تەبەقچەلی: دۆلار ناگاتەوە نرخی 160 هەزار دینار ئەگەر هەڵەیەکی گەورە نەکرێت

02-05-2024
هێمن عەساف
هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەحمەد تەبەقچەلی، ئابووریناسی عێراقی
هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەحمەد تەبەقچەلی، ئابووریناسی عێراقی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

'عێراق جگە لە نەوت، هیچ شتێک بۆ دەرەوە هاوردە ناکات، ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی دۆلار تەنیا بە فرۆشتنی نەوت بێتە نێو وڵاتەوە'، ئەحمەد تەبەقچەلی رەخنە لەوە دەگرێت و دەشڵێ 'نرخی دۆلار ناگاتەوە 160 هەزار دینار، ئەگەر هەڵەیەکی گەورە نەکرێت.'
 
لەم هەڤپەیڤینەدا کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 2-5-2024) لە رووداو پەخشکرا، ئەحمەد تەبەقچەلی، ئابووریناسی عێراقی باسی هۆکارەکانی ناجێگیریی بەهای دیناری عێراقی دەکات.
 
تەبەقچەلی هەروەها دەڵێ "تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دینار هەبوو، بەڵام تۆمارکردنی هەموویان کاتێکی زۆری دەوێت'' جەختیش دەکاتەوە لەوەی "پێدانی پارەی کۆمپانیاکان بە کاش، هەڵەیە."

دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەحمەد تەبەقچەلی: 

رووداو: لە چەند رۆژی رابردوودا گوێم لە زۆر پێشبینی بوو، بەوەی دۆلار جێگیر دەبێت یان زیاتر دادەبەزێت. دەمەوێ گوێ لە بەڕێزتان بگرم عەرەب گوتەنی 'نان بۆ نانەوا.' خوێندنەوەی ئێوە چییە؟ 
 
تەبەقچەلی: جوانە، نان بۆ نانەوا. بەر لەوەی وەڵامتان بدەمەوە دەبێ بزانین بۆچی دۆلار وای بەسەردا هات؟ ناکرێ باس لە پێشبینییەکان بکەیت بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانیت، چونکە هیچ مانایەکی نابێت. کێشەی وڵاتەکەمان یان بە دیوێکی دیکە بنچینەی کێشەکان دوو شتی گەوهەرین لە ئابووریماندا. یەکەمیان؛ تاکە سەرچاوەی دۆلارمان لایەنی حکومییە. ئێمە هیچ شتێک بۆ جیهان هەناردە ناکەین تەنیا نەوتمان هەیە. 90٪ـی هەناردەمان تەنیا نەوتە. کەواتە تەنیا بە فرۆشی نەوت دۆلارمان بۆ دێت. هیچ کاڵایەکمان نییە بیفرۆشین، بۆیە تەنیا ئەو بڕە پارەیەی بە دۆلار دەستمان دەکەوێت لە ئەنجامی فرۆشی نەوتە لەلایەن حکومەتەوە. دووەم شت، وڵاتەکەمان بەکاربەرە، هەموو شتێک بەکاردەبەین، سەیری بازاڕەکانمان بکە، زۆرترین ئەو کاڵایانەی بەکاردەبردرێن، هاوردەن. لە کوێ و بە چی پارەکەی دەدەین؟ بە دۆلار دەیدەین. کەواتە لە بنچینەدا خستنەڕووی دۆلار لە کوێوە دێت، سەرچاوەکەی حکومەتە کە نەوتە. خواست لە کوێوە دێت؟ لە کەرتی تایبەتەوە دێت. سێیەم شت؛ کەرتی تایبەتە. زۆربەی کەرتی تایبەتمان فەرمیی نین یان تۆمارنەکراون. ئەمە هەڵە و درزە گەورەکەیە. دۆلاری حکومی چۆن دەستدەکەوێت؟ لە رێگەی زیادکردنەوە (مەزاد) ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت زیادکردن نییە، پێشتر زیادکردن بوو. ئەوەی ئێستا سەکۆیە، چونکە پرۆسەکە زیادکردن نییە، بەڵام وا راهاتووین پێی بڵێین زیادکردن. چۆنیەتی دەستکەوتنی ئەو بڕە پارەیە لە رێگەی بانکەکانەوە دەبێت. باشە چۆن دەکرێت، کۆمپانیای تایبەتی نافەرمی لە رێگەی سەکۆیەکی فەرمییەوە داوای دۆلار بکات؟ ئەمە شتێکی هەڵەیە. ئەوەی لە سەکۆکەدا گۆڕدرا، رێگریی کرد ئەو کارە بەردەوام بێت. بۆیە هەر لەسەرەتاوە بینیمان بەهای دۆلار لە بازاڕدا بەرز بووەوە. دوای ماوەیەک داشکا. بۆچی داشکا؟ ئەو کۆمپانیانەی فەرمی نەبوون یان ئەوانەی فەرمیی بوون کاری نافەرمییان دەکرد و خۆیان لە باجەکان دەدزییەوە. هەموو ئەمانە کۆنترۆڵ کران، هەر بۆیە لە دوو مانگی رابردوودا بینیمان دۆلار بەهای لە دەستدەدات. بۆچی؟ چونکە کۆمپانیاکان دەستیانکرد بە خۆتۆمارکردن و هەنگاویان نا بۆ ئەوەی بە فەرمی بکرێن. هەروەها مامەڵەکەیان لە رێگەی بانکەکانەوە دەکرد. نرخ چۆن بەرز و نزم دەبێتەوە؟ بەهۆی خواست و خستنەڕووەوە دەبێت. ئیدی خواست لە رێگەی زیادکردنەوە بەدی دەکرا. بەمشێوەیە خواست بۆ دۆلار لە دەرەوەی زیادکردنەکە کەمیکرد. باشە ئەم هەنگاوە ئەرێنییە بەو مانایە دێت کە سبەی کێشەکە چارەدەکرێت؟ نەخێر.  بۆچی؟ چونکە تاوەکو ئێستا بەڕێژەیەکی زۆری ئابووریمان نافەرمییە، کە دەڵێم نافەرمییە مەبەستم قاچاخ نییە، بەڵام تۆمار نەکراون. ژمارەی کۆمپانیاکانمان زۆرن. فەرموو لەنێو بازاڕ و لە هەر کوچە و کۆڵانێکدا پیاسەیەک بکە، چەند کۆمپانیای تۆمارکراو دەبینیت؟ زۆربەیان تۆمار نەکراون. تۆماری کۆمپانیاکان کاتێکی زۆری دەوێت، مامەڵەکان بە رۆژێک و دوو رۆژ تەواو نابن، بەپێچەوانەوە کاتی زۆر دەخایێنێت و زۆر وەڕەزکەرە. هەرچەندە کۆمپانیاکان بە فەرمی بکرێن و خۆیان تۆمار بکەن، جیاوازیی و بۆشاییەکە هێندەی دیکە کەم دەبێتەوە، کەم دەبێتەوە، کەم دەبێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی هەموویان بەفەرمی دەکرێن. 
 
رووداو: کەواتە پێشبینییەکانت بۆ ماوەی داهاتوو بۆ ساڵانی داهاتوو یان تەنانەت بۆ ساڵی داهاتوو، دۆلار ناگاتە 160 هەزار دینار و بەرەو سەرەوە؟ 
 
تەبەقچەلی: مەگەر هەڵەیەکی زۆر گەورە بکرێت، بوومەلەرزەیەک، مەترسییەکی زۆر گەورە...
 
رووداو: بەڵام ئەو پاڵەپەستۆیەی ئێستای بازاڕ...
 
تەبەقچەلی: ئەمە وایە، بەڵام ئەوەی پێویستە بانکی ناوەندی بیکات لە مامەڵەی ئەو بانکانەی کار لەگەڵ بانکە فەرمییە پەسندکراوەکانی دەرەوە دەکەن و ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی تێکبچێت، بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ بەڕێوەبچێت بۆ ئێمە باشترین کار دەبێت. چونکە شەرمەزاریی و نەنگی سەرەکیمان ئەوەیە کە زۆربەی کۆمپانیاکانمان فەرمی نین. سەیرکە، کاتێک تۆ کاڵایەک دەکڕیت پارەکەی بە کاش دەیدەیت یان کارتی بانکی؟ 
 
رووداو: بە کاش. 
 
تەبەقچەلی: کاش هەڵەیە، چونکە بڕەکە بەلاڕێدا دەچێت. بەڵام کاتێک بە کارتی بانکی دەبێت، کۆمپانیاکە فەرمییە و باج دەدات. ئەوکات پارەکان لە بانکدا دەمێننەوە و ئەم هەموو مامەڵانە ئەرێنی دەبن. بەمەش کۆی هەموو بۆشاییەکان پڕدەکرێنەوە کە چەندین ساڵە بەدەستیانەوە دەناڵێنین. بۆیە بۆ وڵاتەکەمان ئەمە باشترین شتە کرابێت. هەر کاتێک کۆمپانیاکان خۆیان تۆمارکرد و مامەڵەیان لەگەڵ بانکەکاندا کرد، ئەو کات جموجۆڵی پارەکان دیار دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە نازاندرێت ئەو پارە کاشانە بۆ کوێ دەچن. تۆ لە گیرفانت دەریدەهێنیت و دەیدەیتە کۆمپانیا و دەڕوات یان ون دەبێت، بەڵام کاتێک بە کارتی بانکی بەکاریدەهێنیت، هەموو شتێک روون دەبێت. لە سیستەم دیار دەبێت لە کۆمپیوتەرەکە دەردەکەوێت. بەڵام نازانم ئەم پرۆسەیە تا چەند دەخایێنیت؟ مانگێک دوو مانگ؟ نەخێر. بەڵام گواستنەوەی ئەم هەموو کۆمپانیانەی کەرتی تایبەت لە نافەرمییەوە بۆ فەرمی کاتێکی زۆری پێویستە. ئەوەی ئێستا گوێم لێی دەبێت، زۆربەی کۆمپانیاکان خۆیان تۆمار دەکەن، بەڵام وڵاتەکەمان زۆر گەورەیە و کاتێکی زۆری پێویستە تاوەکو هەموو کۆمپانیاکان بە فەرمیی دەکرێن. بە بڕوای خۆم، بەڵێ دوای ئەمە دۆلار جێگیر دەبێت. 
 
رووداو: وەبەرهێنەری زۆر هەن دەیانەوێت گوێیان لە بۆچوونی بەڕێزتان بێت. دیناریان هەیە یان دۆلار. بەڕێزتان دەزانن وەبەرهێنەر هەمیشە کاری ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن. هەندێکجار دینار دەکەنە دۆلار و بەپێچەوانەشەوە. مامۆستا ئەحمەد چی بە خاوەن دینار و دۆلارەکان دەڵێیت؟ 
 
تەبەقچەلی: بۆ ئەم شتە ئامۆژگاری نادەم، بۆچی؟ چونکە هەر کەسێک، با شتێکی دیکە بڵێم. من جزدانێکی وەبەرهێنان بەڕێوەدەبەم و ئامۆژگاری نادەم، بۆچی؟ هەر کەسێک تایبەتمەندی خۆی هەیە. من تەنیا لە رووی درێژخایەنەوە ترێندەکەت پێ دەڵێم. دەکرێ لە ماوەیەکدا هەڵکشان و داکشان بەخۆیەوە ببینێت من نازانم. هەروەها ئامۆژگاری نادەم چونکە هەڵەیە. 
 
رووداو: بەڵام ئەو ماوە درێژخایەنەی تۆ باسی دەکەیت جێگیری لە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار یان دینار بەرامبەر دۆلار دروست دەکات، نزیکبوونەوەی بەهاکانی نێوان فەرمی و نافەرمی...
 
تەبەقچەلی: ئەو رێکارانەی حکومەت شتی زۆر چاکن. بۆ نموونە وایکردووە خواست لەسەر دینار زیاد بێت. حکومەت هەر لە مووچەوە تاوەکو دەگاتە زۆر شت هەمووی بە دینار کرد. لە چەند مانگی رابردوودا هەموو مامەڵەیەکی بە دینار کرد. ئەمە چ روودەدات؟ خواست لەسەر دینار زۆر دەکات. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە وڵاتدا، تۆ دۆلارت پێیە، دەچیتە هەر مارکێتێک وەریدەگرێت بە دینار دەیگۆڕێت. ئەمە هەڵەیە! هەڵە. کەواتە هێشتا خەڵک دۆلاری هەیە. کاتێک دەوڵەت ژینگەیەک دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی خواست لەسەر دینار زیاد بێت، دۆخەکە دەگۆڕێت. گرێبەستەکان بە دیناری عێراقییە، ئێمەی عێراق دراوی خۆماڵی خۆمان بەکاردەهێنین. مووچەکان بە دینارە، کرێی کارەبا و پێداویستییەکانی دیکە بە دینارە، هەموو ئەمانە خواست لەسەر دینار زیاد دەکەن. دینارمان هیچ کەموکوڕییەکی نییە. راستە گۆڕانکاری لە نرخی فرۆشی نەوت روودەدات و هەندێکجار بۆشایی گەورە دروست دەکات، بەڵام هەرچەندە کۆمپانیاکان بەفەرمی بکرێن، هێندە خواست لەسەر دۆلار کەم دەبێتەوە. هاوکات بەهای فەرمیی دراو و ئەو بەهایەی لە بازاڕدا هەیە، هاوتا دەبن و بۆشایی زۆر گەورە روونادات. 

 

 

 
 
 
 
 
 
 
    
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە