تاریق مەندەلاوی: هەزاران گۆڕی بەکۆمەڵی سەردەمی بەعس هەڵنەدراونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای شەهیدان و قوربانیانی تیرۆر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداودا، باس لە ژمارەی شەهیدان لە عێراق، ژمارەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، بریندار و پەککەوتەکانی قوربانی دەستی شەڕ و تیرۆر دەکات.

تاریق مەندەلاوی کە خۆیشی کوردی فەیلییە، ژمارەی شەهیدانی کوردی فەیلی لە دەزگاکەی باس دەکات و، دەڵێت زیاتر لە 16 هەزار و 350 شەهیدی کوردی فەیلی هەن و یەک لەسەر سێی شەهیدانی تاوانەکانی بەعس، کوردانی فەیلین.
 
سەبارەت بە هاوئاهەنگیی دەزگاکە لەگەڵ دەزگای شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، تاریق مەندەلاوی دەڵێ "هەندێک ناکۆکی سیاسی هەبوون کە بوونە هۆکاری ئەوەی دانوستاندنی نێوان هەردوو دەزگاکە راوەستن و بە راستی دەبێ ئەمە چالاک بکرێت و بۆ هەموو عێراقییەکان هەمان شایستەی دارایی هەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان.''
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:

رووداو: ژمارەی کەسوکاری شەهید و زیندانیانی سیاسی کە لە دەزگای شەهید لای ئێوە تۆمار کراون و مووچەیان هەیە، چەندە؟
 
تاریق مەندەلاوی: بە ناوی خوای گەورە، سوپاس بۆ ئێوە و سوپاس بۆ کەنالی رووداو بۆ ئەم دەرفەتە تا بتوانین لەبارەی پرسی شەهیدان قسە بکەین. سێ جۆری شەهید لە لای ئێمە هەن، کە لە دەزگەی شەهیدان تۆمار کراون، ئەوەش بە گوێرەی یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2016. ئەوەی یەکەم، شەهیدانی تاوانەکانی حیزبی بەعسن، کە ژمارەیان زیاترە لە 60 هەزار شەهید و بەپێی داتا و بڕیارەکانی کۆمیتەی پێداچوونەوەی دەزگای شەهیدانەوە تۆمار کراون. ئەمە جۆری یەکەمە. ئەوەی دووەم، شەهیدانی فەتوان، ئەوانەی خۆبەخش بوون، واتە شەهیدەکانی حەشدی شەعبی کە ژمارەی شەهیدانی تۆمارکراو لەلای ئەوان 10 هەزار و 131 شەهیدە. ئەمە بێجگە لە 29 هەزار بریندار کە بە پێی داتاکانی دەستەی حەشی شەعبی تۆمارکراون و ئەو ژمارانە لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەی حەشدی شەعبییەوە پشتڕاست کراونەتەوە. بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکە هەیە بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی قوربانییانی ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕ و هەڵە سەربازییەکان و رووداوە تیرۆریستییەکان، کە سێ جۆری شەهیدان لەخۆدەگرێت، شەهیدانی وەزارەتی ناوخۆ، کە ژمارەیان زیاتر 29 هەزار شەهیدە، شەهیدەکانی وەزارەتی بەرگری کە ژمارەیان 23 هەزار شەهیدە، هەروەها بریندارەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ. هەروەها شەهیدی فەرمانبەریش هەن، کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر دامودەزگەی دەوڵەتدا شەهید بوونە و، ژمارەیان زیاترە لە 76 هەزار شەهید، هەروەها ژمارەیەک برینداریش هەن. جۆرێکی دیکەی شەهید هەیە بە ناوی شەهیدانی کەسەبە، کە داتای ئەوانە لەلایەن کۆمیتەکانەوە تۆمار دەکرێن و لە تەواوی عێراقدا زیاتر لە 22 کۆمیتە هەن، دادوەرێک سەرۆکایەتی ئەم کۆمیتانە دەکات و نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەکانیش تێدان، وەکو وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی داد و نوێنەری دەزگەی شەهیدان، هەروەها نوێنەری پارێزگا و نوێنەری وەزارەتی تەندروستی. کۆمیتە لاوەکییەکان بە بڕیاری بەڕێوەبەر لەلایەن دەزگەی شەهیدان پێکدەهێنرێن. دواتر کۆمیتەکانی قەرەبووکردنەوە کە لە هەموو عێراقدا هەن، لەگەڵ دەزگەی شەهیدان دۆسیەی ئەوانە پەسەند دەکەن و داتاکانی تایبەتیان تۆمار دەکەن، دواتریش ماف و شایستەکانیان دەدەن، ئەوەش بەپێی یاسای ژمارە 20ـی ساڵی 2009.
 
رووداو: مووچەی مانگانەی هەر کەسوکارێکی شەهیدی دەستی تیرۆر چەندە؟ مووچەی هەموویان وەک یەکە، یان جیاوازە؟
 
تاریق مەندەلاوی: یاسای ژمارەی 2ـی ساڵی 2016 کە دوو جۆر شەهید لەخۆدەگرێت، شەهیدانی تاوانەکانی حیزبی بەعس، شەهیدانی حەشدی شەعبی، هەروەها یاسای ژمارەی 20ـی ساڵی 2009 و هەمووارکردنەکەی بە ژمارەی 57ـی ساڵی 2015، هەموو مافی خانەنشینی بۆ هەموو شەهیدانی عێراق وەکو یەک لێهات. سێ بەرامبەری ئاستی هەرە کەمی مووچەی خانەنشینییە، کە دەکاتە یەک ملیۆن و 200 هەزار دیناری عێراقی و دەدرێتە بنەماڵەی شەهیدان و لە سەر میراتگرەکان بە یەکسانی دابەش دەکرێت.
 
رووداو: ژمارەی بەندکراوانی سیاسی چەندە و مووچەیان چەندە؟
 
تاریق مەندەلاوی: بەڵێ، هەموو خێزانێکی شەهیدانی عێراق هەموو مانگێک مووچەی خۆیان وەردەگرن. ئەو شەهیدانەی لە لای دەزگای شەهیدان ناویان تۆمار کرابێت. دەزگای شەهیدانی عێراق ساڵی 2006 دامەزراوە، ئەوەش بەپێی مادەی 104ـی دەستووری عێراق، کە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانە و یەکەم یاساکەشی یاسای ژمارەی سێی ساڵی 2006 بوو، کە دواتر بە یاسای ژمارەی دووی ساڵی 2016 هەڵوەشێندرا و، بەرفراوان کرا و ئێستا زیاترین ژمارەی شەهیدان لەخۆدەگرێت. وەکو شەهیدانی 63 و شەهیدانی فەتوا کە لەسەر داوای مەرجەعەوە چوونە نێو ریزەکانی حەشدی شەعبی، هەروەها شەهیدانی قوربانیی ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕ و هەڵە سەربازییەکان و رووداوە تیرۆریستییەکان کە پێشتر سەر بە ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە بوون. ئەمڕۆ لە دەزگەی شەهیدان، ناوی هەموو شەهیدان هەن، بێجگە لە شەهیدانی هەرێمی کوردستان، شەهیدانی هەر سێ پارێزگا، پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی. براکانمان لە هەرێمی کوردستان، یاسایەکی تایبەتی خۆیان هەیە کە یاسای وەزارەتی شەهید و ئەنفالکراوانە.
 
رووداو: جگە لە مووچەی مانگانە چ ئیمتیازاتێکی دیکەیان هەیە وەک سولفە و شتی دیکە؟ 
 
تاریق مەندەلاوی: دەزگایەکی تایبەتی زیندانییە سیاسییەکان هەیە، کە یەكێکە لە دامەزراوەکانی دادپەروەری گواستراوە. ئەم دەزگەیە بەپێی مادەی 132ـی دەستووری عێراق دامەزراوە کە بەپێی ئەو مادەیە، دەوڵەت پابەندە بە بەخێوکردنی کەسوکاری شەهیدان، زیندانییە سیاسییەکان و زیانمەندانی کارەکانی دەسەڵاتی پێشووی عێراق و ژمارەیەکی زۆری یاسایان دەرکردووە، بەتایبەتی یاساکانی دادپەروەری گواستراو وەکو یاسای دەزگای شەهیدان، یاسای دەزگای زیندانییە سیاسییەکان و یاسای ئەژمارکردنی دوورخراوانی سیاسی، هەروەها یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2010 ، قەرەبووکردنەوەی زیانمەندان، یاسای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و یاسای ژمارە 24ـی ساڵی 2005 و یاسای ژمارەی 9ـی ساڵی 2005ـی تایبەت بەو کەسانەی گۆیچکەیان بڕاوەتەوە و هەموو ئەو تاوانانەی کە لە سەردەمی رژێمی بەعسەوە ئەنجامدراون. بەپێی دەستووری عێراق، مادەی 132، دەوڵەت پابەندە بە قەرەبووکردنەوەی بنەماڵەکانی شەهید و برینداران، هەروەها یاسای ژمارەی 20ـی ساڵی 2009. ئەم هەموو یاسایانە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی هەموو عێراقییەکانە بەبێ جیاوازی. ساڵی 2017 لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی و لە ساڵی 2018ـدا، ئێمە دانوستاندنمان هەبوو لەگەڵ براکانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بۆ ئەوەی یەک دەزگا هەبێت و یاساکەشی لە هەموو عێراق جێبەجی بکرێت، چونکە بەپێی مادەی 14ـی دەستووی عێراق، عێراقییەکان لە ماف و ئەرکدا یەکسانن.
 
رووداو: بۆ ئەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ کوردستان هەیە؟
 
تاریق مەندەلاوی: نەخێر، ئەوەی راستی بێت، هەندێک ناکۆکی سیاسی هەبوون کە بوونە هۆکاری ئەوەی دانوستاندنی نێوان هەردوو دەزگاکە راوەستن و بە راستی دەبێ ئەمە چالاک بکرێت و بۆ هەموو عێراقییەکان هەمان شایستەی دارایی هەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان، چونکە لە سەردەمی رژێمی پێشووی دیکتاتۆریدا تووشی زۆر ئازار و نەهامەتی بوون، بەتایبەتیش براکانمان لە هەرێمی کوردستان تووشی ئازار و زیانێکی زۆر بوون، تووشی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و چەند شاری دیکە بوون، براکانمان لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆمەڵکوژی بوون، کە بەپێی بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتی تاوانەکان، ئەوە تاوانە، بۆیە ئێمە داوا دەکەین مافی یەکسان بۆ هەموو عێراقییەکان هەبێت.
 
دەزگەی شەهیدان ئەو خێوەتەیە، کە هەموو عێراقییەکان لەخۆدەگرێت، عەرەبی سوننە، شیعە لە باشوور و ناوەڕاست، هەروەها لە کەرکووک و نەینەوا و خانەقین، لەوانەش کوردانی فەیلی کە ئێستا لە دەزگەی شەهیدان و لە لای حکومەتی عێراق تۆمارکراون، هەروەها ئێزدی، سائیبە، تورکمان و مەسیحی و هەموو عێراقییەک لە ژێر خێوەتی دەزگەی شەهیدان تۆمار کراون، بێجگە لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و پێویستە لە پرسی شەهیداندا زیاتر هاوئاهەنگ بێت و دەبێ هەڵوێستێکی یەکگرتووی سیاسی هەبێت لەسەر پرسی خوێن، چونکە هەموو شەهیدان خوێنی خۆیان لە پێناو عێراق و پیرۆزییەکانیدا بەخت کردووە و پێویستە لە ماف و ئەرکەکاندا یەکسانی هەبێت.
 
لە دەستووری عێراقدا باسی کوردانی فەیلی و شەهیدانی بارزان و باسی ئەنفالەکان و شەهیدەکانی ئەهوار و قوربانیدانی گۆزی دلێم لە ئەنبار کراوە و هەموویان شەهیدی عێراقن و پێویستە لە ماف و ئەرکدا یەکسان بن، ئێمە داوای ئەو شتە دەکەین.
 
رووداو: ژمارەی قوربانییانی کوردی فەیلی لای ئێوە چەندە؟ هەموویان مووچەیان هەیە؟
 
تاریق مەندەلاوی: بەڵێ، من خۆم سەرۆکی کۆمیتەی شەهیدانی کوردانی فەیلیم لە دەزگای شەهیدان و بەپێی ئامارەکانی لای ئێمە، تائێستا زیاتر لە 16 هەزار و 350 شەهیدی کوردانی فەیلی هەن، کە لە دەزگای شەهیدان تۆمارکراون و نزیکەی یەک لە سەر سێی شەهیدانی تاوانەکانی حیزبی بەعس، لە کوردانی فەیلین و ماف و ئیمتیازاتیان هەیە و دەدرێتە میراتگر و کەسوکاریان.
 
رووداو: ماف و ئیمتیازاتەکانیان چین؟
 
تاریق مەندەلاوی: گوتم بەپێی ئەو داتایەی لەلای ئێمە هەیە، 16 هەزار و 350 شەهید هەن، کە بنەماڵەی هەر هەموویان مووچەی خانەنشینی وەردەگرن. هەندێک ماڵبات هەن هەموویان بوونەتە قوربانی و هیچ میراتگرێکیان نەماوە و لە داتاکانیاندا تۆمارنەکراون. سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی کە خۆی کوڕە شەهیدە، زۆر هاوکارە لەگەڵ دەزگای شەهیدان و دەزگای دادپەروەریی گواستراو، تەنانەت لەگەڵ دەزگای زیندانییە سیاسییەکان، بۆیە دەرفەتێکی زێڕین هەیە بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان، ئەوەش بۆ دامەزراندنی دەزگەیەک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە دەسەڵاتی هەبێت و ماف و ئیمتیازەکان بدرێن، هەروەها لەوانەیە یاساکەش هەموار بکرێتەوە، لەبەرئەوەی خوێنی عێراقییەکان بەنرخە و لە رێگەی ئەو خوێنەوە کابووسی سەر عێراقییەکان لا درا، کە ئەوەش رژێمی پێشووی دیکتاتۆری بوو و بەو خوێنە زۆربەی ناوچەکانی عێراق ئازاد کران.
 
رووداو: هاوئاهەنگیتان لەگەڵ وەزارەتی شەهیدانی کوردستان هەیە؟
 
تاریق مەندەلاوی: بەڵێ، بۆ دروستکردنی کۆمیتە لاوەکییەکان، من وەکو سەرۆکی دەزگای شەهیدان سەردانی هەرێمی کوردستانم کرد و لەگەڵ وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆبوومەوە، هەروەها بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە کۆبوونەوە ئامادە بوو و کۆنگرەیەکمان کرد، ئەوەش بەمەبەستی دروستکردنی کۆمیتە لاوەکییەکان بەپێی یاسای ژمارە 20ـی ساڵی 2009 و یاسای هەموارکراوی ژمارە 57ـی ساڵی 2015 و پێویستە سێ کۆمیتە لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێن لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، وەکو تەواوی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ ئەوەی یاسای ژمارەی ٢٠ی ساڵی ٢٠١١ ئەوانیش لەخۆ بگرێت، نە تەنیا ئەمە، هەروەها بۆ ئەو کەسانەی لە شار و گوندە عێراقییەکان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی تورکیا شەهید بوونە، بۆ ئەوەی یاسای ژمارە 20ـی ساڵی 2009 ئەوانیش لەخۆ بگرێت، بەڵام دیسان هەڵوێستێکی سیاسی هەبوو کە نەیهێشت کۆمیتە لاوەکییەکان دابمەزرێن، سەڕەرای ئەوەی یاسا بە روونی دەڵێت، کۆمیتە لاوەکییەکان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی مادەی شەشی یاساکە پێکبهێنرێن.
 
رووداو: ژمارەی گۆڕە کۆمەڵەکانی سەردەمی سەدام چەندن؟
 
تاریق مەندەلاوی: ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵ تاوەکو ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵدراونەتەوە، کە بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی سەر بە دەزگەی شەهیدانە و پێشتر سەر بە وەزارەتی مافی مرۆڤ بوو، بەڵام دوای ئەوەی وەزارەتی مافی مرۆڤ نەما، ئیتر خرایە سەر دەزگەی شەهیدان و ئێستا خەریکی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵە. زیاتر لە 250 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق، لە نەجەف، کەربەلا، بابل، هەروەها لە سەربازگەی مەحموودییە و لە ئەنبار و دەوروبەری بەغدا، هەروەها لە جەزیرەی سەماوە. دوایین جار گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە زیاتر لە 197 رووفاتی ژن و منداڵی تێدا بوو و خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون، بەتایبەتی خەڵکی کەلار و چەمچەماڵ بوون. ئەو گۆڕە دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە هەڵدرابووەوە و لە رێگەی تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی رووفاتەکان ناسران و تیمی هاوبەش هەبوو بۆ ناسینەوەی ناسنامەی تەرمەکان و رادەستکردنیان بە کەسوکارییان. هەروەها گۆڕی بەکۆمەڵی دوای رووخانی رژێم هەبوون، گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کۆشکەکانی سەرۆکایەتی و سپایکەر کە زیاتر لە 17 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراون و،  1350 رووفاتیان تێدا بوو، بەتایبەت ئەوانی تازە ببوونە سەرباز کە چووبوونە ریزی سوپا و سەر بە وەزارەتی بەرگری بوون، هەروەها زیاتر لە 512 رووفات لە گوندی کۆچۆ.
 
رووداو: بەمدواییە چەند گۆڕێکی سەردەمی داعش دۆزراونەوە ئەوانە ژمارەیان چەند دەبن؟
 
تاریق مەندەلاوی: سەردەمی داعش زیاتر لە 512 رووفات تەنیا لە گوندی کۆچۆ (دۆزرانەوە). هەروەها لە پارێزگای نەینەوا لە ناوچەی جیاواز کە دوایین گۆڕ هەڵدرایەوە، گۆڕی زیندانیانی بادۆش بوو کە بەهۆی ناسنامەیان کۆمەڵکوژ کران. بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە کارەکانی گەڕان و هەڵدرانەوەی گۆڕەکان بەردەوامە. بەمدواییە و چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەرۆکی دەزگای شەهیدان لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە، ئەوەش بۆ گەڕان و هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی سەردەمی رژێمی پێشوو کە هێشتا هەزاران گۆڕ هەن، هەڵنەدراونەتەوە، لەوانەش ئەو گۆڕانەی گەنجە کوردەکانی فەیلی تێدا کۆمەڵکوژ کراون.