سەربەست لەزگین: لەگەڵ عێراق کار بۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەکەین

01-12-2022
هیدایەت جان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەربەست لەزگین
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەربەست لەزگین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بیانووەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان بە بێ بنەما وەسفدەکات و دەڵێت، "ئێران هەموو ئەو کێشانەی لەناو وڵاتەکەیدا دروستبووە دەخاتە ئەستۆی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵات و ئەوەش هیچ بنەمایەکی نییە." لەبارەی هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، "ئەوەی ئێستا ئێمە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە پێویستیمان پێیەتی بۆیان دابین نەکردووین و خۆمان لەگەڵ عێراق کار لەسەر ئەوە دەکەین سیستمێکمان هەبێت بۆ پاراستنی ئاسمانەکەمان."

رۆژی پێنجشەممە 01-12-2022 سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سورەیا هەساری لە بوولتەنی نوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "تائێستا پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی بە بەردەوامی هەبووە و بەمنزیکانەش سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین."

"پارتی سەردانی یەکێتی دەکات"

سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە هەولێر و لەبارەی سەردانی پارتی بۆلای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پەیوەندیمان لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەردەوامە و رۆژانەش دانوستاندن و پەیوەندیی تەلەفۆنیمان هەیە. سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەدوای کۆنگرەی 14 ئەوەیە کە لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ سەرجەم پارتە سیاسییەکانی کوردستان بکاتەوە، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەمانەوێت باشترین یەکڕیزی و تەبایی لەنێو هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا هەبێت."

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە هەولێر گوتی، "بەمنزیکانە دەستدەکەین بە سەردانی لایەنە سیاسییەکان، دوو رۆژ لەمەوبەر شاندێکی پارتی لە بەغدا سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد و ئەو سەردانانەش بەردەوام دەبن."

سەربەست لەزگین پێیوایە، "پارتی و یەکێتی کۆمەڵێک دید و تێڕوانینی جیاوازیان هەیە لەسەر کۆمەڵێک پرس و بابەت، بەڵام بەردەوام هەوڵدەدەین یەکگرتوویی و هاوبەشیمان لە کوردستاندا بە بەردەوامی بمێنێتەوە."

بەرپرسانی یەکێتی و پارتی بەردەوام دەڵێن، ئامادەن بۆ دانوستاندن و رێککەوتن بەیەکەوە، بەڵام تائێستا ئەو رێککەوتنە بەدینەکراوە و دۆخەکە هەر وەکو خۆی ماوەتەوە، سەربەست لەزگین دەڵێت، "بەتەنیا لێدوان بەس نییە و کورد وتەنی 100 لێدوان ناکاتە کردارێک، پێویستە بە کردار هەنگاو بۆ چارەسەری ئەو کێشانە بنێین نەک لە میدیاکاندا لەبارەیانەوە بدوێین."

دۆسیەی کوشتنی هاوکار جاف

لە دۆسیەی کوشتنی هاوکار جاف دادگە بڕیاریدا وەهاب هەڵەبجەیی وەکو گومانلێکراو لەو دۆسیەیەدا لەبەردەم دادوەر ئامادەبێت و سەربەست لەزگین دەڵێت، "دادگە هەموو هاووڵاتییان بە یەک چاو سەیر دەکات و نابێت هیچ حیزب و بەرپرسێک لە هەرێمی کوردستان خۆی پێ لە دادگە گەورەتر بێت، بۆیە هەر رووداوێک روودەدات و رێڕەوی یاسایی وەردەگرێت، پێویستە هەمووان بە سینگێکی کراوە قبووڵی بکەن، ئەگەر بێتاوانن با بێتاوانیی خۆیان بسەلمێنن و ئەگەر تاوانباریشن با بەگوێرەی تاوانەکەیان سزای خۆیان وەربگرن."

بە گوتەی سەربەست لەزگین، "پێویستە هەموو حیزبە سیاسییەکان و سەرجەم سەرکردایەتییەکان هاوکاری یەکدی بین بۆئەوەی دادگە رۆڵی خۆی بە دروستی ببینێت. ئەگەر یەکێتی بە ئامادەبوونی داواکراوان لە دادگە رازی نەبێت، رەنگە لەناو کۆمەڵگە و سەرجەم حیزبە سیاسییەکاندا زیانی گەورە بەر خۆی بکەوێت."

"یەکێتی گوشاری خستووەتە سەر وەزیری پێشمەرگە"

زیاتر لە شەش مانگە وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتەکەی دەوام ناکات و بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، "یەکێتی گوشارێکی زۆری خستووەتە سەری بۆئەوەی دەست لەکار بکێشێتەوە."

سەربەست لەزگین ئەوەشی راگەیاند، "ماوەیەکی زۆرە یەکێیتی نیشتمانیی کوردستان داوای لە وەزیری پێشمەرگە کردووە دەستلەکارکێشانەوە پێشکێش بکات، ئەویش دەستلەکارکێشانەوەی خۆی رادەستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردبوو، بەڵام بەرلەوەی وەڵامەکەی وەربگرێتەوە، گوشارێکی زۆریان لێکرد کە هەر نابێت لە وەزارەتی پێشمەرگە دەوام بکات و ئەویش مۆڵەتی وەرگرت و چووە دەرەوەی وڵات. ئێستا ئێمە چاوەڕێی ئەوەین ئەو کێشەیەش لەگەڵ کێشەکانی دیکە چارەسەر بکرێت."

وەکو بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی پێدەدات، "کە بەیەکەوە لە وەزارەتدا کارمان دەکرد بێزارییەکمان لە وەزیری پێشمەرگەدا هەستپێدەکرد و هەستی پێدەکرا کە گوشارێکی زۆری لەسەرە. لە ماوەی ساڵێکدا کاری باشمان بەیەکەوە کرد و شۆڕش ئیسماعیل کادیرێکی باش بوو و لە بواری چاکسازی و بەرەوپێشبردنی وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی باشمان بەیەکەوە نابوو، بەڵام بەداخەوە ئەو دەوامنەکردنە کاریگەریی لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە دانا."

لەبارەی کاریگەرییەکانی دەوامنەکردنی وەزیری پێشمەرگە لەسەر کاری وەزارەتەکە، سەربەست لەزگین دووپاتیدەکاتەوە، "کاروباری وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوەی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و ئێمە بەردەوام پەیوەندیمان لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل هەیە و لێکتێگەیشتنێکمان لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی بەڕێوەبردنی کاروباری وەزارەت هەیە و تائێستا گرفتێکی ئەوتۆمان بۆ دروستنەبووە."

لیوای هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق

بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بڕیار لە دروستکردنی لیوایەکی هاوبەش درا بۆ پاراستنی تەناهی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە پێکدێن لە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و بە لیوای 20 ناسراوە، سەربەست لەزگین دەڵێت، "دەستبەکاربوونی ئەو لیوایە پەیوەستە بە حکومەتی عێراق."

هەروەها بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، "بەگوێرەی رێککەوتنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبووایە دوو لیوای هاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکبێت بۆ ئەو ناوچانەی داعش جموجۆڵیان تێدا دەکات کە بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر لە هاونیشتمانیی سڤیل و هێزە تەناهییەکان دەبن بە قوربانی، پێکهێنانی ئەو لیوا هاوبەشە هەنگاوێکی باش بوو و هاوپەیمانانیش پشتیوانییان لێکرد."

سەربەست لەزگین باس لەوە دەکات، "گەیشتین بەو ئاستەی کە ئەو دوو لیوایە دەست بە کارەکانیان بکەن، هەموو ئامادەکارییەکان کران، بەڵام بودجەی بۆ دابین نەکرا و تائێستاش ئەو گرفتە بەهۆی دابیننەکردنی بودجە لەلایەن عێراقەوە بەردەوامە، بەڵام بەپێی دوا زانیارییەکان، بڕیارە لە بودجەی 2023ی عێراق کێشەی نەبوونی بودجەی بۆ چارەسەر بکرێت و لیواکان دەستبەکاربن."

لەبارەی پشکی پێشمەرگە لە بودجەی عێراقیش سەربەست لەزگین گوتی، "چەندین ساڵە لە بودجەی عێراق پشکی پێشمەرگە دیاریکراوە و پەسندیش کراوە، بەڵام کە گەیشتووەتە ئەو قۆناخەی بودجەکەی بۆ خەرج بکرێت، راوەستاوە. لە چەند ساڵی رابردوودا بڕیاربوو مانگانە 68 ملیار دینار مانگانە بدرێت بە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام جێبەجێ نەکرا. بەگوێرەی ئەو دۆخەی ئێستا لە عێراق هاتووەتەپێش، هیوایەکی زۆرمان هەیە ئەم گرفتەش چارەسەر بکرێت."

رێککەوتنی شنگال

جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال یەکێکە لە داوا سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆ کراوە بۆ ئەوەی کوردانی ئێزدی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، سەربەست لەزگین پێیوایە: "ئەگەر دۆخی عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت و ئاراستەکەی بەرەو سەربەخۆیی و سەروەری بچێت و بڕیاری عێراق بگەڕێتەوە دەست حکومەتی عێراق و کارتێکردنی دەرەکی نەمێنێت، کاری باش لەو پێناوەدا دەکرێت."

بە گوتەی سەربەست لەزگین، "ئەو هێزانەی لە شنگالن ناشەرعین، سەر بە پەکەکەن و لەناو حەشدی شەعبیدان کە بودجەیان لە عێراقەوە بۆ دابین دەکرێت، ئەوەش گرفتێکی گەورەی لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دروستکردووە. هیوامان وایە لە سەردەمی حکومەتی محەممەد شیاع سوودانیدا هەنگاوی باش بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە بنرێت، لەبەرئەوەی خەڵکی شنگال لە دۆخێکی زۆر دژواردان و تا ئێستا لەناو خێوەتدا دەژین."

هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و لە ئاستی راوێژکاریدا راهێنان بە هێزەکانمان دەکەن و خولی جۆراوجۆری سەربازیمان بۆ دەکەنەوە، جگە لەمە هێزە هاوپەیمانەکان لە عێراق بەشێکن لە پرۆسەی چاکسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە و بەدیاریکراوی چوار وڵاتی سەرەکی ناو هێزەکانی هاوپەیمان لەو پرۆسەیەدا رۆژانە کارمان لەگەڵ دەکەن."

لەبارەی جۆری هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، سەربەست لەزگین ئاماژەی بەوە دا، "تائێستاش لەڕووی هاوکارییەوە کۆمەڵێک ئامێر و ئۆتۆمبێل و چەک و پێداویستیی سەربازییان بۆ دابینکردووین، بەڵام ئەوەی ئێستا ئێمە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە پێویستیمان پێیەتی بۆیان دابین نەکردووین."

زیاتر روونیدەکاتەوە و دەڵێت، "پێویستیمان بە درۆن و سیستمی دژە درۆن و رۆکێتی دژەتانک و فڕۆکەیە، واتە ئەو تەکنەلۆژیا سەربازییەی ئێستا لە دنیادا کاری پێدەکرێت، هەرێمی کوردستان و عێراق تێیدا لاوازن. ئێستا ئێمە سیستمێکی باشمان نییە بۆ پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان و عێراق."

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، "لەگەڵ عێراق کار لەسەر ئەوە دەکەین سیستمێکمان هەبێت بۆ پاراستنی ئاسمانەکەمان، بۆ ئەمەش دانوستانمان کردووە و شاندی هەردوولامان سەردانی یەکتریان کردووە و بە هاوبەشیش سەردانی هەندێک شوێنمان کردووە، گەشبینین دۆخێکی نوێ لە عێراق دروستببێت و بەرەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو بنێین کە ئەو پێویستییانە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دابینبکەین."

هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان

سەربەست لەزگی لەبارەی هێرشەکانی تورکیا و ئێران بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بە درێژایی چەندین ساڵە پێشێلکاری بەرامبەر خاکی هەرێمی کوردستان هەیە، بە درێژایی 300 کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ تورکیا هەیە، زۆرێک لە ناوچە سنوورییەکانی نێوانمان لە راپەڕینەوە تاوەکو ئێستا داخراون و بەهۆی بوونی هێزەکانی پەکەکە لەو ناوچانە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە دەستی ئاوەدانی پێبگەیەنێت و خەڵکەکەی بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان و لەژێر دەستی پەکەکەدابوون."

سەربەست لەزگین دەڵێت، "بەهۆی ئەو شەڕەی لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیادا هەیە، ئەو ناوچانە زۆربەی لەلایەن تورکیاوە گیراون و سەربازگەی لێ داناون."

روونیشیدەکاتەوە، "ساڵی رابردوو بەرامبەر ئەو جووڵانەی تورکیا هەوڵماندا هێزی پاسەوانی سنوور کە لە چوارچێوەی هێزە تەناهییەکانی عێراقە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە جێگیربکەین، بەتایبەت لە ناوچە بەرز و شاخاوییەکان کە بەسەر رێگەکانی هاتووچۆی شار و گوندەکاندا زاڵن، ئێستا هێزەکانمان بە باشی لەو ناوچانە بڵاوەپێکردووە بۆ ئەوەی تورکیە نەتوانێ ئەو شوێنانە داگیربکات."

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرایدەکات: "بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لای ئێمە هەیە، ئێرانیش لە چەندین شوێن هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بنکەی سەربازییان داناون، لە هەندێک شوێن پێنج کیلۆمەتر و لە هەندێک شوێنی دیکە زیاتر هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و لەو ناوچانە هەندێک هێزی چەکداری وەکو پەکەکە و پەژاک هەن کە بە ئاشکرا هاوئاهەنگییان لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە".

سەربەست لەزگین دەڵێ: "ئێران داوای نەهێشتنی کوردانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان دەکات و پێیوایە ئەو کێشانەی ئێستا لەناوخۆی ئێراندا روودەدەن هەمووی بەهۆی ئۆپۆزسیۆنی کوردی رۆژهەڵاتە، بەڵام ئەوە بیانوویەکە و هیچ بنەمایەکی نییە، ئەوەی لێرەن زۆرترینیان خەڵکی سڤیلن و سەتان کیلۆمەتر لە سنوورەکان دوورن و چەندان ساڵە لێرە لەناو کەمپدا دەژین".

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵی: "ئێران بوونی کوردانی رۆژهەڵاتی کردووەتە بیانوو بۆ ئەوەی زیاتر گوشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئەو تۆپباران و هێرشە درۆنی و مووشەکیانەی دەیکات لەسەر بنەمای زانیاری دروست نییە.

سەربەست لەزگین رایدەگەیەنێت: "ئێستا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام لەگەڵ ئێران لەسەرهێڵن بۆ ئەوەی لەڕێگەی گفتوگۆ ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن".

چەککردنی حیزبەکانی رۆژهەڵات

بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا چەندین جار رایانگەیاندووە کە داوایان لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە حیزبەکانی رۆژهەڵات چەک بکەن و بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵی: "هیچ بڕیارێکی لەو سێوەیە لە هەرێمی کوردستان نییە".

سەربەست لەزگین گوتی: "هیچ بڕیارێک تائێستا بۆ چەککردنی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات نییە و هیچ هێزێکی چەکداری لەو شێوەیەش لە هەرێمی کوردستان نییە کە باسی لێوەدەکرێت، تەنیا سەردەمی شەڕی داعش هەندێک هێزی پارتی ئازادی کوردستان "پاک" هەبوون کە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە شەڕەڕەکاندا بەشدارییان کرد و هەر ئەوکاتیش ئێران بینی و دەیزانی و بابەتەکە بە شاراوەیی نەبوو".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆن بۆڵتن.

جۆن بۆڵتن: ئەگەر ترەمپ کوردەکان بەجێبهێڵێت، نێوبانگی لەکەدار دەکات

جۆن بۆڵتن لە ساڵانی 2018 بۆ 2019 وەک راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کاری کردووە و کەسێکی نزیک بووە لە دۆناڵد ترەمپ، دواتر لەسەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ ترەمپ دەستی لەکارکێشایەوە. لەم هەڤپەیڤینەدا باسی دۆخی سووریا، مافی کورد و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.