رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی رووسیا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆمپانیاکانی رووسیا چاویان لەوەیە لە کەرتی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستاندا وەبەرهێنان بکەن.
ماکسیم رۆبن، کۆنسوڵی رووسیا لە هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا باس لە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و هەولێر، رۆڵی کۆمپانیا گەورەکانی رووسیا لە بواری وزەی هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی رووسیا لەبارەی بۆردوومانەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا دەکات.
کۆنسوڵی رووسیا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: پەیوەندییەکانی رووسی - کوردی پەیوەندییەکی ناوازەیە. راستە نووسینگە و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە رووسیا هەیە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراقدا لە مۆسکۆ کار دەکات و لەلایەن دەسەڵاتدارانی رووسیاوە پاڵپشتی دەکرێت.
بە گوتەی ماکسیم رۆبن، کۆمپانیا گەورەکانی وزەی رووسی ئامادەن بۆ وەبەرهێنان لە بواری گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەشدا کە گوشارەکانی بەغدا لەسەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر کاری کۆمپانیا رووسییەکان نەبووە.
لەبارەی ژمارەی ئەو کورسییانەی کە رووسیا بۆ خوێندنی خوێندکارانی کوردی دابین دەکات، کۆنسوڵی رووسیا گوتی: هەموو ساڵێک حکومەتی رووسیا لانیکەم 30 زەمالەی خوێندن بە خوێندکارانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەبەخشێت. ئەمساڵ ژمارەکەی بۆ 60 کورسی بەرزکردەوە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ماکسیم رۆبن، کۆنسوڵی رووسیا لە هەرێمی کوردستان
رووداو: بەڕێز ماکسیم رۆبن سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
ماکسیم رۆبن: سڵاو، سڵاو، زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم و خۆشحاڵم لە ستۆدیۆی رووداو ئامادەم.
رووداو: ئێمەش خۆشحاڵین بەئامادەبوونتان لێرە. با لە بۆچوونی بەڕێزتانەوە دەستپێبکەم. دەمەوێت بزانم لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونتاندا، خوێندنەوەتان بۆ هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رووسیا لە ئۆکراینا چییە؟
ماکسیم رۆبن: سەرەتا دەمەوێت بڵێم، پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و هەرێمی کوردستان و گەلی کورد، پەیوەندییەکی دێرین و مێژوویی و ئەرێنییە. رووسیا هەمیشە گرنگی و بایەخی بە کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و پرسی کورد داوە و بەردەوام درکی بە خەم و پەژارەی گەلی کورد کردووە و لە هەوڵدایە کورد لە خاکی خۆیاندا خۆشگوزەران بن و لە سەقامگیری و ئاشتەواییدا بژین. لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپای رووسیا لە ئۆکراینا، دەمەوێت بڵێم تابلۆیەکی شێوێندراو و هەڵە لەبارەی ئەم ئۆپەراسیۆنە داڕێژراوە. بە دڵنیاییەوە، میدیا رۆژئاواییەکان ئەم وێنە و تابلۆ شێواوەیان کێشاوە. بە شێوەیەک وێنایان کردووە، گوایە دەوڵەتی ئۆکراینا لە ئاشتەوایی و لە کەشێکی ئازادیی رادەربڕین و دیموکراسیدا دەژیا، بەڵام لەپاڵ وڵاتێکی مەزن و زلهێزدا هەڵکەوتووە کە خاوەنی هەژموون و چەکی زۆرە و ئەم زلهێزە لەلایەن دیکتاتۆرێکەوە بەڕێوەدەبرێت و رۆژێک لە رۆژان ئەم دیکتاتۆرە لە خەو هەڵسا و بڕیاری ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی گەورەی داوە بۆ داگیرکردنی خاکی ئەم وڵاتە ئازاد و دیموکراسییە. ئەم وێنەیە شێوێندراو و پڕ هەڵەیە، ئەمە لە کاتێکدایە رووداوەکان لە مانگی شوباتی 2022 سەریهەڵنەداوە، بەڵکو دەمێکی زۆرە سەریانهەڵداوە. لانیکەم هەشت ساڵ بەر لە ئێستا رووداوەکان سەریانهەڵدا دوای ئەوەی لە 2014 کودەتایەک بە پاڵپشتیی رۆژئاواییەکان سەریهەڵدا. دوای ئەم کودەتایەش، ئۆکراینا درزی تێکەوت و پارچەپارچە بوون، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە گەلی ئۆکراینا لە دژی ئەم کودەتا و گۆڕانکارییە بوون، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا لە ناوچەکانی دۆنباس و خارکێڤ و ئۆدێسا و نیکۆلاڤ و چەند شارێکی دیکەش.
رووداو: ئێوە باستان لەوە کرد کە ئەمە وێنە هەڵەکەیە لەلایەن میدیای رۆژئاواوە بڵاوکراوەتەوە، ئەی وێنە راستەقینەکە چییە؟
ماکسیم رۆبن: دەمەوێت بڵێم ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هۆکاری زۆری هەیە و ئەمە پاساو نییە وەکو میدیاکانی رۆژئاوا وروژاندوویانە و سیاسەتڤانانی رۆژئاڤا باسیان کردووە. من دەڵێم، دوای کودەتاکەی 2014 بەشێکی کۆمەڵگەی ئۆکراینی کە رووس زمانن و کولتوور و دابونەریتیان رووسییە، لە دژی کودەتاچییەکان وەستانەوە و کودەتاکەیان رەتکردەوە. دەسەڵاتی نوێی کیێڤ لەبری ئەنجامدانی دانووستاندن لەگەڵ ئەم بەشەی کۆمەڵگەی ئۆکراینی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پەنایان بۆ هێز برد و یەکە سەربازییە نازییەکانیان، کە نەتەوەپەرستە پەڕگیرەکانن، ناردە سەریان و دواتریش سوپایان نارد بۆ دامرکاندنی نەیارەکانیان و دژایەتیکردنی ئەو بەشە گرنگەی کۆمەڵگە. لە ماوەی هەشت ساڵدا، ئەو پێکهاتەیەی کە رووس زمانن لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە قەدەخەی ئاخاوتن بە زمانی رووسی بەسەریاندا سەپێندرا. ئەم خەڵکە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا مەبەستیان بوو بە زمانی دایک کە زمانی رووسییە، ئاخاوتن بکەن و زمانەکەیان قەدەخە نەکرێت و دەست بە کولتووری رووسی و دابونەریتیان بگرن، هاوکات لە دژی کودەتاکەدا دروشمیان بەرز دەکردەوە.
رووداو: باشە، دەگەڕێمەوە سەر پرسیاری یەکەمم، چۆن لێکدانەوە بۆ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن لەبارەی ئەم جەنگە؟
ماکسیم رۆبن: هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرێنییە. دەمەوێت ئەوە بڵێم، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی هەڵمەتی دژی رووسیا نەبووە، کە میدیاکانی وڵاتانی رۆژئاوا دەستیان پێکرد. بە دڵنیاییەوە لەبارەی رووماڵی میدیاییشەوە.
رووداو: منیش مەبەستمە ئەم پرسیارە بکەم. وەڵامی هەڵوێستی حکومەتت دایەوە، بۆچوونتان لەبارەی هەڵوێستی جەماوەری و رووماڵی میدیاکانی کوردستان چییە لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا؟
ماکسیم رۆبن: هەڵوێستی حکومەت و هاووڵاتییانی کورد، پێموایە خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان لەوە تێدەگەن کە لە ئۆکراینا چی دەگوزەرێت. هەروەها سەرکۆنەی رووسیا ناکەن و دەیانەوێت لەوە تێبگەن کە چی روودەدات. سەرباری ئەوەی میدیاکان بەلای بەرژەوەندیی ئۆکراینا دەکشێنەوە.
رووداو: با لەبارەی پەیوەندییەکانی رووسی - کوردی قسە بکەین. جێگری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مۆسکۆ هەیە، نەبوونی نوێنەری هەرێمی کوردستان لە مۆسکۆ ئایا کاریگەریی بەسەر پەیوەندییەکانی رووسی - کوردییەوە دەبێت؟
ماکسیم رۆبن: لە سەرەتاوە باسی ئەوەم کرد، کە پەیوەندییەکانی رووسی - کوردی پەیوەندییەکی ناوازەیە. راستە نووسینگە و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە رووسیا هەیە. هاوکات کوردستان بەشێکە لە عێراق و لە مۆسکۆش باڵیۆزی عێراق هەیە و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەکە کار دەکات. لەلایەن دەسەڵاتدارانی رووسیا پاڵپشتی، دەکرێت بەتایبەتی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیا و کارئاسانیی بۆ دەکرێت.
رووداو: قەبارەی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی رووسی لە هەرێمی کوردستان چەندە و کۆمپانیاکان لە چ بوارێکدا کار دەکەن؟
ماکسیم رۆبن: پەیوەندیی رووسی - کوردی، فرەچەشنە هەر لە بواری کولتوورییەوە دەستپێدەکات و رەهەندێکی ئابوورییشی هەیە، بەڵام ئەم پەیوەندییە ئابوورییەش لە بواری وزەوە دەکرێت و دوو کۆمپانیای گەورەی بواری وزەی رووسی کە گازپرۆم و رۆسنەفت-ن لە هەرێمی کوردستان کاران. ئەم دوو کۆمپانیایە بە گوژمەیەکی زۆر گەورە وەبەرهێنانیان کردووە و نزیکەی شەش ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی ئابوورییەکەی کردووە. گازپرۆم زیاتر لە 1.5 ملیار دۆلار و رۆسنەفتیش زیاتر لە 4.5 ملیار دۆلار؛ بەمەش ئەم دوو کۆمپانیا رووسییە دوو گەورەترین وەبەرهێنەرن لە هەرێمی کوردستان.
رووداو: ئاماژەتان بۆ گازپرۆم و رۆسنەفت کرد. هاوکات لۆک ئۆیڵ-یش هەیە.
ماکسیم رۆبن: لۆک ئۆیڵ لێرە کار ناکات، کۆمپانیای لۆک ئۆیڵ لە عێراق کار دەکات، بەڵام لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا کار دەکەن.
رووداو: لە هەرێمی کوردستان؟
ماکسیم رۆبن: نەخێر، نەخێر، لە هەرێمی کوردستان کار ناکات.
رووداو: کۆمپانیاکانی گازپرۆم و رۆسنەفت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، پلانی داهاتووی وەبەرهێنانی ئەم دوو کۆمپانیایە لە هەرێمی کوردستان چییە؟
ماکسیم رۆبن: بە دڵنیاییەوە ئیرادە و خواستی فراوانبوونی زیاتری کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان هەیە. لەڕاستیدا زانیاریی وردم لەبارەی پلانی ئەم دوو کۆمپانیایە نییە، بەڵام خواستی فراوانبوونی زیاتر و بەدەستهێنانی پرۆژەی زیاتریان هەیە.
رووداو: بۆچی پەیوەندییەکانی رووسیا و هەرێمی کوردستان جگە لە بواری وزە، لە بوارەکانی دیکەشدا پەرە ناسەنێت؟
ماکسیم رۆبن: پرسیارێکی زۆر باشە، زۆر باشە. رەنگە لەم بوارەدا کەمیی زانیاری لەبارەی ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت. خاڵی دووەمیش، رەنگە وێنەکە هێشتا لەبارەی دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان ورد نەبێت. زانیاریم هەیە لەبارەی نیازی هاتنی چەندین کۆمپانیای رووسی بۆ هەرێمی کوردستان بۆئەوەی کار بکەن، بەڵام نیگەرانیی ئەمنییان هەیە، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە بڕیاری یەکلاکەرەوەیان نەداوە بۆ دەستبەکاربوونیان.
رووداو: بیرتان لە دامەزراندنی ژوورێکی هاوبەشی بازرگانیی رووسی - کوردستانی کردووە؟
ماکسیم رۆبن: ژوورێک هەیە کە بریتییە لە ئەنجوومەنی کارسازانی رووسی - عێراقی و لەم چوارچێوەیەدا کار دەکرێت. سەبارەت بە دامەزراندنی ژوورێکی بازرگانیی هاوبەشی رووسی – کوردستانی، ئەمە بیرۆکەیەکی زۆر باشە. لەڕاستیدا ئەم بابەتەم لەگەڵ بەرپرسان و پیاوانی کاری هەرێمی کوردستان باس نەکردووە.
رووداو: بیرۆکەیەکم پێداوی.
ماکسیم رۆبن: زۆر سوپاست دەکەم.
رووداو: سوپاس، لەبارەی بازرگانیی بابەتی خۆراک، هیچ زانیارییەکتان لەبارەی هەناردەی دانەوێڵە و خۆراکی رووسی هەیە بۆ عێراق؟
ماکسیم رۆبن: بەپێی زانیارییەکانم، چەند کۆمپانیایەکی کوردی هەن، گەنمی رووسی، دانەوێڵە و خۆراک هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
رووداو: پێتانوایە کۆمپانیاکانی وزەی رووسی ئەو توانایەیان هەبێت لە گەشەپێدانی کێڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان کە خواست و پێداویستیی نێوخۆیی بۆ هەرێمی کوردستان پڕبکاتەوە؟
ماکسیم رۆبن: بەڵێ بێگومان، کۆمپانیا رووسییەکان ئەزموونی زۆریان هەیە لە فراوانکردن و گەشەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە ناوچە جیاوازەکاندا. هەروەها بایەخی هەرێمی کوردستان بە بواری وزە بەدیدەکەین و ئەگەر کەشەکە گونجاو بێت، کۆمپانیاکانی رووسیا لە توانایاندایە لە بواری گازدا هەنگاوی زۆر گەورە بنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاریی نوێم لەبارەی پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان نەبیستووە.
رووداو: گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان چ بایەخێکی بۆ رووسیا هەیە؟ پێتانوایە ئەمە مەترسییە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی رووسیا؟
ماکسیم رۆبن: رووسیا یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی گازی سرووشتی لە جیهان. هەروەها گومان لەوەدا نییە، یەدەگی گازی سرووشتی لە کوردستان زۆر گەورەیە. وەکو باسم کرد، کۆمپانیا رووسییەکانیش لەوپەڕی ئامادەباشیدان لە ئەگەری کەشێکی لەبار و گونجاودا هاوکاربن بۆ دەرهێنان و بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیی کوردی. لەبارەی دیوی دووەمی پرسیارەکەتان، رووسیا ئەو دەسەڵاتەی نییە دژایەتیی هەر بەرهەمێکی دیکە بکات و ناشتوانێت گەمارۆ و مەرج بخاتە سەر بەرهەمی گازی وڵاتانی دیکە، ئەمە بابەتێکی نێوخۆیی عێراقییە و هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی پەرە بە کەرتی بەرهەمهێنان و پیشەسازیی گازی بدات. ئەمە شتێکی سرووشتییە و ئێمە ناتوانین کۆت و بەند بخەینە سەر بەرهەمەکانیان.
رووداو: بەڵام لە داهاتوودا خواستێک بۆ هەناردەکردنی گازی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا هەیە. بەڕێزیشتان لەبارەی ئەم خواستە دەزانن. بۆیە پێتانوایە هەناردەی گازی سرووشتیی دەستکەوتە بۆ هەرێمی کوردستان یان زەرەرە بۆ رووسیا؟
ماکسیم رۆبن: پێموایە خواستێکی زۆر و داوایەکی زۆر مەزن بۆ گازی سرووشتیی رووسیایی هەیە. بۆیە ناتوانم دەستەواژەکانی دەستکەوت و زیان بەکاربهێنم. ئەمە پەیوەستە بە کاروباری نێوخۆیی عێراقی - کوردی.
رووداو: عێراق گوشار دەخاتە سەر ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری وزەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئایا ئەم گوشارانە کاریگەرییان بەسەر کارەکانی کۆمپانیا رووسییەکان لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە؟
ماکسیم رۆبن: بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە کۆمپانیا رووسییەکان، کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و، بەدەستم گەیشتوون، هیچ کاریگەرییەک بەسەر کۆمپانیاکانمان نەبووە لە ئەنجامی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراقی. بەهۆی ئەوەی کاری ئاسایی خۆیان دەکەن.
رووداو: ئایا بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراقی کاریگەریی خستووەتە سەر ئەو کۆمپانیا رووسییانەی مەبەستیان بووە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بکەن، بەتایبەتی لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان؟
رۆبن: نەخێر، هیچ کاریگەرییەکی نەبووە.
رووداو: هەڵوێستی رووسیا لەبارەی بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان چییە؟
ماکسیم رۆبن: بێگومان، پێشێلکاری لە دژی سەروەرییەکانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی وەکو عێراق، جا سەرچاوەکەی ئێران بێت یان تورکیا، مایەی نیگەرانییە. بە دڵنیاییەوە بە هیچ شێوەیەک پێشوازی لە بۆردوومانەکانی ئێران و تورکیا ناکەین. پێمانوایە دەبێت ئەم دۆخە چارەسەر بکرێت، بۆئەوەی متمانە لەنێوان عێراق و وڵاتە هەرێمییەکان بونیات بنرێت. پێموایە عێراق دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و گوێم لە بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بووە رەتیانکردووەتەوە عێراق و هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان و هاوکات مایەی قبووڵکردن نییە خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت.
رووداو: هێرشی بەردەوامی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر چەندین ناوچەی جیاوازی هەرێمی کوردستان هەیە، ئایا ئەم هێرشانە کاریگەری دەخەنە سەر کاری کۆمپانیا رووسییەکان؟
ماکسیم رۆبن: پێموانییە، پێموانییە.
رووداو: چەندین ساڵ لە دیمەشق بوون.
ماکسیم رۆبن: بەڵێ ماوەیەک لە دیمەشق بووم.
رووداو: وەکو دیپلۆماتکار لە دیمەشق بوون. رووسیا پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ تورکیا هەیە. رووسیا دەتوانێت زەمینە خۆش بکات بۆ نەهێشتنەوەی گرژییەکان لەنێوان تورکیا و کوردەکان؟
ماکسیم رۆبن: دەمەوێت ئەوە بڵێم، رووسیا زۆر بە رژدی کار دەکات لەپێناو زەمینە خۆشکردن بۆ دیالۆگ و کەمکردنەوەی گرژییەکان و نەهێشتنی ناسەقامگیریی لەم ناوچەیەدا. ئەمە پەیامی ئێمەیە و بۆ ئەم بابەتە کار دەکەین. لە دیمەشق باڵیۆزمان هەیە و هاوڕێ و هاوپیشەکانم لە دیمەشق لەبارەی کاروباری سووریا بەوپەڕی تواناوە کارەکانیان دەکەن.
رووداو: جەنگی نێوان رووسیا - ئۆکراینا کاریگەریی بەسەر کاری کۆمپانیا رووسییەکان لە هەرێمی کوردستان هەبووە؟
ماکسیم رۆبن: جەنگ یان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە لە ئۆکراینایە و کاریگەریی بەسەر کۆمپانیاکانی رووسییەوە نابێت، بەڵام سزاکانی وڵاتانی رۆژئاوا ناڕەوایە و لە سەرەتادا کاریگەریی هەبووە، کاریگەرییەکەی لۆجیستیکی بووە. سزاکان لە بواری دارایی و ئابوورییەوە بووە، بەڵام ئێستا ئەم کێشانە چارەسەر کران.
رووداو: پێموایە لە سەرەتادا کێشەی ناردنی پارە هەبووە و ئێستا چارەسەر کراوە لەنێوان رووسیا و هەرێمی کوردستان؟
ماکسیم رۆبن: بەڵێ، بەڵێ.
رووداو: دەمەوێت چەند پرسیارێک لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەوە بکەم. ئێوە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ناوی دەبەن و لایەنی ئۆکراینیش بە جەنگ ناوی دەبات. گەلی رووسی تاچەند پاڵپشتی لە بڕیاری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی ئۆکراینا دەکات؟
ماکسیم رۆبن: سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم، ئۆپەراسیۆنەکە تاوەکو پێکانی ئامانجەکانی، بەردەوام دەبێت. ئامانجی سەرەکی پاراستنی گەلە لە دۆنباس. ئامانجی دووەمیش رەواندنەوەی مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی رووسیایە. بەگوێری دوایین راپرسیی گشتی، 80%ی گەلی رووسی پشتیوانیی خۆیان بۆ بڕیاری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە دەربڕی.
رووداو: دەگوترێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا لە ئۆکراینا، ئامانجەکانی نەپێکاوە، ئێوە چی دەڵێن؟ واتە بەگوێرەی پلانەکەی رووسیا بەڕێوەنەچووە و ئامانجەکانی نەپێکاوە.
ماکسیم رۆبن: من باسی ئەوەم نەکرد، کە رووسیا نەیتوانیوە بەگوێرەی پلانەکە ئۆپەراسیۆنەکە بەڕێوەببات یاخود ئامانجەکانی بپێکێت. چەند ئامانجێکی هەیە، وەکو باسم کرد، ئامانجی یەکەمی پاراستنی خەڵکی دۆنباسە. ئێستا چەندین شاری دۆنباس وەکو دۆنێتسک و دانیشتووانی ئەم شارانە رووبەڕووی بۆردوومانی رۆژانەی هێزەکانی ئۆکراینی دەبنەوە. بۆیە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی ئۆپەراسیۆنەکە، پاراستنی گیانی ئەم هاووڵاتییە سڤیلانەیە.
رووداو: رووسیا ساڵانە چەندین کورسیی خوێندن بۆ خوێندکارانی کورد دابین دەکات، ئایا نیاز هەیە بۆ زیادکردنی ژمارەی کورسیی خوێندن لە رووسیا؟
ماکسیم رۆبن: پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و هەرێمی کوردستان لەبارەی خوێندنی باڵا لەوپەڕی باشیدایە. هەموو ساڵێک حکومەتی رووسیا لانیکەم 30 زەمالەی خوێندن بە خوێندکارانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەبەخشێت. ئەمساڵ ژمارەکەی بۆ 60 کورسی بەرزکردەوە.
رووداو: بەڕێز ماکسیم رۆبن، زۆر سوپاستان دەکەم بۆ ئەم دەرفەتە لەگەڵ رووداو.
ماکسیم رۆبن: زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ