رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا بە "زۆر گرنگ" ناودەبات و دەڵێت، سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی فەرەنسایە. دەشڵێت، ئەو سەردانە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەبێت.
عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لە هەیڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ فەرەنسا کە شەوی پێنجشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2023 پەخشکرا، گوتی، عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا جێگەی بایەخن و "سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ عێراق و هەرێمی کوردستان نابێت."
عەلی دۆلەمەری دەشڵێت، "سەرۆک ماکرۆن پێگە و بایەخی نێچیرڤان بارزانی باش دەزانێت.. و نێچیرڤان بارزانی رۆڵی گرنگی لەپێکهێنانی حکومەتی عێراقدا بینی و دەیەوێت ئاشتی و سەقامگیری لەگەڵ عێراق بەدەستبهێنێت."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا باس لەوەش دەکات، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا درک بە کاریگەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و سەردانی نێچیرڤان بارزانی کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەبێت.
لەبارەی هەوڵەکانی فەرەنسا لە پرسی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، دۆلەمەری گوتی، فەرەنسا بەردەوام بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی هەولێر و بەغدا کاریکردووە و هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبێت.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا:
رووداو: بینەران و بیسەرانی رووداو سڵاوتان لێ بێت. لە پاریسم، پایتەختی ئەو وڵاتەی کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و پێگەیەکی گرنگی هەیە لەنێو یەکێتیی ئەوروپادا. بڕیارە جارێکی دیکە، میوانداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکاتەوە. لەمبارەیەوە، لەگەڵ بەڕێز عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، گفتوگۆ دەکەم. کاک عەلی سڵاوت لێ بێت، زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە. دەمەوێت بزانم کەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک ماکرۆن کۆدەبنەوە؟ ئامانجی سەردانەکەی و تەوەرە گرنگەکانی گفتوگۆکانیان چی دەبێت؟
دۆلەمەری: بەڵێ، سوپاس بۆ ئێمە و سڵاو بۆ بینەران و بیسەرانی تۆڕی میدیایی رووداو. ئێوەش دەزانن ئەم سەردانە زۆر گرنگە، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆک ماکرۆن ئەم سەردانە دەکرێت و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی پاریس دەکات و لەگەڵ بەڕێزیان کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکە، بەیانی رۆژی هەینی دەکرێت، کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەبێت. لای هەمووان روونە، ئەمڕۆ جیهان بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. چەندین بەرەی شەڕ هەیە، شەڕی ئۆکراینا و رووسیا لە ئارادایە. شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا بەردەوامە و ئێستاش شەڕێکی نوێ سەریهەڵداوە و لە نزیک ئێمەیە کە شەڕی حەماس و ئیسرائیلە. بۆیە ئەم سەردانە گرنگییەکی تایبەتی خۆی هەیە. لەلایەکی دیکەشەوە، بەهۆی کۆرۆناوە پەیوەندیی دەرەوەی کورد لەگەڵ جیهان کەم بووبوو و دواتر شەڕی رووسیا و ئۆکراینا هات. لەم نێوەندەدا فەرەنسا جارێکی دیکە وەک پیشەی هەمیشەییان، بانگهێشتی فەرمییان ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ئەوەی باس لە بارودۆخی ناوچەکە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بکات چونکە هەم عێراق و هەم کوردستان بۆ فەرەنسا جێگای بایەخە و گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە. ئاسایش و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نە بەبێ عێراق نە بەبێ هەرێمی کوردستان ناکرێت. بۆیە لەم روانگەیەدا سەرۆک ماکرۆن، پێگە و بایەخی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باش دەزانێت کە دەیەوێت سەقامگیریی و ئاشتیی لەگەڵ عێراق و ناوچەکە بەدەست بهێنێت. هاوکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق، لەگەڵ تورکیا و لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەش باشە.
رووداو: دەمەوێ بزانم، عێراق کێشەی زۆری هەیە و تاوەکو ئێستاش کێشەی زۆری لەگەڵ هەولێر بەهەڵپەسێردراوەیی ماونەتەوە. فەرەنسا چۆن دەڕوانێتە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەم نێوەندەدا بەتایبەتی لەگەڵ عێراق و ناوچەکە و بەتایبەتیشی لە نێوان هەولێر و بەغدا.
دۆلەمەری: وەک روونە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنەکەی لەم پۆستەیدا رۆڵێکی زۆر گرنگی بینی لە زۆربەی کایەکاندا. هەر لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق و چارەسەرکردنی کێشە قووڵەکان و دەتوانێت رۆڵی کاریگەر ببینێت بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی عێراق بە شیعە و سوننە و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی عێراق و تەنانەت هەر لە ناوخۆی کوردستانیشەوە پەیوەندی ناوازەی لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان هەیە. لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەریش پەیوەندییەکی زۆر باشی هەیە. لەسەر هەمان ئاست لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و هەرێمیش کاریگەری خۆی هەیە. ئیدی سەرۆک ماکرۆن درک بەم کاریگەرییە ئەرێنییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، بەو رۆڵ و پێگەیەی بەڕێزیان هەیەتی و دەتوانێت جێگای خۆی ببینێت لەو بارودۆخەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت. لانیکەم دەتوانێت رۆڵی کارا بگێڕێت لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا.
رووداو: بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دیکە چ رۆڵێکی هەیە بەتایبەتی لە گفتوگۆکردنی لەگەڵ بەغدا؟ لەو باوەڕەدان ئەم سەردانانە و گفتوگۆیانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەیکات چەند کاریگەری دەبێت لەبارەی گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا؟
دۆلەمەری: بێگومان کاریگەری دەبێت. بەڕێزتان لە سەرەتادا باستان لەوەکرد، فەرەنسا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و بەهاوبەشی لەگەڵ ئەڵمانیا سەرکردایەتیی یەکێتیی ئەوروپاش دەکات. بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکی وڵاتێکی زلهێزی وەکو فەرەنسا بێگومان کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەوپێیەی ئەمڕۆ هەولێر پشتیوانییەکی زۆر بەهێزی هەیە بۆ نموونە لەگەڵ فەرەنسا و سەرۆک ماکرۆن بەتایبەتی کە لە ساڵی 2017دا رۆڵێکی باڵای گێڕا لە شکاندنی ئەو ئابڵووقە و سزایانەی بەسەر هەرێمی کوردستان سەپێندرابوو. هەروەها بەردەوام کاریکردووە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئێستاش هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هەردوو پایتەختی فیدراڵ و پایتەختی هەرێمی کوردستاندا هەبێت، چونکە سەرۆک ماکرۆن دەزانێت، نەبوونی پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا ئەستەمە ئاسایش و سەقامگیری بەدەست بهێندرێت.
رووداو: دوایین سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس لە 2019 بوو. ئێمەش رووماڵی سەردانەکەمان کرد. پاریس و هەولێر بوونە دەستەخوشکی یەکدی. لەدوای ئەمە هیچ چالاکییەکی ئەوتۆ لەنێوان پاریس و هەولێر رووینەدا. ئەمە هۆکارەکەی چی بوو؟
دۆلەمەری: نەخێر، بەپێچەوانەوە شتی باش روویداوە، ئەو رێککەوتننامەی لەنێوان هەولێر و پاریس واژۆکرا بۆ ئەوەی پاریس بتوانێت یارمەتی هەولێر بدات. چەند شاندێکی تەکنیکی لە هەولێرەوە سەردانی پاریسیان کردووە، بەتایبەتی لەبوای شارسازیی و بەڕێوەبردنی چەندین پرۆژە. نوێترینیان رێڕەوی پاسکیلسواری کە بەمدواییانە لە هەولێر کرایەوە. هەروەها لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا سەرۆکی شارەوانی پاریس سەردانی هەولێری کرد و بڕیاریدا یەکێک لە خانووە هەرە دێرینەکانی قەڵای هەولێر لەسەر ئەرکی شارەوانیی پاریس نۆژەن بکاتەوە. هەروەها سەرۆکی شارەوانیی پاریس بەفەرمی هەولێری بانگهێشتکردووە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئۆلۆمپیادی ساڵی 2024 و چەندین کۆبوونەوەی گرنگی دیکەش لەنێوان هەولێر و پاریس لە زۆر بواردا کراون. هەروەها بەشێکیان خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام رەنگە راگەیاندنەکان بەپێی پێویست دەرفەت و بواری رووماڵکردن و گواستنەوەیان نەبووبێت. بۆیە دەڵێم، پەیوەندییەکان لەنێوان هەولێر و پاریس بەردەوامە.
رووداو: کەواتە، ئەم پەیوەندییە هەنگاوی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەگوێرەی ئەو چالاکییانەی بەڕێزتان ئاماژەتان بۆ کردووە؟
دۆلەمەری: بەڵێ بێگومان ئەم هەنگاوانە و پەیوەندییانە بەردەوامە. بەتایبەتی لە دوای 2019 کاتێک ئەم رێککەوتننامەیە واژۆکرا کۆرۆنا سەریهەڵدا و دوای ئەوەش شەڕی ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد و ئێستاش ئەم شەڕە هاتووەتەکایەوە، بەڵام سەرباری هەموو ئەم ئاڵنگارییانە کەچی هەولێر و پاریس هەمیشە لەسەر هێڵ بوونە چ بە ئۆنلاینەوە بێت چ بە سەردانیکردنی یەکدی بووبیت.
رووداو: فەرەنسا بەشدارە لە هەوڵەکانی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام بە گشتیی فەرەنسا و وڵاتانی دیکەش نیگەرانن بەوەی کە پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت. فەرەنسییەکان چۆن بیر دەکەنەوە کە باس لەم پرۆسەیە دەکرێت بەتایبەتی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە؟
دۆلەمەری: فەرەنسا دەخوازێت هەمیشە پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت. هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش پەیوەندییەکی باش لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکاندا هەبێت، چونکە یەکگرتوویی پارتە سیاسییەکان دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا. بۆیە هەمیشە فەرەنسا بیری ئەوە دەکات کە عێراقێکی بەهێز لەناوخۆدا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەهێزیش هەبێت بۆ ئەوەی مافە رەواکانی گەلی کوردستان بەدی بکات لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا. ئەمە پەیامی سیاسیی فەرەنسایە بۆ ئەوەی کورد بە یەکگرتوویی داوای مافەکانی خۆیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بکەن. هەروەها لەگەڵ حکومەتی بەغدا پەیوەندییەکانیان باش بێت و هەمیشە پشتگیری لەم سیاسەتە دەکەن و لە سەرجەم راگەیێندراوەکانیشیاندا جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێ حکومەتی عێراق سەرجەم مافە رەواکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دابین بکات و لە بەرامبەریشدا داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات یەکگرتووبن و چاکسازی بکەن و سەرجەم دامودەزگاکانیان رێکبخەنەوە بە وەزارەتی پێشمەرگەشەوە.
رووداو: بەڵام دەبینین پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت، لەمبارەیەوە فەرەنسا چی دەڵێت؟
دۆلەمەری: تاوەکو ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی لەمشێوەیە نەبووە. وەک بەڕێزتان دەزانن ئەمریکا و بەریتانیا وەک دەسەڵاتی یەکەم لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا کار لەسەر ئەم پرۆسەیە دەکەن، بەڵام فەرەنسا هەمیشە پشتگیری کردووە لەوەی کە پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە ریزەکانیان رێکبخەنەوە. نەک هەر ئەمە، بەڵکو هەمیشە داوایکردووە سەرجەم دامودەزگاکانیش رێکبخرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە یەکگرتووییەوە داوای مافەکانی گەلی کورد لە عێراق دابین بکەن.
رووداو: با بگەڕێینەوە بۆ سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس و کۆبوونەوەی رۆژی هەینی کە لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن بەڕێوەدەچێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە شەڕی ئیسرائیل و حەماس زۆر گەرمە و هەموو جیهان دەڕوانێتە ئەم دۆخە نوێیە و هەڵبەت کاریگەری زۆری بەسەر ناوچەکە هەبووە و دەبێت. کاریگەرییەکەشی بەسەر هێزەکانی هاوپەیمانان دەبێت بەتایبەت لە عێراق. خوێندنەوەی فەرەنسا بۆ ئەم دۆخە چییە؟ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بێلایەنبوونی هەڵبژاردووە! ئایا فەرەنسییەکان چی دەڵێن؟
دۆلەمەری: پێشتریش باسم لەوەکرد، سەرۆک ماکرۆن سەبارەت بەم دۆخە زۆر نیگەرانە بەهۆی ئەو پێشهاتانەی لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس و تەنانەت دۆخی غەززە هەیە. بۆیە سەردانی مەیدانیی کردووە و لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی ناوچەکە وەک ئوردن کۆبووەتەوە. فەرەنسا نایەوێت ئەم شەڕە پەرەبسەنێت، بەهۆی ئەوەی شەڕی داعش هێشتا کۆتایی نەهاتووە کە هەرێمی کوردستان لەم شەڕەدا رۆڵێکی زۆر گرنگی بینی. ئەوەش لەیاد نەکەین فەرەنسا قوربانییەکی زۆریداوە. یەکەم وڵات بوو قوربانیداوە و قوربانی لەناوخۆ و دەرەوەشیداوە. بۆیە سەرۆک ماکرۆن لە دوایین گوتاریدا باسی لەوە کرد کە پێویستە ئێمە هاوپەیمانییەکی دیکە بەکاربهێنین لە دژی گرووپە تیرۆریستەکان لە ناوچەکەدا. بۆیە پێویستیان بە هەرێمی کوردستان و رۆڵی پێشمەرگەش هەیە چونکە داعش کۆتایی نەهاتووە. راستە هیچ خاکی بەدەستەوە نییە بەڵام ئایدۆلۆژیای داعش و ئەو کەسانەی بۆ داعش دەجەنگن هێشتا بە شاراوەیی ماون. بۆ بنبڕکردنیان پێویست بەچەند ساڵی دیکەش هەیە و فەرەنسا بەردەوام پشتگیری خۆی دووپات کردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بە هاوکاری هێزەکانی دیکە بەتایبەتی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بەردەوام بن لە کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کراوە کە فەرەنساش تێیدا بەشدارە. سیاسەتی فەرەنسا ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو بڕیارەی دەریکردووە کە بێلایەنی خۆی هەڵبژاردووە. راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا زۆر گرنگ بووە کە داوای دەسبەجێ راگرتنی شەڕ و دامەزراندنی دەوڵەت دەکات بۆ فەلەستین کە ئەمە مافی گەلی فەلەستینە بۆ ئەوەی ئەم شەڕە نەبێتە شەڕی نێوان دوو نەتەوە و دوو دەوڵەت. بەڵکو شەڕەکە لەنێوان ئیسرائیل و گرووپی تیرۆریستی حەماسدایە.
رووداو: سەرۆکی فەرەنسا لە برۆکسل کە ئێمەش لەوێ بووین بۆ رووماڵی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا، ئاماژەی بەوەدا کە چەند گرنگە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی لە دژی حەماس پێکبهێندرێت و ئێوەش ئاماژەتان پێدا کە هاوشێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بێت. ئایا ئەم بابەتە لە فەرەنسا چۆن باسی لێوە دەکرێت؟ چونکە لە سیمای سەرۆک ماکرۆن دیاربوو زۆر زۆر نیگەران بووە لەم دۆخە و نیگەرانی مەترسی سەرهەڵدانی هێرشی تیرۆریستی لە فەرەنساشی باسکرد.
دۆلەمەری: بێگومان فەرەنسا لە دۆخێکی زۆر ناخۆشدایە بەهۆی ئەو مەترسیانەی لە فەرەنسادا هەیە بەهۆی ئەوەی چەند ملیۆن پەنابەر لە فەرەنسا دەژین و پرۆسەی هاتنی پەنابەرانیش بۆ فەرەنسا بەردەوامە و فەرەنساش نازانێت ئەوانەی دێنە وڵاتەکە کێن، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی شەڕەکە لەمە زیاتر پەرەنەسێنێت بۆ ئەوەی نەبێتە قەیرانێکی دیکە ئەمە لە کاتێکدایە چەندین قەیرانی زۆر گەورەی دیکە هەن بەرۆکی جیهانیان گرتووە. لەلایەک رووسیا و ئۆکراینا لەلایەکی دیکە ئازەربایجان و ئەرمینیا هەیە و ئێستاش حەماس وەک بزووتنەوەیەک شەڕی لە دژی ئیسرائیل راگەیاندووە. ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی کە چەندین گرووپی تیرۆریستی دیکە هاوکاری حەماس بکەن بۆ ئەوەی هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل بەهێز بکەن بەو پێیەی چەندین وڵاتی جیهان وەکو ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و وڵاتانی دیکە هاوپەیمانی دەوڵەتی ئیسرائیلن بۆ بەرگری لەخۆکردنیدا. بۆیە سەرۆک ماکرۆن ناخوازێت ئەم شەڕە پەرە بسەنێت کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە کە دەبێتە هۆی ئەوەی گرووپە تیرۆریستەکان سوود لەم دۆخە ببینن بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر وڵاتانی ئەوروپا بەگشتیی و فەرەنسا بەتایبەتی کە رۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ نەهێشتنی گرووپە تیرۆریستییەکاندا. بۆیە هەمیشە فەرەنسا ئامانجی تیرۆریستەکانە، بەمدواییانە چەندین هێرشیان پووچەڵ کردەوە کە گرووپەکان ویستیان هێرش بکەنە سەر فەرەنسا هەر لە کۆشکی ڤێرسای و مۆزەخانەی لۆڤەر و تەنانەت تاوەری ئیفێل کە چۆڵکرا دوای گەیشتنی پەیامی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی تێیدا. فەرەنساش نایەوێت ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەی و وڵاتەکانی دیکەی ئەوروپاش بخاتە مەترسییەوە. بەردەوامبوونی ئەم شەڕە رەنگدانەوەی خراپی بەسەر پاریس و وڵاتانی دیکەشدا دەبێت.
رووداو: بەڵام لەناوخۆی فەرەنسا چۆن ئەم داواکارییەی سەرۆک ماکرۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا پێیانوایە ئەم داواکارییە گونجاوە؟
دۆلەمەری: بێگومان سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و خەڵکی فەرەنساش لەگەڵ سیاسەتی ماکرۆندان بۆ ئەم پشتگیرییە نێودەوڵەتییەی کە هەم بۆ وڵاتی ئیسرائیلی دەربڕیووە وەکو شەڕکردن لەگەڵ بزووتنەوەیەکی تیرۆریستی هەروەها پاراستنی سەقامگیری فەرەنسا. خەڵکی فەرەنسا باش دەزانێت ئەگەر بێتوو سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێت، ئەوسا کاریگەری راستەوخۆی بەسەر ئاسایش و سەقامگیریی فەرەنساش دەبێت.
رووداو: لە بواری ئابووریدا فەرەنسا دەتوانێت چ رۆڵێک بگێڕێت بۆ هاوکاری هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا؟
دۆلەمەری: وەک باسمکرد، فەرەنسا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە لە زۆربەی بوارەکاندا بەتایبەتی لە بواری سیاسییەوە. بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵگەیە بۆ پەیوەندییە بەهێزەکان، ئەمە دەیەمین جارە بە فەرمی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشی کۆشکی ئیلیزێ دەکرێت. هەر لە سەردەمی نیکۆلا سارکۆزی بگرە تاوەکو ئێستاش. هەروەها لە بوارەکانی دیکەشدا پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە لە بواری کولتووری و ئەکادیمی و ئابوورییشەوە. نزیکەی 30 کۆمپانیای فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ئەم ژمارەیە زیاتریش دەبوو، بەڵام شەڕی داعش هۆکاربوو بۆ کشانەوەی بەشێکیان و ترسی بەشێکی دیکەیان لە نەهاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان. کۆمپانیاکان ناخوازن وەبەرهێنان لە شوێنێکدا بکەن کە شەڕ و ئاڵۆزی تێیدا بەدی دەکرێت، لەگەڵ ئەمەشدا کۆمپانیاکان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. بابەتی نەوت بابەتێکی ناوخۆیی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە بەڵام فەرەنسا دەیەوێت ئەم کێشەیە لە چوارچێوەی دەستوورەوە چارەسەر بکات و هەمیشە هەوڵی ئەوەیانداوە چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە چونکە زیان بەهەموو پێکهاتەکانی دیکەی عێراق دەگەیێنێت. وەک باسمکرد فەرەنسا دەیەوێت سەقامگیریی و ئاسایشی عێراق لە هەموو روویەکەوە بەدەست بهێنێت. لە رووی ئابووری و سیاسیی و ئەمنییەوە، بۆیە بەبێ سەقامگیری لەنێوان بەغدا و هەولێر ئەستەمە بتوانرێت ئاسایش و سەقامگیری ناوچە بپارێزیت و دەرەنجام ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی بەسەر فەرەنساوە دەبێت.
رووداو: گرنگیی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا چییە بەتایبەتی بۆ ئێستا؟
دۆلەمەری: بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت بۆ هێورکردنەوەی ئەو بارودۆخەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە بۆ ئەوەی پەرە نەسەنێت و بۆ ئەمەش چەندین جار لە رابردوودا رۆڵێ گرنگی گێڕاوە و رۆڵەکەی لە ئەمڕۆ و لە داهاتووشدا دەبینین. ئێستا جیهان بە قەیرانێکی زۆر گەورەدا تێدەپەڕێت و بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا خۆی لەخۆیدا دەرخەری ئەوەیە کە بەڵێ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت رۆڵێکی مێژوویی ببینێت بۆ کەمکردنەوە و هێورکردنەوەی گرژی و قەیرانەکان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەمە زیاتر پەرەنەسەنێت. چونکە ئەمە زۆر گرنگە ئەمە، پەیامی سەرۆک ماکرۆنە دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت، شەڕەکە لەم ئاستەدا رابگرێت و لەمە زیاتر پەرەنەسەنێت و لە کۆتاییدا ئاگربەست لەنێوان هەردوو لایەندا رابگەیێندرێت و ناوچەکە تووشی قەیرانێکی خوێناوی نەبێت بەهۆی ئەوەی لە عێراق و سووریا چەندین گرووپی تیرۆیستی هەن و رەنگە بچنە ناو شەڕەکەوە. بۆیە رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگ دەبێت بۆ راگرتنی ئەو بارودۆخەی کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ