ماهیر زەین بۆ رووداو: لە پلانمدایە گۆرانی بە زمانی كوردیش بڵێم

02-09-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ماهیر زەین
A+ A-
رووداو - هەولێر 

وەك گۆرانیبێژێكی ئیسلامی لە جیهاندا ناوی دەركردووە، لە چەندین وڵات كۆنسێرتی گەورەی ساز كردووە، كۆتایی هەفتەی رابردوو ئاهەنگێكی گەورەی لە شاری هەولێر سازكرد.یەكێك لە گۆرانییەكانی لە یوتیوب زیاتر لە 250 ملیۆن جار بینراوە. ئێستا كار بۆ بەرهەمێكی نوێ‌ دەكات كە بە گوتەی خۆی جیاوازە لە هەموو بەرهەمەكانی پێشووی. ماهیر زەین لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێت لە پلانیدایە بە زمانی كوردیش گۆرانی بڵێت.
 
رووداو: تۆ لە نێو خێزانێكی هونەریدا گەورە بووی، بابت گۆرانیبێژ بووە. چۆن لە ئەندازیاری فڕۆكەوانییەوە رووت لە میوزیك كرد؟
 
ماهیر زەین: لە ماوەی خوێندنمدا، لەو چوار پێنج ساڵەی لە كۆلێژ بووم، میوزیك بەردەوام  هەبوو، پاش كاتی خوێندن روومان لە ستۆدیۆ دەكرد و كارمان دەكرد و فێر دەبووین خەڵك چۆن لە بواری میوزیكدا كار دەكەن. هەموو دۆستان ئەو خۆشەویستی و ویستەی منیان بۆ میوزیك دەبینی و هانی منیان دەدا، ئیتر بەو  شێوەیە بوو. بەڕاشكاوی پلانێكی وا نەبوو بۆ ئەوەی لەمەیان یان لەوەیاندا بەردەوام بم، بەڵام خودا وای ویست.
 
رووداو: كەواتە رێكەوت بوو؟
 
ماهیر زەین: بەڵێ رێكەوت بوو.
 
ڕووداو: لە سەردەمی كولێژدا، گرنگیت بە موزیك دەدا؟
 
ماهیر زەین: بەڵێ بێگومان، بەتایبەتی لە دواساڵەكانمدا كە گۆرانی راپم دەگوت، بەڵام تەنیا بۆ خۆشی بوو، هیچ مەبەستی ترمان نەبوو.
 
رووداو: باشە كە تۆ حەزت لە میوزیك بوو بۆ لە جیاتی فڕۆكەوانی میوزیكت نەخوێند؟

 

ماهیر زەین: هیچ پلانێك نەبوو. زۆر لە هاوڕێیانی خوێندنم پێیاندەگوتم بڕۆ میوزیك بخوێنە، چونكە دەیانزانی حەزم لەمەیە.
 
رووداو: ستایلی تۆ ئاڕ ئاند بییە كە تێكەڵەیەكە لە چەندین ستایل. بۆ ئەم ستایلەت هەڵبژارد؟
 
ماهیر زەین: كاتێك منداڵ بووین، لە كاتی خوێندندا گوێمان لەو شتانە دەبوو، وەك پۆپ و ڕاپ و ئاڕ ئاند بی، بەهەموویان دەورە درابووین. لە هەمانكاتدا زۆر حەزم لە میوزیكی رۆژهەڵاتی بوو، كە كیبۆردیشم هەبوو  ئاوازی رۆژهەڵاتیم پێ لێدەدا. بۆیە دەبینی لە زۆر لە گۆرانییەكانمدا تامێكی رۆژهەڵاتییانە هەیە.
 
رووداو: گوێت لە گۆرانی و میوزیكی رۆژهەڵاتی دەگرت؟
 
ماهیر زەین: من گوێم دەدایە هەموو شتێك. كە منداڵ بووم بەردەوام گوێم لە میوزیك دەگرت.
 
رووداو: ئێستا گوێ لە كێ دەگریت؟
 
ماهیر زەین: ئێستا شتێكی دیاریكراو نییە. تەنیا بۆ ئەوەی ئەپدەیت بم.
 
رووداو: چۆن رووت لە گۆرانیی ئیسلامی كرد؟
 
ماهیر زەین: لە پاش پابەندبوون، تەمەنم 27 ساڵ بوو، شارەزاییەكم لە موزیكدا هەبوو، دەمزانی هێزەكەی چەندە و تا چەند دەتوانی بەهۆیەوە پەیام یان هەست بگەیەنیت. ئەمە ئەو شتە بوو كە پاڵنەرم بوو. هەروەها برادەر هەبوون دركیان بە بەهرەی من كردبوو.
 
رووداو: لە 2009دا دەستت بە بەرهەمهێنانی یەكەمین ئەلبووم كرد، كاروانی بەرهەمهێنانی یەكەمین ئەلبووم چۆن بوو؟ خۆت دەزانی كارێكی پڕ دڵەڕاوكێیە.
 
ماهیر زەین: بەڵێ گوشارەكە زۆرتر بوو لەوەی چاوەڕوانم دەكرد، بەڕاستی چاوەڕوانی ئەو سەركەوتنە نەبووم. لەگەڵ ئەوەشدا وەك دەڵێن گەشتێكی خۆش بوو. ئەوە یەكەمجار بوو بۆ خۆم بەرهەمهێنان بكەم و ئاواز دابنێم.
 
رووداو: لە وڵاتانی عەرەبیدا فانی زۆرت هەن كە حەز لە دەنگی تۆ دەكەن. كەچی لە مالیزیاش ناوبانگێكی زۆرت دەركرد، بۆ لە مالیزیا؟
 
ماهیر زەین: ئێمە ئاراستەی بنەڕەتیمان رووەو موسوڵمانانی رۆژئاوا بوو، بەڵام رۆژێك لە رۆژان بیستمان كە لە مالیزیا گوێ لە گۆرانییەكانم دەگرن، ئیدی لەبارەی مالیزیا و ئیندۆنیزیا و بڕۆنای ئەمانەمان بیست، ئەوە بوو ئێمەیان بانگهێشت كرد بۆ خۆشترین سەردان كە ئاهەنگ و شتی وای تێدا نەبوو. بەڕاستی سەرسامكەر بوو. سوپاس بۆ خودا، من هەرگیز پێشبینیی ئەو  شتەم نەكردبوو. سوپاس بۆ خودا هەشت خەڵاتم وەرگرت.
 
رووداو: لە ئیندۆنیزیاش خەڵاتی سۆنی میوزیكی ئیندۆنیزیات وەرگرت، وەك پڕفرۆشترین ئەلبوومی 2019. باسێكی ئەم خەڵاتەم بۆ بكە.. چاوەڕوانی ئەوەت دەكرد؟
 
ماهیر زەین: من پێشبینیی هەموو ئەوەم نەدەكرد. سوپاسگوزاری خودام بەرامبەر بەم سەركەوتنە، بەڵام هەموو ئەمە بۆ من گرنگ نییە؟
 
رووداو:  ئەی چی بەلای تۆوە گرنگە؟
 
ماهیر زەین: من حەزم لە ئاهەنگە، لەو كەشەی تێیدا لەگەڵ خەڵك بەیەك دەگەم و لەگەڵمدا گۆرانییەكان دەڵێنەوە، لەوێدا هەستێكی خۆشم بۆ دروست دەبێ‌. بەلای منەوە پەیام گرنگە.
 
رووداو: پەیامە هونەریەكەت گەیشت؟
 
ماهیر زەین: پێموایە بەڵێ،‌ بەڵێ‌ سوپاس بۆ خوا ماوەی 10 ساڵە كار لەسەر ئەوە دەكەم،  وتارەكان لەسەر سۆشیالمیدیا و یوتیوب دەخوێنینەوە و كۆمێنتەكان دەبینین، خەڵكێكی زۆر هەیە دوای ئاهەنگەكە دێنە لامان و دەبینین كاردانەوە هەیە. 
 
رووداو: هەندێك لە گۆرانییەكانت زیاتر لە 100 ملیۆن كەس تەماشایان كردووە، یەكەم گۆرانیبێژی عەرەبی كە ئەو هەموو جارە گۆرانییەكەی بینراوە، تۆ دەڵێی ژمارە گرنگ نییە و گرنگ پەیامەكەیە، بەڵام بۆ ئەو گۆرانیانە و ڤیدیۆ كلیپەكان بەو بەرفراوانیە بڵاوبوونەوە.
 
ماهیر زەین: گۆرانیی ئینشائەڵڵا، بەناوبانگترین گۆرانی من بوو لە یەكەم ئەلبوومم، بەڵام سوبحانەڵڵا دواتر یا نەبی سەلام عەلەیك، زیاتر ناسرا، بەڵام 250 ملیۆن كەس بینیویانە نەك 100 ملیۆن كەس.
 
رووداو: بەرهەمی تازەت هەیە؟
 
ماهیر زەین: ئێستا ئێمە كار لەسەر سینگڵێكی نوێ دەكەین كە بە ئینگلیزیە. لە هەموو گۆرانییەكانی دیكەم جیاواز و نوێ‌ دەبێ‌.
 
رووداو: سامی یوسف بە كوردی گۆرانی گوتووە، تۆ لەبەرنامەتدا نییە گۆرانی بە كوردی بڵێی.
 
ماهیر زەین: ئینشائەڵڵا، بەدڵنیاییەوە بەڵێ‌ پلان هەیە.
 
رووداو: سۆشیالمیدیا كاریگەری زۆری لەسەر گەنجان هەیە، چۆن توانیت لەو رێگەیەوە بگەیتە هەموو گەنجانی جیهانی عەرەبی و جیهان بەگشتی.
 
ماهیر زەین: راستییەكەی من زۆر حەزم لە سۆشیالمیدیا نییە، ئەگەر لە بواری هونەریدا كارم نەكردبایە، رەنگە سۆشیالمیدیام  هەر نەبووایە. هیچ حەزم لێی نییە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە