نێردەی پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق: پێویستە کێشەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی چارەسەر بکرێن

03-03-2023
شیراز رەئوف
 هەڤپەیڤینی نوێنەر فاتیح لەگەڵ نیکۆلای ملادینۆڤ، نێردەی پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق
هەڤپەیڤینی نوێنەر فاتیح لەگەڵ نیکۆلای ملادینۆڤ، نێردەی پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نێردەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق پێیوایە، کێشەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان پێویستیان بە چارەسەرە و دەبێت کۆتاییان پێبهێندرێت.
 
نیکۆلای ملادینۆڤ، نێردەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی کرد، رایگەیاند: "پێشتر بەرپرسانی کورد کێشەکانی خۆیان چارەسەر دەکرد؛ هەربۆیە کورد لە عێراقدا بەهێزبوو".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نیکۆلای ملادینۆڤ، نێردەی پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق:
 
رووداو: گەڕانەوە بۆ عێراق چۆنە، بە تایبەتی بۆ کوردستان؟
 
نیکۆلای ملادینۆڤ: یەکەمجار کە هاتمە عێراق 2005 بوو و یەکەم شوێنیش بینیم فڕۆکەخانەی هەولێر بوو. لە 2005ـەوە ئەم شوێنە بە شێوەیەکی ناوازە گۆڕاوە. هەریەکە لە عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش چوون، بەڵام بە دڵنیاییەوە کێشەی زۆر زۆر هەن کە هێشتا دەبێت چارەسەر بکرێن. هەندێکیان ماوەیەکی زۆرە هەن. 
 
رووداو: ئەو کێشەیە کامەیە کە پێت وایە لە 2005ـەوە هەیە و هێشتا چارەسەر نەکراوە؟
 
نیکۆلای ملادینۆڤ: ئەو کاتە لە 2005ـدا بۆ ئەو بیانیانەی کە دەهاتنە ئێرە، زەحمەت بوو بۆیان بزانن چۆن عێراقییەکان دەتوانن پێکەوە بژین، بە تایبەتی لەو کاتەدا واتە 2005 و 2006 ساڵانێکی دژوار بوون. من هەمیشە لام پرسیار بوو و لە زۆر کەسایەتی عێراقییان دەپرسی هەر بە راست دەتانەوێت پێکەوە بژین؟ چونکە لەو سەردەمەدا نەخشەی زۆر هەبوون لەبارەی ئەوەی کە چۆن عێراق دابەش دەبێت و کێ چی دەبات. پێموایە سەرەڕای هەموو سەختییەکانی قۆناخی گواستنەوە، عێراق بە گشتی توانیویەتی لە چەند شتێکدا سەرکەوتوو بێت. یەکێک لەو شتانە ئەوەیە کە دەسەڵات لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەگۆڕدرێت. دەسەڵات بە ئاشتییانە دەگۆڕدرێت. 20 ساڵە تا ئێستا کودەتای سەربازیتان نەبووە. رێک 20 ساڵە لە کۆتاییهاتنی رژێمی سەدامەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەوەی نەگۆڕاوە ئەو کێشانەن کە عێراق رووبەڕوویان دەبێتەوە. خەڵک پێیان خۆشە باسی ئەو کێشانە بکەن کە لە دەستوورەوە بۆیان ماوەتەوە، وەک ناوچە کێشەلەسەرەکان و یاسای دابەشکردنی داهاتەکانی نەوت، کەرکووک و شتی دیکە، بەڵام بەداخەوە گفتوگۆی پێویست نییە لەسەر ئەو سیاسەتانەی کە پێویست بوو لەم ساڵانەدا بگۆڕدرانایە. کوا سیستمی تەندروستی؟ ئایا خەڵک کارەبای پێویستیان هەیە؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ گەندەڵیدا دەکەیت؟ چۆن کار لەگەڵ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا دەکەیت؟ 
 
ئەگەر حکومەتێک بیەوێت رەوایەتی هەبێت، بە واتایەکی دیکە، لە عێراقدا قسەی زۆر لەسەر سەروەری دەکرێت، ئەگەر حکومەت بیەوێت بە راستی سەروەری هەبێت، تاقیکردنەوەی راستەقینەی سەروەری نێوخۆیی لە دەرەوەی پێناسەی یاسایی ئەوەیە کە حکومەت چۆن کێشەکانی خەڵک چارەسەر دەکات؟ ئێمە لەم ساڵانەدا بینیومانە داعش دەستی بەسەر بەشێکی فراوانی وڵاتدا گرت. لە باشوور ناڕەزایەتیی خەڵکمان بینیوە و داوای خزمەتگوزاری دەکەن. ئێمە بینیومانە کە ئەم کێشانە دووبارە و چەندبارە سەرهەڵدەدەنەوە و کەمێکیان نەبێت هیچ چارەسەر نەکراون. هیوادارم ئەو کاتە بێت کە عێراقییەکان شتەکان بگەڕێننەوە ژێر دەستی خۆیان، ئەوەش مەبەست لە کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی وڵاتەکەیە، بەغدا و بەسرە و بەشەکانی دیکەی وڵات. دەبێت واز بێنن لەوەی پشت بە بیانی و دەرەکییەکان ببەستن بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان. ئەوە دەبێتە گۆڕانێکی جیدی.
 
رووداو: تۆ شایەتی ساڵێکی زۆر دژوار بوویت، 2005. هەموو ئەوەی ئێستا دەیبینین لە 2005 دەستیپێکرد. ئەو ساڵەیە کە دەستوور نووسرایەوە و لەلایەن خەڵكی عێراقەوە دەنگی پێدرا. ئەو ساڵەیە کە عێراق یەکەمین هەڵبژاردنی گشتی سازکرد. دوای 2005 یەکەمین پەرلەمان و یەکەمین حکومەتی هەڵبژێردراومان هەبوو کە کورد و شیعە و سوننە و پێکهاتەکان تێیدا بەشدار بوون. پێت وایە لە 2005ـدا چی هەڵە بوو؟ ئێمە دەبینین دوای 20 ساڵ لە عێراق ئەمڕۆ ئەو هەموو کێشە کەڵەکە بووە. 
   
نیکۆلای ملادینۆڤ: پێم وایە ئەوەی هەڵە بوو ئەوە بوو کە زۆر بەپەلە رێککەوتنی زۆر زیاد کران بۆ ئەوەی کێشە و گرفتەکانی ئەو کاتە چارەسەر بکەن. لەو سەردەمەدا راوەستانێکی راستەقینە لەسەر دەستوور نەبوو. زۆر بڕیار کە دەبوو ئەو کات درابان یان دەکرا بدرێن، دواخران.
 
رووداو: وەک چی؟
 
نیکۆلای ملادینۆڤ: دوو نموونەت پێدەڵێم: کاتێک ئەمریکییەکان هاتن، سوپای سەدام و پۆلیس هەڵوەشێندرانەوە. ئەو پرۆسەیە لەگەڵ پەرلەمانی تازە هەڵبژێردراوی عێراقدا یەکی نەدەگرتەوە کە دەستبکات بە پرۆسەی هەڵوەشاندەنەوەی یاسا کۆنەکان کە لە سەردەمی سەدامەوە مابوونەوە. دەکرا ئەوانە زۆر بە خێرایی بکرێنە یاسای هاوچەرخ، چونکە لەو سەردەمە سەرەتاییەدا، لەو ماوە سەرەتاییەی دوای کۆتاییهاتنی رژێمدا، پێموایە جۆشوخرۆشی زۆر زیاتر بۆ گۆڕینی یاساکانی وڵات و ناساندنی سیستمی نوێ هەبوو. زۆربەی ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە ئازادیی رادەربڕین و بەشەکانی دیکەی یاسادانانەوە هەبوو، وازیان لێ هێنرا و چارەسەر نەکران. قسە نەکرا لەسەر ئەو کێشە گەورانەی پەیوەندییان بە دابەشکردنی داهاتی نەوت و شتی دیکەوە هەیە. بە دڵنیاییەوە بەشێکی ئەوە پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە سیاسییە عێراقییەکان لەو سەردەمەدا ئەزموونیان نەبوو بەو جۆرەی سیستمە کە دەیخواست. 
 
رووداو: ئەی تۆ راوێژت نەدەدا؟ 
 
نیکۆلای ملادینۆڤ: بەڵێ، من لێرە بووم یارمەتیی پەرلەمان بدەم و بزانێت چۆن کار بکات. 
 
رووداو: ئەی ئەوان گوێیان گرت؟
 
نیکۆلای ملادینۆڤ: گوێیان گرت و هەندێکیشیان زۆر فێر بوون. من پەیوەندیی زۆر باشم لەگەڵ هەریەکە لە کورد، شیعە و سوننە و گرووپەکاندا هەبوو، بەڵام بەشێک لەو شتانەی لە دەستووری عێراقدا نووسراون، دەکرێت لە ئەمریکا یان شوێنی دیکە باش کار بکەن، بەڵام وەک پێویست رەنگدانەوەی دۆخی عێراق نین و کێشەیان دروستکرد و ئێستاش هەن. بە گوێرەی دەستوورەکەتان، دەبێت پەرلەمان سەرکردەکانی سوپا پەسند بکات، دەستنیشانکردنی باڵیۆزەکان پەسند بکات لە کۆمەڵگەیەکدا کە لە رووی سیاسییەوە بە قووڵی دابەش بووە؛ کۆمەڵگایەک کە ئەزموونی ئەم دامەزراوانەی نییە. ئەو دەسەڵاتانە نەک تەنیا دەبێت راڤە بکرێن، بەڵکو دەبێت بە باشی روونبکرێنەوە و خەڵک تەواو تێیان بگات.
 
ئەگەر بازێکی خێرا بدەین بۆ  ساڵی 2014 کە مووسڵ کەوت، داعش دەستی بەسەر سێیەکی وڵاتدا گرت، تازە هەڵبژاردن کرابوو. ئێمە رووبەڕووی ئەو کێشانە بووینەوە کە دامەزراوەی حکومەتی عێراق تووشی شۆک ببوو و لە پەلوپۆ کەوتبوو، بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی موسڵ. بیرمە کە نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کات، هەوڵیدا دانیشتنی پەرلەمان بکات، بەڵام دەنگی پێویستی نەبوو بۆ ئەو دانیشتنە. ئەو کاتە من لێرە بووم وەک یونامی و یەکێک لە ئاڵنگارییە گەورەکان ئەوە بوو بە خەڵک پیشان بدەیت کە دامودەزگاکانی عێراق، سەرەڕای ئەو تراژیدیە ناخۆشە لە موسڵ و بەشەکانی دیکەی وڵات روویداوە، دامودەزگا عێراقییەکان دەتوانن دەست پێبکەنەوە و خۆیان رێکبخەنەوە، بۆ ئەوەی پەرلەمان دانیشتنی خۆی بکات و سەرۆکێک هەڵبژێردرێت و حکومەت هەڵبژێردرێت؛ حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی هەڵبژێردرێت. 
 
لە 2005ـەوە تاوەکو 2013 خەڵک زۆر فێر بوون کە چۆن لەناو سیستمەکەدا کار بکەن. ئەو عێراقە توانی لە 2013دا خۆی کۆبکاتەوە و لەم قەیرانەدا خێرا حکومەت پێکبهێنێت، ئەوە سەرکەوتنێکی تەواو بوو، بۆیە من گەشبینم کە لەو کاتەوە، ئەگەر بە خێرایی بڕۆینە ساڵی 2023، ئینجا کێشەکان هەرچی بن لە عێراق، لە بەغدا، لە نێوان کوردەکان، هەر شتێک بتەوێت سەیری بکەیت، بەشی ئەوە ئەزموون هەیە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانە بکەیت؛ زانیاری زۆر زیاتر هەیە کە کەڵەکە بووە، هۆشیاری زیاتر هەیە کە چۆن مامەڵە بکەیت لەگەڵ ئەو پرسانە. ئینجا ئایا ئەمە دیدگەیەکی گەشبینانەیە؟ دەزانی گەشبینێک دەڵێت نیوەی پەرداخەکە پڕە و رەشبینێکیش دەڵیت نیوەی خاڵییە. سەیر بکە، کێشەکان هێشتا ماون، بەڵام شیاوی چارەسەرکردنن. ئێمە مامەڵە لەگەڵ کێشەی بنچینەیی چارەسەرنەکراودا ناکەین وەک ئەوانەی 2013 و 2005 و 2006. 
 
رووداو: تۆ گوتت کە زۆرێک لە رێککەوتنەکان لە 2005ـدا لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کران، وەک مادەی تایبەت بە ناوچە کێشەلەسەرەکان. ئایا مەبەستت لەوەی ئەو رێککەوتنانە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کران ئەوەیە کە بە باشی چارەسەرنەکراون؟ 
 
نیکۆلای ملادینۆڤ: کاتێک ئەو بڕیارانە دران، ئامانجەکە ئەوە بوو کە بەشەکانی دیکەی وڵات بەرەو پێشەوە بچن نەک ئەوەی لە شتێکی وەک کەرکووک بووەستێت کە هەڵبەت تەواو گرنگە، بەڵام ماتەوزەی ئەوەی تێدایە کە تەواوی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا پەکبخات. ئاڵنگارییەکە ئەوەیە کاتێک وڵات دەست دەکات بە بەرەو پێشچوون، بڕیارەکان لەو بارەیەوە دوادەخرێن. ئەوە ئێمە ئەمڕۆ لە 2023ـدا هێشتا یاسای نەوتی عێراقیمان نییە، هێشتا پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان بە گوێرەی دەستوور چارەسەر نەکراوە، پەیکەری تەواوەتیی فیدراڵی جێبەجێ نەکراوە. کێشەی نوێش سەرهەڵدەدەن. ئێوە ماوەی 20 ساڵە دەوڵەت بەڕێوە دەبەن. رەنگە ئێستا کاتی ئەوە بێت کە بیر بکەنەوە چۆن ئەم پرسانە چارەسەر بکەن. لە هەمان کاتدا سەرنج بخەنە سەر ئەوەی کە خەڵک دەیەوێت لە ژیانی رۆژانەیاندا بگۆڕێت.  
 
رووداو: هەندێک لە سەرکردە عێراقییەکان دەڵێن ئەم رێککەوتنە کۆمەڵایەتییە کە مەبەستیان لە دەستوورە لەناو عێراقییەکاندا، ئیدی بە کەڵکی عێراق نایەت. یەکێک لەو سەرکردانە عەممار حەکیمە لە رەوتی حیکمە. ئایا تۆش هاوبۆچوونی لەگەڵیدا؟
 
نیکۆلای ملادینۆڤ: ئێستا گفتوگۆی راستەقینە لە بارەی گۆڕینی دەستوور هەیە. مەبەستم ئەوەیە دەتوانیت هەندێک شت بڵێیت. بۆ سیاسییەکان باشە کە شت بڵێن، بەڵام ئەوە دەستووری راستەقینەیە. پێم وایە سەرۆک بەرهەم ساڵح دەستی کرد بە گفتوگۆی تەواوەتی لەسەر ئەوەی کە پێویستە چی لە دەستووردا نوێ بکرێتەوە، بەڵام نازانم بە کوێ گەیشت؟ 
 
رووداو: ئەنجامی نەبوو؟
 
نیکۆلای ملادینۆڤ: بەڵام ئەگەر ئەوە کێشە بێت، ئەوە باشترین شت گفتوگۆی راستەقینەیە. دیسانەوە ئەوە زۆر گرنگە ئەم گفتوگۆیانە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا هەبن، هەرچەندە لە هەمان کاتدا پێویست بێت ئەو کێشانە چارەسەر بکەیت کە رۆژانە خەڵک و هاونیشتمانیان رووبەڕوویان دەبنەوە، چونکە بەبێ ئەوە گوشاری کۆمەڵایەتی زیاد دەبێت و متمانە و دیموکراسی لاواز دەبن. حیزبە متمانەپێکراوەکان لاواز دەبن. حیزبەکان نزیک دەبنەوە لەوەی نوێنەرایەتیی [کەس] نەکەن و خەڵک ئەو خزمەتگوزارییانەیان دەستناکەوێت کە پێویستیانە، وەک هەر کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ یان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا. من باسی پێویستییەکانی گۆڕانکاری لە دەستووردا دەکەم. بەڵام سەرەتا خەڵك پێویستیان بە نەخۆشخانەیە کە بۆی بچن، [سیستمی] تەندروستیی باشیان هەبێت کە گرنگییان پێ بدات، مووچەی باشیان هەبێت، شارەوانییەکانیان و هەرێمەکانیان خزمەتگوزاریی باشیان پێشکەش بکەن. ئینجا ئەم کێشانە بابەتی سەرەکی سیاسەتن، گرنگ نییە کە کوردە، شیعەیە، سوننەیە یان هەر پاشخانێکی ئیتنیکی و ئایینیی هەیە.
 
رووداو: ئەوان لەسەر سەرنجی جیهانی راهاتبوون. ئەوان هەمیشە لە مێشکی خۆیاندا ئەو بیرۆکەیەیان هەبوو کە گرنگ نییە چی روودەدات، چ جۆرە کێشەیەک دروست دەکەن، کەسێک لە دەرەوە دێت و چارەسەری دەکات. بەڵام ئیدی ئەوە نەماوە. ئەوە بۆیە ناتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن. دەتوانیت زیاتر ئەوە روون بکەیتەوە؟
 
نیکۆلای ملادینۆڤ: پێم وایە دوو لایەنی هەیە. یەکێکیان ئەوەیە کە لە 20 ساڵی رابردوودا سیاسییەکان بە راستی راهاتبوون لەسەر سەرنجی نێودەوڵەتی کە لەسەر وڵاتەکە بوو. ژینگەی جیۆسیاسی گۆڕاوە، بەر لە داگیرکاریی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەستی بە گۆڕان کرد، بەڵام لەگەڵ شەڕی ئۆکراینادا تەواو ئاشکرا بوو. سەرنجی نێودەوڵەتی لە شوێنێکی دیکەیە: چ ئەوە شەڕ بێت چ کێبڕکێی نێوان ئەمریکا و چین بێت، چ کێشەکانی دیکەی جیهان بێت. بۆیە ئەو سەرنجە لاچووە. بە داخەوە لە 20 ساڵی رابردوودا زۆر کەس لە عێراق لەسەر ئەو بیرۆکەیە راهاتن کە کێشە هەیە و کەسێک لە دەرەوە دێت نێوانگیری دەکات و یارمەتی دەدات چارەسەر ببێت. ئیتر باش دەبێت. بەبێ ئەوە سەرنجە کێشەکە خراپتر دەبێت. چونکە دەبێت سیاسییەکان خودی خۆیان کێشەکە چارەسەر بکەن. هەندێک کات پێویستیان بە نێوانگیریی نێودەوڵەتی دەبێت، بەڵام ئەوان پێویستیان بەوەیە گەشە بە کارامەییان بدەن، گەشە بە تواناییان بدەن کە بیکەن. من بینیومە کە عێراقییەکان کردوویانە. من بینیومە عێراقییەکان هەندێک جار لە دۆخە سەختەکاندا کۆدەبنەوە و بە شێوەیەکی زۆر بونیاتنەرانە ئاڵنگارییەکانی رۆژ چارەسەر دەکەن. بەرژەوەندی خۆیان دەخەنەوە لاوە، بەرژەوەندییە حیزبییەکانیش دەخەنە لاوە، بە راستی پێکەوە کار بکەن. ئەمانە ساتگەلێکی مێژووین و زۆر گرنگن، هیوادارم زۆرتر ساتی لەو شێوە ببینم.  چونکە ئێستا وڵات پێویستی بەو جۆرە هەڵسوکەوتەیە. 
 
بەڵام ئەم ئاڵنگارییە لایەنێکی دیکەی هەیە. بەڵام پێم وایە، بە تایبەتی لە دیدگەی دەرەوە، ئێمەی بیانییەکان راهاتووین کێشەکان بناسێنین و بیانخەینە پاکەتەوە. دەی ئەمڕۆ کێشەکان چین؟ ئەم بابەتە یاسای نییە. با بڵێین ئێمە پیویستمان بە رێککەوتنێک بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایە. یان ئێستا لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا کێشە هەن با ئەوە چارەسەر بکەین. ئەو کاتە دەچین بۆ چارەسەرکردنی شتێکی دیکە. پێم وایە بە راستی پێویستە ئەوە بکرێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان چارەسەر بکرێن. چونکە بەبێ هەبوونی پەیوەندی کە وڵات پێکەوە دەبەستێتەوە، ناتوانیت بە راستی کێشەکان چارەسەر بکەیت. چونکە بە چارەسەرکردنی کێشەیەک، [دەرگای] دانەیەکی دیکە دەکەیتەوە. بۆیە پەیوەندی لەنێوان هەولێر و سلێمانی نوێ بکرێتەوە، پەیوەندی لەنێوان کورد و بەغدا پێکەوە نوێ بکرێتەوە، ئەوجا ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن کە پێویستیان بە چارەسەرە. رەنگە ئەمڕۆ رووبەڕووی شێوازێکی باشتر ببینەوە. 
 
من ئەمە دەڵێم، لەبەر ئەوەی پێم وایە کێشەکان دێن و دەردەکەون و هەندێکیان بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە. بەڵام ئەگەر ئەو پێکەوە بەستنە، ئەو چەسپە نەبێت کە هەمووان پێکەوە دەبەستێتەوە، ئەوا زۆر زۆر دژوار دەبێت چارەسەر بکرێن. ئەو کاتە پێویستت بە کەسێک دەبێت لە دەرەوە.
 
رووداو: ئەو پێکەوەگونجاندنە، ئەو چەسپە شتێکە خەڵک لەگەڵ تێپەڕبوونی کات باشتر دەبێت و هەموو شتێک، کارامەییەکان گەشە دەکات، کاتێک ئێوە ئەو ساڵانە لێرە بوون، بۆ نموونە، یەکێتی و پارتی تۆ باست لە کێشەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی کرد، گرنگ نییە چی روویدابا، ئەوان قاییل بوون پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانیان بکەن. ئەوە ئەو شتەیە ئێستا ئێمە نیمانە. ئەوان تەنانەت ناتوانن پێکەوە دانیشتنێک بکەن و گفتوگۆ بکەن، مەبەستم مەکتەبی سیاسییانە. نەک بە تەنیا نەیانتوانیوە کارامەیی خۆیان گەشە پێبدەن، بەڵکو ئەوەشی هەیان بوو لە دەستیان داوە. ئێوە، لە روانگەیەکی بیانییەوە، چۆن سەیری ئەم بابەتە دەکەن؟  
 
نیکۆلای ملادینۆڤ: من کوردەکانم بینیوە، نەک بە تەنیا یەکێتی و پارتی، بەڵکو هەموو سەرکردە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق کە کۆدەبوونەوە و دیبەیتیان دەکرد و رێککەوتنیان دەکرد. دەزانی لە ناخی دڵیانەوە هەستیان کردووە کە ئەگەر کوردەکان دابەش ببن لاوازن، دەبنە نێچیری دەستێوەردانی دەرەکی و گوشاری دەرەکی. خۆ ئەگەر یەکبگرن، ئەوا دەنگیان تەنانەت لە دەرەوەی سنووری عێراق دەبیسترێت، تەنانەت لە دەرەوەی ناوچەکە. زۆر گرنگە بزانن چۆن بگەڕێنەوە بۆ ئەوە. ئەمڕۆ تۆ نەوەیەکی نوێی سەرکردە کوردەکانت هەیە، کە لە تەواوی پارتە سیاسییەکان دەرکەوتوون و هەر لە بەر ئەوەشە دەڵێم کە ئەو پەیوەندییانە گرنگە بگەڕێندرێنەوە، چونکە ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ رۆژە سەرەتاکانی ئازادی عێراق، لە دوای تەاوبوونی سەردەمی سەدام، یاخود لە کاتی رژێمی سەدام، دەتبینی سەرکردە کوردەکان ئەو پەیوەندییەیان لەنێوان خۆیاندا هەبوو، سەرەڕای هەموو جیاوازییەکانیان و هەموو کێشەکان، دەیانتوانی چارەسەر بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە. ئێمە ئەمڕۆ نەوەیەکی نوێمان هەیە کە رووبەڕووی ژینگەیەکی نوێ بوونەتەوە، ئەوە دەبێت بگێڕدرێتەوە. من دەبێت هەمیشە گەشبین بم، ئەگەر نا، نەمدەتوانی لەم چەند دەیەی دوایی سەردانی عێراق بکەم.  
 
رووداو: کۆتایی 2007، بەپێی دەستوور کۆتا وادە بوو بۆ جەبەجێکردنی مادەی 140. ئەوە رووی نەدا، سووچی کێ بوو؟ کوردەکان سووچەکە دەخەنە سەر عێراق، سەر حکومەتی ناوەندی، حکومەتی ناوەندیش قسەی خۆی هەیە، ئێمە زۆر باشین لە گۆڕینەوەی تۆمەت، هەر یەکە و ئەوی دیکە تۆمەتبار دەکات، بەخێر بێیت بۆ ئەم وڵاتە و لێرە شتەکان وان. ئایا هیچ کەسێک شک دەبەی تۆمەتبار بکرێت؟ 
 
نیکۆلای ملادینۆڤ: سوودی چییە؟ سوودی تۆمەتبارکردن چیە؟ سوودی چییە ئەگەر بگەڕێیتەوە رابردوو و دەست بە بەخشینەوەی تۆمەت بکەیت، ئەوەی کێ لەوە بەرپرسیارە؟ من ساڵی 2007 لێرە نەبووم، بەڵام من لێرە بووم کاتێک هەولێر و بەغداد، کاتێک سەرۆکوەزیرانی ئەوکات نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی کە تازە بووبووە سەرۆکوەزیران رێککەوتنێکیان کرد بۆ دابەشکردنی داهاتەکانی کەرکووک. دەزانی رێک خولەکی کۆتایی بوو، ئەوە رێککەوتنێکی زۆر زەحمەت بوو، هەردوولا هەولێر و بەغداد دەبوو سازشی جدی بکەن، هەروەها سەرۆک بارزانی ئەوکات هەڵوێستێکی زۆر گرنگی هەبوو لە رێبەرایەتیکردنی ئەو دیبەیتە، بۆیە سوودی چییە بزانی ئەوە کێیە کە دەبێت تۆمەتبار بکرێت؟ سەیری ئەو داهاتووە بکە کە ئێستا لە کوردستان لە بەردەمتدایە، تۆ دەرفەتێکی ستراتیژیت هەیە، بژاردەیەکی ستراتیژی ئەگەر بخوازی و ئەگەر پێکەوە کار بکەن و بۆرییەکانی گاز پێکەوە ببەستنەوە بۆ ئەوروپا، کە ئێستا بە ناچاری پیویستیان بە گازی زیاتر و زیاترە لە دوای شەڕی ئۆکراینا، ئەو کات ئێوە نەک بە تەنیا لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق پێگەتان دەبێت، بەڵکو دەبنە خاوەنی سەرچاوە پێویستەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە هەرێم رووبەڕوویان دەبێتەوە، چونکە هەر ئەمڕۆ ماوەیەک پێشتر لە کۆنفرانسەکە، پافڵ تاڵەبانی باسی لەوە کرد کە چەندە سلێمانی لێرە [لە هەولێر] جیاوازە، ئەوەی چۆن رێگەکان لێرە جیاوازن و، ئەو لەم قسانەدا خالێکی [رەوای] هەیە، بەڵام سەرچاوەکان بەشی هەمووان دەکات، ئەگەر زیاتر بڕۆیتە خواروو لە باشوور، لە بەسرە بەشی پێویست سەرچاوەت هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی وڵات. رێگە هەن و ئێمە لە رۆڵی جیاوازەوە هەر یەکەمان سەیری ئەمەمان کردووە. رێگە هەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کیشەکان، پیویستیان بە سەرکردایەتی هەیە و، پیویستیان بە پەیوەندی هەیە کە دەبێت بوونی هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو سەرکردایەتییە بەرهەمی هەبێت. ئێستا دادوەرانە نییە بگەڕێیتەوە دواوە و بڵێی باشە ئەمە ئەوەیە لە دەستووردا هاتووە و بۆچی ئێمە ئەوەمان نەکرد؟ [ئەو پرسیارەی] بۆچی ئەوەمان نەکرد؟ ئەمە دەکرێت لە ژینگەیەکی ئەکادیمی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ باس بکرێت، بەڵام سەرکردە سیاسیەکان بەرپرسیارن لە گرنگیدان بە داهاتوو، نەک رابردوو. ئەگەر بێتوو بە تەنیا سەیری رابردوو بکەیت، ئەوکات تۆش دەبیتە رابردوو.  
 
رووداو:عێراق سەرکردایەتی نییە؟  
 
نیکۆلای ملادینۆڤ: پێموابێت ئێستا گۆڕانکاری بە سەر سەرکردایەتیدا هاتووە، ئەویش بە هۆی هاتنی ئەم نەوە نوێیەی کە هاتوونەتە سەر کار، ئەگەر سەیری سەرۆکوەزیران سوودانی بکەین لە بەغداد، ئەو هاوپەیمانییەتێکی هەیە کە پاڵپشتی لێدەکات، دەزانی زۆر کەس لە رۆژئاوا لەم هەڵبژاردنە بە گوومان بوون. بەڵام ئەو هەوڵدەدەت رووبەرێک دروستبکات، هەموو سەرۆکوەزیرانێک هەوڵدەدات چارەسەری کێشەی خەڵک بکات. ئەو ئەم کارە بە شیوەیەکی زۆر پیشەییانە و هێمن و سیستەماتیک دەکات. ئەوە لایەنە ئەرێنییەکەیە. دەزانی سەرکردەکانی ئێرە لە کوردستان دەتوانن، هیوا دەخوازم بتوانن جیاوازییەکانیان چارەسەر بکەن، بۆ ئەوەی لە حکومەت پێکەوە بن و وەک کورد پێکەوە بڕۆنە بەغداد بە مەبەستی دانووستاندن، چ لەبارەی بودجەوە بێت یان لەبارەی پرسی دیکەوە. پێموابێت ئەم نەوەیە زۆر کارامەتر و زۆر بە ئاگاترە لەوەی کێشە راستەقینەکان چین. رەنگە پێویستیان بە یارمەتی بێت. بەڵام ئەوەی پێویستیان پێیەتی ئەوەیە بتوانن پێکەوە کاربکەن، ئەمەش شتێکە کە پێویستە پەرەی پێبدرێت، لەوەی کەمێک لە مێژوو [سوود] وەربگیڕیت، لەوەی شتەکان لە رابردوو چۆن کراون.  
 
رووداو: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.  
 
نیکۆلای ملادینۆڤ: زۆر سوپاس

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی هیوا جەمال زانیاری ورد دەخاتەڕوو

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: ئەمساڵ هەموو عێراق مووچە بە کارت وەردەگرێت، جگە لە سلێمانی

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، عێراق هەمیشە کێشەی نوێیان بۆ دروست دەکات و دڵنیانین لەوەی ئەم ساڵ پرۆسەی ناردن و دابەشکردنی مووچە بەبێ گرفت بێت، گوتیشی "لە 2025 هەموو عێراق مووچە بە کارت وەردەگرێت، جگە لە سلێمانی."