سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی: دوای ئەم هەڤپەیڤینە زیاتر لەبارەی کورد دەخوێنمەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رووداو دەڵێت، زانیارییەکانی لەبارەی پرسی کوردەوە تەواو نین، هەروەها بەڵێن دەدات لە پاش هەڤپەیڤینەکە زیاتر لەبارەی کوردەوە شارەزا ببێت.
 
کۆماری مۆزەمبیق دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئەفریقا. ئەم مانگە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات.
 
پێدرۆ ئەفۆنسۆ، نوێنەری مۆزەمبیق کە ئەم مانگە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات لە بارەگای سەرەکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زانیارییەکانمان لەسەر پرسی کورد روون و تەواو نین"، بەڵام بەڵێنی بە پەیامنێری رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان دا کە "دوای ئەم هەڤپەیڤینە تەماشای بابەتەکە دەکەم و زیاتر دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی زانیارییەکانم سەبارەت بەو پرسە باشتر بکەم و راوێژ بدەمە حکومەتەکەم".
 
پێدرۆ ئەفۆنسۆ، نوێنەری مۆزەمبیق رۆژی 24ی نیسانی 2024 لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا سەبارەت جێبەجێنەکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە گوتی، "دەمانەوێ بڕیارەکە بەزووترین کات لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و گرووپی حەماسەوە جێبەجێبکرێت"، لەو باوەڕەشدایە ئیسرائیل لەو قۆناخەدا چارەسەری دوو دەوڵەت قبوڵ ناکات. 
 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پێدرۆ ئەفۆنسۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
 
رووداو: زۆر سوپاس کە ئەمڕۆ لەگەڵمانی. 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: زۆر سوپاس
 
رووداو: دەمەوێت لە بڕیاری چەند هەفتەی رابردووەوە دەستپێبکەم، چاوەڕێ دەکەن کەی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت؟
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بەوانەی کە بڕیارەکەیان لەسەر دراوە. لەم کەیسەدا، دەمانەوێ بڕیارەکە بەزووترین کات لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و گرووپی حەماسەوە جێبەجێبکرێت. ئێمە لەوە تێدەگەین کە بۆ ئەوە پێویستە گفتوگۆ بکرێت و پێمانگوتراوە کە گفتوگۆکان بەردەوامن. ئەنجوومەنی ئاسایش کۆنترۆڵی بەسەر پێشڤەچوونەکانی ئەو گفتوگۆیانە دا نییە، بەڵام چاوەڕوانیمان هەیە کە هەمووان رێز لە ئەنجوومەنی ئاسایش بگرن و پابەندبن بە بڕیارەکانییەوە، چونکە بڕیارەکان رەتنەکراوەن. 
 
رووداو: وەکو ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاسایش، پێتوایە کە ئەنجوومەنی ئاسایش دەتوانێ ئیسرائیل رازی بکات بە چارەسەری دوو دەوڵەت؟ 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: لەم قۆناخەدا نا، بەڵام چارەسەرکردنی دوو دەوڵەت هەر لەسەرەتاوە لە ساڵی 1948 دەستیپێکرد. ئەو هەڵوێستەش لەلایەن ئەنجوومەنە یەک لە دوا یەکەکانەوە قبووڵ کراوە، لەنێویاندا بڕیاری 242 لە ساڵی 1967 کە کۆتایی بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێنا. بێگومان بڕیارەکە دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی تێدابوو. بە تێپەڕبوونی کات، بە ئامانجی جێبەجێکردنی بڕیاری چارەسەرکردنی دوو دەوڵەت، زۆر دەستپێشخەری لەو شێوەیە هەبوون. ئەوەش هۆکاری کۆبوونەوەی ئێمە بوو بۆ قبووڵکردنی ئەندامێتی دەوڵەتی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان دا. 
 
رووداو: ئێستا پرسیارێک لەسەر کورد دەکەم؛ ئێمە باسی زیاتر لە 40 ملیۆن خەڵک دەکەین، ئێوە دەزانن کە ئەوان دەوڵەتیان نییە، پێتوایە ئەوە دادپەروەرییە؟ ئەوان تەنانەت کورسیشیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دا نییە. پێتوایە ئەوە دادپەروەرییە بۆ 40 ملیۆن کەس کە دەوڵەتیان نییە؟
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: کاتێک گفتوگۆمان دەکرد، پێموابێ رۆژی 18ی نیسان پێنجشەممە یاخود هەینی بوو، بۆ قبووڵکردنی ئەندامێتی دەوڵەتی فەلەستینی لەنێو کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دا. مۆزەمبیق ئەوەی روونکردەوە کە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی خۆمان، خەباتێکی درێژخایەنی بەدەستهێنانی ئازادیمان کرد کە زیاتر لە 10 ساڵی خایاند، بەڵام داگیرکاریی پورتووگالی زیاتر لە 500 ساڵ درێژەی کێشابوو. بۆیە وڵاتان و هیچ رێکخراوێک تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین و سەروەری نادەن. ئەوانە پێویستییەکن دەبێ لەلایەن ئەو خەڵکانەوە بەدەستبهێنرێن کە خەباتی بۆ دەکەن، وەکو ئەوەی ئێمە کردمان لە مۆزەمبیق، لە ئەنگۆلا، کەناری عاج و وڵاتانی دیکەش. بە درێژایی مێژوو، هەندێک لە وڵاتان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، لەوانی دیکە خۆشبەختتر بوون. بۆ نموونە لە ساڵانی شەستەکان زۆر لە کۆلۆنییەکانی فەرەنسا و بەریتانیا، بەپێی بڕیاری 1514ی نەتەوەیەکگرتووەکان سەربەخۆییان پێدرا. ئەو بڕیارە داوایکرد کە مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی بدرێت بەو گەل و وڵاتانەی لەژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم دا بوون. بۆیە دەبینی ژمارەیەکی گەورەی وڵاتان لە شەستەکان دا بە رێگەی ئاشتییانە سەربەخۆییان بەدەستهێنا، بەڵام ئێمە لە مۆزەمبیق هاوشێوەی ئەنگۆلا شەڕمان بۆ سەربەخۆیی کرد. 
 
رووداو: مانگی داهاتوو (ئایار) مۆزەمبیق دەبێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش، چاوەڕوانیی ئێمە چی بێت، مژارە سەرەکییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش چی دەبن؟ هیچ بڕیارێکی تایبەت بە کورد یاخود پرسی دیکەی نێودەوڵەتی دەبینین؟
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی تایبەت بە کورد لە ئەجێندای ئەنجوومەنی ئاسایش دا نییە، بەڵام چەندین مژاری گرنگمان هەیە کە دەبنە جێگەی سەرنجی ئەنجوومەنی ئاسایش. پێش ئەوەی بچمە نێو ئەو بابەتە با ئەمە بڵێم؛ زۆر مژار و نیگەرانیی نێودەوڵەتی پەیوەست بە خەڵک و وڵاتان هەن کە لە ئەجێندای ئەنجوومەنی ئاسایش دا نین، ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەوانە گرفت نین و نابێ رێزیان لێبگرین. ئەوانە کێشەن، بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایش قسە لەسەر هەموو مژار و گرفتێکی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی ناکات. 
 
رووداو: پێتوایە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش، یاخود ئێوە وەکو نوێنەری مۆزەمبیق ئاگاداری پرسی کوردن؟ پێتوایە کە کێشەیەکی گەورەی نێودەوڵەتییە؟
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: دەبێ دان بەوە دابنێم کە زانیارییەکانمان لەسەر پرسی کورد روون و تەواو نین. دەتوانم بەڵێنی ئەوە بدەم کە دوای ئەم هەڤپەیڤینە تەماشای بابەتەکە دەکەم و زیاتر دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی زانیارییەکانم سەبارەت بەو پرسە باشتر بکەم و راوێژ بدەمە حکومەتەکەم. 
 
رووداو: بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکان، دۆخێکی مرۆیی لە مۆزەمبیق هەیە. ئایا دۆخی مرۆیی و هاوکارییە مرۆییەکان چۆنن؟
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: بەڵێ ئێمە دۆخێکی مرۆیی زۆر جددیمان هەیە. هۆکاری بنەڕەتیش تیرۆریزمە لە مۆزەمبیق. تیرۆریزمێک کە لە نێوخۆوە دروست نەبووە، بەڵکو لە دەرەوە هاوردەکراوە، لە کۆنگۆی دیموکراتی و سۆماڵیاوە. ئێمە بڵاوبوونەوەی تیرۆر لە ئەفریقا دەبینین، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی ئێستا لەسەر بە ئەفریقاییکردنی تیرۆریزم گفتوگۆ دەکەین. گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لیبیا رێخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی تیرۆریزم پێگەی خۆی لە ئەفریقا دروست بکات. بەهۆی بڵاوبوونەوەی تیرۆر لە مۆزەمبیق، ژمارەیەکی زۆر خەڵک ئاوارە بوون، چونکە تیرۆریستەکان هێرش دەکەنە سەر گوندەکان و شارە بچووکەکان و ژیانی ئاسایی خەڵکیان تێکداوە. ئەوەش هۆکاری ئەو دۆخە مرۆییە سەختەیە. ئێمە چەند هەنگاوێکمان دەستپێکردووە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تیرۆریزم و لەوەدا سەرکەوتوو بووین. بەڵام ناکرێت بە تەواوی کۆنترۆڵی تیرۆریزم بکرێت، دۆخەکە بەوشێوەیە. لەلایەکی دیکەوە دەمەوێ بڵێم پشتیوانییەکی زۆر لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ پێویستییەکانمان هەیە، لەڕووی مرۆیی و لە شەڕی دژی تیرۆریش دا. 
 
رووداو: زۆر سوپاس.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: زۆر سوپاس.