رووداو دیجیتاڵ
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی 6ـی حوزەیرانی داهاتووی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکرد، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، باسیان لەو کۆسپانە کردووە کە لەپێش هەڵبژاردنەکەن و کۆمیسیۆنیش سێ مەرجی هەبووە.
خەسرۆ گۆران پێی وایە، داواکاریی هەڵبژاردنی پێشوەختە رێککەوتنی لایەنەکانی بوێت و دەشڵێت، "پێموانییە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە بن".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خەسرۆ گۆران:
رووداو: رای ئێوە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دیاریکردنی رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021 بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق چییە؟ پێتانوایە کاتێکی گونجاوە؟
خەسرۆ گۆران: کۆمەڵێک کۆسپ هەیە لەپێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئێستا، بە روونی کۆمیسیۆن و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانیش باسی ئەو کۆسپانەیان کردووە. لەوانە کۆمیسیۆن سێ مەرجی هەبووە، یەکێک لەوانە یاسای هەڵبژاردن تەواو بکرێت، کە هێشتا تەواو نەبووە. راستە ئەوە گوتراوە هەر پارێزگایەک لە چەند بازنەیەک پێکدێت، بەڵام چۆن و چەند؟ ئەمە هێشتا باس نەکراوە، چونکە لە عێراق پارێزگا هەیە نفوسی ملیۆنێک و کەمتریش هەیە، هەشە حەوت ملیۆن و زیاترە، بۆیە دەبێت پێش هەموو شتێک ئەمە یەکلایی بکرێتەوە.
مەرجی دووەمی کۆمیسیۆن ئەوەبووە کە دادگای فیدراڵی ئەو بۆشاییەی کە هەیە پڕبکرێتەوە چ بە یاسا، چ بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆ ئەوەی بتوانن ئەنجامەکانی هەر هەڵبژاردنێک پەسند بکەن.
مەرجی سێیەمیشیان ئەوەیە بودجەی هەڵبژاردن دیاری بکەن، کە ئەویش کەمتر نییە لە 30 ملیۆن دۆلار کە دەکاتە نزیکەی سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار. کۆمیسیۆن دەڵێ ئەگەر ئەو مەرجانە جێبەجێکران، ئەوانیش ئامادەن هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدەن.
رووداو: مەرجەکانی کۆمیسیۆن ئاسانن بۆ جێبەجێکردنیان بۆ ئەوەی بتوانن هەڵبژاردنەکە بکەن؟
خەسرۆ گۆران: بەڵێ، مەرجەکانی کۆمیسیۆن ئاسانن، دەکرێت یاسایەکە بە هەفتەیەک یەکلایی بکرێتەوە ئەگەر تەوافوقێک دروست بکرێت، بەڵام ئێستا هەموو لایەک لەگەڵ ئەو یاسایە نین، پێشووتر هەندێک لایەن دەنگیان بەو یاسایە داوە، ئێستا پەشیمان بوونەتەوە. ئێستا هەندێکیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ یاسای ساڵی 2014 و 2018 واتە عێراق 18 بازنەی هەڵبژاردن بێت، هەر پارێزگایەک بازنەیەک بێت. ئێمەی کورد رەنگە بمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ یاساکەی 2005 کە عێراق ببێتە یەک بازنە، چونکە ئەوکاتە ئێمە کورد کورسی زیاترمان بەدەستدەهێنا، دەنگی ئێمە لە خوارووی عێراق لە بەغداو شوێنەکانی دیکە بە فیڕۆنەدەڕۆیشت. ئێستاش ئەو مشتومڕە هەر ماوە، بۆیە ئەمەش کات دەبات لە پەرلەمان.
رووداو: بۆچوونی کورد لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان چییە؟ بە تایبەتی ئەوەی کە هەڵبژاردن کراوە بە فرە بازنە لەسەر ئاستی قەزایەکان و رەنگە وردتریش بکرێتەوە، زیانەکان ئەمە بۆ کورد چین؟
خەسرۆ گۆران: من لەگەڵ هەندێک لایەنی کوردستانیش قسەم کردووە، ئێمە پێمانباشە هەوڵ بدەین عێراق بکەینەوە یەک بازنە وەکو ساڵی 2005. هەرچەند زۆر لایەن هەن لەناو پەرلەمان دژی ئەو بۆچوونەن، بەڵام ئەگەر کورد یەکدەنگ بێت لەوانەیە بتوانین لۆبی بکەین و بڕوا بە هەندێک لایەن بهێنین. ئەگەر ئەوەش نەکرێت ئەوکاتە بڕیار بڕیاری پەرلەمانە، هەر بڕیارێک بدرێت دەبێت هەموو لایەک پێوەی پابەند بێت.
رووداو: ئەگەر پەرلەمان بڕیار لەسەر ئەوە بدات هەڵبژاردن بکرێتە فرە بازنە، زیانەکەی بۆ ناوچە کوردستانییەکان چی دەبێت؟
خەسرۆ گۆران: هەر یاسایەک باشی و خراپی خۆی هەیە، ئێمە بە وردی دیراسەتی بڕگەکانی ئەو یاسایەمان کردووەو فراکسیۆنی پارتیمان ئاگادار کردووەتەوە لە رای پارتیمان سەبارەت بەو یاسایەی هەیە، هەر گۆڕانکارییەکی دیکە لەو یاسایە بکرێت لە پەرلەمان، بێگومان دیراسەی دەکەین و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی کوردستانی هەوڵدەدەین گوتاری سیاسی کوردستانی یەک گوتاربێت کە لە بەرژەوەندی خەڵکی ئێمەبێت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش.
لەلایەکی دیکەوە خودی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەویش مشتومڕێکی زۆری لەسەرە، بە نموونە بەپێی ماددەی 64ی دەستوور دەبێت یەک لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بکەن و بە زۆرینەی رەها داواکارییەکە پەسند بکرێت. ئایا ئەمە کراوە لە پەرلەمان؟ دووەم؛ ئەگەر سەرۆک حکومەت داوا بکات، دەبێت داوا لە سەرۆککۆمار بکات ئەو داوایە بکرێت لە پەرلەمان، بەڵام ئایا لە پەرلەمان هیچ تەوافوقێک و زۆرینەیەک هەیە ئەو داوایە تێپەڕێنێت؟ بۆیە کارێکی زۆری دەوێت.
دەبێت پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان پەرلەمان هەڵبووەشێتەوە و لە ماوەی 60 رۆژ دوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا لە کاتێکی ئاسایی نییە، پێی دەگوترێت هەڵبژاردنی پێشوەختە، واتە پەرلەمان ماوەی پەرلەمانی خۆی تەواو نەکردووە. لەناو پەرلەماندا لایەن هەن کاردەکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت بێگومان دەنگیش دەدەن بۆ ئەوەی ئەو هەڵبژاردنانە ئەنجام بدرێن، بەڵام لەلایەکی دیکەش زۆر لایەنی دیکە هەن کە دژی ئەوەن هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت و پەرلەمان لە وادەی یاسایی خۆی هەڵبژاردن ئەنجام بدات. بێگومان نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسە هێڵە، لەوانەیە ئەوانیش رایەکی دیکەیان هەبێت کە بە دڵی هەندێک لایەنی سیاسی نەبێت.
رووداو: کێن ئەو لایەنانەی لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەن و کێن ئەوانەی نایانەوێت ئەو هەڵبژاردنە بکرێت؟
خەسرۆ گۆران: ئەوەی من ئاگاداربم یەکێک لەوانەی کەوا بە ئاشکرا داوا دەکەن، هاوپەیمانی سائیرونە، رەنگە نەسریش لەگەڵ ئەوەبێت هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام زۆربەی لایەنەکانی دیکە تاوەکو ئێستا لەگەڵ ئەوەنین هەڵبژاردن بکرێت، هەندێکیش دەڵێن دەمانەوێت بکرێت لەبەر شەقام و شتی دیکە، بەڵام لە رۆژی دەنگداندا بەدیار دەکەوێت کێ لەگەڵ هەڵبژاردنەو کێش لەگەڵ نییە.
رووداو: کورد لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەیە؟
خەسرۆ گۆران: پێموانییە کورد لەگەڵ ئەوەدابێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، بەڵام هێشتا بە فەرمی لەگەڵ لایەنەکان قسەمان نەکردووە، بیستوومانە کە هەندێکیان دژی ئەوەن و دەیانەوێت لەکاتی خۆیدا بکرێت، هەندێکیشان هەن لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.
رووداو: وەکو پارتی رای ئێوە لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەخت چییە؟
خەسرۆ گۆران: ئێمە وەکو پارتی جاری رای خۆمان نادەین، جارێ با بزانین یاساکە چۆنە، چ یاسایەکی هەڵبژاردن پەیڕەو دەکرێت. ئەوکاتە ئێمە بە قسەکردن لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی دیکە هەوڵ دەدەین رێکبکەوین لەسەر میکانزمێک. چونکە لەوانەیە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش بکرێت، وەکو ئاگاداریشن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لیستێکی هاوبەشمان دروستکردووە کە پێکهاتووە لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، کە 31 لایەن لەناو لیستەدان. ئەگەر بێت و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان هەمان رۆژ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت، دەبێت دووبارە پێداچوونەوە بەخۆماندا بکەین و کورد یەکهەڵوێستی خۆی دیاری بکات.
رووداو: لەسەر وادەی دەستنیشانکردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆچوونی یاسایی جیاواز هەیە، هەندێک دەڵێن دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران نییە رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات. لە رووی یاساییەوە لە دەسەڵاتی کێدایە وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بکات؟
خەسرۆ گۆڕان: لە رووی یاساییەوە دەبێت حکومەت لەگەڵ کۆمیسیۆن و پەرلەمان رێکبکەوێت لەسەر وادەی هەڵبژاردنێکی ئاسایی، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت پێویستی بە دوو رێگە هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، لەوانە دەکرێت سەرۆکوەزیران لە رێگەی سەرۆککۆمارەوە داوا لە پەرلەمان بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، دووەمیان ئەوەیە یەک لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردن بکەن. ئەوەی ئێستا کراوە تەنها سەرۆکی حکومەت رایگەیاندووە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە رۆژی 6-6-2021 بکرێت، ئەوەش دەبێت بە رێگەی یاسایی خۆیدا بڕوات بۆ پەرلەمان.
رووداو: پێتانوایە دیاریکردنی رۆژێک بۆ هەڵبژاردن تەنها دروشێکە؟ یان دەتوانرێت لەو وادەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، بە تایبەتی لەو دۆخە سیاسییە، ئابووری و تەندروستیەی سەختەی کە ئێستا عێراق پێدا تێپەڕ دەبێت؟
خەسرۆ گۆڕان: بیرۆکەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە بنچینەدا لەسەر گوشاری شەقام و خۆپێشاندەران و نەتەوە یەکگرتووەکان هاتە کایەوە. رەنگە زۆر لایەن بڵێن ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەین، بەڵام لە راستیدا لەگەڵی نەبن. بەڵێ ئەگەر ئیرادە هەبێت هەڵبژاردن بکرێت، بێگومان دەتوانرێت لە 6ـی 6 هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هێشتا 10 مانگ ماوە، ئەگەر بێت و لە قەیرانی کۆرۆنا تەواو بین و بودجەیەکی رێک بۆ کۆمیسیۆن دیاری بکرێت و یاساکە بە زووترین کات دەربچێت، بێگومان دەکرێت، بەڵام ئایا ئەو ئیرادەیە هەیە یان نا؟ ئەمە پرسیارەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ