رووداو دیجیتاڵ
مازن ناتوور ئەکتەرێکی نێوداری سووریایە و خەڵکی پارێزگای دەرعایە. یەکێکە لەو هونەرمەندانەیە دژی رژێمی ئەسەد هەڵوێستی هەبوو، سەندیکای هونەرمەندانی سووریای سەر بە رژێم لە کاتی خۆیدا بڕیاری دەرکردنی دا. لێهاتووانە رۆڵی کارەکتەری نێو دراماکانی گێڕاوە، بەتایبەتی درامای "جەوهەر". لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رووداو، باس لە سووریای نوێ دەکات و بەشێکی هەڤپەیڤینەکەی بە زمانی کوردییە.
رووداو: لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینیم بە زمانی کوردی قسە دەکرد، باسی ئەم ئەزموونەم بۆ بکە و چۆن فێری زمانی کوردی بوویت؟
مازن ناتوور: سڵاو بۆ هەموو بینەرانی کەناڵە بەڕێزەکەتان. پێش هەر شتێک، پیرۆزبایی لە هەموو مرۆڤایەتی و برا کوردەکانمان و هەموو سوورییەک دەکەم، هەروەها هەر کەسێکی عەرەب کە لەژێر حوکمی ئەم رژێمە لەنێوچووەدا ژیاوە، یان بیستوویەتی. رووخانی ئەم زاڵمەیان لێ پیرۆز بێت، هەروەها بەرەبەیانی نوێی ئازادییان لێ پیرۆز بێت.
چۆن فێری زمانی کوردی بووم؟ لە قامیشلۆ و لە دیمەشق هاوڕێی زۆرم لە برا کوردەکانمان هەیە. جەژنەکانی نەورۆزم لەگەڵیان پیرۆز دەکرد. بۆ من وەرزی شادی بوو، کاتێک خۆشی و کەیفم لەسەر رووی برا کوردەکانمان دەبینی، کاتێک کە شێوازی ئاهەنگ، جەژن، فۆلکلۆر، زمان و هەڵپەڕکێم دەبینی. کاتێک ئەمەم دەبینی، دڵخۆش و بەختەوەر دەبووم و فێر دەبووم، کە کاتێک حەز لە کەسێکی دیکە دەکەم، دەبێت رێز لە کولتوورەکەی بگرم. حەزم دەکرد هەوڵی فێربوونی زمان بدەم، بەداخەوە ئەوەندە باش فێری نەبووم، بەڵام هەندێک جار هەوڵدەدەم.
رووداو: خودا یاوەربێت لە رۆژانی داهاتوودا بە تەواوی فێری زمانی کوردی دبیت و هەڤپەیڤینێک دەکەین کە هەمووی بە زمانی کوردی بێت.
مازن ناتوور: پەنا بە خودا، لە رۆژانی داهاتوودا لە سووریای نوێ، دەبێت هەموو پێکهاتەکانی سووریا فێری کولتوور و زمانی براکانیان لە وڵاتەکەیان ببن. هەست دەکەم ئەمە بۆ بەشێک لە خوێندکارانی سووریا پێویستە کە بە زمانی برا کوردەکانیان قسە بکەن، چونکە ئەوان برا و هاوبەشی ئەوانن لەم وڵاتە، هەروەک بە کوردی گوتم....... ئێستا کاتی بونیاتنانی وڵاتەکەمانە. بونیاتنانی وڵات بە بەرد نابێت، بەڵکو بە بونیاتنانی متمانە، بونیاتنانی خۆشەویستی و گۆڕینەوەی زانیاری دەبێت.
پەنا بە خودا، لە رۆژانی داهاتوودا، دوای ئەوەی ئەو کۆت و بەندانە دەشکێنین کە بە مەبەستی پارچەکردن و لەسەر بنەمای سیاسەتی کۆلۆنیالیستی "پارچە بکە و بەڕێوەببە" لێکی جیاکردبووینەوە، دەبێت زیاتر یەکتر بناسین.
رووداو: ئێستا، بەڕێز مازن، تۆ چی لە کوردەکان دەخوازیت لە سەردەمی نوێ یان لە سووریای نوێدا، هەروەک خۆشت دەزانیت، کورد بە گشتی لە مافە نەتەوەییەکان بێبەش کراون، لەوانە مافە کولتوورییەکان و تەنانەت مافی فێربوونی زمانی کوردی لە سەردەمی ئەسەددا؟
مازن ناتوور: من شایەتم و شایەتیم داوە، ئەمە راستییەکی سەر زەمینە، برا کوردەکانمان بە زۆر ناسنامەیەک یان بەڵگەنامەیەکیان وەردەگرت، کە هاووڵاتیبوونی خۆی بسەلمێنێت، لەبەر ئەوە هەستیان بە نائارامی دەکرد، هەستیان بە ژێردەستی و ناحەقی دەکرد. من ئەمەم دەبینی، بەڵام بەداخەوە کەس نەیدەتوانی هیچ بکات. من بۆ خوشک و برا کوردەکانم خۆشەویستی و پێشکەوتنم دەوێت، هیوادارم هاوبەشی راستەقینە بین لە وڵاتێکدا کە لە خۆشی و ناخۆشیدا کۆمانبکاتەوە. وڵاتێک لەسەر رێزگرتن و خۆشەویستی دابمەزرێت. وڵاتێک شادی و کولتووری ئێمە کۆبکاتەوە.
بێنە بەرچاوت کۆمەڵێکی فۆلکلۆری لە دەرعا لەگەڵ خوشک و برا کوردەکان، لە جەژنی نەورۆزدا لە قامیشلۆ، حەسەکە و گوندەکانی شام، بەشداری شادی بکەن. بێنە بەرچاوت کۆمەڵێکی کوردی لە باکوور و رۆژهەڵات و ناوەڕاستی وڵات بێنە دوورترین شوێنی باشووری وڵات و هەڵپەڕکێ پێشکێش بکەن. ئەم پەیوەندییە مرۆییە چەند خۆشەویستی دروست دەکات؟
بنەمای سیاسەتی رژێمی بەشار من دووبارەی دەکەمەوە "دابەش بکە و بەڕێوەی ببە" سنووری لە نێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریا دادەنا بۆ ئەوەی دەستیان بەسەردا بگرێت، بۆ ئەوەی ئەو گرێدانە نیشتمانییە نەهێڵێت. بەڵێ لە سەردەمی داهاتوودا، دەبێت سەرکردایەتی و هەموو سوورییەکان ئەوە تێبگەن، کە لە چارەنووسدا هاوبەشن، لە ئاوەدانکردنەوەدا هاوبەشن، لە داهاتوودا هاوبەشن. ئەمەش بۆ داهاتووی منداڵەکانتان، بۆ ژیانیان و هیوا دەخوازن بگاتە لووتکەی گەشەسەندن، ئارامی، هاوبەشی و مرۆڤایەتی.
رووداو: ئایا گەشبینیت، بەڕێز مازن؟ دیدگات بۆ داهاتووی سووریا چییە؟
مازن ناتوور: لە هەشتی کانوونی یەکەمەوە، وەک ئینگلیزەکان دەڵێن، من بە کەیف و شادی لەسەر هەورەکان دەفڕم، یەک چرکەش گومان ناکەم، سووریای داهاتوو زۆر باشتر دەبێت.
هەموو پێکهاتەکانی سووریا، وانەیەکی جیاوازیان وەرگرت کە هەر پێکهاتەیەک بەگوێرەی خۆی وەریگرت، لەسەر رووی زەوی هەر کەسێک بینیبێتی و بینیویانە دوژمنی راستەقینەیان کێیە.
کێ لە نێوانماندا دەژیا و دوژمنمان بوو و ئایا کێ سامانی ئێمەی دەدزی؟ کێ جیای دەکردینەوە؟ کێ ستەمی لێ دەکردین؟ کێ و کێ و کێ.... ئەمە رۆیشت و نەما.
سەردەمی داهاتوو دەبێتە خاوەنی بەڕێوەبەرییەکی باشتر، سوورییەکان رێگە نادەن دۆخێکی دیکەی ناحەقی و پشتگوێخستن جارێکی دیکە دروست ببێتەوە. پێکهاتەیەک لەسەر حیسابی پێکهاتەیەکی دیکە دەربکەوێت، ئیتر ئەمە نابیسترێت. من باوەڕم وایە هەر سەرکردایەتییەکی ژیر بێتە سووریا یەکەم جار، لەم وانەیە تێدەگات. بەڵام دەبێت هەموو گەلی سووریا بەشداری ئەم سیاسەتە بن، واتە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا پێکەوە بڕیاری چارەنووسی خۆیان بدەن، بەشداربوون دەبێت و هیچ دوورکەوتنێکیش نابێت.
رووداو: باشە، رۆڵی ئێوە وەک هونەرمەند چییە؟ وەک هونەرمەند چی دەکەوێتە سەر شانی ئێوە؟
مازن ناتوور: من پێموایە رۆڵی هونەر و رۆڵی دراما، رۆڵی گۆرانی لەنێو کۆمەڵگەدا رۆڵێکی سەرکردایەتییە لە ئاراستەکردنی بینین بۆ خۆشەویستی نیشتمان. بۆ ئەوەی ئازارەکانی نیشتمان بناسرێن و دراما دەتوانێت ئەو ئازارە راستەقینانە نیشان بدات کە هاووڵاتیان لێی دەناڵێنن. ئەگەر هونەر ئاوێنەی میللەتانە، هونەر پێش 8ـی کانوونی یەکەم ئاوێنەیەکی ناروون و ناراست بوو کە نەیتوانی هیچ دەردێک لە دەردەکانی سووریا دەربخات. هونەر لە سەردەمی رژێمدا تەنیا بۆ تێپەڕاندنی کات خۆش بوو و بۆ نیشاندانی ئەوەی دیموکراسی و ئازادی دەربڕین لەلای ئێمە هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی سنووردار کە هیچ زیانێکی بۆ کەس نەبێت، تەنیا ئەو وێنەیە بدات کە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە و ئازادی تێدایە، بەڵام لە راستیدا هەرگیز نوێنەرایەتی گەلی سووریای نەدەکرد. من لە ژیانی خۆمدا نەمبینیوە کەسایەتییەکی کورد لە درامایەکی سووریدا هەبێت، بۆچی؟ من هەرگیز گۆرانییەکی کوردیم لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنی سووری نەبینیوە، بۆچی؟ من لە ژیانی خۆمدا گرووپێکی فۆلکلۆریم نەبینیوە کە لە قامیشلۆ، حەسەکە، حەلەب، عەفرین یان دیمەشق بێت و بە جلی فۆلکلۆری خۆی گۆرانی بڵێت و هەڵپەڕکێ بکات و خۆشی بخاتە دڵی هەموو کەس. بە پێچەوانەوە هەبوو.
جیاوازی لە هەرێمەکاندا هەبوو. لە قۆناخی داهاتوودا دەبێت پێداچوونەوە بە هونەر و سەندیکای هونەرمەندان بکرێت. هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمی دراما بکرێت. نابێت چەرخی بەرهەمهێنان لەلایەن ئەو کەسانەوە بەڕێوەببرێت کە پیاوانی رژێمن و وەک بەرهەمهێنەری درامایی خۆیان شاردووەتەوە.
رووداو: لەگەڵ ئەوەی هەندێک ناوی سەرنجڕاکێش لە هونەر و درامای سووریدا کەسایەتی کورد بوون وەک عەبدولڕەحمان ئال رەشی، تەڵعەت حەمدی، مونا واسف، خالید تاجا. لە راستیدا لیستەکە درێژ دەبێت لەبەر ئەوەی زۆر هونەرمەند هەن کە بە رەچەڵەک کوردن و رۆڵی سەرەکیان لە گەشەکردنی درامای سووریدا هەبووە، ئێوە ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
مازن ناتوور: پێش هەر شتێک تۆ ناوی کۆمەڵێک هاوڕێی منت هێنا. هاوڕێی یەکەمم هونەرمەندی کورد تەڵعەت حەمدی بوو. ئەو مرۆڤێکی رێزدار و بەڕێز بوو، بە هەموو واتای وشەکە پیاو بوو. هاوڕێی دیکەم عەبدولڕەحمان ئەل رەشی، رەحمەتی خودای لێبێت، من و ئەو لە چوار زنجیرە درامادا رۆڵمان بینی، لە زنجیرەی "جەواهیر" ئەو رۆڵی باوکی منی بینی. ئەم هونەرمەندە لە رووی نرخی هونەری، بوونی مەردانە و هەروەها تووڕەییەوە بێوێنە بوو، هەرگیز کەس شوێنی ئەو ناگرێتەوە لەبەر ئەوەی هەمیشە راستگۆ و دروست بوو و راستی دەپاراست.
من لێرە ستایش ناکەم، ئەوان چوونەتە دنیای حەق، بەڵام بە خودا ئەمە قسەیەکی راستە. هونەرمەندی گەورە خالید تاجا لە قۆناخەکانی کۆتایی ژیانیدا تووشی چەوساندنەوە و ناهەقی هات، تاوەکو چووە سەر دڵۆڤانی خودا. خودا رەحمەتی پێ ببەخشێت.
لە درامای سووریدا مافەکانی خۆیان دەگرت، ئەم ئەستێرانەی تۆ باست کردن، بەڵام ئێمە داوا دەکەین لە چەرخی داهاتووی بەرهەمی دراماییدا بەرهەمی کوردی رەسەن، واتە بە زمانی کوردی هەبێت و ژێرنووسی بۆ بکرێت و ئەم بەرهەمە وەک بەرهەمێکی سووری کە لە سووریاوە دەرچووە، وەک بەرهەمێکی درامای سووری وەربگێڕدرێت. لەگەڵ من بیهێنە پێش چاوی خۆت بەرهەمێکی درامایی ئاشووری، سریانی، تورکمانی، هەر کەس ناسنامەی خۆی ئاشکرا دەکات، بۆچی نا؟ سەیری کەنداو بکە، وڵاتە گەورەکانی جیهان کە خەڵک لە رەگەزنامەی جیاواز تێیدا دەژین، ئەمریکاش ئەم دەوڵەتە زلهێز و گەورەیە کە رێز لە هەموو کولتوورەکان دەگرێت، ئەم وڵاتە زلهێزانە ئایا رێز لە مرۆڤەکان ناگرن؟ ئایا نرخ بە ناسنامەی خەڵک نادەن؟ ئەمە هاووڵاتیبوونە و ئەمە وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ