رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس بە "زۆر گرنگ" ناودەبات و دەڵێت، کاریگەریی و رەنگدانەوەی بەسەر دۆخی سیاسییەوە دەبێت. دەشڵێت، لە کۆتایی ئەم مانگەدا سەرۆکی فەرەنسا سەردانی عێراق دەکات.
وەدیع بەتی، باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ فەرەنسا گوتی، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان "دەرخەری ئەوەیە کە پەیوەندییەکی گەرم و بەتین [لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و عێراقدا] هەیە و هیچ ساردوسڕییەک لە پەیوەندییەکاندا نییە."
باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی نەک تەنیا سیاسەتڤانێکی سەرەکییە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، "بەڵکو سیاسەتڤانێکی سەنگین و سەرەکیشە لەسەر ئاستی پلاتفۆڕمی هەرێمی و نێودەوڵەتیشدا. بەڕێزیان کەسایەتییەکی پەسندکراوە لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیشدا و کەسایەتییەکی متمانە پێکراویشە."
وەدیع بەتی پێیوایە دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ماکرۆن "بەدڵنیاییەوە دیدارێکی زۆر گرنگ دەبێت، بەهۆی ئەوەی ئەم جۆرە کەسایەتییانە و سیاسەتڤانە سەنگینانە کاتێک چاویان بە سەرۆکەکان دەکەوێت، کاریگەریی و رەنگدانەوەی بەسەر دۆخی سیاسییەوە دەبێت."
بەتی ئاماژە بەوە دەکات، بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەشدا ئێمانوێل ماکرۆن سەردانێکی فەرمی بۆ عێراق ئەنجام بدات، لەلایەکی دیکەشەوە وەزیری بەرگریی فەرەنسا ئەویش بە جیا سەردانی عێراق دەکات.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەدیع بەتی، باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا:
رووداو: بینەران و بیسەرانی رووداو سڵاوتان لێبێت. لە باڵیۆزخانەی عێراقم لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، دەمەوێت لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ بەڕێز وەدیع بەتی، باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا سەبارەت بە سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیەکی تێروتەسەل بکەم. سڵاوت لێ بێت، بەڕێز باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.
بەتی: سڵاوتان لێبێت و بەخێربێن
رووداو: زۆر سوپاس، با پرسیاری یەکەمم ئەوە بێت! سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا چەند کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و فەرەنسا؟
بەتی: لە راستیدا زۆر خۆشحاڵم بۆ جاری دووەم هەڤپەیڤین لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دەکەم. هەمیشە دیمانە و هەڤپەیڤینەکانمان لەگەڵ رووداو هاوکات دەبێت بە رووداوی زۆر گرنگ. پێشتر دیمانەیەک و هەڤپەیڤینێکمان لەگەڵ رووداو کرد کاتێک محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانێکی فەرمی بۆ فەرەنسا کرد کە لە مانگی کانوونی دووەمدا ئەنجامدرا. ئەمڕۆش دیسان لە خزمەت ئێوەداین لە رووداوێکی دیکەی گرنگ کە پێشوازیکردنە لە فەخامەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، کە بەڕێزیان بە سەردانێکی فەرمیی هاتوونەتە فەرەنسا کە بە بانگهێشتی فەرمیی ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانەکە دەکرێت. بێگومان، ئێوەش دەزانن عێراق و فەرەنسا پەیوەندییەکی زۆر بەهێزیان هەیە و دەتوانم بڵێم، سەردەمی زێڕینی پەیوەندییەکانی عێراق-فەرەنسایە. ئەم پەیوەندییە لە دەرەنجانی هەوڵ و کاری دیپلۆماسی دوێنێ و ئەمڕۆ نەبووە، بەڵکو پەیوەندییەکی ریشەییە و پەیوەستە بە تەواوی عێراق بەگشتیی و پەیوەندییەکی ناوازەش لەگەڵ هەرێمی کوردستانیشەوە. بەدڵنیاییەوە سەردانەکەی فەخامەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی گرنگی دەبێت بۆ تۆکمەکردنی پەیوەندییەکان و بەهێزکردن و دانانی بنەما و کۆڵەگەی بەهێزتر و پەرەسەندنی بۆ ئاستێکی باڵاتر.
رووداو: ئێوە ئاگادارن، هەمیشە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کاتێک سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەم، بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی ئاگادار دەکەمەوە و لە بەرامبەردا بەڕێز سوودانی دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتیی هەموو عێراق دەکات. ئێوە چۆن دەڕواننە ئەو متمانەیەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەو هاوئاهەنگییەی نێوان هەولێر و بەغدا؟
بەتی: ئەمە ئەو دۆخە سروشتییەیە کە هەموو عێراقییەکان دڵخۆش دەکات، کاتێک هاوئاهەنگیی و هاریکاری لەنێوان سەرکردە سیاسییە هەرە باڵاکانی عێراق دەبێت بۆ ئەوەی کاریگەرییەکان وەک لە مادەی فیزیاش هەیە دەبێتە شەپۆڵێکی بونیادنەر. هەوڵی بونیادنەر و کاری پێکەوەیی لە بەرژەوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەبێت. پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە ژینگەیەکی تەندروستدان و هەموومان پێویستمان بەم ژینگە تەندروستە هەیە بەتایبەتی لەو کاتەدا کە دۆخی ناوچەکە زۆر هەستیارە و پێویستمان بەوەیە ژینگەیەکی وەها پێکبهێنین و هاوئاهەنگیی لەسەر بەرزترین ئاستدا پێکبهێنین، لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی سەرجەم ئاڵنگارییەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی کێشەکان.
رووداو: دەمەوێ بزانم ئەو رێککەوتنە ستراتیژییەی نێوان فەرەنسا و عێراق بەباشی بەڕێوەدەچێت؟
بەتی: با چاو بگێڕین بۆ ئەو 10 مانگەی رابردووی دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران. رەنگە ئاماژەیەکمان پێبدات لەبارەی ئەو هەڵکشانەی زۆر گەورانەی بەگشتیی کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و فەرەنسا بەخۆیەوە بینی. ئەگەر سەرنجت بدەیتە ئاستی سەردانە ئاست باڵاکانی نێوان هەردوو وڵاتدا کە سەرۆکوەزیران سەردانی پاریسی کرد و واژۆی لەسەر رێککەوتننامەی ستراتیژی هاوبەش و دواتر سەردانی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەدوادا هات. دوای ئەمەش سەرۆکی دەستەی باڵای دادوەری سەردانی فەرەنسا کرد و پاشان زۆر بەڕێز دکتۆر فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و پاش ماوەیەکی کەم وەزیری داد سەردانێکی نوێی کرد. ئەمە جگە لە سەردانی چەندین شاندی تەکنیکییەکان بۆ پاریس. سێ هەفتە پێش ئێستاش، بەڕێز محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی پاریس کرد و ئەمڕۆش پێشوازی لە فەخامەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین. بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەشدا ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، سەردانێکی فەرمی بۆ عێراق ئەنجام بدات، لەلایەکی دیکەشەوە وەزیری بەرگریی فەرەنسا ئەویش بە جیا سەردانی عێراق دەکات. هەموو ئەم چالاکییانە سەلمێنەری ئەوەیە، ئێمە لە رێگە و ئاراستەی راست و دروستداین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و فەرەنسا بەرەوە باشتر بگوازینەوە.
رووداو: بەڵام هەندێکجار، فەرەنسا گلەیی لە لایەنە عێراقییەکان هەیە. ئەو گلەییانە لەگەڵ بەڕێزتان لێرە لە فەرەنسا تاوتوێ دەکەن؟ لەمبارەیەوە گفتوگۆتان دەبێت؟
بەتی: پێموایە، ئەوەی کەمێک پێش ئێستا باسمکرد لە سەردانە زۆر گرنگانەی کە لەسەر ئەم ئاستە باڵایانەدا دەکرێت، سەردانی سێ سەرکردەی باڵای زۆر گرنگ کە سەرۆکوەزیران، سەرۆکی دەستەی باڵای دادوەری و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و دواتریش سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆش سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەرخەری ئەوەیە کە پەیوەندییەکی گەرم و بەتین هەیە و هیچ ساردوسڕییەک لە پەیوەندییەکاندا نییە. بەپێچەوانەوە، پێموانییە لایەنی فەرەنسی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراقدا ساردوسڕ بن. پەیوەندییەکان و هاوئاهەنگییەکان و پێکەوەکارکردنمان بەردەوامە. ئێمەش تا ئاستی ئەنجامدانی پرۆژە ستراتیژییەکان، هەنگاوی باشمان تێپەڕاندووە. ماوەیەک بەر لە ئێستا کۆمپانیای تۆتاڵ رێککەوتنێکی لەگەڵ عێراق واژۆکرد و دەست بەکارەکانیشی کردووە. هەفتەی داهاتووش رێککەوتننامەیەک لەگەڵ کۆمپانیای تالس واژۆدەکەین. ئیدی کارەکان بەمشێوەیە بەردەوامە و لەپاڵ ئەمەش چالاکیی زۆر چڕوپڕ لەلایەن ئاژانسی گەشەپێدانی فەرەنسی لە عێراق و دامەزراوەکانی دیکەی فەرەنسیش کارەکانیان لە عێراق ئەنجام دەدەن. هاوئاهەنگیی لەسەر ئاستی پەروەردەو فێرکردن هەیە و چەندین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و کاری هاوبەشی نێوان زانکۆکان هەیە. تەنانەت لە کاتی سەردانیکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پاریس، شەش یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنمان واژۆکرد. بەتایبەتی لە بوارەکانی دەسپاکی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و راهێنانی دیپلۆماسی و راهێنانی دادوەرەکان. هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن کە قورچکێکی زیاتر بدەین بە هەموو بوارەکانی دیکەی پەیوەندییەکان نەک تەنیا لە بوارێکدا. بۆیە جەخت لەوە دەکەمەوە کە پەیوەندییەکی گەرم و گوڕ و بەتین لەنێوانماندا هەیە.
رووداو: ئاماژەتان بە چەند خاڵێکی گرنگدا، بەڵام فەرەنسا نیگەرانە لە سستیی جێبەجێکردن پرۆژەی تۆتاڵ و پێنەدانی دەرفەتی دروستکردنی فڕۆکەخانەی موسڵ. دەزانم پەیوەندییەکان باشن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەندێک لەم پرۆژانە بە سستی بەڕێوەدەچن! فەرەنسییەکان لەمبارەیەوە چی دەڵێن؟
بەتی: لە پرسی تۆتاڵ، دانووستاندن و گفتوگۆکان بەردەوامە. بەڕێزتان دەزانن، پرۆژەکە زۆر گەورە و ستراتیژییە. هەروەها چوار پرۆژە لەخۆ گرتووە و تێچووی پرۆژەکە دەیان ملیار دۆلارە بۆیە بەردەوام پێویست بە گفتوگۆ هەیە و رەنگە لەسەر چەند خاڵێکی تەکنیکی بیروڕای پێچەوانە هەبێت و کار بۆ چارەسەرکردنی بکرێت. سەرباری ئەمانەش، رێککەوتننامەکە واژۆی لەسەر کرا. سەبارەت بە فڕۆکەخانەی موسڵ و پرۆژەکانی دیکەوە، دەرفەتی زۆر گەورە لەبەردەم کۆمپانیاکانی فەرەنسی هەن و ئێمەش دوو هەفتە پێش ئێستا کۆنفراسێکمان رێکخست و پێموایە ئێوەش تێیدا بەشدار بوون. ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد دەرگای عێراق بەڕووی کۆمپانیاکانی فەرەنسا واڵایە و ئێمەش هانیان دەدەین بۆ ئەوەی بچێتە ناو بازاڕی عێراق و بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بەجۆرێک رێکبخات تاوەکو بتوانێت کێبڕکێ لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە بکات کە ئەوانیش بەهێزەوە هاتوونەتە ناو بازاڕی عێراق و ئێمەش هەمیشە هانمان داون.
رووداو: بەڕێزتان باستان لە رێککەوتننامەیەکی دیکەی عێراق و فەرەنسا کرد. دەتوانم بزانم ئەم رێککەوتننامەیە چییە؟
بەتی: گوتمان، چەندین پرۆژەی دیکە هەن و دەرگای عێراقیش بەڕووی کۆمپانیاکانی فەرەنسی کراوەیە بۆ ئەوەی سوود لەم هەموو دەرفەتە وەربگرێت، ئێمەش وەک باڵیۆزخانە هەمیشە جەخت لەوە دەکەینەوە هەرچەندە پێکەوە ئاوێتەی کاری هاوبەش بووین بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا، پەیوەندییەکانمان هێندەی دیکە بەهێزتر دەبێت.
رووداو: کۆنگرەی داهاتووی بەغدا بەپشتیوانی فەرەنسا دەستی پێکرد. کەی کۆنگرەی داهاتوو دەبەسترێت؟
بەتی: بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا سێیەمین کۆنگرەی بەغدا ئەنجام بدرێت. بەڵام بەهۆی ئەم دۆخە نوێیەی لە ناوچەکەدا سەریهەڵداوە و ئەو تاوانە زۆر مەزنانەی لە دژی گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە دەکرێن، بڕیاردرا کۆنگرەکە بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت. بەڕێزتان دەزانن عێراق دەیەوێت لە سێیەمین کۆنگرەیدا کارێکی زۆر ناوازە بکات و ببێتە کۆنگرەیەکی زۆر نایاب. گرنگ نییە کۆنگرەکە کەی دەکرێت، گرنگ ئەوەیە کۆنگرەکە لە وادەیەکی دروستدا بکرێت. بۆ ئەوەی کۆنگرەکە راسپاردەی زۆر گرنگ و کارای هەبێت. بەتایبەتی عێراقییەکان چاویان لەوەیە ئەم کۆنگرەیەی داهاتوو ببێتە بنەمای کارکردنی هاوبەش و هاوئاهەنگی کە ئەنجامەکەی بۆ بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی دۆست بێت.
رووداو: هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا رێککەوتننامەی کشتوکاڵی هەیە، ئێوە تا چەند هاوکار دەبن تاوەکو ئەو رێککەوتنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە باشی بەڕێوەبچێت؟
بەتی: بەڕێزتان دەزانن، باڵیۆزخانەمان باڵیۆزخانەی عێراقە. هەروەها هاوئاهەنگییەکی باڵا لەنێوان باڵیۆزخانەی عێراق و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. ئێمەش بەدواداچوون بۆ پەیوەندییەکانی عێراقی-فەرەنسی لە هەموو روویەکەوە دەکەین. بەتایبەتی پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ حکومەتی ناوەند و پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. بۆیە ئێمە لە نزیکەوە بەوپەڕی بایەخەوە سەیری هەموو ئەو دۆسیانە دەکەین کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە. وەک لە سەرەتا گوتم، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا زۆر ناوازەیە و هەرێمی کوردستان پێگەیەکی تایبەتی لە فەرەنسا هەیە و ئێمەش کاردەکەین بۆ هاوئاهەنگی زیاتر و هەموو کارێک کە سوودی بۆ بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.
رووداو: ئێوە ئاگادارن کە فەرەنسا پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ رێکخستنەوەی وەزارەت پێشمەرگە. ئەم بابەتە لەگەڵ ئێوە باس دەکەن؟
بەتی: فەرەنسا رۆڵێکی زۆر گەورەی هەیە لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە. ئێوەش باش دەزانن، هێزەکانی پێشمەرگە، بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراقی و یەکێکە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراقی. پشتیوانیکردنی فەرەنساش بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەچێتە خانەی بوونی پەیوەندییەکی قووڵ و گەورە هەیە لەسەر ئاستی ئەمنی و بەرگریی لە نێوان عێراق و فەرەنسا.
رووداو: پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بۆ ئێوە وەک نوێنەری عێراق لە دەرەوەی وڵات چەند هێزە بۆ ئێوە و چەند سەربەرزن بەوە؟
بەتی: گومان لەوەدانییە، هەر جۆرە سەرکەوتنێک و پێشکەوتنێک لە هەرێمی کوردستان، پێشکەوتن و سەرکەوتنیشە بۆ تەواوی عێراق. ئەو ئەزموونە گرنگەی بیناسازیی لە هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت، ئەزموونێکە هەموو عێراق شانازی پێوەدەکات. لەمبارەیەوە ناڵێم پێموایە، بەپێچەوانەوە باوەڕموایە کە دەبێ شانازی بەم ئەزموونە ناوازەیەی ئاوەدانی هەرێمی کوردستان بکەین. هەرچەندە هەرێمی کوردستان پێش بکەوێت، رەنگدانەوەی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش دەبێت کە چاویان لە هەمان ئەم ئەزموونە سەرکەوتووە بێت، دەرەنجام بازاڕی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە بازاڕی عێراق. بەدڵنیاییەوە کارکردن بەردەوامە بۆ ئەوەی برەو بەم دۆخە بدرێت و ئاوەدانی تەشەنە بکات. ئەزموونەکان سەلماندوویانە، بەهێزی هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی ئەرێنی بۆ بەهێزی عێراقیش دەبێت. پێچەوانەکەشی راستە، خوانەکردە، لاوازبوونی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی لاوازبوونی عێراقیش بەهەمان شێوە. بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی داعشدا. بینیمان لە ساڵی 2014دا چۆن پێکەوە رووبەڕووی داعش بووینەوە، بۆیە باوەڕم وایە، بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی بەهێزبوونی عێراق و بەپێچەوانەشەوە بەهێزبوونی عێراق رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بەهێز ببێت.
رووداو: تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک ماکرۆن چی دەبێت؟ ئایا بەڕێزیشتان لەسەرجەم کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبن؟
بەتی: بەڕێزتان دەزانن کەسایەتیی فەخامەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی نەک تەنیا سیاسەتڤانێکی سەرەکییە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، بەڵکو سیاسەتڤانێکی سەنگین و سەرەکیشە لەسەر ئاستی پلاتفۆڕمی هەرێمی و نێودەوڵەتیشدا. بەڕێزیان کەسایەتییەکی پەسندکراوە لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیشدا و کەسایەتییەکی متمانە پێکراویشە. پێموایە دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن بەدڵنیاییەوە دیدارێکی زۆر گرنگ دەبێت، بەهۆی ئەوەی ئەم جۆرە کەسایەتییانە و سیاسەتڤانە سەنگینانە کاتێک چاویان بە سەرۆکەکان دەکەوێت، کاریگەریی و رەنگدانەوەی بەسەر دۆخی سیاسییەوە دەبێت.
رووداو: بەڕێز وەدیع بەتی، باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا، زۆر سوپاس کە لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵمان بوویت، هیوای رۆژێکی خۆشت بۆ دەخوازم. هەر سەرکەوتووبن.
بەتی: زۆر سوپاس بۆ رووداو. هیوادارین زۆر لەمە زیاتر گەشە بکەن و کاری ناوازە و باشتر و سەرکەوتووانەتر بکەن. هەروەها هیوای سەرکەوتن بۆ بەڕێزتان دەخوازم لەم رووماڵە تایبەتییەتان بۆ سەردانی فەخامەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا. دڵنیام سەردانەکە کاریگەریی زۆر گرنگ و ئەرێنی دەبێت بۆ پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و پەیوەندییەکانی فەرەنسا و عێراق بە گشتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ