رووداو دیجیتاڵ
ئوفوک ئوراس، سیاسەتمەداری تورکیا دەڵێت، ئەو مۆدێلەی کە هەرێمی کوردستان لە عێراق پێشکێشی کردووە "مۆدێلێکی زۆر گرنگە" و دەکرێت لە سووریاش بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی سووریادا بەکاربهێندرێت.
ئوفوک ئوراس ئەمڕۆ لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی تایبەت بە باکووری کوردستان و تورکیای تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، پێشتر هەبوونی قەوارەیەکی سیاسی بۆ کورد لە عێراق بۆ تورکیا هێڵی سوور بوو، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکانی هەردوولا باشن و دەکرێت دوای نەمانی دەسەڵاتی ئەسەدیش پەیوەندی تورکیا لەگەڵ کوردی رۆژئاوای کوردستان بەو جۆرە بێت.
ئوراس لەبارەی دۆخی باکووری کوردستان و تورکیا و ئەو هەوڵەی ئێستا هەیە قسەی کرد و رایگەیاند، دەکرێت لێبووردنێک رابگەیەنرێت.
ئوراس کە ماوەیەک سەرۆکی گشتی پارتی پشتگیری و ئازادی (ODP) بوو 20ی تشرینی دووەمی 2024 سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتی مەهەپەی کرد کە هاوپەیمانی ئاکپارتییە لە بەڕێوەبردنی کاروباری تورکیادا.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ ئوفوک ئوراس:
رووداو: پێش ئەوەی شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمرالی بکات، ئێوە سەردانی دەوڵەت باخچەلیتان کرد. ئایا ئەمە بۆچوونێکی تایبەتی بوو یان هەندێک لایەن داوایان کرد کە ئەو سەردانە ئەنجام بدەن؟
ئوفوک ئوراس: بێگومان دوای ئەوەی پەیوەندیمان لەگەڵ هاوسەرۆکی دەم پارتی بەڕێز تونجەر باکرهان و گوتەبێژی پارتەکە ئایشەگوڵ دۆغان کرد، ئەو سەردانەمان ئەنجامدا. پێم گوت کە دیدارەکەی دەم پارتی و ئۆجەلان زۆر بەنرخە و بەرپرسانی دەم پارتیش ئامادەن هەر سوودێکی پێویست بگەیەنن بەم پرۆسەیە. ئەویش سوپاسی کرد. پرۆسەکەمان هەڵسەنگاند. دواتر پەیوەندیم لەگەڵ ئەحمەد تورک کرد و ئەو زانیارییانەم پێدا. بەڕاستی پێشهاتەکانی دوای ئەوە بۆ تورکیا خاوەنی بایەخی مێژوویین. ویستمان هەر کەسێک کە دەیەوێت لەم بابەتەدا سوود بگەیەنێت، لە پرۆسەکەدا بەشدار بێت.
رووداو: دەکرێت ئێوەش وەک ئەندامێکی شاندەکە سەردانی ئیمرالی بکەن؟
ئوفوک ئوراس: نەخێر، پێویستی بەمە نییە. پەیوەندی نێوان دەم پارتی و ئۆجەلان بەسە. ئێمە تەنیا بۆ ئەوەی پرۆسەکە خێرا بێت و ئاسان بێت، بەشداریمان کرد، بەڵام ئێستا لە تورکیا هەموو رۆژێک بۆچوونەکانی خۆمان کە ئەرێنین لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ رای گشتی بەش دەکەین. هەوڵ دەدەین ئەو نیگەرانی و پرسیارانەی کە هەن لابەرین. لەبەر ئەوەی ئەمە پێشبڕکێیەکە دژی کات. رەهەندێکی نێودەوڵەتیی بابەتەکەش هەیە، واتە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و کشانەوەی ئێران لە ناوچەکە، بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان زەمینەیەکی گونجاو هەیە. ئێمەش هەوڵ دەدەین سوود بگەیەنین بەمە.
رووداو: بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجامێک هیوایەک هەیە؟
ئوفوک ئوراس: بێگومان ئێمە زۆر بەهیواین. لەبەر ئەوەی پلانی B نییە، واتە ئەگەر ئەم هەموو هەڵە بن، کەس نییە بڵێت شتی راست ئەمەیە. زەمینەی گونجاو هەیە کە پەکەکە چەک دابنێت و رێگای سیاسەتی دیموکراسی بکرێتەوە. کاتێک دەڵێن چەک دابنێن، ناڵێن واز لە سیاسەت بهێنن، واتە ئەم پرۆسەیە دەبێت لە زەوینەیەکی گونجاودا جارێکی تر بەردەوام بێت. لێرەدا برایەتی کورد و تورک زۆر گرنگە. بەڵام بۆ ئەمەش دەبێت برایەتی لە نێوان کوردەکاندا بەهێزتر بێت و پێش بکەوێت. ئەو مۆدێلەی کە بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی کوردی عێراق پێشکێشی کردووە، مۆدێلێکی زۆر گرنگە. لە چوارچێوەی پێشخستنی ئەو مۆدێلە لە کوردستانی سووریاش، ئەو لایەنانەی لە سوریا دەبێت ببن بە بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی سووریا و کێشەی ئاسایشی سنوورەکان نەمێنێت.
رووداو: یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان ئەوەیە کە پەکەکە چەک دابنێت. دوای دانانی چەک هیچ نەخشەڕێیەک هەیە کە چی دەکرێت؟ ئایا دانانی چەک دەبێتە هۆی مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد و گۆڕینی دەستوور؟
ئوفوک ئوراس: بێگومان ئەم شتانە دەکرێت هاوکات رووبدەن، نەوەک تەنیا چەکدانانی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەی و گۆڕینی بۆ شتێکی دیکە. بۆ نموونە، دەبێت لە سوریا پەیەدە و یەپەگە لە دیاریکردنی داهاتووی سوریادا ببن بە بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی سوریا، کوردەکانی سووریا ببن بە خاوەنی مافی دەستووری و هاوکات لەگەڵ ئەوانەش لە تورکیادا گۆڕانکارییەکی دەستووری لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون دەکرێت رووبدات. پێشبینی دەکەم کە لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا زیاتر ئەم بابەتانە لە رۆژەڤدا جێگەیان بێتەوە.
رووداو: بۆچوونی ئێوە لەسەر قسەکانی دەوڵەت باخچەلی چییە کە دەڵێت 'ئێمە ئامادەین مافەکانی کورد وەک تاک مسۆگەر بکەین، بەڵام وەک مافی گشتی شتێکی وا قبووڵ ناکرێت و گۆڕانکاری لە 4 خاڵی سەرەتایی دەستووردا ناکرێت؟
ئوفوک ئوراس: واتە جێبەجێکردنی یەکسانیی دەستووری و هاووڵاتیبوونی دەستووری واتای نەمانی کەموکوڕی دیموکراسی لە تورکیا دەگەیەنێت. ئەمەش بە تەنیا خۆی هەوڵێکی گرنگە. واتە با بڵێین مافی پەروەردە بە زمانی دایک مادەیەکی تاکەکەسییە یان کۆمەڵە؟ ئەم بابەتانە تێکەڵی یەکدین، بەڵام گۆڕانکارییەکی دەستووری کە ئێمە لە رژێمی 12ی ئەیلوول رزگار بکات و هەروەها دەم پارتی، هەموو پارتەکان و پارتی سەرەکی ئۆپۆزیسیۆن جەهەپەش تێیدا بەشدار بن، لە تورکیادا مەیدانی سیاسەت و دیموکراسی فراوان دەکات. لەبەر ئەوە دەم پارتی پشتگیری لەم پرۆسەیە دەکات. لەبەر ئەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پشتگیری لەم پرۆسەیە دەکات. لەبەر ئەوە لایەنی دەسەڵاتیش بەشێکە لەم پرۆسەیە.
رووداو: سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد دەکرێت؟ لێبووردنی گشتی بۆ زیندانیانی سیاسی رادەگەیەنرێت؟
ئوفوک ئوراس: بە پێشبینی من، ئەو شتەی پێی دەگوترێت "مافی هیوا" بۆ کەسێک بە تەنیا نییە. واتە تەنیا بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سنووردار نییە و مافێکی گشتییە. لەو بڕوایەدام ئەگەر هەیە لەم چوارچێوەیەدا راستکردنەوەیەکی یاسایی وەک لێبووردنێک بکرێت. لەبەر ئەوەی لە مێژووی کۆماردا ساڵەکانی 10یەم، 50یەم وەک سەردەمی هێمای لێبووردن بوون. لەبەر ئەوە وەک بەشێک لە پرۆسەکە دەکرێت لێبووردنێکی سیاسی وەها و دەستپێکێکی نوێ بیری لێ بکرێتەوە. ئەمانە ئەو بابەتانەن کە قۆناخ بە قۆناخ و بە نۆرە دێنە رۆژەڤەوە. بێگومان دەبێت بە پەسەندکردنی گەلەوە ببەسترێتەوە و بە ئەگەرێکی زۆر لاپەڕەیەکی نوێ دەکرێتەوە. بۆ ئەمەش لەوانەیە پێویستی بە بەرتەسککردنەوەی پێناسەی تیرۆر هەبێت. لەبەر ئەو لایەنانەی کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە چەکەوە نییە، واتە تەنیا لەبەر بۆچوونەکانیان لە زیندانەکاندان. دەبێت ئەمە بکرێت تاکو مرۆڤ و رۆشنبیرەکانمان کە لەبەر بۆچوونەکانیان لە زیندانەکاندان ئازاد بکرێن.
رووداو: جاری یەکەم پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبوو و هەردوولا یەکدییان تاوانبار کرد. ئێستا بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە پێویست نییە چاودێرێک هەبێت؟
ئوفوک ئوراس: سەردەمی رابردوو داواکاری چاودێرێکی سێیەم نەهاتە دی و راوەستا بەڵام بابەتی سەرەکی ئەوە بوو کە سووریا هێڵی سوور بوو. بەڵام ئێستا بە ڕووخانی رژێمی ئەسەد هێڵە سوورەکان بوونەتە رەنگی پەمەیی. پێشتر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی کوردستانی عێراقیش هێڵی سوور هەبوو، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکان ئاسایی بوونەتەوە. لە سووریاش بەرەو ئەم قۆناخە دەڕوات. واتە چاودێرێکی سێیەم. لەبەر ئەوەی سەردەمی پێشوو پرۆسەی چارەسەری سەرنەکەوت بەبێ بوونی چاودێرێکی سێیەمیش ئەم هەنگاوانە دەکرێت لە پەرلەمان بنرێن. گرنگ بەدەستهێنانی ئەنجامە. ئێستا لەبارەی نەگەیشتن بە ئەنجام مەترسییەک دیار نییە.
ئوفوک ئوراس کێیە؟
ئوفوک ئوراس 4ی کانوونی دووەمی 1959 لە ئیستەنبووڵ لەدایکبووە، لە فاکەڵتی ئابووریی زانکۆی ئیستەنبووڵ بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە و دواتر ماستەر و دکتۆرای لە هەمان زانکۆ تەواو کردووە. لە هەمان فاکەڵتی وەک ئەکادیمی کاری کردووە.
ساڵی 1996 سەرۆکی دامەزرێنەری پارتی یەکگرتن و ئازادی (ODP) بوو، دواتر لە هەڵبژاردنی ساڵی 2007 لە ئیستەنبووڵ وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ هەڵبژێردرا.
ساڵی 2009 پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک (DTP) بە بڕیاری دادگای دەستووری داخرا و بۆ هاوسەرۆکەکانی ئایسەل توغلوک و ئەحمەد تورک 5 ساڵ سزای قەدەخەکردنی سیاسەت درا. دوای ئەوە، ژمارەی ئەندامانی گرووپی پارتی دیموکراسی و ئاشتی (BDP) کە درێژەپێدەری DTP بوو لە پەرلەمان لە 21 کەسەوە بوو بە 19 کەس، BDP بۆ ئەوەی لە پەرلەمان فراکسیۆن دروست بکات پێویستی بە پەرلەمانتارێک بوو. ئوفوک ئوراس بڕیاری دا کە بەشداری بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ