وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بۆ رووداو: رێژەی خوێ بەشێوەیەکی مەترسیدار لە رووبارەکاندا زیادبووە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، پلانیان هەیە بۆ دروستکردنی 4 بەنداوی گەورە لە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، ئەمساڵیش بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو رێژەیەکی باشی ئاو لە بەنداوی دووکان گلدراوەتەوە. گوتیشی، "رێژەی خوێ بەشێوەیەکی مەترسیدار لە رووبارەکاندا زیاد بووە بە تایبەت لە بەسرە." 
 
عۆن زیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، باسی کۆنگرەی ئاوی لە عێراق کرد و گوتی: "ئێمە پێش سێ ساڵ دەستمانکرد بە کۆنگرەیەکی ساڵانە بە ناوی کۆنگرەی بەغداد بۆ ئاو، ئەم کۆنگرەیەیان سێیەم کۆنگرەیە کە بۆ ماوەی دوو رۆژ دەبێت لە رۆژانی 6 و 7ـی ئەم مانگە و لە ژێر چاودێریی سەرۆکوەزیران بەڕێوەدەچێت."
 
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی، لە رووباری دیجلە تورکیا پابەندە بە بەردانەوەی ئاو بەشێوەیەکی باش و پەسەندکراو، "بەڵام لە رووباری فورات 50٪ وەردەگرین، پرسیارمان لێکردوون وەڵامەکەیان ئەوەبوو کە فورات بەشێوەیەکی تووند رووبەڕووی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان بووەتەوە."
 
ئەو وەزیرەی حکومەتی عێراق پێیوایە کە رۆشنبیریی خەڵک هێشتا هەڕەمەکییە لە بەکارهێنانی ئاودا و "پێویستە بگۆڕدرێین". دەشڵێت، "هەوڵدەدەین بۆ دەستەبەرکردنی ئاوی خواردنەوە و بەکارهێنانی مرۆیی، لەگەڵ دەستەبەرکردنی ئاوی قورس بۆ بێستانەکان و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی سەوزە و میوە."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی لەبارەی ئاو ببەسترێت لە بەغدا، ئامانجی چییە؟ 
 
عۆن زیاب عەبدوڵڵا: ئێمە پێش سێ ساڵ دەستمانکرد بە کۆنگرەیەکی ساڵانە بە ناوی کۆنگرەی بەغداد بۆ ئاو، ئەم کۆنگرەیەیان سێیەم کۆنگرەیە کە بۆ ماوەی دوو رۆژ دەبێت لە رۆژانی 6 و 7ـی ئەم مانگە شەممە و یەکشەممەی داهاتوو بە چاودێریی سەرۆکوەزیران بەڕێوەدەچێت، بۆ رۆشنایی خستنە سەر دۆسیەی ئاو و کێشەی ئاو، کە روو لە هەڵکشانە و مەترسی و ئاڵنگاریی لێکەوتووەتەوە، لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاو و ئەنجامی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و کەمبوونەوەی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق لە وڵاتانی دراوسێوە. کۆنگرەکە رۆشنایی دەخاتە سەر ئەم گرفتانە لە هەموو لایەکەوە، گرینگترینیان ئەوەیە کە ئێستا مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئاو تەنیا بەرپرسیارێتییەکی عێراقی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی گشتی و جیهانییە، زۆنگاوەکانی باشوور چووەتە تۆماری شوێنەوارە جیهانییەکانەوە پێویستە جیهان ئاگای لێی بێت.
 
شەتولعەرەب عەرەبی کە دیجلە و فورات یەکدەگرن تێیدا و ئێستا کەوتووەتە ژێر کارتێکەرەکانی زیادبوونی خوێ و پیسبوون، بە هەمانشێوە بابەتێکی جیهانییە. هاوکات ئەو بابەتانەی بەهۆی گۆڕانکارییە ژینگەییەکانەوە دروست دەبن و دەرکەوتنی ئەو کارتێکەرانەی کە رەنگدانەوەیان هەیە لەسەر کشتوکاڵ و سەرچاوەکان وەک سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە بۆ نموونە، هەموو ئەوانە بابەتی گەورە و گرنگن و پێویستە لە کۆنگرەکەدا دەستنیشان بکرێن و کاریان لەسەر بکرێت بە توێژینەوە و بەدواداچوون، بانگهێشتی زۆر لە رێکخراو و دامەزراوەکان کراوە بۆ بەشداربوون لەو کۆنگرەیە و هیواخوازین ئەنجام و دەرهاوێشتەکانی کۆنگرەکە ئەنجامی باش و بەسوود بن لەپێناو خزمەتکردنی ئەم پرسەدا، پرسی ئاو لە عێراق.
 
رووداو: گرنگترین هاوبەش لە دۆسیەی ئاودا بۆ عێراق وڵاتانی دراوسێیە، ئێران و تورکیا بەشداریی کۆنگرەکە دەکەن؟
 
عۆن زیاب عەبدوڵڵا: هیواداربووین لە ئاستی باڵادا بەشداریی بکەن، بەڵام بەداخەوە ئاگاداریان کردین کە بەڕێز وەزیری کشتوکاڵ و دارستان و سەرچاوەکانی ئاوی تورکیا، بەهۆی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە لەم مانگەدا ئامادە نابێت، بەڵام شاندێکی باڵا دەنێرێت کە لە 17 کەس پێکدێن، ئەمەش لە چوارچێوەی گفتوگۆکانماندا بوو لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە و سەردان و کۆبوونەوەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیران بۆ تورکیا، کە ژمارەیەک دیداری بەرهەمداری هەبوو، گەیشتینە ئەوەی کە هاتووچۆی شاندەکان بەردەوام بن چ لە تورکیاوە و چ لای ئێمەوە بۆ کاراکردنەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانمان کە لەلایەن پەرلەمانی تورکیا و سەرۆکی ئەو وڵاتەوە لە ساڵی 2021 پەسندکراوە، تاوەکو بڕگەکانی کارابکەین لە بەرژەوەندیی هەردوولا.
 
رووداو: پێشتر گفتوگۆی بەردەوام هەبوو چ لەگەڵ لایەنی ئێرانی و چ لەگەڵ لایەنی تورکی، جارێکیان وەزیری پێشووی سەرچاوەکانی ئاو گوتی بەدەنگەوەهاتن نابینین لە لایەنی ئێرانەوە هەمان ئەو رێژەیەی کە لە تورکیا دەیبینین، دۆخەکە چۆنە ئێستا؟
 
عۆن زیاب عەبدوڵڵا: لایەنی ئێرانیش بە هەمانشێوە، بەڕێز وەزیری وزەی ئێران بەڵێنی پێداوم کە بەشداربێت، هەروەها دیدار و چاوپێکەوتنی زۆر باشمان هەبوو لەگەڵ لایەنی ئێرانی، هەندێک ئەنجامی ئەرێنی هەبوون ئەم دیدارانە بۆ نموونە ئێستا رووباری کارون بەردراوەتەوە و ئاوەکەی دەڕژێتە شەتولعەرەبەوە لە باشوورەوە، ئەمە یەکێکە لە دەرهاوێشتە ئەرێنییەکان. لەگەڵ لایەنی ئێرانی. تائێستا هاتنی وەزیر دڵنیا نەکراوەتەوە، بەڵام ئەگەر نەشتوانێت بەشدار بێت، ئەوا شاندێک دەنێرن کە بریکاری وەزیر بۆ کاروباری ئاو سەرۆکایەتی دەکات لە وەزارەتی وزە، چونکە لای ئەوان وەزارەتی وزە بەرپرسە لە دۆسیەی ئاو.
 
رووداو: ژمارەی ئەو رێرەوە ئاوییانە چەندن کە وشک بوون یان وشککراون، ژمارەیەکتان لەبەردەستە؟
 
عۆن زیاب عەبدوڵڵا: ئەم بابەتە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵێ دۆخەکە زۆر گۆڕاوە، چونکە من لەکاتی دەستبەکاربوونمەوە دەستپێشخەریم کرد بۆ ئەوەی دیدار و چاوپێکەوتن هەبێت لەگەڵ هەردوولادا، داوام کرد دیدارەکە خێرا و بەپەلە بێت لەگەڵ لایەنی ئێرانی بەتایبەتی، چونکە ئێمە لەگەڵ ئێرانی دراوسێمان سنوورێکی دوورودرێژمان هەیە، کە زیاتر لە هەزار و 200 کیلۆمەترە، بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە لەنێوان هەردوو وڵات، پێویستە بە شێوەیەکی روون گفتوگۆ بکەین بە رۆحیەتی هاوکارییەوە لەگەڵ دراوسێکان، ئەمە ئەوەیە کە من داوام کردووە، بە راشکاوانەش پێمانگوتن کە ناکرێت ئەم پەیوەندییانە بۆ چەند ساڵێک بپچڕێن، بەداخەوە بۆ ماوەی 3 ساڵ هیچ دیدارێک نەبوو لەگەڵ لایەنی ئێرانی، کاتێک داوای دیدارم کرد، وەڵامێکی ئەرێنییان هەبوو. بە هەمانشێوە داوایەکم پێگەیشت بۆ سەردانی ئێران بۆ بەشداری لە کۆنگرەی هەرێمی بۆ ئاو و شارستانی، لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا داوای دیدارم کرد لەگەڵ وەزیری وزەی ئێران، ئەگەرچی کاتەکەی کورت بوو، پێشنیازی بۆ کردم کە لەکاتی گەڕانەوەم بۆ تاران دیدارێکمان هەبێت و دیدارەکەمان دوو کاژێر و نیوی خایاند، دیدارێکی بەرهەمدار بوو، لێکتێگەیشتنی باش هەبوو، چەند بابەتێکمان بە وردی خستە بەرباس و گەیشتینە لێکتێگەیشتن، من هەست دەکەم کە باشبوو دیدارەکەمان و دواتریش رێککەوتن کرا کە هەنگاوی ئەرێی بنێین بۆ ئایندە.
 
رووداو: لەبارەی بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە بۆ عێراق، بڕەکەی چەندە مەبەستم ئەوەیە رێژەکەی لەسەدا چەندی مافی عێراقە؟
 
عۆن زیاب عەبدوڵڵا: ئێمە ژمارەیەکی زۆر سەرچاوەی ئاویمان هەیە، تێیاندایە وەرزییە و هەشیانە هەمیشەییە. ئەو سەرچاوە ئاوییانەی کە گۆڕاون یان رێڕەویان گۆڕدراوە 4 سەرچاوەی کاریگەر بوون وەک رووباری سیروان کە سەرچاوەی پڕکردنی بەنداوی دەربەندیخانە و سەرچاوەکانی دیکەش سەرچاوەی کۆگەی ئاوی حەمرینن، ئەمە خاڵێک بوو کە گوتمان رەنگە ئێوە لە خاکی ئێراندا ئازادبن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، بەڵام دەستکاریکردنی رێرەوەکانیان کاریگەریی خراپی هەیە لەسەر عێراق، ئایا ئێوە حیسابی ئەوەتان کردووە پشکی عێراق چەندە لەم رووبارانە، پرسیارەکەم زۆر بە راشکاوی ئاراستەکردن، تێگەیشتنیان هەبوو بۆ پرسیارەکە و داوایان کرد کە دیدارەکان لەوبارەیەوە بەردەوام بن. 
 
من گوتم کە دەمانەوێت ئەو سیستمە بگۆڕین چ لەگەڵ تورکیا و چ لەگەڵ ئێران، لەگەڵ لایەنی تورکیش دیداری زۆرباش و بەرهەمدارمان هەبوون، چونکە رۆژی یەکەم دیدارەکەمان کورت بوون، بڕیارماندا دیدارێکی دیکەمان هەبێت لە رۆژی دووەمدا و دیدارێکمان هەبوو زیاتر لە دوو کاژێری خایاند، لە دۆخی لێکتێگەیشتنی هاوبەشدا بووین، لێکتێگەیشتن لەبارەی کێشەی ئاو لە عێراق و ئومێدەوارین ئەم دیدارانە کاریگەری ئەرێنییان هەبێت و رەنگدانەوەیان هەبێت لەسەر واقیعی ئاوی عێراق لەبەرئەوەی ئێمە پێویستمان بە تێگەیشتنی زۆری وڵاتانی سەرچاوەی ئاوە کە لە پێویستییەکانمان تێبگەن، تا هەمووان ئاو بە شێوەیەکی باش و دروست بەکاربهێنین، بەڵام هاوکات بە روونی ئێمە دەرفەتی تەواومان نەداوە بە عێراق بۆ پەرەپێدانی تواناکانی گلدانەوەی ئاو بەشێوەیەکی سەردەمییانە، لەکاتێکدا لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا پێشەنگ بوو لە نوێگەری لەو بوارەدا، نەبوونی ئەو دەرفەتەش پەیوەندی بە سیاسیەتی هەڵەی حکومەتەکانی پێشوو هەبووە، چوونە ناو جەنگی ماڵوێرانکەر کە هیچ سوودێکی نییە عێراقی برد بەرەو ئاراستەیەکی هەڵە و وای کرد گرفتەکان بە ئاراستەی ئاڵۆزیدا بڕۆن.
 
رووداو: ئەمە پەیوەندی بە رێژەکەوە هەیە لەگەڵ تورکیا، لەگەڵ ئێران عێراق چەندی دەستدەکەوێت، چ رێژەیەک؟
 
عۆن زیاب عەبدوڵڵا: لە رووباری دیجلە هێشتا تورکیا پابەندە بە بەردانەوەی ئاو بەشێوەیەکی باش و پەسەندکراو. بەڵێ پشکی خۆمان تەنیا لە دیجلە وەردەگرین، بەڵام لە رووباری فورات 50٪ وەردەگرین، پرسیارمان لێکردوون وەڵامەکەیان ئەوەبوو کە فورات بەشێوەیەکی تووند رووبەڕووی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان بووەتەوە. ژمارەی بەنداوەکان لەسەر فورات کەمن، چونکە ئێمە زانیاریمان هەیە لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە لەبارەی ئەو بەنداوانەی کە دەکەونە سەر فورات، کورتهێنانمان هەیە، بەڵام لەگەڵیان گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنی دابەشکردنی زیانەکان، ناکرێت زیانەکان تەنیا بکەونە سەر عێراق پێویستە تێگەیشتن هەبێت لەلایەن تورکیای دراوسێمان کە زیانەکان دابەش بکرێن و پشکێکی پەسندکراوی ئاومان بۆ دابین بکرێت.
 
رووداو: ئایا ئێمە لەبەردەمی هاوینێکی وشکداین؟ یان ئاوی گلدراوە بەشدەکات؟
 
عۆن زیاب عەبدوڵڵا: لەگەڵ ئێران بەڕاستی ئەمە بۆ مێژوو دەڵێم ئەمساڵ ساڵێکی نموونەیی بوو، چونکە بارینی باران لە زۆنی کارون بڕێکی زۆر باش بوو، جگە لە بارینی بڕێکی باشی بەفر، بەوهۆیەشەوە ئێستا رووباری کارون رێژەیەکی باشی دەگاتە شەتولعەرەب و رۆڵێکی زۆری هەیە لە کەمکردنەوەی رێژەی خوێ و ئاوی سوێر لە شەتولعەرەب، لە سەردانی بەڕێز سەرۆککۆمار بۆ ئێران، منیش هاوڵی بووم داوامانکرد بەردانەوەی کارون بەمجۆرە بەردەوام بێت بەتایبەت لە وەرزی هاوینی داهاتوودا، چونکە لە وەرزی هاویندا پێداویستیمان زیاتر دەبێت، داهاتەکانی ئاویی بەنداوی دوکان ئەمساڵ باش بوون و هەتا ئێستاش هەر باشن، بەڵام داهاتەکانی ئاوی کەرخە کەمن،  لەوبارەیەشەوە گوتیان کە بەنداوەکانمان لەسەر ئەو رووبارە پڕنەبوون و لەو ناوچانە باران کەم بووە، ئەمە گرنگترین پرس بوو لەگەڵ ئێرانی دراوسێمان، داهاتە ئاوییەکانمان لە زابی خواروو بە هەمانشێوە داهاتێکی پەسەندکراو و باشن.
 
هاوین خۆی وشکە، باران نامێنێت و پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە، بەڵام ئاوی کۆگاکراویش سنووردارە، هەندێک ئاڵنگاری هەیە بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵی هاوینەدا، ئێمە ئێستا هەوڵدەدەین بۆ دەستەبەرکردنی ئاوی خواردنەوە و بەکارهێنانی مرۆیی، لەگەڵ دەستەبەرکردنی ئاوی قورس بۆ بێستانەکان و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی سەوزە و میوە، بەڵام بەرهەمەکانی وەک برنج و گەنمەشامی و هەندێ بەروبوومی دیکە، هێشتا لە گفتوگۆدان بە تایبەت بەرهەمی گەنمەشامی لە وەرزی پایزدا ناتوانین ئاوی بۆ دابین بکەین. لە کاتی وەرگرتنی بەرپرسیارێتی تائێستا توانیومانە بڕێکی باش ئاو کۆبکەینەوە، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە و هیواخوازین بڕەکە بەرزتر بکەینەوە لە رۆژانی داهاتوودا، ئەوەش پشتدەبەستێت با بارینی باران لە ناوچەکانی دەوروبەری دیجلە و فورات.
 
رووداو: بۆ پەرەپێدانی گلدانەوەی ئاو، عێراق پلانێکی ستراتیژی هەیە بۆ دروستکردنی بەنداو، پێموایە هەندێک پێشنیاز هەن بۆ دروستکردنی ژمارەیەک بەنداو بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان ئەمە بەکوێ گەیشتووە و ئەو بەنداوانە کامانەن؟
 
عۆن زیاب عەبدوڵڵا: بەڵێ لە ناوچە شاخاوییەکان، بەرزترین رووبار، بۆیە روون بێت گوتەکانم، توێژینەوەی ستراتیژیی بۆ ئاو و زەوییەکان بونیادنانی بەنداوی لەخۆی گرتووە، چونکە دروستکردنی بەنداو بۆ بەرهەمهێنانی وزە و گلدانەوەی ئاوە، ئەو بەنداوانەش کە لە توێژینەوەی ستراتیژیدا هەن، لە هەرێمی کوردستان بەنداوی زۆر هەن لە گرنگترینان بەنداوەکانی (باکرمان و مەنداوە و تەقتەق و دەلگە)ن ئەم بەنداوانە نەخشەیان بۆ کێشراوە لە توێژینەوەی ستراتیژیدا لەبارەی ئاو و زەوییەکانی عێراق، ئێمە پابەندین بە دروستکردنیان، بژاردەش هەبوو لە کاتی خۆیدا لەلایەن هەرێمی کوردستان و گفتوگۆی زۆری لەبارەوە کرا، گەیشتینە لێکتێگەیشتن، من ناڵێم دەستبەجێ جێبەجێیان دەکەین، بەڵام لە پلانماندایە، رەنگە لە سەرەتاوە پێویستمان بە لێکۆڵینەوە و نەخشە هەبێت و دواتریش جێبەجێکردن، هەندێ تێڕوانینی جیاواز هەن لەبارەی هەندێ بەنداوەوە بەڵام ئەوانە بەنداوی بڕیارلێدراون و هیوادارین بگەینە بڕیاری ئەرێنی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەنداوانە.
 
رووداو: لە ستانداردی جیهانیدا 180 لیتر دانراوە بۆ هەر تاکێک، بەڵام لە عێراق دەگاتە 350 لیتر لە هەندێ ناوچە، رۆشنبیری تاکی عێراقی لە بەکارهێنانی ئاودا لە چ ئاستێکدایە؟
 
عۆن زیاب عەبدوڵڵا: ئەوە جێگەی داخە، ئەوە لە وڵاتە خۆشگوزەرانەکاندا، لە ئوردن 125 لیترە. من بە روونی قسە بکەم منیش لە پشتیوانان و بانگەشەکارانی گۆڕینی رۆشنبیریی کۆمەڵایەتیم، رۆشنبیرییەکەمان پێویستە بگۆڕێت لە رۆشنبیری زۆرییەوە  بۆ رۆشنبیریی دەگمەنی ئاو، ئێمە لەو وڵاتانەین کە ئاو تێیدا دەگمەنە ناکرێت بەمجۆرە ئاو بەکاربهێنین.
 
رووداو: تۆبۆگرافیای عێراق تاوەکو چەند گۆڕاوە؟
 
عۆن زیاب عەبدوڵڵا: جیاوازە لە هەموو روویەکەوە، پێشتر هەموو ئاوی دیجلە و فورات دەهات بۆ عێراق، ئێستا ئەو بنەمایانە گۆڕاون و ئاوی پێویست نایەت بۆ عێراق، لەپاڵ ئەو گۆڕانکارییە ژینگەییانەی کە بەشێوەکی گەورە کاریگەریی دروستکردووە، رۆشنبیری خەڵک هێشتا هەڕەمەکییە لە بەکارهێنانی ئاودا پێویستە بگۆڕدرێین، لەسەر ئاستی ماڵاندا لەسەر ئاستی خێزان لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، دەبێت لە باخچەی ساوایانەوە منداڵ تێبگات چۆن ئاو بەکاربهێنێت، قوتابیانی سەرەتایی و ناوەندی و خوێندکارانی زانکۆ تێبگەیەندرێن، کابانی ماڵ وەک ئەوەی لەم کۆڕبەندەدا باسکرا بەشێوەیەکی باش، کابانی ماڵ دەبێت رۆڵی هەبێت لە بەکارهێنانی ئاو چونکە ئاو نیعمەتێکی خودای گەورەیە پێویستە رێزی بگرین و پارێزگاریی لێبکەین لەپێناو ژیانی خۆمان و ژیانی خەڵک و بەردەوامی ژیانی ئێمە و ژیانی نەوەکانی داهاتوومان.
 
پێشتر دۆخەکە جیاوازبوو لە ئێستا ئێمە لە باشووری عێراق لە پارێزگای بەسرە و باشووری بەسرە و شەتولعەرەب ئاو زۆر زۆر بوو دیارەدەی زیادبوونی خوێمان نەبوو تەنیا لە هەندێک وەرزی زۆر دیاریکراودا نەبێت لە کاتی زۆر کەمدا کشتوکاڵ و ژیان دەبوژانەوە، ناوچەکە زۆر دەگمەن بوو، زۆر جوان بوو، کێڵگەکان زۆر باش بوون ماسی لە کەشێکی زۆر گونجاودا دەژیا. سامانی ماسی بەشێوەیەکی بڕواپێنەکراو زۆر زۆر بوو، ئێستا ماسی دەگمەن بووە بۆ نموونە بۆ مێژوو دەیڵێم جووتێک ماسی سەبووری بەنێوبانگ لە بەسرە ساڵێکیان دابەزی بۆ 5 فلس، 5 فلس بۆ دوو دانە، ئێستا جووتێک لەو ماسییە گەیشتووەتە 100 دۆلار، ئەوە بەسە بۆیە ئەو پەیامەت پێبگات کە قەبارەی گۆڕانەکە چەندە و گۆڕان لە هەموو عێراق نەک تەنیا لە بەسرە، بە داخێکی گەورەوە خەڵک تووشی نائومێدی بووە، چونکە من لە سەردەمی ئاڵتونیدا ژیاوم، ژیاوم لەو سەردەمەی کە عێراق بەشێوەیەکی دروست هەنگاوی دەنا، ئەگەر جەنگ نەبووایە ئێستا عێراق گەیشتبووە ئاستێکی دیکە، بەڵام هێشتا دەرفەتمان لەبەردەمدایە و دەرفەت هەیە لەبەردەم خەڵکی بەشەرەف و خێرخواز و دڵسۆز بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق.