ئیبراهیم برۆ: هیچ رێککەوتنێکمان لەسەر مافی کورد لەگەڵ هیچ لایەنێکی سووریا نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە دەڵێت، داوای بینینی ئەحمەد شەرعیان نەکردووە، "ئێمە زیاتر لەگەڵ خەڵک، کۆنسووڵ، ئۆپۆزیسیۆن و نوێنەرایەتییەکان گفتوگۆ دەکەین."
ئیبراهیم برۆ، ئەندامی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە لە شامەوە میوانی دلبخوین دارا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو بوو؛ پرسیاری ئەوەی لێکرا کە بۆچی لە دیمەشقە؟ لە وەڵامدا گوتی، "بەناوی ئەنەکەسەوە لەوێم، پێشتریش عەبدولحەکیم بەشار لێرە بوو، ئێمە نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنەکە دەکەین. بڕیاری ئەنجوومەنەکە ئەوە بوو کە ئەو دابڕانە لە شام نەهێڵین، ئێستا هەڤاڵانمان گەڕاونەتەوە شام، لێرەن و کاری خۆیان دەکەن."
لەبارەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، ئیبراهیم برۆ ئاماژەی بەوە کرد، "زیاتر لەگەڵ خەڵک، کۆنسووڵ، ئۆپۆزیسیۆن و نوێنەرایەتییەکان گفتوگۆ دەکەین. لەگەڵ خەڵکی نزیکی ئەو دانوستاندن کراوە، بەڵام بەڕاستی بڵێم، ئەویش [ئەحمەد شەرع] خۆی لە بینینی حیزبە سیاسییەکان دەپارێزێت و تاوەکو ئێستا هیچ کیانێکی سیاسیی نەبینیوە. ئێمە نوێنەری وڵاتان و وڵاتانی عەرەبیمان بینیوە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئیبراهیم برۆ، ئەندامی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە:
رووداو: ئێوە بەناوی ئەنەکەسەوە لە شامن یان بەناوی خۆتانەوە؟
ئیبراهیم برۆ: من بەناوی ئەنەکەسەوە لەوێم، پێشتریش عەبدولحەکیم بەشار لێرە بوو، ئێمە نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنەکە دەکەین. بڕیاری ئەنجوومەنەکە ئەوە بوو کە ئەو دابڕانە لە شام نەهێڵین، ئێستا هەڤاڵانمان گەڕاونەتەوە شام، لێرەن و کاری خۆیان دەکەن. ئەوانەی پێشتر لە دەرەوەی سووریا گفتوگۆمان لەگەڵیاندا دەکرد، ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ سووریا و پێویستە ئێمەش بەردەوام بین لەگەڵیان.
رووداو: لە بەرنامەتاندایە نووسینگەی ئەنەکەسە لە شام (دیمەشق) بکەنەوە؟
ئیبراهیم برۆ: بێگومان، ئێستا بیانوویەک بۆ نەبوونی ئەنجوومەن نییە، لە کاتێکی نزیکدا وەکو پایتەختی سووریا خەڵک دێنە شام و کاری تێدا دەکەن، حیزب و گرووپی نوێ دروستدەبن، بۆیە زۆر پێویستە لە شام هەبین.
رووداو: ئەحمەد شەرع-تان بینی؟
ئیبراهیم برۆ: نا، زیاتر ئێمە لەگەڵ خەڵک و کۆنسووڵ، ئۆپۆزیسیۆن و نوێنەرایەتییەکان گفتوگۆ دەکەین. لەگەڵ خەڵکی نزیکی ئەو دانوستاندن کراوە، بەڵام بەڕاستی بڵێم ئەویش [ئەحمەد شەرع] خۆی لە بینینی حیزبە سیاسییەکان دەپارێزێت، تاوەکو ئێستا هیچ کیانێکی سیاسیی نەبینیوە. ئێمە نوێنەری وڵاتان و وڵاتانی عەرەبیمان بینی، کاری سەرەکیی حکومەتی نوێ پرسی چەکداری و ئەمنییە. لایەنە سیاسییەکان گلەیی دەکەن؛ خەڵکی دەرعا و سوەیدا و چەند ناوچەیەکی دیکەمان بینی و ئەوانیش گلەییان هەیە، ئەوەی لە 20 رۆژی رابردوو روویدا، راستە ئەسەد رووخا، بەڵام کە باسی کۆنگرەی نیشتمانی دەکرێت و خەڵک نابینرێت، ئەمە هێدی هێدی گازەندە دروست دەکات.
رووداو: واتە ئێوە هەوڵی بینینی ئەحمەد شەرعتان دا؟
ئیبراهیم برۆ: نا، ئێمە تەنیا وەکو دەنگێک گەیاندمانە دەوروبەرەکەی کە ئێمە وەکو ئەنجوومەن ئامادەین لێرە دانوستاندن و کاری خۆمان بکەین، ئەگەر لێرەش شتێک کرا ئێمەی تێدابین. بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی داوای بینینی [ئەحمەد شەرع]مان نەکردووە.
رووداو: پاشەڕۆژی ئیئتیلافی سووریا چی دەبێت؟
ئیبراهیم برۆ: ئیئتیلاف کە لە ساڵی 2012 دامەزرا، شەرعییەتێکی نێودەوڵەتیی پێدرا، کە دانوستاندنەکانی 2014 و 2015 دەستیان پێکرد تەنیا ئیئتیلاف هەبوو، دواتر هەندێک لایەنی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن هاتنە نێویەوە. ئێستا ئیئتیلاف چەترێکی سیاسییە، زۆر حیزب و لایەن و هێزی چەکداری لەخۆدەگرت، ئێستا دەبینین زۆر هێزی چەکدار دەستیان لەکارکێشایەوە و کاریان تەواو بوو؛ بەڵام لایەنی سیاسی وەکو ئەوان نین، بێگومان ئێمەش ئەمڕۆ خۆمان وەکو ئۆپۆزیسیۆن نابینین، لە تەمەنی خۆماندا یەکەمجارە دەچینە شام بەبێ ئەوەی وەکو ئۆپۆزیسیۆن خۆمان ببینین. ئێستا دەبێت خەباتی سیاسی بکرێت، قۆناخێک تێپەڕی؛ کەوتنی رژێم کەیفۆخشییەکی زۆر بوو، بەڵام ئێستا کارێکی دوورودرێژ لەپێشمانە کە چۆن وڵاتێکی وەکو سووریای دیموکراتی و مەدەنی دروست بکەین. خەڵک دەپرسن کە سووریا چۆن دەبێت؟ نموونەیەکی چۆن پێشکێشی خەڵکی سووریا دەکات؟ دەبێت بۆ ئەمە لایەنە سیاسییەکان کاری خۆیان بکەن. بێگومان هەندێک لایەنی سیاسی لەنێو ئیئتیلافدا هەن، ئێمە کێشەیەک نابینین لەوەی ئیئتیلاف بمێنێت یاخود نا، ئێستا ئیخوان موسلیمین، تورکمان، ئاشووری و هەندێک گرووپی دیکەی سیاسیی تێدایە، بەڵام دەتوانم بڵێم گەورەترین گرووپەکان ئەنەکەسە و ئیخوان موسلیمینە. پێویستە دانوستاندنەکانمان بمێنن.
رووداو: کەی ئەنەکەسە لە ئیئتیلاف دەچێتە دەرەوە؟
ئیبراهیم برۆ: تاوەکو ئێستا ئەو باسە تاوتوێ نەکراوە، ئیئتیلاف خۆی دەڵێت کارەکانمان بەردەوام بێت یاخود نا، ئەگەر زانیمان ئەو یاداشتانەی لەنێو ئیئتیلافدا واژۆمان کردووە بەردەوام دەبێت و بە باشی دەڕوات، بەردەوام دەبین، بەڵام ئەگەر خەڵکانێک دەربچن ئێمە ناتوانین پابەندیان بکەین بە مانەوە.
رووداو: ئێوە ناوتان ئیئتیلافی شۆڕش و ئۆپۆزیسۆنی سووریایە، ئێستا نە شۆڕش ماوە و نە ئۆپۆزیسیۆن، چونکە ئەسەد رووخاوە، خەڵک دەپرسن ئەم ئیئتیلافە تاوەکو کەی دەمێنێت؟ شەرعیش دەڵێت، ئۆپۆزیسیۆن نەماوە با خەڵک بەناوی خۆیانەوە بێن بەشداری لە دیالۆگی نیشتمانیدا بکەن. لە کاتێکدا ئێوە لە شامن، لە قامشلو هەوڵدانی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان هەیە، بۆچی پێش ئەوەی بگەنە ئەنجامێک ئێوە چوونە شام؟
ئیبراهیم برۆ: بە بڕوای من، دەیان خەڵکی سەر بە هەسەدە و پەیەدە پێشتر لە شام بوون و لەبەرچاون و دیارن، نامەوێت ناویان بهێنم، بەڵام ئەوان ناردوویانن. شام دەوڵەتێکی دیکە نییە، پایتەخی سووریایە، ئەو باڵیۆز و کۆنسووڵ و نوێنەرانەی دوێنێ لە دەرەوە دەمانبینین ئێستا لە شام دەیانبینین، ئەو سوورییانەی دوێنێ لە دەرەوە دەمانبینین ئێستا لە نێوخۆ دەیانبینین، ئێمە هیچ رێککەوتنێکمان لەسەر مافی کورد لەگەڵ هیچ لایەنێک نەکردووە، کاتیک مەسیحی، درووز، خەڵکی دەرعا و شام دەبینین، کاتێک تێڕوانینی خراپیان لەسەر کورد، بەتایبەت لەسەر هەسەدە و پەیەدە هەیە، دەمانەوێ جارێکی دیکە بە سوورییەکان بڵێین، ئێمە خەڵکێکین دەمانەوێت مافی خۆمان هەبێت و وەکو لە دەرەوە کارمان دەکرد، ئامادەین لە ناوخۆش کار بکەین.
رووداو: تۆ لە شامەوە دەچیتە رۆژئاوا یان دەگەڕێیتەوە بۆ هەولێر؟
ئیبراهیم برۆ: بێگومان دەگەڕێمەوە بۆ هەولێر، چونکە هێشتا ئەو هزر و عەقڵییەتەی کە پێشتر هەبوو، نەگۆڕاوە. ئەو هەڕەشانەی کە هەبوو، هەر ماون. ئێمە رۆژانە لە رێگەی خەڵکی خۆمانەوە دەزانین؛ دەبێت گۆڕانکارییەکی باش دروست ببێت.
رووداو: سکرتێری پارتەکەتان و سەرۆکی پەدەکەسە لە قامشلون.
ئیبراهیم برۆ: حیزبی ئێمە لەوێن، حیزبەکەمان نایەوێت هەندێک شت بکات ببێتە کەسی. من رۆژێک نەمویستووە باسی بکەم و ئێستاش نامەوێ باسی بکەم کە تاوەکو نیوەی رێگە چ هەڕەشەیەک لە ئێمە کراوە و چی روویداوە. باشە کە ئەسەد لە شام بوو، خەڵکی شام هەموویان چۆڵیان کردبوو؟ ئێمەش حەزمان دەکرد و سەرمان بەوە بڵندە کە حیزب و سەرکردەکانمان هەموویان لە نێوخۆ بن، ئێمە سوپاسی مانەوە و زەحمەتکێشانی ئەوان دەکەین کە توانییان ئارام بگرن.