محەممەد تۆفیق رەحیم: گۆڕان لە سلێمانی و هەولێر و دهۆكیش یەكەم دەبێ

لە ماوی 40 خولەكدا لە ژوورە بچووكەكەی خۆیدا كە لەگەڵی دانیشتم بۆ ئەم هەڤپەیڤینە ، نەیهێشت پەنجەكانی بەبێ جگەرە بمێننەوە . ئەو لە شاخ پێشمەرگە بووەو ماوەیەكیش لە ئەوروپا ژیاوە، جێگری یەكەم سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بووە، ماوەیەكیش لە بەغدا وەزیر بووە، هەموو ئەو ماوانەش یەكێتی بووە.

محەممەد تۆفیق رەحیم ، كە وەك كەسی دووەمی گۆڕان حیسابی بۆ دەكرێت ، رێكخەری ژووری پەیوەندییەكانی دەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕانە. ئەو هەمیشە پێشبینی گەورە دەكات بۆ گۆڕان ، ئەمجارەش دەڵێ لە هەڵبژاردنی داهاتوودا گۆڕان لە هەرێمی كوردستان یەكەم دەبێت .


هەڤپەیڤین: هیڤیدار ئەحمەد
فۆتۆ: سەرتیب عوسمان

 هیوادارین یەكێتی پابەندی ئەو رێككەوتنە بێت كە بەئامادەبوونی مام جەلال كراوە






رووداو: نزیكەی چوار ساڵە گۆڕان دروستبووە، بەڵام خەڵكانێك دەڵێن هیچ جیاوازییەك لەنێوان گۆڕان و یەكێتی و پارتیدا نابینرێ؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: گەورەترین جیاوازی لەنێوان گۆڕان و پارتی و یەكێتی ئەوەیە، گۆڕان بەشێكە لە ئۆپۆزیسیۆن و یەكێتی و پارتی لە دەسەڵاتدان، چۆن گۆڕانكاری دەبینی ئەگەر لە دەسەڵاتدا نەبیت . ئێمە بەرنامەیەكمان پێشكەشكردووە و لەسەر ئەو بەرنامەیە دەنگمان هێناوەو ئەگەر دەنگ بە بەرنامەكەی ئێمە بدرێت ئەوا جێبەجێیدەكەین. ئەوكاتیش دەردەكەوێ كە ئێمە چەند جیاوازین لەو حیزبانەی تائێستا لەدەسەڵاتدابوون لە هەرێمی كوردستان.


رووداو: وەك كاری حیزبی هیچ جیاوازییەك لەنێوان گۆڕان و هەردوو حیزبی دەسەڵاتدا هەیە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: رێكخستنەكانی ئێمە زۆر زۆر جیاوازن لە رێكخستنەكانی یەكێتی و پارتی و حیزبەكانی دیكە. رێكخستنەكانی ئێمە ئاسۆیین نەك ستوونی. ئەوەی ئێمە رێكخستنێكی نوێیە و زیاتر لەگەڵ دیموكراسیدا دەگونجێ.


رووداو: بەڵام هەندێك دەڵێن گۆڕان و یەكێتی سێوێكە كراوە بە دوو كەرتەوە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: لە هەموو بوارێكدا چ لەبواری رێكخستن و چ لەبواری كاری سیاسی لە حیزبەكانی پێشوو جیاوازین، كە بەشێكی زۆر لەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان لەنێو یەكێتیدا بوون و بەشێكیش بۆ یەكەمجارە كاری سیاسی دەكەن، رەنگە هەندێكیشیان لە حیزبەكانی دیكەوە هاتبن. بۆیە ئەوە راست نییە كە گۆڕان و یەكێتی یەك سێو بن و كرابێ بە دوو كەرتەوە.

  كەس لە گۆڕان نەتۆراوە و كەسیش دانەنیشتووە


رووداو: باس لەوە دەكرێ كە بارزانی زۆر قەلەقە لە غیابی تاڵەبانی ، گۆڕانیش ئەو دڵەڕاوكێیەی هەیە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: ئەوان بەشێكن لەدەسەڵات و رەنگە لەو روانگەیەوە نیگەران بن، گۆڕان غیابی مام جەلالی پێخۆش نییە. لەسەر ئاستی كەسایەتی پێمان خۆش نییە كەس نەخۆش بێ، یان پەكیبكەوێت ، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە ئێمە هەڵوێستێكی دیكەمان هەیە.


رووداو: گۆڕان نیگەرانی لە غیابی تاڵەبانی نییە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: ناچینە سەر ئەو مەسەلانە وەكو باسمكرد. لە عێراق پێمانوایە كە ئەو پۆستانەی بەدەست كوردەوە بوونە، ئینجا هەر لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و هەموو پۆستەكانی دیكە، هیچی نەتوانراوە سوودی لێوەربگیرێ بۆ كورد و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا.

 بەمزووانە گۆڕان كۆنگرەی خۆی دەبەستێ بەڵام كاتەكەی ناڵێم








رووداو: پێتانوایە سەركردایەتی ئێستای یەكێتی پابەندی ئەو رێككەوتنە بن كە یەكێتی بە ئامادەبوونی تاڵەبانی لەگەڵ گۆڕان كردوویەتی لەسەر مەسەلەی سیستەمی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان كە بكرێ بە پەرلەمانی؟

 محەممەد تۆفیق رەحیم: ئەو رێككەوتنەی نێوان گۆڕان و یەكێتی بە ئامادەبوونی مام جەلال كراوە، هیوادارین یەكێتی پابەندی ئەو رێككەوتنەبێت.


رووداو: ئەگەر پێوەی پابەند نەبوو؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: ئێمە بەردەوام دەبین لە كاری خۆمان.


رووداو: مامەڵەكردنی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی هەمان مامەڵەی پێش نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی دەبێت؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: مامەڵەی ئێمە لەگەڵ هەموو حیزبەكان لەسەر بنەمای بەرنامەڕێژی دەبێ، ئەوان بەشێكن لە دەسەڵات و ئێمەش بەشێكین لە ئۆپۆزیسیۆن. هیوادارین یەكێتی بەو رۆڵە پابەندبن كە مام جەلال تاڕادەیەك بینیویەتی بۆ نزیكبوونەوەی گۆڕان و یەكێتی.


رووداو: پارتی دەڵێ نە مام جەلال و نە یەكێتی بە ئێمەیان نەگوتووە با سیستەمی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان بكرێتە پەرلەمانی. ئایا ئەو رێككەوتنە تەنیا بۆ دڵ رازیكردنی گۆڕان بووە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: ئەوە باسكراوە و ئەوەی پارتی دەیڵێ رای خۆیانە. چونكە ئەو بابەتە باسكراوە و رێككەوتنیشی لەسەر كراوە. ئینجا یەكێتی پێوەی پابەند دەبێ یان نا ئەوە مەسەلەیەكی دیكەیە.



رووداو: ماوەی زیاتر لە سێ مانگە تاڵەبانی نەخۆشكەوتووە و ئێستاش لە ئەڵمانیایە، پرسیار دەكرێ كە بۆچی تائێستا نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی نەكردووە؟


محەممەد تۆفیق رەحیم: هەموومان وەك كەس برادەری یەكترین و وەك كەس هەواڵمان پرسیوە و بەدواداچوونی وەزعەكەمان كردووە.


رووداو: بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان بەردەوام دەڵێن لەڕووی كۆمەڵایەتی و بگرە سیاسیش ماوەیەكی دوور و درێژ پێكەوەبوونە و لەیەكترەوە نزیكن. كەچی دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەردانی تاڵەبانییان كرد لە ئەڵمانیا، بەڵام نەوشیروان مستەفا و گۆڕان سەردانیان نەكرد؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: ئەوە شتێكی زۆر سروشتییەو ئێمە وەك ئەشخاس هەواڵی مام جەلالمان پرسیوەو پێمان خۆشە بە زووترین كات چارەسەر بكرێت .


رووداو: بڕیاربوو نەوشیروان مستەفا پێش سەری ساڵ سەردانی توركیا بكات، بەڵام نەچوو، بۆچی؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: ئەوە پەیوەندی بە وەزعی خۆمانەوە هەیە، كەی بە باش و گونجاوی بزانین سەردانەكە ئەنجامدەدرێت . گۆڕان شتەكانی شەفافە ئەملاو ئەولای تێدا نییە.


رووداو: گۆڕان نزیكەی سێ ساڵ دەبێ مۆڵەتی حیزبی وەرگرتووە، بەڵام تائێستا كۆنگرەی نەبەستووە. بۆچی؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: بەوزووانە دەبەسترێت.

رووداو: بڕیاردراوە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: دەبەسترێت.

رووداو: كەی؟ دیارە بزووتنەوەی گۆڕان لەنێوخۆیدا نەگەیشتووەتە رێككەوتن بۆیە وادەكە دیاری ناكەن؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: بەمزووانە دەبەسترێت ، بەڵام وادەكە ناڵێم، بۆچی بە تۆ بڵێم؟ ئەوە كارێكی نێوخۆی گۆڕانە . رەنگە مانگێكی دیكە یان دوو مانگی دیكە ببەسترێت .


رووداو: گوتت گۆڕان زۆر شەفافە ، مادام شەفاف بێ بۆ وادەكە راناگەیێنن؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: هیچ حیزبێك لە ناوچەكەدا نییە ئەوەندەی گۆڕان شەفاف بێ . كە وادەی كۆنگرەش راناگەیێنین ئەوە شتێكە پەیوەندی بە ناوخۆی گۆڕانەوە هەیە . ئێمە وەك حیزبەكانی دیكە نین 20 ساڵ جارێك كۆنگرە ببەستین . كۆنگرەش بەشێكە لە كاری رێكخراوەیی.


رووداو: بۆچی تائێستا گۆڕان هەڵبژاردنی نێوخۆیی لە پارێزگای دهۆك ناكات ، ئایا هیچ بەربەستێك هەیە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: بەڵی بەربەست هەبووە، بوون بە ئۆپۆزیسیۆن وا ئاسان نییە.


رووداو: بەربەستەكان چین؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: خەڵك دەردەكرێت ، نانبڕاو دەكرێت ، زیندانی دەكرێت . مومكینە بەهۆی دۆخی ئێستای دنیا و ئەوەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدات بارودۆخەكە گونجاوتربێ.


رووداو: فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێ با گۆڕان هیچ كێشەیەكی نەبێ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە دهۆك، من زەمانەتی هەموویان دەكەم و لەسەر زەمانەتی خۆم دەیانبەمە كۆنگرە و دەیانگەڕێنمەوە، ئایا بڕواتان نییە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: ئەگەر كۆنگرە ببەستین، بۆ ئەوانەی دهۆك رەنگە ئۆتۆمبێلی زۆرمان بوێت، نازانم كاك فازڵ دەتوانێ ئەو هەموو ئۆتۆمبێلانە دابین بكات. كێشەمان نییە هەركاتێك بمانەوێ كاری خۆمان لەوێ دەكەین.


رووداو: رەخنەیەكی زۆر لە خودی نەوشیروان مستەفا هەیە، دەڵێن لە دەركردنی بڕیارەكان كەسێكی تاكڕەوە. وایە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: هەموو كەس دەزانێ بڕیار لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان چۆن دەدرێت . جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان هەیە، كە لە 50 ئەندام پێكدێت . پێش جڤاتەكەش بۆ بڕیارێك جاری واهەبووە رای 200 كەس وەرگیراوە .


رووداو : هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێن دروستكردنی جڤاتی نیشتیمانی بە بڕیارێكی نەوشیروان مستەفا بووەو تێبینی كەسی وەرنەگرتووە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: نەخێر وانییە، جڤاتی نیشتمانی بە هەڵبژاردن بووە و ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان رێكیخستووەو دایانڕشتووە.


رووداو: بەڵام سێ سەركردە كشاوەكەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێن ئێمە لەبەر بڕیارە تاكڕەوەكان، لە ماڵ دانیشتوون؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: كەس عاجز نەبووە و كەسیش دانەنیشتووەو كەسیش وازی لە گۆڕان نەهێناوە، ئەوانەی ناویان هێنراوە لە راگەیاندنیش، راست نییە و عاجز نەبوونە.


رووداو: دوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا سەردانی ماڵی ئەو سێ سەركردەیەی گۆڕانی كرد، هیچ دانیشتنێكی دیكە لەگەڵ ئەوان بووە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: كەس عاجز نەبووە و بەردەوام لەگەڵ یەكتر بە تەلەفۆن قسە دەكەین و یەكتر دەبینین. دوێنێ (رۆژی شەممە 23/3/2013) كاك نەوشیروان و هەموومان لەگەڵ ئەوان بەیەكەوە بووین . كێشەمان نییە و بەردەوام یەكتر دەبینین و لەو دانیشتنانە باسی دنیا و كوردستان دەكەین.

  نازانم كاك فازڵ دەتوانێ ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە زۆرە بۆ ئەندامانمان لە دهۆك دابین بكات؟


رووداو: دەگوترێ دوای دزەكردنی راپۆرتە سیاسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن، لەنێو هەڵسوڕاو و كادیرانی گۆڕان بێهیوابوونێك دروستبووە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: ئەو راپۆرتانەی بڵاوبوونەتەوە برادەرێك نووسیویەتی و زۆر ئاساییە بكەوێتە دەست خەڵكی دیكە، بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتە بۆ ئێمە زۆر سروشتی بوو، چونكە ئەو راپۆرتە بۆچوونی كەسێك بووە.


رووداو: لەو راپۆرتەدا باسی ئەوە دەكرێ كە بزووتنەوەی گۆڕان لەهەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا ، پۆستی پارێزگای سلێمانی دەباتەوە، گۆڕان بەڕاست لەو بڕوایەدایە ئەو پۆستە دەباتەوە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: ئەوە مەسەلەیەكە ئێستا باسناكەم.


رووداو: گۆڕان لە سلێمانی هێزی یەكەم نییە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: ئەگەر ساختەكاری نەكرێ ئێمە لە هەموو شوێنێك هێزی یەكەم دەبین.


رووداو: لە هەولێر و دهۆكیش؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: بەڵێ لە هەولێر و دهۆكیش هێزی یەكەم دەبین. ئەگەر هەڵبژاردن پاك و بێگەرد بێ لەهەموو شوێنێك باش دەبین و یەكەم دەبین، هەموو شوێنەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەدان گۆڕانكاری بكرێ و گەندەڵی نەمێنێ. هەرێمی كوردستان بەوشێوەیەی ئێستا ناتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ.


رووداو: پارتی دەڵێ ئێمە حیزبی دەسەڵاتین و لەدنیادا نییە حكومەت فەرمان لە ئۆپۆزیسیۆن وەربگرێت؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: ئەگەر پڕۆژەی ئێمە قبوڵ بكەن با خۆیان جێبەجێی بكەن. ئێمە هەرێمی كوردستان لە سەرووی پارتی و یەكێتی و گۆڕانەوە دەبینین.


رووداو: چەند رۆژ لەمەوبەر شۆڕش ئیسماعیل، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی گوتی نزیكترین حیزب بۆ یەكێتی ئێستا گۆڕانە، ئەو نزیكبوونەوەیە چەندە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: ئێمە پێمان باشە یەكێتی لە گۆڕان نزیكبووەتەوە. هەر حیزبێك بەرنامەی سیاسی گۆڕانی قبوڵ بێ دەتوانین لەگەڵی لێكگەیشتنێك دروستبكەین.


رووداو: پێشبینی گۆڕان بۆ یەكێتی بەبێ تاڵەبانی چییە؟

محەممەد تۆفیق رەحیم: ئێمە هیوادارین كێشەیان نەبێ و بتوانن كاروباری خۆیان بەڕێوەببەن. ئەگەر ئێستا مام جەلال لە بەغدا بووایە رەنگە هەندێ لە موناوەرات و پەیوەندی خۆی بەكارهێنابووایە. بەڵام لە موجمەلی شتەكاندا لە عێراق دەستوور هیچ نییە، بەڵكو تەرازووی هێز عێراق بەڕێوەدەبات نەك دەستوور. كێ بەهێز بێ، بەو شێوەی خۆی دەیەوێ دەستوور جێبەجێدەكات. دەبێ كورد لە نێوخۆدا خۆی بەهێز بكات، هێزێكی نیشتیمانی، سیاسەتی دەرەوە بۆ بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بێ و ئابوورییەكی هاوبەشیش هەبێ. ئەگەر كورد خۆی بەهێز نەبێ دەستووریش پشتگیری لە كورد بكات فلسێك ناهێنێ، چونكە تەرازووی هێز لە عێراق بڕیار دەدات. ئەگەر كورد بەهێزبێ ئەوا لە عێراق شەریكە و ئەگەر بەهێز نەبێ ئەوا شەریك نییە. لە عێراق لایەنی لاواز ئیمزای رێككەوتن دەكات و لایەنی بەهێزیش دەیدڕێنێ. كورد كێشەی زۆر قووڵی نییە لەگەڵ شیعە، بەڵام سەرەرای ئەمەش ئەگەر لاوازبێ شیعە پشتگیری كورد ناكات و عێراق بە هاوسەنگی هێز بەڕێوەدەچێت . بۆیە دەبێ كورد ماڵی خۆی رێكبخات و ماڵ رێكخستنیش بە كۆبوونەوەو گوتار ناكرێت ، بەڵكو بە چاكسازی دەكرێت . كە گۆڕان داوای چاكسازی دەكات بۆ ئەوەیە كورد بەهێزبێ و دەرەقەتی رووداو و ئەگەرەكان بێت . نەك ببێتە كارت بەدەست ئەم وڵات و ئەو وڵاتەوە، كە بەداخەوە بووەتە كارتی دەستی وڵاتانی ناوچەكە.