باڵیۆزی نانیشتەجێی تایلەند لە عێراق: لە کەمتر لە 30 رۆژدا ڤیزا دەدەین بە گەشتیاران

02-09-2024
نوێنەر فاتيح @NwenarFatih
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سوپارک برێنتکورا، باڵیۆزی نانیشتەجێی تایلەند لە عێراق
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سوپارک برێنتکورا، باڵیۆزی نانیشتەجێی تایلەند لە عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی نانیشتەجێی تایلەند لە عێراق دەڵێت، کاتی قبووڵکردنی ڤیزای وڵاتەکەی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە، بەشێوەیەک کە پێشتر لەوانە بوو 30 بۆ 60 رۆژ و بگرە 90 رۆژیشی بخایاندایە، "بەڵام ئێستا کەمتر لە 30 رۆژی پێدەچێت."
 
سوپارک برێنتکورا، باڵیۆزی نانیشتەجێی تایلەند لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری رووداو باسی چەند پرسێکی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتەکەی کرد و دیدگا و پلانی وڵاتەکەیی بۆ بەستنەوەی بە وڵاتانی دیکە خستەڕوو.
 
باڵیۆزی نانیشتەجێی تایلەند لە عێراق گوتی، "تایلەند و عێراق، بە تایبەت هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە. ئەو پەیوەندییە بۆ نزیکەی 100 ساڵ لەمەو پێش دەگەڕێتەوە. ئێمە یەکدیمان خۆش دەوێت. تایلەندییەکان و عێراقییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش هەمان دی ئێن ئەیمان هەیە، چونکە زۆر کراوەین."
 
لەبارەی ئەوەی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق چۆن دەتوانن ڤیزای تایلەند وەربگرن و ئاسانکاری بۆیان چی دەبێت، گوتی، "هەواڵێکی خۆشم بۆ ئێوە پێیە. کاتی قبووڵکردن بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە. پێشتر لەوانە بوو 30 بۆ 60 رۆژ و بگرە 90 رۆژیشی بخایاندایە، بەڵام ئێستا کەمتر لە 30 رۆژی پێدەچێت. هەروەها ئێمە سەکۆیەکی ڤیزایج ئەلیکترۆنی رادەگەیەنین کە لە ئاستی جیهانیدا دەبێت و دەتوانیت لە ماڵەوە دابنیشیت و لە رێگەی مۆبایلەکەتەوە هەموو بەڵگەنامەکان پێشکەش بکەیت و لە هەر کوێ بیت بە ئۆنلاین داوای ڤیزا بکەیت."
 
بە گوتەی سوپارک برێنتکورا، گەشتیار دەتوانێت لە وڵاتە دراوسێکانی وڵاتەکەی و هەر وڵاتێکی دیکەوە داوای ڤیزا بکات، "جا کە پەسند کرا، (QR code)ێکت بۆ دێت و تەواو. هەموو ئەوەی بۆ چوونە تایلەند پێویستتە ئەو (QR code)ەیە. ئەوە کاتی وەرگرتنی ڤیزا خێرایش دەکات."
 
هەروەها "هەواڵێکی دیکەی خۆش"یشی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە خەریکی دانوستاندنین بۆ رێککەوتن لەسەر لابردنی پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری و ئەوەیش بە شێوەیەکی بەرچاو دەبێتە هاندەری هاتووچۆی زۆری خەڵک لەنێوان ئەم دوو وڵاتە و ئەم هەرێمەیشدا."
 
رووداو: بەڕێز سوپارک، بەخێر بێیت بۆ هەولێر. خۆشحاڵم کە میوانمانیت.
 
سوپارک: زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەتان.
 
رووداو: سوپاس. بەڕێز سوپارک، ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی بازرگانیدا دیدارێکت هەبوو. وابزانم شاندێکی بازرگانیی وڵاتەکەتانت لەگەڵە.
 
سوپارک: بەڵێ، بەڵێ.
 
رووداو: جا چاوتان کەوت بە ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێن و بازرگانی کوردستان. دەمەوێت بزانم گفتوگۆکان و ئەنجامەکانی ئەم دیدارانە چۆن بوون؟
 
سوپارک: تا ئێستا زۆر باش و ناوازە بوون. گەرموگوڕییەکی زۆر لە هەردوو لاوە هەبوو. لە کەرتی تایبەتی تایلەندەوە رەنگە 20 لایەنم لەگەڵ خۆمدا هێنابێت بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان. هەروەها نزیکەی 100 لایەنی کەرتی تایبەتیش لە هەرێمی کوردستان کە ئێستا کار دەکەن و رێککەوتن دەکەن و هەندێک دانوستاندنی جیددیم لەسەر ئەو گرێبەستانەی بڕیارە بکرێن بینیوە. ئەوەیش لە لایەنی ئەرێنییەوە لە ئاستی چاوەڕوانیی من بەدەر بوو. هەروەها لە دیدارەکانماندا لەگەڵ بەرپرسانی حکومیدا بە خێر و بەرەکەت لە نووسینگەی سەرۆکایەتییەوە دەستی پێکرد، خێر و بەرەکەت لە خودی سەرۆکوەزیرانیشەوە بوو. هەروەها بەرپرسی کاروباری دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری بازرگانی و وەزیری ئاوەدانکردنەوەمان بینی. لەگەڵ ژووری بازرگانیی هەولێردا دانیشتین. هەموو دیدارەکان ئەرێنی بوون. هەستێکی زۆر ئەرێنیمان لەبارەی پەیوەندیی داهاتووەوە لەنێوان کەرتی تایبەتی هەردوولادا هەیە.
 
رووداو: بازرگان و وەبەرهێنەکانی تایلەند زیاتر حەز بە چ کەرتێکی هەرێمی کوردستان دەکەن؟
 
سوپارک: حەز بە بابەتەکانی خۆراک، وزە، بیناکاری، جوانکاری، تەندروستی، دەرمان و هەموو جۆرە بەرهەمێک دەکەن. هەموویانم بیر نییە. ئەوەی راستی بێت هەندێک نووسینگەمان هەن کە وەکو کۆمپانیای بازرگانی کار دەکەن. جا هەر کەرتێک لێرە کە جێی قازانج بێت و نوێنەری تایلەندی تێدا نەبێت، ئەوا ئەو نووسینگانە وەک خاڵی بەیەکگەیاندنن و وەکو کۆمپانیای بازرگانی هەڵسوکەوت دەکەن. ئەوان دەتوانن کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشەکانیان لە تایلەند بگەیەنن.
 
رووداو: کەواتە لە هەموو بوارەکاندا.
 
سوپارک: بەڵێ، لە هەموو بوارەکاندا. دەتوانن باجی گومرگی بهێنن و ئیدی بڕۆن. هەر شتێک ئێوە لە هەرێمی کوردستان هەتانبێت ئێمە هاوتای دەکەین.
 
رووداو: سەرنجڕاکێشە.
 
سوپارک: سوپاس.
 
رووداو: ئێستا تایلەند لە ئاسیا یەکێکە لەو ئابوورییانەی گەشە دەکەن و دەتوانم بڵێم هەزاران راپۆرتی ئەرێنی لەبارەی ئابوورییەکەتانەوە هەن. پێموایە ئەمە بۆ ئێوە لە هەموو کەرتەکاندا زۆر باشە.
 
سوپارک: زۆر سوپاس.
 
رووداو: بەڵام عێراق لەم ناوچەیەدا یەکێکە لە وڵاتە گەورە بەکاربەرەکان. قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق و تایلەند چەندە؟
 
سوپارک: وای دەخەمڵێنم کە زیاتر لە ملیارێک دۆلار بێت. چاوەڕێیش دەکەین زۆر لەوەیش زیاتر ببێت. راستییەکەی گەشتەکەی ئەمڕۆیشمان وەک کردنەوەی دەرگایە بە رووی سەردەمێکی نوێی زۆر گەشاوەی پەیوەندیی بازرگانیدا. ئەوە قەبارەی بازرگانیی هاوبەش لە 1.2 و 1.3 ملیار دۆلارەوە بۆ زۆر زیاتر زیاد دەکات.
 
رووداو: کەواتە...
 
سوپارک: ئەوە هەر تەنیا لە بازرگانیدا نا، ئێمە چاوەڕوانی وەبەرهێنانی دوولایەنەیش دەکەین. وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی بازرگانییەکی گەشاوە دەکات، چونکە زۆر لۆجیکییە کە خۆی بێت و لەم هەرێمەدا وەبەرهێنان بکات نەک ئەوەی لە دوورەوە لە وڵاتی ئێمەوە شت بنێرێت. 
 
رووداو: زۆر راستە. ئایا لە عێراقیش هەمان ئەو هەوڵە دەدەن کە لە هەرێمی کوردستان دەیدەن؟
 
سوپارک: بەڵێ، بەڵێ، لە تەواوی عێراقدا هەوڵ دەدەین. ئێمە وەک لایەنێکی کە تواناییمان هەیە بۆ بنەماکانی دروستکردن و بەرهەمهێنان دەگەڕێین، ئەوەیش لەبەر هەڵکەوتەی ستراتیجیی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق و توانای پەیوەندی دروستکردن کە لەم ناوچەیەدا وەک چوارڕیانێکی بازرگانییە. جا ئێمە پێشبینی دەکەین بە هەبوونی ئەم شوێنە ستراتیجییە قازانجێکی زۆر بە کەرتی تایبەتمان دەگەیەنێت و پارەی بۆ دەگەڕێنێتەوە.  
 
رووداو: لێرە لە کوردستان و لە عێراقیش کۆمپانیای وڵاتانی دنیا هەن، هەر لە ئەورووپایی و ئەمریکایی و لە ئاسیایش چینی و، هەموویان لێرە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی کار دەکەن. پرسیارەکەم ئەوەیە بۆچی لەم وڵاتەدا کۆمپانیا تایلەندییەکان نابینین؟ هۆیەکەی چییە؟
 
سوپارک: راستییەکەی، لە لایەنی بەرهەمەوە هەن، بەڵام وەک کۆمپانیایەکی بەرجەستە هێشتا هیچمان دانەمەزراندووە. زۆرێک لە بەرهەمە تایلەندییەکان، بە تایبەتی برنجی تایلەندی خەڵکی عێراق حەزیان لێیەتی. برنجی یاسەمینی تایلەندی. ئینجا هەمیشە بازاڕی عێراقی لە سێ یەکەمەکەی هاوردەی برنجی یاسەمینی تایلەندی بووە کە شایەتی بەرزیی کوالیتیی برنجەکەمانە. هێشتا خواخوامانە ئەوە خواردنەوە گازییەکان و زۆرێک لە دەرمانەکانیش فراوان بکەین. دەتوانیت بابەتەکانی خواردەمەنی لە فرۆشگەکانی عێراق و تەواوی ناوچەکە و هەرێمی کوردستاندا ببینیت. هەر بۆیە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەهێنین تا سەرەتا سەیر بکەن و هەڵیبسەنگێنن. رەنگە بیانەوێت وەبەرهێنانی بیانی بکەن و بیانەوێت پارەکەیان بهێنن و لە هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق دەست بە کار بکەن تا ببێتە بنکەیەک بۆ بەرهەمەکانیان. 
 
رووداو: ئایا هیچ گرێبەستێک دەکرێت لەنێوان...
 
سوپارک: دڵنیام دەکرێت، چونکە هەندێک دانوستاندنی زۆر جیددیم لەبارەی نرخ و بازاڕسازی و کاتی گواستنەوە و رێکخستنی کەلوپەلەوە دەبینی. دڵنیام هەندێک کۆمپانیا گرێبەست دەکەن و دڵنیایشم ئەمە سەردەمێکی نوێیە وەکو ئاماژەم پێدا. بۆئەوەی بازرگانانی کوردستان و کەرتی تایبەت بە یەک بگەن، دەبێت لێکچوونەکانیان بدۆزنەوە و تۆوەکەی بچێنن و لە پەروەردەکردنی بەردەوام بن و بە بەرهەمداری بیهێڵنەوە. لە کۆتاییشدا کاتێک بەرەکەیان پێدەگات، هەردوو لایان بتوانن قازانجە هاوبەشەکانیان بچننەوە.
 
رووداو: ئاماژەت بەوە دا کە ساڵانە نرخی ئەو برنجەی عێراق لە تایلەندەوە هاوردەی دەکات زیاتر لە نیو ملیار دۆلارە.
 
سوپارک: ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک تۆنە.
 
رووداو: بەڵێ. زۆربەی ئەو برنجەی خەڵک رۆژانە لەسەر دەورییەکانیان دەیبینین هی تایلەندە. ئەمە باشە، بەڵام پرسیارەکەم ئەوەیە کە ئێوە چۆن گەرەنتیی کوالیتیی باشی ئەم بەرهەمە بۆ خەڵکی دەکەن بۆئەوەی بەردەوام بن لە هاوردەکردنی بڕی زۆری برنجی تایلەندی؟
 
سوپارک: بەڵێ. دەتوانیت بێخەم بیت، چونکە ئێمە زۆر تووندین و ستانداردەکەمان لە ئاستی ستانداری "QC"ی جیهانیدایە، هەر لە تایلەندەوە تا بەندەری عێراق. بۆ هەرکوێیەک بێت، ئێمە بە سایلۆ دەینێرین. هەر کە برنجەکەیش گەیشتە عێراق، حکومەتی عێراق جۆرێتییەکەی دەیپشکنێت و دوای ئەوە دەکرێتە فەردەوە. ئەو برنجەی ئێمە کە بە سایلۆی کەشتی دەگاتە بەندەری عێراق چاوەڕێی لێ دەکەین کوالیتییەکەی 100٪ کوالیتیی باش بێت. ئێمە بەو جۆرە جەخت لە ئیعتیباری برنجە یاسەمینەکەمان و کوالیتی کۆنترۆڵەکەمان دەکەینەوە.
 
رووداو: دەمەوێت باسی گەشتیاری بکەم. بە دڵنیاییەوە ئێستا ئەگەر بچیتە گووگڵ و بنووسیت تایلەند یان گەشتیاری، سەرەتا تایلەند دەهێنێت. لەم ساڵانەی دواییدا گەلێک خەڵک لە سەرانسەری دنیاوە دەچن بۆ تایلەند و ئەمە شتێکی زۆر باشە. ئێوە نەتەوەیەکتان هەیە کە گەشتیاریان خۆش دەوێت. خەڵکێکی زۆر دەچنە دەرەوە و پارەیەکی زۆر بۆ گەشتیاری دەڕوات. زۆر وڵات لەم وڵاتەدا بە دروستکردنی کۆمپانیا وەبەرهێنان دەکەن و کۆمپانیا دادەمەزرێنن تا گەشتیار رابکێشن.
 
سوپارک: بەڵێ، بەڵێ.
 
رووداو: دیدگا و پلانتان بۆ بەستنەوەی ئەم وڵاتە لە رێگەی گەشتیارییەوە بە وڵاتی خۆتانەوە چییە؟
 
سوپارک: ئێمە زۆر دڵخۆشین، چونکە تایلەند و عێراق، بە تایبەت هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە. ئەو پەیوەندییە بۆ نزیکەی 100 ساڵ لەمەو پێش دەگەڕێتەوە. ئێمە یەکدیمان خۆش دەوێت. تایلەندییەکان و عێراقییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش هەمان دی ئێن ئەیمان هەیە، چونکە زۆر کراوەین. ئێمە زۆر میواندۆستین و لەگەڵ میوانی بیانیدا گەرموگوڕین. ئەگەر سەردانیکەرێک بێت، ئەوا خەڵکەکەمان یارمەتیی دەدەن و شوێنی پیشان دەدەن و بۆ یارمەتی وەرگرتن پارە نادەیت. ئەوەیش هەمان دی ئێن ئەیە. جا ئەم ساڵ بە ئامار 20 ملیۆن گەشتیاری بیانی سەردانی تایلەندیان کردووە. ئەوەیش شایەتی کرانەوەی کۆمەڵگەی تایلەندە بە رووی گەشتیاری بیانیدا. جا پێمان خۆشە گەشتیاری زیاتری عێراقی و کورد بۆ تایلەند رابکێشین تا سەردانی شوێنەکان بکەن. هەروەها دەتوانین زۆر پرۆژەی هاوبەش بکەینەوە، وەک نووسینگەی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان کە دەتوانن لە تایلەند هاوبەشیان هەبێت و کار بکەن و هۆتێل و رێستۆرانتەکان بۆ گەشتیاران رێکبخەن. ئەمەیش بۆ هاندانی زیاتری گەشتیاریی دوولایەنەیە لەنێوان نەتەوەکانماندا. پێموایە ئەوەیش بە قازانجی هەردوو لایە. تایلەند ناوەندێکی گەشتیارییە، نەک تەنیا بۆ خەڵكی تایلەند، بەڵکو بۆ زۆرێک لە خەڵكی وڵاتە دراوسێکانیشمان لە ناوچەکەی خۆمان. ئێمە دەتوانین لەسەر بنەماکانی یونسکۆ برەو بە لایەنی گەشتیاریی هاوبەش بدەین. هەروەها لێرەیش لە هەرێمی کوردستان شوێن هەن کە لە کەلەپووری یونسکۆدان. ئێمەیش گەلێک شوێنمان لە کەلەپووری یونسکۆدان. بۆیە دەتوانین لە لایەنی گەشتیارییەوە جۆرێک لە برەوپێدانی هاوبەش بکەین.
 
رووداو: دوایین پرسیارم لەبارەی ڤیزاوە دەبێت. خەڵکی ئێرە چۆن دەتوانن ڤیزای تایلەند وەربگرن؟ پلانتان بۆ ئاسانکاریی زیاتر چییە؟
 
سوپارک: بەڵێ. هەواڵێکی خۆشم بۆ ئێوە پێیە. کاتی قبووڵکردن بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە. پێشتر لەوانە بوو 30 بۆ 60 رۆژ و بگرە 90 رۆژیشی بخایاندایە، بەڵام ئێستا کەمتر لە 30 رۆژی پێدەچێت. هەروەها ئێمە سەکۆیەکی ڤیزایج ئەلیکترۆنی رادەگەیەنین کە لە ئاستی جیهانیدا دەبێت و دەتوانیت لە ماڵەوە دابنیشیت و لە رێگەی مۆبایلەکەتەوە هەموو بەڵگەنامەکان پێشکەش بکەیت و لە هەر کوێ بیت بە ئۆنلاین داوای ڤیزا بکەیت. هەر ئەوە نییە لە هەرێمی کوردستان بیکەیت، بەڵکو دەتوانیت لە وڵاتە دراوسێکان و هەر وڵاتێکی دیکە بیکەیت. جا کە پەسند کرا، "QR code"ێکت بۆ دێت و تەواو. هەموو ئەوەی بۆ چوونە تایلەند پێویستتە ئەو "QR code"ەیە. ئەوە کاتی وەرگرتنی ڤیزا خێرایش دەکات. هەواڵێکی دیکەی خۆش ئەوەیە ئێمە خەریکی دانوستاندنین بۆ رێککەوتن لەسەر لابردنی پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری و ئەوەیش بە شێوەیەکی بەرچاو دەبێتە هاندەری هاتووچۆی زۆری خەڵک لەنێوان ئەم دوو وڵاتە و ئەم هەرێمەیشدا.
 
رووداو: ئەوانە هەموویان هەواڵی خۆشن. زۆر سوپاس بەڕێز سوپارک. دیسانەوە بە خێر بێت بۆ کوردستان. خۆشحاڵ بووم کە میوانمان بوویت.
 
سوپارک: منیش زۆر خۆشحاڵ بووم کە میوانتان بووم. زۆر سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە