دلاوەر ئاژگەیی: رێککەوتن بۆ هەناردەکردنی گازی کوردستان بۆ ئەوروپا کراوە

رووداو - هەولێر 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، کار بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتی کوردستان بۆ یەکێتیی ئەوروپا دەکرێت و لە چوارچێوەیەشدا رێککەوتن لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک کراوە.

لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا راشیگەیاند، ئەوروپا لە هاوکارییەکانی بۆ کوردستان و پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە ستراتیژیەتێکی روونیان هەیە بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.

دلاوەر ئاژگەیی گوتی "یەکێک لە هەڵەکانی کورد لە رابردوودا ئەوە  بووە کە تەنیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەک لایەن چڕکردبووەوە و پێشتر لە پەیوەندییەکاندا تەنیا پشتی بە ئەمریکا دەبەست، راستە ئەمریکا وڵاتێکی گرنگ و کاریگەرە لەسەر ئاستی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا لە دوای رووخانی یەکێتی سۆڤییەت بووەتە رێکخراوێکی گەورە و کاریگەر لە جیهاندا".

بەگوتەی دلاوەر ئاژگەیی "پەیوەندی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا لەبەر چەند هۆکارێک زۆر گرنگە، یەکەم: نزیکی لە رووی جواگرافییەوە. دووەم: تاوەکو ئێستا بەشێکین لە عێراق و سنوورێکی درێژمان لەگەڵ تورکیا، سووریا و ئێراندا هەیە، ئەمەش وایکردووە کە کاریگەری راستەوخۆمان لەسەر یەکێتی ئەورووپا هەبێت. سێیەم: لە رووی ئەمنیشەوە کوردستان گرنگییەکی ئەوتۆی بۆ سەر یەکێتی ئەورووپا هەیە، چونکە تێکشکاندنی داعش کە مەترسییەکی راستەوخۆبوو بۆ سەر ئەورووپا لەسەر دەستی پێشمەرگە بوو".

ئاژگەیی گوتی "وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا رایانگەیاندووە لە هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بەردەوام دەبن و کاتێکیان بۆ کۆتایی هاوکارییەکان دیارینەکردووە. هاوکات لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ستراتیژیەتێکی روونیان هەیە بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش پاڵپشتییەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە پرۆفیشناڵانەتر چاکسازییەکانی بکات و بەشەکانی یەکبخاتەوە".

لەبارەی پەیوەندی ئابووری نێوان هەردوولا، نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا  گوتی "کار بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکێتیی ئەوروپا دەکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک کردووە بۆ بەرهەمهێنانی گاز و دواتریش هەناردەکردنی بۆ ئەوروپا".