رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت، وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە بایەخەوە دەڕواننە هەرێمی کوردستان.
دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و بۆچوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر پڕۆسەکە رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان پێی ناوەتە قۆناخێکی باشترەوە، چونکە هەڵبژاردن یەکێکە لە پایە هەرە گرنگەکانی حکومڕانی لە سیستمی دیموکراسیدا."
بە گوتەی دابان شەدەڵە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی وڵاتانی کەنداو هەنگاوێک لەپێشتر بووە، "ئێمە بەرەو پێشەوە چووین؛ هیوادارین ئەو تێبینی و سەرنجانەی هەن، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بچنە قۆناخێکی باشترەوە و کەمتر ببنەوە."
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای چوار جار دواخران، لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو. جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا، "بێگومان هەموو کات کردنی هەڵبژاردن، بە هەموو تێبینییەکانەوە باشترە لەوەی کە نەکرێت."
هەر دوای هەڵبژاردن زۆربەی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پەیامی سەرکەوتنی پڕۆسەکەیان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد؛ دابان شەدەڵە باس لەوە دەکات، "بێگومان لە رۆژانی داهاتوودا ئەگەر هەر تێبینی، سەرنج یان بۆچوونێکیشیان لەسەر پڕۆسەکە هەبێت، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی نێوانمان، لە فەرمانگە یان ژوورە داخراوەکان، دەیخەنەڕوو، چونکە ئەوان خۆیان بە دۆستی ئێمە دەزانن."
بە گوتەی جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە بایەخەوە دەڕواننە هەرێمی کوردستان و "لە عێراقدا بە هەرێمێکی گرنگی ناو دەبەن و دەڵێن، هەرێمێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێکی بەهێزدا دەبێت."
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان، زیاتر لە 72%ی ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەبوو، بەشداریی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیان کرد. دابان شەدەڵە زۆریی ژمارەی بەربژێرانی لایەنە سیاسییەکان بە یەکێک لە هۆکارەکانی بەشداریی بەرچاوی خەڵک لە پڕۆسەکەدا دەزانێت.
گوتیشی، کەمپەینەکان تاڕادەیەک تووند بوون، "کەمپەینی هەردوولا [پارتی و یەکێتی] تووند بوون و ئەوەش نەختێک ترسی خستبووە دڵی لایەنگران و هەوادارانی هەردوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان؛ ئەوە بووە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر روو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن، کە زیاتر دەتوانین بە خاڵێکی وەرچەرخانی بزانین."
ژمارەیەک لە حیزبە سیاسییەکانی بەشدار لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، گلەییان لە ئەنجامەکان هەیە و سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوە دا، "ئەمە هەڵبژاردنە. هەموو جارێک، هەموو کەس هەر نایباتەوە؛ لایەنی دۆڕاو و لایەنی براوەش هەیە. دەکرێت ئەمە بکرێتە دەستپێکێکی نوێ بۆ خۆچاککردن بۆ چوار ساڵی داهاتوو. ئەمە کۆتایی جیهان نییە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رووداو: کۆنسووڵ و باڵیۆزی وڵاتان لە عێراق سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چێ دەڵێن؟
دابان شەدەڵە: بێگومان نەوەک تەنیا دواکەوتنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بوو بە مایەی سەرنج و تۆزی توانجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی لە چەندین کۆبوونەوە و سەردانی باڵیۆز و نێردە نێودەوڵەتییەکان کە دەهاتنە هەرێمی کوردستان، یەکەم پرسیاریان یان دووەم پرسیاریان هەڵبژاردن بوو. بە خۆشحاڵییەوە ئێستا پێمان ناوەتە قۆناخی دوای هەڵبژاردن، سەرەڕای هەبوونی تێبینی کە بێگومان هەموو لایەنەکان ناتوانن براوە بن. هەڵبژاردنەکە هەندێک گلەیی و گازندەی لێ کەوتوەتەوە، بەڵام من وای دەبینم کە هەرێمی کوردستان پێی ناوەتە قۆناخێکی باشترەوە، چونکە هەڵبژاردن یەکێکە لە پایە هەرە گرنگەکانی حوکمڕانی لە سیستمی دیموکراسیدا. ئێمەش ئێستا ماتریاڵێکی باشمان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیدا بین، پەیوەندییەکانمان بەرەو پێشەوە ببەین و هاوکارییەکانیشیان لە بواری گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و دروستکردنی کەسایەتییەکان بۆ دەسەڵاتداری، چونکە بەڕاستی وای لێهاتبوو خەریک بوو زۆبەی ئەم حوکمڕانییە دەچووە ژێر پرسیارەوە و زۆبەی هاوئاهەنگی و هاوکارییەکانیش روویان لە کەمی بوو، ناڵێم بڕان یان کۆتاییان هات، بەڵام روویان لە کەمی کرد.
رووداو: چۆن لە پرۆسەکەیان دەڕوانی؟ پێیان وایە هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان کراوە؟
دابان شەدەڵە: ئێمە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵبژاردن دەکەین. ئەوانیش بەراوردی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ وڵاتەکانی خۆیان ناکەن. دەستخۆشی و پیرۆزباییان لێکردووین.
رووداو: لەگەڵ کوێ بەراوردی دەکەن؟
دابان شەدەڵە: لەگەڵ عێراق، ئوردن و تورکیا. دیارە لە هەرێمی کوردستان دەتوانم بڵێم، هەنگاوێک لەپێشترین لە چەند ناوچەیەکی دیکە، وڵاتانی کەنداو، ئەوانە زیاتر خۆتان دەزانن شێوەی حوکمڕانییەکە چۆنە، بەڵام ئێمە بەرەو پێشەوە چووین؛ هیوادارین ئەو تێبینی و سەرنجانەی کە هەن، بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بچینە قۆناخی باشترەوە و کەمتر ببنەوە.
رووداو: رازی بوون لە پڕۆسەکە؟
دابان شەدەڵە: من خۆم ماوەی دوو هەفتەیەک لێرە نەبووم و دوو یان سێ رۆژە گەڕاومەتەوە. ئەو دیدار و چاوپێکەوتنانەی کە ئەنجامم داون لەگەڵ باڵیۆزی ئیسپانیا، هۆڵەندا یان کۆنسووڵخانەکان، پیرۆزباییمان لێدەکەن بۆ ئەم پرۆسەیە. بێگومان هەموو کات کردنی هەڵبژاردن، بە هەموو تێبینییەکانەوە باشترە لەوەی کە نەکرێت.
رووداو: تێبینییان هەیە؟
دابان شەدەڵە: تاوەکو ئێستا نەچووینەتە گفتوگۆ. بۆ گۆڕینەوەی بۆچوونەکان و زیاتر لێکتێگەیستن، باوەڕ ناکەم ئەوەی کە من بیبینم تاوەکو ئێستا، ئینجا یان مجامەلەمان دەکەن یان...
رووداو: مجامەلە دەکەن یان ئەگەر شتێک هەبێت پێتان دەڵێن؟
دابان شەدەڵە: بێگومان لە ژوورە داخراوەکاندا پێمان دەڵێن.
رووداو: لە ژوورە داخراوەکاندا تاوەکو ئێستا هیچیان پێ نەگوتوون لەسەر هەڵبژاردن؟
دابان شەدەڵە: تاوەکو ئێستا من خۆم ئەو کۆبوونەوانەم ئەنجام نەداون؛ دەمەوێت بەپێی دەرفەت، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا چەند کۆبوونەوەیەک ئینجا لەگەڵ باڵیۆزەکان یان لەگەڵ کۆنسووڵە گشتییەکاندا بکەم.
رووداو: چاودێرییەکی وردیان بۆ هەڵبژاردنەکە کرد. بەشێک لە کۆنسووڵەکان خۆیان سەردانی مەیدانییان بۆ بنکەکانی دەنگدان هەبوو. راپۆرتیان داوە بە ئێوە؟
دابان شەدەڵە: راپۆرت نادەن بە ئێمە.
رووداو: پەیامی خۆیان چۆن دەگەیێنن بە ئێوە کە هەڵبژاردنەکە باش بووە یان نا؟
دابان شەدەڵە: کۆنسووڵخانەکان دیارە لێڤەگەرینیان (مەرجەعییەت) باڵیۆزخانەیە و باڵیۆزخانەش دەچێتەوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵات. هیچ راپۆرتێک نادەنە ئێمە، بەڵام بێگومان لە رۆژانی داهاتوودا ئەگەر هەر تێبینی، سەرنج یان بۆچوونێکیان هەبێت لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی خۆمان لەگەڵیان، ئینجا لە فەرمانگە و لە ژوورە داخراوەکان، دەیخەنەڕوو، چونکە ئەوان خۆیان بە دۆستی ئێمە دەزانن و بەردەوام دەیانەوێت پڕۆسەکە باشتر بێت، چونکە بە بایەخەوە دەڕواننە هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان لە عێراقدا بە هەرێمێکی گرنگی ناو دەبەن و دەڵێن هەرێمێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێکی بەهێزدا دەبێت.
رووداو: بەشداری ئەمجارەی خەڵک لە هەڵبژاردن 72٪ بوو لە هەرێمی کوردستان. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن لەم بەشدارییە دەڕوانێت؟
دابان شەدەڵە: بێگومان بەردەوام پرسیارمان لێ دەکەن بۆ رێژەی دەنگدەران، کە چەندە زیاتر بوو لە ساڵانی رابردوو یان بەشداربووان زیاتر بوون لە ساڵانی رابردوو.
رووداو: ئەم پرسیارانە دەکەن؟
دابان شەدەڵە: بەڵێ دەیانکەن، چونکە لەوەی عێراقدا رێژەیەکی زۆر کەم هەبوو، ساڵی 2018 هەر وەکو پێویست نەبوو، 2021 هەر زۆر زۆر کەم بوو، ئەمجارەیان دوو هۆکار هەبوون کە بۆچی رێژەی دەنگدان یان رێژەی بەشداربووان زیاتر بوو. یەکەم، ژمارەی بەربژێرەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، چی بەربژێرانی ئێمە، چی برادەرانی پارتی یان حیزبەکانی دیکە هەموویان زیاتر لە 100 بەربژێرمان هەبوون. ئەمەش کەشوهەوایەک دەخوڵقێنێت کە کەسوکار، دۆست و ناسیاو زیاتر روو دەکەنە سندووقەکانی دەنگدان. دووەم، کەمپەینەکان بوو. کەمپەینەکان تاڕادەیەک تووند بوون؛ کەمپەینی هەردوولا تووند بوون و ئەوەش نەختێک ترسی خستبووە دڵی لایەنگران و هەوادارانی هەردوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان. ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر روو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن، ئەوەش زیاتر دەتوانین بە خاڵێکی وەرچەرخانی بزانین.
رووداو: لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆنسووڵی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ئەم بەشدارییە بە ئەرێنی تەماشا کراوە یان پرسیارەکەیان بۆ گومانکردنە لە بەشدارییەکە؟ بۆ پرسیاری رێژەی بەشداری دەکەن؟
دابان شەدەڵە: ئێمە خۆمان بەر لە هەڵبژاردنەکە، بە ئۆپۆزیسیۆن و پارتی دەسەڵاتدارەوە، گوتمان هەڵبژاردنەکە پاک و بێگەردە. زۆربەمان گوتمان ئەم جارە فێڵ ناکرت؛ ئەمجارە دەنگ ساختە ناکرێت. ئەوانیش دیارە پرسیارەکانیان هەموو بۆ یەکەم دانیشتن یان لە یەکەم رووبەرووبوونەوەیان هەموو پرسیارەکانیان ناکەن.
رووداو: ئەو گلەیی و ناڕەزاییانەی کە هەندێک لایەنی سیاسی هەیانە لە ئەنجامی هەڵبژاردن، کۆنسووڵی وڵاتان چۆن تەماشایان دەکەن؟
دابان شەدەڵە: جارێ زووە؛ بێگومان ئەوان دەنگی ناڕەزایی خۆیان دەگەیەننە کۆنسووڵخانەکان و دەبیستین رۆژانە لە میدیا کوردییەکان و لە پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیا کە دەنگیان بەرزە و زۆر بە دەنگی بەرز ناڕەزایی دەردەبڕن، بەڵام ئەمە هەڵبژاردنە. هەموو جارێک، هەموو کەس هەر نایباتەوە؛ لایەنی دۆڕاو و لایەنی براوەش هەیە. دەکرێت ئەمە بکرێتە دەستپێکێکی نوێ بۆ خۆچاککردن بۆ چوار ساڵی داهاتوو. ئەمە کۆتایی جیهان نییە؛ بێگومان دەیگەیێنن.
رووداو: کۆنسووڵی وڵاتان دەیانەوێت حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان چۆن بێت؟
دابان شەدەڵە: ئەوە دەکەوێتە سەر خۆمان، کۆنسووڵی وڵاتان نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی وڵاتانی خۆیان لە هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەو بابەتە دەکەوێتە سەر ئێمە. ئێمەش وەکو پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێ بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکەین و نوێنەرایەتیی خەڵکی خۆمان و دانیشتووانی ئەم هەرێمە بکەین. چەندە ئێمە کراوەتر بین، دەستکراوەتر بین، خزمەتی دانیشتووان و خەڵکی خۆمان بکەین لە هەرێمی کوردستان، رێز لە بۆچوونی بەرامبەر بگرین، کەشوهەوایەکی دیموکراسی بڕەخسێنین، دیارە ئەوان ئەوەیان بەدڵ دەبێت، بۆیە لێرەوە دەتوانم بڵێم کە هەمووی دەکەوێتە سەر خۆمان.
رووداو: ئەوان حەز دەکەن حکومەتەکە بنکەفراوان بێت و زۆرترین حیزب تێیدا بەشدار بێت؛ یان حەز دەکەن پارتی و یەکێتی دروستی بکات و ئۆپۆزیسیۆنێکیش هەبێت لە پەرلەمان؟
دابان شەدەڵە: ئەوان لەگەڵ ئەمری واقیعن. ئێمە لە هەرێمی کوردستان خۆمان دەبێ بڕیاری داهاتووی خۆمان بدەین بۆ چوار ساڵی داهاتوو کە چی جۆرە حکومەتێکمان دەوێت. دەبێ ئەو حکومەتە چی بنکەفراوان بێت یان دوو هاوپەیمانی، گرنگ ئەوەیە ئێمە پێمان ناوەتە قۆناخێکی نوێ و جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەمەوە کە دەبێ لە خزمەت دانیشتووان و خەڵکی خۆماندا بین.
رووداو: رای یەکێتی لەوبارەوە چییە؟
دابان شەدەڵە: ئێمە لە رابردوودا گلەیی و سەرنجی زۆرمان لەسەر شێوەی حوکمڕانی هەبوو لە هەرێمی کوردستان. لە حکومەتی نوێدا بێگومان تیمێک دروست دەکرێت و دەرگە کراوەیە، دەردەکەوێت کە لە زۆربەی گوتەکانی سەرۆک بافڵ و جەنابی کاک قوباد کە سەرۆکی تیمی ئێمەیە لە حکومەت، ئێمە ڤیتۆمان لەسەر هیچ لایەنێک نییە و دەمانەوێت حکومەتێک بۆ دەسەڵاتێکی هاوسەنگ هەبێت، لە زاخۆ تاوەکو خانەقین رێز لە بیروبۆچوونی جیاواز بگیرێت. ئەمە زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. گرنگە رێز لە میدیای ئازاد بگیرێت کە زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؛ لە هەمان کاتیشدا هەمان خزمەتگوزاری لە تەواوی شارەکان و گوندەکانی کوردستان دەستەبەر بکات بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.
رووداو: زۆر سوپاس.
دابان شەدەڵە: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ