکردنی زمانی دایک، ئەوان بۆیان دەرکەوتووە ئەو منداڵەی کە زمانی دایکی بەباشی بزانێت بە ئاسانی فێری زمانی سوێدی دەبێت و بە ئاسانی فێری زمانەکانی دیکەش دەبێت، بۆیە گرنگییەکی تایبەت دەدەن بە زمانی دایک، هەروەها لەو روانگەیەوە کە سوێد وڵاتێکی فرە فەرهەنگە یانی فرە کولتوورە فێربوونی هەر زمانێک مانای ئەوەیە فێربوون و پیادەکردنی کولتوورێکی نوێ سەر بەو زمانەیە، ئینجا ئەگەر بڵێین باسی منداڵی کورد بکەین، منداڵی کورد کە دوو زمان بزانێ واتە دوو دانە فەرهەنگیشی هەیە، ئەو فەرهەنگە گشتییەی وڵاتەکە دەوڵەمەندتر دەکات، هەروەها ئەگەر زمانی دایک بەباشی بزانێ بابەتەکانی دیکەش بە چاکی فێردەبێت یان ئاسانکاری بۆ دەکات.
رووداو: لەکەیەوە زمانی دایک لە سوێد دەخوێندرێ، زیاتر مەبەستمان زمانی کوردییە، لە چ ساڵێکەوە بووەتە فەرمی؟
فەهمی کاکەیی: زمانی دایک لە سوێد نزیکەی پەنجا و هەشت ساڵ بە لە ئێستا دەستیپێکرد ئەو کاتە زۆر زۆر فەرمی نەبوو، پاشان ساڵی 1977 ریفۆرمێک کرا ئەو کاتە بڕیاراندا شارەوانییەکان ناچارن یان بەرپرسن لەوەی کە زمانی دایک بۆ مناڵە بێگانەکان دابین بکەن لەو کاتەوە زمانی کوردیش وەکو زمانی دایک گوتراوەتەوە، هەڵبەتە بە چەند زارێکی جیاواز گوتراوەتەوە تا ئێستا بەردەوامە، من شەخسی خۆم لە ساڵی 1988وە زمانی دایکم گوتووەتەوە یان زمانی کوردیم گوتووەتەوە، لە سوێد لە 1977 کرا بە فەرمی، ئەو کاتە ئیتر ئازادیان دا بە شارەوانییەکان کە خۆیان چۆنی رێکدەخەن، بەڵام بەرپرسیارن لەوەی کە زمانی دایک بگوترێتەوە.
رووداو: باسی ئەوەت کرد لە سوێد بە سێ زاراوە بە سۆرانی و کرمانجی و زازاکی وانە دەگوترێتەوە، ئەمە گرفتی دروست نەکردووە یاخود حکومەتی سوێد کۆمۆنەکان بە چ چاوێک سەیری دەکەن، هەمووی وەکو زمانی کوردی هەژمار دەکەن یاخود بە چاوێکی دیکە سەیری دەکەن؟
فەهمی کاکەیی: نا هەمووی وەکو زمانێکە هەر هەموویان ناوی زمانی کوردییە، بەڵام چونکە بابەتەکە زمانی دایکە کەواتە دایکەکە بە چ زارێک یان لە ماڵەوە بە چ زارێک قسەکرا بەو زارەش قوتابی بۆیان هەیە کە زمانی دایک بخوێنن، باسی کرمانجیت کرد ئێمە دوو دانە کورمانجیمان هەیە لەوێ، کرمانجییەکی بۆتانی بە ئەلفوبێی لاتینی، کرمانجییەکی بادینی بە ئەلفوبێی کوردی-عەرەبی، ئینجا کوردی ناوەڕاستیشمان هەیە، ئینجا زازاکیش هەیە، هەڵبەتە هەورامی ئاخێوەکانیش دەیانەوێ منداڵەکانیان بە زمانی دایک بخوێنن لەوە ئەچێ تائێستا هەلومەرج فەراهم نەکرابێت بۆ ئەوەی ئەوانیش دەست پێبکەن بە زمانی دایک بخوێنن.
رووداو: مامۆستا هەندێک جار هەیە گومان لەوە دەکرێ هەندێ لە وڵاتان بۆ ئەوەی زمانی کوردی پەرش و بڵاو بکەن ئەوەندە گرنگی بە زارە جیاوازەکانی زمانی کوردی دەدەن بە بڕوای تۆ وەکو مامۆستایەک یانی ئەمە وایە مەبەستێک هەیە لەمەدا یاخود ئەمە هەر بابەتی پەروەردە و فێربوونە و هیچ مەبەستێکی تێدا نییە؟
فەهمی کاکەیی: نانا هیچ مەبەستێکی تێدا نییە وەکو پێشتر باسم کرد ئەمە پەیوەندی نییە بە زمانی ستانداردی کوردییەوە، یانی سوێد ناتوانێ بڵێ ئەم زارە زمانی ستانداردە وەرن هەمووتان بەم زارە بخوێنن، ئەو ئەڵێ من زمانی دایک فێری منداڵەکانتان ئەکەم یانی قوتابخانەکان کەواتە زمانی دایک ئەگەر مناڵەکە بە بادینی قسەی کرد لە ماڵەوە ئەبێ بادینی پێ بگوترێتەوە ئەگەر بە کرمانجی قسەی کرد بە هەمان شێوە ئەگەر کوردی ناوەندی یان سۆرانی قسەی کرد ئەبێ ئەوەی پەیوەندی بەوەوە نییە.
رووداو: ئامارێک هەیە لە سوێد کە چەند منداڵی کورد بە زمانی دایکی دەخوێنێ، تاچەند قوتابییان و دایبابان کەڵکیان لەو مافانە وەرگرتووە کە لە سوێد هەیە بۆ ئەوەی مناڵەکانیان فێری خوێندن و نووسینی زمانی کوردی بکەن.
فەهمی کاکەیی: بەڵێ ئەم ئامارەی کە من باسی دەکەم هی ساڵی خوێندنی 2023- 2024ـە ئاماری تازە جارێ دەرنەچووە بۆ ئەمساڵ 2024- 2025 دەرنەچووە. ساڵی 2023- 2024، پازدە هەزار و 500 و 75 قوتابی کورد لە قوتابخانەی بنەڕەتی یان پۆلی یەک تاوەکو 9 مافی ئەوەیان هەبوو زمانی دایک بخوێنن. بەڵام لەبەر ئەوەی ئارەزوومەندانەیە بەشێک لەو منداڵانە ناخوێنن یان دایک و باوکەکان ئارەزوویان لێ نییە مناڵەکانیان بە زمانی کوردی بخوێنن یان فێری زمانی کوردی ببن، ساڵی رابردوو لە کۆی ئەو ژمارەیەی مافی خوێندیان هەبوو 49٪بە زمانی کوردی خوێندیان، بەڵام ئەگەر تۆ لێم بپرسی ئەم رێژەیە بەرەو خوارەوە دەڕوات یان بەرەو سەرەوە، دەڵێم رێژەکە بەرەو خوارەوە دەڕوات یانی ئەم پێنج ساڵەی دوایی من تەماشای ئامارەکانم کردووە هەموو ساڵێک دوو یەکەی سەدی دادەبەزێت، هۆکاری ئەوەش ئێمە باسی نەوەی دووەم و سێیەمی کۆچبەران دەکەین، ئەوانەی کە نەوەی یەکەم بوون هاتن ئەوان منداڵیان هەبوو لە کوردستانەوە لەگەڵ خۆیان هێنابوویان هەندێک کوردیان دەزانی یان لە قوتابخانەکاندا بوون، گرنگ بوو بەلایانەوە منداڵەکانیان بەردەوامی بدەن بە زمانی کوردی، بەڵام ئێستا ئەو منداڵانەی کە لە سوێد بوون و گەورە بوون و ژنیان هێناوە منداڵەکانیان لەوێ هاتوونەتە دونیاوە وەکو دایک و باوکی خۆیان گرنگی نادەن بەولایەنە و ژمارەی قوتابیان کەمبووەتەوە، هەروەها هەندێک کۆسپ و تەگەرەش هەن و دێنەڕێ بۆ نموونە خوێندنی زمانی دایک دوای دەوامی قوتابخانەیە، کاتێک هەموو قوتابیەکان دەچنەوە ماڵ قوتابییە کوردەکان یان ئەوانەی کە زمانی دایک دەخوێنن، دەبێ بمێننەوە و زمانی دایک بخوێنن، قوتابی ئارەزووی ئەوەی نابێت زمانی دایک بخوێنێت لە حاڵەتێکەدا کە مناڵەکانی دیکە بە شتی دیکەوەوە خەریکن، هەروەها کەمی و نەبوونی مامۆستاش هۆکارێکی دیکەیە.
رووداو: مەرجە ئەوانەی زمانی کوردی لە خوێندگەکانی سوێد دەڵێنەوە مامۆستا بن یان تەنیا شارەزابن؟
فەهمی کاکەیی: ئەمە یەکێکە لە گرفتەکان ئەوان با بڵێن قوتابخانەکان کە رایدەگەیێنن پێویستیان بە کەسێکە زمانی دایک بڵێتەوە، زمانی کوردی یان هەر زمانێک رەنگە چەند کەسێک داوای ئەو کارە بکەن، بەڵام بە پلەی یەکەم ئەوان کارەکە دەدەن بەو کەسەی کە مامۆستایە یانی خوێندوویەتی بۆ ئەوەی ببێت بە مامۆستا و رەنگە شارەزایشی هەبێ، بەڵام ئەگەر هەر کەسێکیان دەست نەکەوت ناڵێن لەبەر ئەوەی کەسێکمان دەست نەکەوت، کە خۆی مامۆستا بێت ئێمە زمانی دایک ناڵێنەوە، چەند هۆکارێک هەیە ئەڵێن هەر ئەوەندە بزانن کەسەکە گونجاوە بۆ ئەوەی زمانی دایک بڵێتەوە دایدەمەزرێنن وەکو مامۆستای زمانی دایک، ئەمە یەکێکە لە گرفتەکان گرفتێکی ئەوەی دیکە ئەوەیە کە ئایا کتێبی گونجاو هەیە بۆ ئەوەی ئەو مامۆستایە بەکاری بهێنێت کە قوتابییەکان حەزیان لێ بێت و کتێبەکە چۆن نووسراوە بە پێی هەلومەرج و داخوازییەکانی دەوامی خوێندنگەکانی سوێد نووسراوە یان کتێبێکە لە کوردستانەوە هاتووە یان لە وڵاتێکی عەرەبیەوە هاتووە کە بۆ منداڵی دەرەوەی وڵات نەنووسراوە، ئینجا خاڵێکی دیکەش هەیە کە گرنگە ئەویش گرنگی دانی دایک و باوکە بەوەی کە مناڵەکانیان فێری زمانی دایک ببن چەند یارمەتی منداڵەکان دەدەن لە ماڵەوە، گرنگە لێرەدا بڵێ مەرج نییە دایک و باوک خوێندەوار بن بۆ ئەوەی بتوانن یارمەتی منداڵەکانیان بدەن هەر ئەوەندە بەسە دایک و باوکەکە لە مناڵەکان بپرسن ئەمڕۆ زمانی کوردیت هەبوو، مامۆستا چی پێگوتی و هانیان بدەن.
رووداو: باسی کتێبت کرد، کێن ئەوانەی کتێب بۆ پرۆگرام دەنووسن، جەنابت شارەزای و کتێبت لەوبارەیەوە نووسیوە، چۆن رەچاوی هەلومەرجی قوتابییەکان و کولتوور و فەرهەنگی قوتابییان دەکرێت، هیچ مەرجێک هەیە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و کۆمۆنەکانەوە بۆ ئەوەی کە ئەو کتێبانە چاپ بکەن و ئەبێ لەگەڵ پەروەردەی سوێد دا بگونجێت؟
فەهمی کاکەیی: گرنگە لێرە ئاماژە بەوە بکەم کە دەوامی خوێندنگەکانی سوێد لەجیاتی وەزارەتی پەروەردە بابڵێن ناوی وایە، ئەوان خۆیان کتێب نانووسن، ئەوان چی ئەنووسن پرۆگرامی خوێندن ئەنووسن بۆ هەموو بابەتەکان، لە بابەتی زمانی دایک نووسراوە قوتابییانی قوتابخانەی بنەڕەتی لە یەک تاوەکو 9 کراون بە سێ بەشەوە، یەک تاوەکو سێ، چوار تاوەکو شەش، حەوت تاوەکو نۆ، لە هەر یەکە لەم قۆناخانەدا منداڵ لە بابەتی زمانی دایک ئەبێ فێری چی ببێ، یەک دوو سێ هەموو خاڵەکان نووسراون ئەمە تەنیا بۆ زمانی کوردی نییە، بۆ هەموو زمانەکانە، ئەوجا کێیە کتێبەکان ئەنووسێت ئەوانەن کە نووسەرن، مامۆستان دەبێ هەموو ئەم شتانەیان هەبێت، هەروەها سەلیقەشیان هەیە لە نووسینە تەماشای ئەو خاڵانە دەکەن لە نووسینی کتێبەکانە رەچاوی ئەو خاڵانە دەکەن کە وا وەزارەتی پەروەردە یانی دەوامی خوێندنگەکانی سوێد بڕیاری لەسەرداوە، ئینجا چۆن بزانین کتێبێک باشە یان باش نییە. بۆ ئەوەی لە قوتابخانەکان بەکاربێت، ئەو کاتە مامۆستاکان ئەوانەی کتێبەکە بەکاردەهێنن خۆیان بڕیار دەدەن ئایا بە گوێرەی پرۆگرامی خوێندنی زمانی دایک لە سوێد نووسراوە یان نە ئیتر بەو شێوەیە کتێبەکان هەڵدەبژێرن یانی ئەوەی لە کۆتاییدا بڕیار دەدات چ کتێبێک بخوێنرێت مامۆستای زمانی دایکە، یانی راستەی ئەمە بیست و پێنج ساڵێکە من و چەند هاوڕێیەکم کاتی خۆی دەستمان پێکرد بەیەکەوە کتێبی زمانی کوردیمان یان زمانی دایکمان نووسییەوە لەو بیست و پێنج ساڵەدا زۆر گۆڕانمان بەسەر هێناوە بە چەند قۆناخێک رەتبووە، ئێستا تاڕادەیەکی باش سەقامگیر بووە و یانی دەتوانم بە شانازییەوە و بڵێم زۆربەی هەرە زۆری قوتابخانەکانی سوێد کتێبەکانی ئێمە بەکاردەهێنن، هەروەها لە وڵاتانی دیکەش بەکاردەهێنن، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا، فینلاند، نەرویج و سویسرا ئەو کتێبانەی ئێمە بەکاردەهێنن.
رووداو: لە کوردستان و هەڵبەتە لێرەش ئێستا هەندێ گۆڕانکاری کراوە، هەموومان لە کتێبەکەی ئەمین باڵدار فێری خوێندن و نووسینی کوردی بووین، بۆچی ئێوە کەڵک لەوە وەرناگرن؟ ناگونجێ لەگەڵ سیستەمەکەی سوێد یاخود هۆکاری چییە کە ئێوە کەڵکی لێوەرناگرن؟
فەهمی کاکەیی: کاتێک کە باس دێتە سەر کتێبی ئەلفوبێی نوێی باڵدار دەبێ هەموومان هەڵسینە پێوە و شوێنێکی تایبەتی لە فەرهەنگی کوردی دا گرتووەتەوە لە فەرهەنگی قوتابخانەی گرتووەتەوە، ئەو کتێبە ساڵی 1951 نووسراوە واتە 73 ساڵ بەر لە ئێستا نووسراوە، دوای ئەوە لە ماوەی سێ و چوار ساڵی سەرەتادا کەمێک گۆڕانی بەسەردا هاتووە تا بەو شێوەی کۆتایی کە بەکارهاتووە، ئەو کاتە کتێبی ئەلفوبێ بەو شێوەیە ئەنووسرا، بەڵام ئێستا کتێبی ئەلفبێ بەو شێوەیە نانووسرێ ئێستا هەلومەرجێکی نوێ هاتووەتە کایەوە بۆ نموونە ئێستا ئەم کتێبە تەنیا ئەلفبێیە کە ئەڵێ ئەلفبێ، یانی فێری پیتەکانی دەکات فێری بڕگەی دەکا فێری وشەی دەکات هەمووی تەواو رەنگاوڕەنگە ئەمە بۆ قۆناخی پێش خوێندنگە باشە ئەوەی پێ ئەڵێن باخچەی ساوایان، دوای ئەوە ئەم کتێبە دێت ئەم کتێبە 192 لاپەڕەیە و تەواو رەنگا و رەنگە، شتێکی زۆر گرنگ هەیە کە ئەبێ باسی بکەم کتێبەکەی باڵدار چوار پیتی یەکەم کە فێرت دەکات منداڵ فێری نووسین و خوێندنەوەی چوار وشە ئەبێت، لێرە کە چوار پیتی یەکەم بە منداڵ دەگوترێتەوە منداڵ فێری خوێندنەوە و نووسینی دوانزە وشە دەبێت، یانی زۆر خێراتر بەڕێوەدەچێت، هەروەها مامۆستا دەتوانێت لەو پیتانەی کە قوتابی فێری بووە بڕگە دروست بکات و وشەی نوێ دروست بکات، کۆی هەمووی ئەکاتە 26 وشە ئەم 26 وشە هەر بیست و شەشی لە ناو کتێبەکەدا هەیە، بەڵام لەوەی باڵدار تەنیا چوار وشە هەیە و مامۆستا دەتوانێ هەشت وشەی دیکە بە سەلیقەی خۆی لەو پیتانە دروست بکات کە ئەکاتە دوازدە وشە یانی ئەتوانم بڵێم منداڵ خێراتر فێری خوێندن و نووسین دەبێ بەم کتێبە، هۆکاری دیکەی زۆر گرنگە ئەوەیە بۆ نموونە قوتابی پۆلی یەک لە کوردستان هەشت وانەی کوردی هەیە لەلە هەفتەیەکدا، بەڵام لای ئێمە وانەیەک ئەو پڕی دوو وانە هەیە، ئینجا تۆ بە دوو وانە فریا ناکەوی بایی هەشت وانەی پێ بڵێیتەوە.
رووداو: ئەوەی کە پەیوەندی بە مامۆستایانەوە هەیە، ئایە ئێوە لێرە سوود لە ئەزموونی یەکدی وەردەگرن؟
فەهمی کاکەیی: هەموو مامۆستاکانی زمانی دایک ساڵی جارێک لە ڤێسەرۆس کۆدەبووینەوە لەو کاتەدا ئیتر هەندێ سیمینار و کۆڕی زمانەوانی و پەروەردەیی هەبوو پەروەردەناسان زمانزانان دەهاتن لەوێ سیمیناریان بۆ دەکرین ئەوە زۆر باش بوو و ئەو کاتە هەموو مامۆستاکان یەکتریمان ئەبینی لەوێ کۆدەبووینەوە و شارەزایمان لەگەڵ یەکتر دەگۆڕییەوە، بەداخەوە ئەوە نەماوە.
رووداو: مامۆستا شتێک هەیە کە بڵێین ئەمە پرۆگرامی زمانی کوردییە بە تایبەتی لە سوێد و لە ئەورووپاش تایبەت بە فێربوون و زمان و خوێندنی کوردی بێت؟
فەهمی کاکەیی: خۆی لە سوێد لایەنێک نییە پرۆگرام دابنێ، بەڵکو دامودەزگاکانی پەخش و بڵاوکردنەوە ئەوان کتێب چاپ دەکەن و بڵاویدەکەنەوە، بۆ نموونە ئێمە ئەمە پرۆگرامە داماناوە ئێستا ئەم کتێبانە هەموو بۆ خوێندنی زمانی کوردییە و ئەمە بەکاردێت، پرۆگرام لە سوێد ناچاری نییە، بەڵکو مامۆستا دەتوانێ لەپاڵ ئەم کتێبانەدا کتێبی دیکەش بەکاربهێنێت، بۆ نموونە جەنابت کتێبێکت نووسیبوو لەسەر شاعیرە کلاسیکییەکان ئەدەب و توێژەری کوردی، من بەش بەحاڵی خۆم بەکارم هێناوە و سوودم لێ بینیوە، لەپاڵ ئەم کتێبانە کە خۆم بەکارم هێناوە مامۆستا هەیە کتێبی دیکە بەکاردەهێنێت.
رووداو: خوێندن بە زمانی دایک لە سوێد وردە وردە بەرەو پاش ئەچێ، هیچ پڕۆژەیەک هەیە پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو هەموو دام و دەزگا کولتووریانەی کە لە وڵاتان هەن و لە سوێد بەتایبەتی، چیتان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن جارێکی دیکە گڕووتینێکی دیکە بدەنەوە بەر خوێندنی زمانی دایک؟
فەهمی کاکەیی: خۆی چەند وڵاتێک هەیە لە ئەورووپا ئەمە خوێندنی زمانی دایک لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام چەندین وڵاتیش هەن دەوڵەت ئەو کارە ناکات، بەڵکو رێکخراوە فەرەنگییەکان ئەو کارە دەکەن لە هەندێ شوێن رێکخراوە ئیسلامییەکان ئەو کارەدەکەن، دەبێ دان بەوەدا بنێین کە کارێکی باشە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین یارمەتی ئەو رێکخراوانە بدەین، هەروەها لەو وڵاتانەی کە رێکخراوەکانیش کۆرسی زمانی دایک ناکەنەوە ئێمە فیدراسیۆنێکمان دامەزراندووە بە ناوی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی کوردی سەر بە رەوەندی کوردستانییە، هەوڵدەدەین لەوێ پەیوەندی بکەین بە هەموو مامۆستاکانەوە و کۆیان بکەینەوە گوێیان لێ بگرین و پێویستییەکانیان چییە، چ کتێبێکیان پێویستە بۆیان ئامادە بکەین، دەستەی دامەزرێنەری فیدراسیۆنەکە 10 کەسن و منیش لەگەڵیانم بەو هیوایەین کە لێرە لە کوردستانەوە یارمەتیمان بدەین، هەروەها رەوەندی کوردستانی یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی بتوانین کاروبارەکانمان بەڕێوەببەین و دیسانیش چاوەڕێ دەکەین لە وەزارەتی پەروەردە ئەوانیش یارمەتیمان بدەن، هەموومان پێکەوە کارێک بکەین بۆ ئەو منداڵە کوردانەی کە لە دەرەوەی کوردستانن تاوەکو بێبەش نەبن لە فێربوونی زمانی دایک کە زمانی کوردییە.
رووداو: ئێوە وەکو چاودێرێک لە دەرەوە، دیارە ئەزموونێکی زۆرتان هەیە لەگەڵ زمانی کوردی و لەگەڵ نووسین و کتێب نووسین و مەبەستم رێنووس و ئەوانەیە، بە چ چاوێک سەیری کوردستان دەکەن، واتە لە کوردستان وەکو پێویست گرنگی بە زمانی کوردی دراوە زۆر جار گلەیی لەوە دەکرێ دەڵێن زمانی کوردی تێکدراوە و خراپ بەکاردەهێندرێت.
فەهمی کاکەیی: من لەم حاڵەتەدا تەنیا باسی کتێبەکانی قوتابخانە دەکەم، ئەوانەی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دەنووسرێت و بە تایبەتی و بە پلەی یەک کتێبەکانی زمانی کوردی، من چەندین جار سەردانی وەزارەتی پەروەردەم کردووە لەگەڵ چەندین وەزیری پەروەردەدا دانیشتووم، ئەوان ئیش دەکەن و ناڵێم ئیش ناکەن، بەڵام ئیشەکانیان بەخاوی بەڕێوەدەچێ، سێ خاڵی سەرەکی هەیە کە من دەبێ ئاماژەیان پێ بدەم، یەکەم هەندێک بابەت هەن ناوەڕۆکەکانیان لاوازن یان ئەبێ چاک بکرێن یا دەبێ لاببرێن، یانی جۆرە بژارێک بکرێن بابەتی نوێ و سەردەمانە بخرێتە ناو کتێبەکانەوە، هەروەها دوو خاڵەی دیکەش هەن یەکێکیان رێنووسی کتێبەکانە کە رێنووسەکەی باش نییە، من تێبینیم زۆرە لەسەری، هەروەها هەڵەی چاپە ساڵ بە ساڵ کەم ئەبێتەوە، بەڵام تاکو ئێستاش ماویەتی ئینجا شتێکی زۆر زۆر گرنگ هەیە وەکو پێشتر باسم کرد هەموو کەسێک ناتوانێت کتێبی قوتابخانە بنووسێت و بە تایبەتی کتێبی پۆلی یەک، بۆ نموونە کتێبی سمۆرەکە هەبوو تەماشای نووسەرەکانم کرد 19 کەس کتێبێکەیان نووسیوە ئەمانە هەموویان پرۆفیسۆر و دکتۆرن، تۆ بۆ ئەوەی کتێبی پۆل یەک بنووسی پێویست ناکات پرۆفیسۆر بی، پێویست ناکات دکتۆر بی، بەڵام گرنگە تۆ خۆت مامۆستا بی، نووسەر بی، نووسەرێکی باش بی، پێداگۆگ بی و سەلیقەت هەبێت و هەروەها بزانی کتێب چۆن دەنووسرێت، ئاخر دوو رێگا هەیە بۆ نووسینی کتێب یەکێکیان رێگای شیتەڵکردنەوە، ئەویتریان رێگەی پێکەوەنان کە هەریەکە لەمانە نوقسانی خۆی هەیە، کەواتە ئەبێ چی بکەی بۆ ئەوەی کتێبەکە کتێبێکی باش بێت و منداڵ حەزی لێ بکات و بەخێرایی فێری بێت، ئەم دوو شێوەیە تێکەڵ بکەی کە من لێرەیە لە کوردییەکە ئەوەم کردووە.
رووداو: دەستخۆش مامۆستا، هیوادارین تەمەندرێژبی و زیاتر خزمەتی زمانی کوردی و فەرهەنگی کوردی بکەی.
فەهمی کاکەیی: زۆر زۆر سوپاستان دەکەم، هەڵبەتە ئەمە بابەتێکی دوورودرێژە و دەکرێ زۆری لەسەر بگوترێت، بەڵام لەبەرنامەیەکی وایە رەنگە هەر ئەوەندەمان پێبکرێ کە باسی بکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ