هەڤپەیڤین
هەڤپەیڤینی مارتن وۆر، بەرپرسی شانەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لەگەڵ رووداو
رووداو - واشنتن
بەرپرسی شانەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رایگەیاند، نێوەڕۆکی رێککەوتنی رۆژی 27ی ئەیلوولی 2024 لەنێوان ئەمریکا و عێراق دا کۆتاییهێنان نییە بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، "ئەوە گواستنەوەیە لە قۆناخێكەوە بۆ قۆناخێکی دیکە" و ناڕازی بوو لەوەی "ئەمە بە شێوەیەک خراوەتەڕوو، کە ئەمە کۆتایی بە پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بۆ حکومەتی عێراق دەهێنێت، ئەوە راست نییە."
مارتن وۆر، بەرپرسی شانەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رۆژی 30ی ئەیلوول لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو لە واشنتن، لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ساڵانەی هاوپەیمانییەکەدا روونیکردەوە کە رێککەوتنەکە تاوەکو ئەیلوولی 2026 دەبێت، بەڵام "دوای ئەوە بەگوێرەی رەوشی ئەوکات گفتوگۆ دەکرێت و بڕیار دەدرێت چی بکرێت."
ئەو بەرپرسە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش جەختی لەوە کردەوە، ئەوە کۆتاییهێنان نییە بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، "بۆیە من جارێكی دیکە جەخت دەکەمەوە، ئەوە کشانەوە نییە و کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانیان نییە، بەڵکو درێژەدانە پێیان یان پەرەپێدانیانە، با بەو جۆرە بیڵێم."
دەقی هەڤپەیڤینی مارتن وۆر، بەرپرسی شانەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لەگەڵ رووداو:
رووداو: زۆر سوپاس مارتن کە میوانی رووداویت.
مارتن وۆر: دڵخۆشم.
رووداو: پێش هەموو شتێک، با باسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بکەین لە عێراق و سووریا. دەکرێت بۆ بینەرانمان روونبکەیەوە، لەگەڵ حکومەتی عێراق باسی چیتان کردووە و چارەنووسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی داهاتوو لە عێراق و سووریا چی لێدێت؟
مارتن وۆر: دڵخۆشم سەبارەت بەو بابەتە قسە بکەم. سەرنجی بینەرەکانت رادەکێشم بۆ ئەو راگەیێندراوە زۆر گرنگەی رۆژی هەینیی ئەمریکا و عێراق، پەیامە سەرەکییەکەش ئەوەیە کە ئەرکی هێزەکانی دژ بە داعش دەگۆڕدرێت بۆ زنجیرەیەک رێککەوتنی هاوئاهەنگی کردن، رێککەوتنی دوو قۆڵی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانێتییەکەش؛ بەڵام ئەمە بە شێوەیەک خراوەتەڕوو کە ئەمە کۆتایی بە پشتگیری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بۆ حکومەتی عێراق دەهێنێت، ئەوەش راست نییە. ئێمە باس لە گواستنەوە دەکەین، باسی درێژەدان بە پشتگیری دەکەین، بەڵام بە شێوازێکی دیکە، ئەوە تاوەکو ئەیلوولی 2025 بەردەوام دەبێت. حکومەتی ئەمریکا و عێراق هەروەها رێککەوتن لەسەر درێژەدان بە پشتگیرییەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سووریا و ئەوەش تاوەکو ئەیلوولی 2026 دەبێت. دوای ئەوە بەگوێرەی رەوشی ئەوکات گفتوگۆ دەکرێت و بڕیار دەدرێت چی بکرێت.
رووداو: کەواتە هێشتا بڕیاریان لەسەر نەدراوە؟
مارتن وۆر: نەخێر. پێموایە زۆر گرنگە تێبگەین کە ئێمە کۆمەڵێك پرەنسیپ و پێشنیازمان هەیە کە رێککەوتنیان لەسەرکراوە، بەڵام وردەکاری ئەو رێککەوتنانە دەبێت کاریان لەسەر بکرێت، لەنێویاندا وادەی ئەو بابەتانە کە هەردوولا لە چەند مانگی داهاتوودا کەمێک زیاتر گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن.
رووداو: باسی وردەکارییەکانت کرد، بەڵام بەگوێرەی چەند راپۆرتێکی میدیایی و ئەو شتانەی لە ناوچەکە روودەدەن، بینیمان جموجۆڵەکانی داعش بەراورد بە ساڵی رابردوو لە عێراق و سووریا زیاتربوون. پێتوانییە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هانی ئەو گرووپە تیرۆریستە دەدات دووبارە لە عێراق و سووریا سەرهەڵبداتەوە؟
مارتن وۆر: سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کە من قسە لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکەکە ناکەم، دەمەوێت جەخت لەو خاڵە بکەمەوە، ئەوە گواستنەوەیە لە قۆناخێكەوە بۆ قۆناخێکی دیکە. رێگەم پێبدە روونی بکەمەوە، 10 ساڵ لەمەوبەر کە داعش هێرشیکرد و بەشێك لە عێراق و سووریای داگیرکرد، لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بە دەم داواکەی عێراقەوە چوو و پشتگیری لە هێزە عێراقییەکان کرد لەنێویشیاندا هێزەکانی پێشمەرگە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشەیە. لە 2017دا داعش لە عێراق دەرکرا و لە 2019 داعش تووشی تێکشکانی زەوینی هات و لە 2019ەوە هەڕەشەکانی داعش بەرە بەرە کەمتر دەبوونەوە، ئەوەش بەهۆی زیاتربوونی گوشاری هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەکان و هێزە کوردییەکان بۆ سەر داعش. کەمبوونی ئەو هەڕەشەیە لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکو وەکو گوتم لە زیادبوونی گوشارەکانەوە دروستبووە. ئێستا گەییشتووینەتە قۆناخێک هێزە عێراقییەکان خۆیان توانای زۆر زیاتریان هەیە بۆ درێژەدان بەو گوشارە، بە هاوکاری و پشتیوانی رێژەیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەڵام کەمتر، بە تێپەڕبوونی کات وا دەردەکەوێت بەوجۆرە بەردەوام بێت، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردن بۆ ئەوەی دڵنیابین کە دۆخەکە بەوشێوەیە بەردەوام دەبێت، تاوەکو دڵنیابین لە تێکشکانی هەمیشەیی داعش.بۆیە من جارێكی دیکە جەخت دەکەمەوە ئەوە کشانەوە نییە و کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانیان نییە، بەڵکو درێژەدانە پێیان یان پەرەپێدانیانە، با بەوجۆرە بیڵێم.
رووداو: کەواتە ئەوە مانای وایە ئێوە تەنانەت لە دوای ئەیلوولی 2025 و 2026ـیش پشتگیریی لە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن؟
مارتن وۆر: بۆ دوای 2025 بەڵێ، بۆ دوای ئەیلوولی 2026، تکایە راگەیێندراوەکە زۆر بە وریاییەوە بخوێنەوە، بە روونی لە رێککەوتنەکەدا ئاماژەی پێکراوە کە پەیوەستە بە دۆخی ئەوکاتەوە. ئێمە نازانین رەوشەکە چۆن دەبێت لە ئەیلوولی 2026.
رووداو: هەر لەبارەی ئەندامانی داعش، بەگوێرەی سێنتکۆم هێشتا 2500 ئەندامی چالاکی داعش لە ناوچەکە جموجۆڵ دەکەن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعش لە گرتووخانەکانی رۆژئاوای کوردستاندان، هەروەها نزیکەی 43 هەزار ئەندامی خێزانی ئەو چەکدارانە لەوێن. ئایا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چۆن دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، ئایا هیچ هەڕەشەیەکی دووبارە خۆرێکخستنەوەی ئەو گرووپانە و جموجۆڵەکانیان لە ناوچەکەدا هەیە؟
مارتن وۆر: سەبارەت بە هەڕەشەکانی داعش لە عێراق، هەڵسەنگاندنەکانی ئێمە ئەوەیە کە کەم بوونەتەوە، بەڵام کۆتاییان نەهاتووە. دەبێت گوشارەکانمان درێژەپێبدەین تاوەکو ئەوان لەژێر کۆنترۆڵدا بهێڵینەوە. لە سووریا رەوشەکە کەمێك خراپترە، ئێمە دەبینین کە داعش لە سووریا کەمێك خەریکە هەڵدەستێتەوە؛ ئەوەش لە زیاتربوونی هێرش، زیادبوونی بانگەشەکانیان و زیادبوونی ژمارەی خەڵکی کوژراو و برینداردا. ئێمە نیگەرانین لەو رەشەی کە هەیە و دەزانین کە سووریا وڵاتێکی ناسەقامگیرە، ئەوەش دەرفەت دەداتە داعش دۆخەکە بقۆزێتەوە. قسەکانت راست کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کامپ و ناوەندی راگرتن هەن کە ژمارەیەکی زۆر ئەندامی داعشیا تێدایە، بەڵام لەسەروو هەموو ئەوانە، ژمارەیەکی زۆر خێزان هەن لەم نێوەندەدا گیرۆدە بوون، بەشێکیان پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە. بەڵام ژمارەیەکی زۆریان پەیوەندییان بە داعشەوە نییە، زۆرینەیان منداڵن، زۆرینەشیان لەم کامپانەدا لەدایکبوون و هیچ شتێک لەبارەی داعشەوە نازانن، جگە لەوەی کاریگەر بوون بە پڕوپاگەندەی داعش. بۆیە زۆر گرنگە ئەوانە بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان تاوەکو ژمارەی دانیشتووانی ئەو کەمپە کەم بکرێنەوە، بەتایبەتی کەمپی هۆل تاوەکو تێکەڵی کۆمەڵگەکانیان بکرێنەوە و ژیانێکی باشتر و ئاسایی بژین.
رووداو: لەبەرچی وڵاتانی دیکە هاووڵاتییەکانی خۆیان ناگەڕێننەوە؟ تەنانەت ئەمریکا و ئەورووپاش چەند هاووڵاتییەکیان لەوێ هەیە، لەبەرچی ماوەیەکی زۆرە نەتانتوانیوە چارەسەرێکی ئەم کێشەیە بکەن؟
مارتن وۆر: لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ژمارەی ئەوانەی لەنێو کامپی هۆلن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، 40%ی ژمارەکە کەمبووەتەوە، ئەمەش واتە لە 70 هەزار کەسەوە بۆ 40 هەزار کەس کەمبووەتەوە. زۆرینەی ئەوانەی لە کامپەکەن، عێراقی و سووریایین، ئەو ژمارەیەش بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. پێزانینمان هەیە بۆ ئەوانەی لە سووریان، بەتایبەت حکومەتی عێراق بۆ ئەو شێوازەی توانیویانە خەڵكی زۆر بگەڕێننەوە و تێکەڵی کۆمەڵگە بکرێنەوە . ژمارەیەکی بەرچاوی هاووڵاتییان لە وڵاتانی دیکە، بە پشتگیریی ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانێتییەکە گەڕێندراونەتەوە وڵاتی خۆیان. من ناتوانم لێدوان لەسەر بۆچوونی یەک بە یەکی وڵاتەکان بدەم لەسەر هاووڵاتییەکانی خۆیان. ئەوەی من دەمەوێت جەختی لێبکەمەوە، ئەگەر سەیری ژمارەکان بکەیت، دەبینیت کە دۆخەکە ئەرێنییە. ئەگەر یەک یان دوو ساڵ لەمەوبەر سەیری کەمپی هۆلت کردبا، جێگەی نیگەرانی بوو، ئێستاش جێگەی نیگەرانییە، بەڵام دۆخەکە ئەرێنییە.
رووداو: هیچ پێگەیەکی سەربازی لە عێراق و سووریا دەبێت؟ گواستنەوەی چەند هێزێکی سەربازیی هاوپەیمانیی جیهانی بۆ نموونە لە عەین ئەسەدەوە بۆ هەولێر، یان لە هەولێرەوە بۆ قامشلۆ؟ پێموایە ئێوە بەنیازن بنکەیەکی سەربازیی نوێ لە عێراق دابمەزرێنن بۆ ئەوەی پشتگیریی لە ئەرکەکەتان بکات لە سووریا. دەتوانی باسی ئەوەمان بۆ بکەیت؟
مارتن وۆر: پێگەی بەردەوامی سەربازی لەوێ دەبێت، ئەگەر راگەیێندراوەکەی هەینیشت خوێندبێتەوە، چەند وردەکارییەکی لەسەر ئەو بابەتە تێدایە. من ناتوانم قسە لەسەر گۆرانکارییە کردەییەکان بکەم کە روودەدەن، ئەوە کاری من نییە.
رووداو: ئایا ئێوە تەنیا بەدوای داعشەوەن؟ چەندین گرووپی دیکە هەن کە گرووپی تیرۆریستین و بە ئازادیی لە چەند ناوچەیەکی سووریا جموجۆڵ دەکەن، بۆ نموونە عەفرین، ئەوان هەروەها پشێلکاری و سووکایەتی بە مافەکانی کورد دەکەن. ئایا بۆچوونی هاوپەیمانی لەسەر ئەوە چییە؟ چۆن دەتوانن ئەو گرووپانە ببەزێنن، کە هەندێکیان تەنانەت چەند سەرکردەیەکی داعشیان داڵدەدابوو؟
مارتن وۆر: وەڵامی من بە ناوی ئەو رێکخراوە دەبێت کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە دژی داعش. ئاشکرایە، ئەگەر لایەنێک هەبێت لە پشتگیریکردنی داعش دا تێوەگلابێت، واتە دەبێتە ئامانجی رەوای هاوپەیمانێتییەکە؛ بەڵام لە سەرووی هەموویانەوە، مەبەستی ئەو هاوپەیمانێتییە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش.
رووداو: دوایین پرسیارم، ئەگەر لە دوای ئەیلوولی 2026 پێویست بکات، لە سووریا دەمێننەوە؟ حکومەتێک نییە کە هەموو پارچەکانی سووریا بەڕێوەببات، ئەوێ وەکو عێراق نییە، هەروەها ئێوە هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ حکومەتی سووریا نییە. ئایا چۆن لەدوای ئەیلوولی 2026 لەگەڵ کوردانی سووریا و (هەسەدە) پەیوەندی دروست دەکەن؟
مارتن وۆر: وەڵامی پرسیارەکەت لە راگەیێندراوەکەی رۆژی هەینی بە وردی باسکراوە. بەڵێ، تاوەکو ئەیلوولی 2026 گواستنەوەکە بەردەوام دەبێت، دواتر بەگوێرەی بارودۆخەکە ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە بە رابەرایەتیی ئەمریکا و حکومەتی عێراق بڕیار لەسەر داهاتووی چالاکییەکانی هاوپەیمانێتییەکە دەدەن لە سووریا.
رووداو: زۆر سوپاس کە میوانی رووداو بوویت، هیوادارم زوو بتبینینەوە.
مارتن وۆر: دڵخۆش بووم، زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ