رووداو دیجیتاڵ
شەوکەت مەلا ئیسماعیل، بەرپرسی پێشووی دەزگای بێتەل و جفرەسازیی شۆڕشی ئەیلوول، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو باسی ژیانی مەلا مستەفا بارزانی و سەرەتای یەکتر ناسینیان دەکات.
شەوکەت مەلا ئیسماعیل باسی سەرەتای بەکارهێنانی وشەی پێشمەرگە دەکات لەنێو شۆڕشدا و دەڵێت: "بۆ یەکەمجار لە 1964 بەکارهات و بە یاسایی رێکیان خست، پێشووتر دەگوترا لەشکر."
کاتێک مەلا مستەفا بارزانی دەچێتە رۆژهەڵاتی کوردستان و پەیوەندی بە قازی محەممەدەوە دەکات، دەکرێتە سەرۆکئەرکانی سوپا، شەوکەت مەلا ئیسماعیل لەوبارەیەوە باس لەوە دەکات کە "قازی محەممەد زۆر دڵخۆش بوو، لەڕێوە پێشوازیی لێکردن."
عەبدولکەریم قاسم و کەسایەتییەکانی چواردەوری، پێیان ناخۆشبووە، مەلا مستەفا بارزانی بە "زەعیم" بانگ بکرێت. شەوکەت مەلا ئیسماعیل: "دەیزانی و هەستی کردبوو ئەم نازناوە وا دەکات کە عەبدولکەریم قاسم لێی دڵگیر بێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ شەوکەت مەلا ئیسماعیل، بەرپرسی دەزگای بێتەل و جفرەسازیی شۆڕشی ئەیلوول
رووداو: مامۆستا بەخێربێیت بۆ ئەم هەڤپەیڤینە تایبەتە.
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: زۆر سوپاسی بەڕێزتان دەکەم و زۆر سوپاسی رووداویش دەکەم. سوپاسگوزاری ستافەکانم.
رووداو: مامۆستا ئەگەر لەوێوە دەست پێ بکەین، تۆ زۆر نزیک بووی لە بارزانییەوە، بەڵام سەرەتا یەکەمجار تۆ لە کوێ مەلا مستەفات بینی، چۆن یەکتان ناسی و چۆن لە لای ئەو گیرسایتەوە؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: من کاتی خۆی لە کاتی رژێمی پاشایەتیدا لە کۆلێژی پۆلیسی بەغدا بووم. ئەوێم تەواو کرد. لە هێزێک پێیاندەگوت "شوڕتەی سەیار" ئامر فەسیل بووم. فەوجەکەمان جووڵەی کرد بۆ ناوچەی زاوێتە و دهۆک. ئەو کاتانە تازە شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێکردبوو، نزیکەی سێ مانگێک دەبوو. ئێمە بۆ ئەو مەبەستە چووین کە بەرەنگارییان ببینەوە، بەڵام پێش ئەوەی من بڕۆم بۆ ئەوێ، لە رووی دەروونییەوە ئامادە نەبووم کە دژی کورد شەڕ بکەم. لەبەر ئەوە نامەیەکی تایبەتیم وەرگرت لە برادەرێک لە بەغدا کە لەوێ خۆی شاردبووەوە، بەڵام من توانیم بیگەمێ. ئەو نامەیەم وەرگرت، نامەیەکی زۆر بچووک بوو، ئاراستەی عەلی عەسکەری کرابوو. عەلی عەسکەری ئەو کاتانە لەگەڵ سەرۆک بارزانی بوو. گوتبووی کەسێکی...
رووداو: بڕواپێکراوی خۆمانە.
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: ... بەڵێ، بەو شێوەیە. گوتبووی ئەگەر رێی کەوتە لای ئێوە، چاودێری بکەن و خۆشی بۆ ئەو مەبەستە هاتووە کە رۆژێک لە رۆژان بتوانێ پەیوەندی بکات بە شۆڕشی کوردەوە. من لەوێ دوایی بەهۆی چەند هەڵوێستێکەوە لە لای ئامر فەوجەکە ئاشکرا بووم، لە زاوێتە دەستبەسەر کرام. ناردمیان لە زاوێتەوە بەرەو دهۆک، کە لەوێوە بمنێرن بۆ موسڵ، لە موسڵەوە بۆ بەغدا بۆ لێپرسینەوە. لە رێگە پێشمەرگە دەهاتنە رێم لە دامێنی چیای کەمەکای پێدەڵێن، لە نێوان زاوێتەوە و دهۆکە. ئیدی ئەو کاتە کە من کەوتمە لای ئەوان، زۆر رێزیان گرتم. کە نامەکەشیان بینی، توانیم دوای ماوەیەک سەرۆک بارزانی ببینم.
رووداو: کەواتە تۆ دروست لەبیرتە کەی بوو؟ لە مانگی چەند بوو ئێوە بینیتان؟ کە بینیت چۆن پێشوازیی لە ئێوە کرد؟ ئێوە ئەو کاتە دەستبەسەر بوون؟ گیرابوون؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: لە 7/12/1961 هەمووی سێ مانگ بوو شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێکردبوو. برادەرانی پێشمەرگە (ئەو کات هەر پێیان دەگوترا لەشکر و وشەی پێشمەرگە لە ساڵی 1964دا بوو بە وشەیەکی ئاسایی) رێکیانخست. هەر دوای ئەوە بە دوو رۆژ من توانیم بگەمە خزمەت سەرۆک بارزانی لە گوندی بامەڕنێ. شەو چوومە خزمەتی، گوتی: "من پێم خۆشە کەسانی وەکوو تۆ رۆشنبیر یان خوێندەوار لە لای من بن، بەڵام ئەگەر بتەوێت بچیتەوە لای حکومەتیش، ئێمە دەتوانین بتنێرینەوە." من گوتم: "بۆ ئەو مەبەستە هاتووم و ئەم رێیەم گرتووە کە بگەمە خزمەت ئێوە و لەم شۆڕشەدا بەشداربم." ئەوە یەکەمجار بوو کە بیبینم. من خۆم زۆر زۆر پێخۆشحاڵ بووم. ئەو رۆژە دادەنێم بە رۆژێکی زۆر تایبەت لە ژیانمدا.
رووداو: مامۆستا ئێوە دیارە زۆر جاری دیکە بە یەکەوە دانیشتوون، قسەتان کردووە، بیرەوەریتان زۆرە. مەلا مستەفا بارزانی بۆ ئێوە و ئەو کەسانەی کە لێی نزیکبوون، بەتایبەتی ئەو بەشداریی کردبوو لە کۆماری کوردستاندا، چۆن باسی کۆماری بۆ کردوون؟ هیچی لەسەر کۆماری کوردستان بۆ باس کردوون کە لە یادەوەریی تۆدا مابێت؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ، ئەو کاتانە نزیکەی دوو هەزار چەکداری لەگەڵدا بوو کە پەیوەندیی کرد بە کۆماری کوردستانەوە لە مەهاباد. جەنەڕاڵ قازی محەممەد زۆری پێ خۆشبوو و پێشوازیی لێ کردن و لە رێوە داینا بە سەرۆکئەرکانی سوپای کوردستان. گوتی: "زۆر تکام لێ کرد [لە قازی محەممەد] کە نەچێت خۆی رادەست نەکات، بەڵام گوتی: "من ژیان و ئاسوودەیی گەلەکەم زیاتر مەبەستە. من دەزانم دەچم بۆ رێی نەهات."
رووداو: لە دوای ئەوەی کە لە سۆڤیەت دەگەڕێنەوە، دیارە ئەو کاتە عەبدولکەریم قاسم لەناو خەڵکی عێراق و لە کوردستانیش وەکوو زەعیم تەماشا دەکرا، بەڵام هەندێک خەڵک و تەنانەت ئەوانەی کە لایەنگرانی پارتی و کورد بوون دەیانگوت مەلا مستەفا زەعیمی کوردە. ئەم دوو زەعیمە، هەندێک جار پیاوەکانی عەبدولکەریم قاسمیان تووڕە دەکرد. مەلا مستەفا لەسەر ئەوە چی دەگوت؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: مەلا مستەفا وەکوو خۆی دەیفەرموو هەستی کرد کە ئەم نازناوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە عەبدولکەریم قاسم لێی دڵگیر بێت. چونکە راشکاوانە بڵێم، حیزبی شیوعی بە عەبدولکەریم قاسمی دەگوت "زەعیم ئەلئەوحەد"، پارتییش بە مەلا مستەفای دەگوت "زەعیمی میللەتی کورد". جا ئەم دووە بووە بەربەرەکانی لەنێوان پارتی و شیوعیدا و هاندانی شیوعییەکانیش بۆ عەبدولکەریم قاسم رۆڵی هەبوو وەکوو من ئاگادار بم ناکۆکی و ناخۆشی لەنێوان پارتی و شیوعیشدا روویدا (زیاتر بە نووسین )، بەڵام عەبدولکەریم قاسم زۆر دڵگیر بوو لەوە کە بە مەلا مستەفا دەڵێن "زەعیمی شەعبی کوردی". مەلا مستەفا هەستیکرد، خۆی دەیفەرموو: "هەستم کرد غیرە دەکات لەو شتە و هەرچەند خۆشم پێمخۆش نییە. لەبەر ئەوە گەڕامەوە بۆ ناوچەی بارزان بۆ شانەدەر و لەوێ نیشتەجێ بووم کە هەر نزیکە رێزان و بارزانە. لە دوای چەند رۆژێک فڕۆکەی ناردە سەرمان، بۆردوومانی ئەو گوندانەی رێزان و شانەدەر و بەرزانی دەکرد.
رووداو: دیارە ئەوە شۆڕشی ئەیلوولە - وانییە؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ، ئیتر ئەوە دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوولە. مەلا مستەفا کەوتە خۆی، وەڵامی نارد بۆ ئەو برادەرانەی کە کاتی خۆی لە رووسیا لەگەڵیدا بوون، پێنجسەد و دوو کەس بوون. زۆر کەس دەڵێت پێنجسەد و هەشت، وەکوو جەنابت دەڵێیت، هی وا هەیە دەڵێت پێنجسەد و شانزە.
رووداو: پێنجسەد و دوو کەس بوون کە چوون بۆ سۆڤیەت؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: پێنجسەد و یەک. حەوتیان لە رێگەدا شەهید بوون.
رووداو: مامۆستا، لە کاتی شەڕدا زۆر جار حکومەتی عێراقی هەوڵی داوە گفتوگۆ دروست بکات، یانی گفتوگۆ هەبێت لەنێوان شۆڕش و حکومەتدا. یەکێک لەو کەسانە عەقید حەسەن عەبوودە. ئەم پیاوە دێت سەردانی ژەنڕاڵ بارزانی دەکات بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن. تۆ بەسەرهاتێکت هەیە، حەز دەکەم ئەو بەسەرهاتەمان بۆ بگێڕیتەوە، بۆ خۆت لەوێ بوویت تۆ؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ، حەسەن عەبوود ئامر حامیە بوو لە موسڵ.
رووداو: بەس ئەو کە هاتبوو وەکوو شاندی دانوستاندن هاتبوو بۆ گفتوگۆ.
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: وەکوو شاندی دانوستاندن هاتبوو. عەبدولکەریم قاسم ناردبووی کە لەگەڵ مەلا مستەفا دابنیشێت. جا بۆ ئەو مەبەستە کە حەسەن عەبوود وەڵامی نارد، مەلا مستەفا بە عەلی عەسکەریی گوت: "ئەو شوێنێکی دیاری کردووە لەژێر پردێکدایە لە نزیک زاوێتە. تۆ بچۆ بیبینە و بیهێنە بۆ فڵان شوێن." شوێنێکی زۆر دوورتر، یانی دەوری دوو-سێ کیلۆمەتر دوورتر و بەو شێوەیە حەسەن عەبوودی هێنا بۆ لای مەلا مستەفا. دوای نزیکەی نیو سەعات شتێکی ئاوا، دوو فڕۆکەی میک هاتن لەو شوێنەیان دا کە عەبدولکەریم قاسم بڕیاری وابوو مەلا مستەفا و حەسەن عەبوود لەوێدا یەکدی ببینن. ئەو شوێنەیان هەڵتەکان بە راکێت و شتی وا. ئیتر مەلا مستەفا گوتی بە حەسەن عەبوود: "چاوت لێییە؟ ئەگەر من تۆ لەوێدا بووینایە، ئێستا هەردووکمان دەکوژراین." جا کە حەسەن عەبوود دەگەڕێتەوە بۆ لای عەبدولکەریم قاسم، دەڵێت: "تۆ لەگەڵ مەلا مستەفا دانیشتوویت، بۆ نەتکوشت؟ تۆ دەمانچەت پێ بوو." ئەویش گوتبووی: "من هەر دەستم بجووڵاندایە، پاسەوان لە دەوروپشتم یەکسەر دەیانکوشتم." جا حەسەن عەبوود بەند دەکات، یانی نزیکەی حەفتەیەک تا دە رۆژ حەپسی کرد، دوایی بەریدا.
رووداو: کەواتە لە راستیدا بە مەبەستی کوشتنی مەلا مستەفا ئەویان ناردبوو نەک بۆ گفتوگۆ.
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: نییەتی ئەو [عەبدولکەریم قاسم] ئەوە بوو کە هەردووکیان بکوژرێن.
رووداو: بەڵێ. مامۆستا هەندێک جار هەڵسوکەوتی گوندییەکان، بەتایبەتی تۆ باسی گوندێک دەکەیت، قارقاراڤا. ئەم گوندە بۆچی دەیانگوت مەلا مستەفا سەر بە حکومەتە؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بۆ یەکەم جار بوو کە بگەینە ئەو گوندە. قارقاراڤای پێ دەڵێن لە چیای مەتینایە، لە پشتی پشتی بامەڕنێوە. جا هەر لەوێش بوو بۆ یەکەم جار من توانیم جفرەی حکومەت شیتەڵ بکەم. جا جفرەکە هاتبوو دەڵێت: سبەینێ لەگەڵ یەکەم رووناکیدا، یانی دوای مەلا بانگدان، ئەم گوندانە بۆردوومان بکرێت. ناوی گوندی قارقاراڤاشی هەر تێدا بوو کە بۆردوومان بکرێت. کە من برووسکەکەم گەیاندە دەستی سەرۆک بارزانی، وەڵامی نارد گوتی: "دێ بە دێ ئەو کەسانە ئاگادار بکەن با بەیانی پێش مەلا بانگدان، شوێنی خۆیان بگوێزنەوە بۆ شیو و دۆڵ و ئەشکەوت، خۆیان بشارنەوە. واش بوو، منیش هەر یەکێک بووم لەوانە. ئامێرەکەمان بردە شیو و دۆڵێکەوە. بۆ ئێوارە کە گەڕاینەوە، خاوەنماڵەکەی ئێمە کە ئامێرەکە، بێتەلەکە، لەوێ داماننابوو، گوتی: "وەڵا زۆر سەیرە. باشە مەلا مستەفا چۆن زانیی ئەوە سبەینێ ئەو گوندانە بۆردوومان دەکرێت؟ بە خوا دیارە پەیوەندیی هەیە لەگەڵ حکومەتدا!" ئیتر من باسی ئەوەم نەکرد کە بڵێم بەهۆی ئەو بێتەلە و شیکردنەوەی جفرەوە توانیومانە بزانین بەیانییەکی چی روودەدات.
رووداو: بەڵێ. ئەو کاتە بارەگای بارزانی هەبوو وەکوو بارەگا؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: نەخێر، گەڕۆک بوو.
رووداو: ئێوە بودجەی تایبەتتان هەبوو؟ پارەی تایبەت هەبوو بۆ ئێوە؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: پارەی تایبت و مۆڵ کە هەبووبێت، جانتایەکی رەشی دیپلۆماسی بوو بە دەستی پێشمەرگەیەکەوە بوو، ناوی یوونس بوو و ئاکرەیی بوو. هەموو وار و یەخمان لەوێدا هەبوو. ئەحمەد تۆفیق، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستانی رۆژهەڵات، بە مەلا مستەفای گوت: "من دەمەوێت چیا و چیا بگەمەوە سنووری ئێران و لەوێوە بڕۆمە ئەودیو وهەندێک باربوو کۆ بکەمەوە، پارە بێت، کاڵا و پێتاک بێت، قاپووت بێت، جلوبەرگ و ئەم شتانە بێت، بۆ پێشمەرگە. ئاخر من بۆ ئەو گەشتە دوورودرێژەی هەیە پارەم دەوێت. نامەوێت لە رێگە بچمە گوندان و ئاشکرا ببم. بۆ ئەوەی بەهۆی ئەو پارەیەوە بتوانین لە رێگەدا بژێوی خۆمان دابین بکەین." ئەویش بە یوونسی گوت: "بزانە چەند پارەمان هەیە؟ گوتی: "قوربان وەڵا بیست و هەشت دینارمان هەیە." بودجەکە ئەوەی کە هەبوو و نەبوو ئەو بیست و هەشتە بوو. گوتی: "باشە بەشی زۆری بدە بە ئەحمەد، بەشێک کەمیشی بۆ خۆمان بهێڵەرەوە." ئیتر هەژدە دیناری دا بە ئەحمەد و ئەوی تریش مایەوە.
رووداو: یانی کەواتە بودجەی ئێوە ئەو کاتە بیست و هەشت دینار بوو.
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: ئەرێوەڵا، هیچی دیکەمان نەبوو.
رووداو: زۆر جار کەسایەتیی گرنگ سەردانی ژەنراڵ بارزانییان دەکرد. دەڵێن زۆر رێزی لە مامۆستا عەزیز محەممەد دەگرت. پەیوەندییەکی خۆشی هەبووە لەگەڵی. جەنابت بینیوتە کە ئەو سەردانی مەلا مستەفای کردووە؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ، لە چیای پێرس بووین، عەزیز محەممەد و یەک-دوویەکی تریشی لەگەڵدا بوو. هاتن بۆ لای سەرۆک بارزانی. لە دوای ئەو هات بۆ لای منیش، چونکە من زووتر شیوعی بووم. بەرپرسی هەموو کۆلێژی شوڕتە و مەداریس بووم و پەیوەندیی راستەوخۆم لەگەڵ لەتیف حاج برای عەزیز حاج هەبوو، پەیوەندیی عەسکەریشم لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسدا هەبوو ئەو کاتانە. جا منی دەناسی. هات بۆ لای منیش. گوتی: "یا هوو، مەلا مستەفا لەم شاخ و داخانەیە، بەڵام ئاگاداری هەموو دەنگوباسێکی دنیایە. لێم پرسی رات چییە بەرامبەر بە خرۆشێف کە بۆمبە ئەتۆمییەکانی لە کووبا کشاندەوە؟ مەلا مستەفا گوتی: 'شتێکی زۆر باشی کردووە، خزمەتی ئاشتیی جیهانییە.' گوتی: بەڵام ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی خۆمان رایان وانەبوو." جا عەزیز محەممەد لە یادەوەرییەکەی خۆیدا ئەوەی نووسیوە و دەڵێت: "یانزەی مانگ"، بەڵام من لە یاداشتە رۆژانەییەکەی خۆمدا دەقی ئەو رۆژەم نووسیوە، دوو رۆژ جیاوازیی هەیە.
رووداو: مامۆستا، ئەو کاتە زۆر رۆژنامەنووسی بیانی سەردانی سەرکردایەتیی شۆڕشیان دەکرد و، بەتایبەتیش مەبەستیان بوو کە ژەنڕاڵ بارزانی ببینن. یەکێک لەوانە دەیڤد ئادەمسنە. ئەمە کەی هات؟ کێیە؟ خەڵکی چ وڵاتێکە؟ تۆ بۆ خۆت بینیت لە نزیکەوە؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ، من وەرگێڕ بووم.
رووداو: وەرگێڕ بووی؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ. لە گوندی وەرتێ بوو. ئەو دەیڤد ئادەمسنە لە رێی مەکتەبی سیاسییەوە هات بۆ لای مەلا مستەفا.
رووداو: یانی پێشتر ئەوانی بینیبوو.
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ. وەرگێڕیشی لەگەڵدا بوو، کەریم پیکۆڵۆیان پێدەگوتە. ئەو پیکۆڵۆیە لە کۆمپانیایەکی ئیتاڵی ئیشی دەکرد. پیکۆڵۆ یانی رێوەڵە و بچووک. خۆیشی کورتەباڵ بوو. ئەوەی لەگەڵدا بوو. لەو کاتانەدا، ماوەی مانگێک پێشتر، لە عەیننزالە، بە قیادەی عیسا سوار، سێ ئەندازیاری بیانی گیرابوون. یەکیان بەریتانی بوو. ئادەمسن یەکسەر داوای کرد: "بەڵکو ئەو ئەندازیارە بەربدەن و نزیک سەری ساڵە و، بگاتەوە ناو ماڵ و منداڵی." مەلا مستەفا گوتی: "قەیناکا، ئەوە لای ئێمەیە، ئێمە لە سەری ساڵدا عەلەشیش پەیدا دەکەین و مۆمیشی بۆ دادەگیرسێنین کە جەژنەکەی خۆی لێرە بکات." جا من ئەو شتەم بۆ دێڤد ئادەمسن وەرگێڕا، تۆزێک دڵگیر بوو، بەڵام لە دواییدا مەلا مستەفا ئەو ئەندازیارەی هەر بەردا.
رووداو: ئێ کەواتە دواتر ئەو ئەندازیارەی بەردا؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ.
رووداو: ئەو کاتە بە قسەی ئادەمسنی نەکرد؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: وەکوو تاقیکردنەوەیەک وابوو تا بزانێ کاردانەوەی چییە. جا لەم دواییانەدا ئەو دەیڤد ئادەمسنە کتێبێکی زۆر باشی دانا لەسەر کورد. بە ناوی "Kurdish War" (جەنگی کورد)وەرگێڕدراوە بۆ کوردی. لە سلێمانی لە پێشانگای کتێب بینیم و کڕیم. بەڵام ئەوەی کە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی، ناوی منی لابردووە.
رووداو: ناوی تۆی لابردووە؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ، ئەوە شتێکی جوان نییە.
رووداو: مامۆستا، خەڵکی تریش هاتن، بۆ نموونە تۆ بۆ خۆت رۆژنامەنووسی بەناوبانگ، دانا ئادەم شمیتت دیوە، وایە؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ. ئەو مانگێ مایەوە لای ئێمە. بە درێژایی ماوەکە، ناوەناوە مەلا مستەفای دەبینی، هەر من وەرگێڕی بووم.
رووداو: شتی تایبەتی لە مەلا مستەفا دەپرسی؟ یاخود هەر ئەوەی کە لە کتێبەکەدا باسی کردووە؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: لە گوندی تووتمە بووین لە خۆشناوەتی، کە گەیشتە لای مەلا مستەفا، بەهۆی ئەحمەد تۆفیقەوە کە چووبوو بۆ بەیرووت. ئەم دانا ئادەم شمیتە بەرپرسی مەکتەبی نیویۆرک تایمز بوو لە بەیرووت. لەوێوە بە وڵاخ و بە قاچاخ و ئەمانە، هێنابوویانە ناوچەی زاخۆ و، لەوێیشەوە ئەحمەد تۆفیق هێنایە خزمەت مەلا مستەفا. لە یەکەم دانیشتندا وا دەستی پێکرد، گوتی تۆ لە ئەمریکا مەشهووری بە "ڕێد مۆلا" بە "مەلای سوور". گوتی: "بۆ؟" گوتی: "چونکە سوور هێمای حیزبی شیوعییە، هێمای "مارکسی-لینینی"ـیە، تۆ 11-12 ساڵ لە رووسیا بوویت، فێری زمانەکەیان بوویت، لەوێ خوێندووتە، دیارە بیروباوەڕی مارکسی-لینینیشت هەڵگرتووە." مەلا مستەفا گوتی: "من وەکو کوردێک، وەکو ئیسلامێک، لە رووسیا نەبووم بە شیوعی. گوتی: من بۆچی ببم بە شیوعی؟ لە کوردستاندا ناتوانیت بە شێوەیەکی رەها شیوعییەت بگونجێنی، چونکە ئێمە کارگەی گەورەمان نییە، ئامێری کشتوکاڵیمان نییە، پێویستمان بەوە نەبووە. ئێمە شوێن شتێکی دیکە کەوتووین کە خزمەتی گەلی کورد بووە. تەنانەت برادەرانی خۆم، وا رێنماییم دەکردن و پێم دەگوتن کە رێگەی شیوعیەت نەگرن، لەسەر بیروباوەڕی کوردایەتی خۆیان بمێنن." لە پرسیاری ئەو دوای ئەوەدا گوتی: "ئەی تۆ پێت دەڵێن جەنەڕاڵ مەلا مستەفا و، ئەم ناونیشان و ناسناوە ستالین داویەتی بە تۆ." ئەویش فەرمووی: "نەخێر، ئەوە من کە خۆم و دوو هەزار کچە گارد پەیوەندیمان کرد بە کۆماریی کوردستانەوە لە مەهاباد، قازی محەممەد ئەو ناسناوە و پلەیەی داومەتێ. ئەوە پەیوەندیی بە رووسیاوە نییە."
رووداو: ئەی مادام هەر باسی شیوعی دەکەین، هەڵوێستی مەلا مستەفا بەرامبەر شیوعییەکان چۆن بوو؟ حیزبی شێوعیی عێراقی بەتایبەتی، لە دوای ئەوەی کە بەعسییەکان هاتنە سەر حوکم و ئاوارە دەبن یاخود روو دەکەنە کوردستان، چۆن هەڵسوکەوتێکی لەگەڵدا کردن؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: ئەو کاتانە ساڵی 1963، کە عەبدولسەلام عارف هاتە سەر حوکم، بڕیاری دا بە ئاشکرا کە هەرچی شیوعییە بگیرێن، راوەدوو بنرێن و هەر هەمووشیان بکوژرێن. جا بەشی هەرە زۆری شیوعییەکان، ئەوانەی کە دەرباز بوون، گەیشتنە ناوچەی قەرەداخ لە سلێمانی. لەوێوە دەیانویست بەرەو لای مەلا مستەفا بێن، بەڵام دەتوانم بڵێم لە هەموو ناوچەی سلێمانی کە شیوعی دەهاتن بۆ ئەوێ، دەگیران و بەند دەکران. مەلا مستەفا بەوەی زانی، هەر لە رێی بێتەلەکەمانەوە ئاگاداری مەکتەبی سیاسیی ئەو کاتەمان کرد کە مادام ئێوە شیوعییەکانتان ناوێ، هەر هەموویان بنێرن بۆ لای من. هەر هەموویان هاتن بۆ ناوچەی گەڵاڵە. لەوێ روخسەتیان دان لە کوێ حەز دەکەن نیشتەجێ ببن، لە گوندی رێزان نیشتەجێ بوون. لەوێ بارەگای خۆیان دانا و چەکیشی دان و، یارمەتیی دیکەیشی دەدان.
رووداو: کەواتە هەڵوێستێکی باشی هەبوو بەرامبەر شیوعییەکان.
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ، دەیگوت: "جارێ کورد نەبووە بە هیچ شتێک، ئێمە بۆچی بەرەنگاری بلۆکی رۆژئاوا و بلۆکی رۆژهەڵات ببینەوە؟ هەر وەختێک کورد پەرلەمانی خۆی هەبوو، با لە پەڕلەماندا بڕیار بدەن لەگەڵ ئەملا بن، لەگەڵ ئەولا بن، دژی ئەملا بن، دژی ئەولا بن. ئەمڕۆ ئێمە بۆمان نییە. لەبەر ئەوەی هێشتا ئێمە نەبووین بە هیچ، پێویستمان بە را و پشتگیریی هەموو لایەک هەیە."
رووداو: مامۆستا، پەیوەندی ئەو بەتایبەتی لەگەڵ رەحمەتی ئەحمەد تۆفیق، بۆ ئەو پەیوەندییە خۆشە لەسەر چ بنچینەیەک بوو؟ چۆن ئاوا، یانی ئەو هەموو بڕوا و متمانەیەی بە ئەحمەد تۆفیق کردبوو؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: ئەحمەد تۆفیق، عەبدوڵڵا ئیسحاقی، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستانی رۆژهەڵات. ئەوە لە ئێران خۆی و دەستوپێوەندەکەی و ئەمانەی کە پارتی بوون، هەموو راوەدوو نران. لەوێ دەگاتە لای مەلا مستەفا. دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت لە خزمەت تۆدا بین." ئەو کاتانە دە-دوانزە کەس بوون. ئیتر هەر لەو کاتەوە مەلا مستەفا خۆشی ویستن، نەک بۆ خۆهەڵقورتاندن لە کاروباری ئەو حیزبەدا. ئەحمەد تۆفیق خۆی پەیوەندیی هەبوو، پەیوەندیی نهێنیی تایبەتی لەگەڵ حیزبەکەی خۆیدا هەبوو. بۆ مێژوو دەیڵێم. ئەو کاتە بڕیار وا بوو کە شۆڕشی کورد لە کوردستانی ئێرانەوە دەست پێبکات، بە رێنوێنیی ئەحمەد تۆفیق. بەڵام ئەوەی کە تێکی دا، هەندێک لە ئاغاواتەکانی ناوچەی پشدەر و بۆسکێن و ئەوانە، جموجووڵێکیان کرد لە دەربەندی بازیان، بە حساب یانی ئەمە جۆرە راپەڕینێکە دژ بە حکومەتی کوردستان. مەکتەبی سیاسیی ئەو کاتەش دەستی تێدا هەبوو، دەیانزانی.
رووداو: کەواتە لەگەڵ ئەوە بوو کە یەکەمجار لەوێوە شۆڕش دەست پێبکات؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ کە لە ئێران و کوردستانی ئێرانەوە دەست پێبکات.
رووداو: پێش شۆڕشی ئەیلوول؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ. بە پشتگیریی ئەحمەد تۆفیق لەوێوە دەست پێبکات و ئەمیش لەم لاوە، لە کوردستانی خۆمانەوە دەست پێبکات. جا ئەحمەد تۆفیق زۆر خزمەتگوزار بوو، لە دیوی ئێرانەوە یارمەتی دەهێنا. لە کاتێکدا ئەو کاتە پارتی هیچ پشتگیرییەکی مەلا مستەفایان نەدەکرد. پارتی زۆر باربوویان دەکرد، یارمەتییان کۆ دەکردەوە، بەڵام زیاتر بۆ کردنەوەی بنکە و- پڕچەک کردن و بژێوی خۆیان بوو.
رووداو: ئەی مامۆستا، یانی پەیوەندیی مەلا مستەفا لەگەڵ کریستیانەکان بەتایبەتی چۆن بوو؟ راستە ئەوەی کە بەشێک لە پاسەوانەکانی ئاسووری و کریستیان بوون؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ، راستە. لەبارەی دابونەریتی ناوچەی بارزانەوە، لە بارزان جوولەکەش هەبوو و کریستیانیش هەبوو. گوندی وا هەبوو هەر هەمووی کریستیان بوو. تاک تاکە ئیسلامیشیان لەگەڵدا بوو. گوندی وا هەبوو بەشی زۆری جوولەکە بوون. هەموو ئازاد بوون، تەنانەت بۆ کەیف و زەوقی خۆیان شەرابیان دروست دەکرد، عەرەقیان دروست دەکرد.
رووداو: رێگریان لێ نەدەکرا؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بە هیچ جۆرێک. دوای ئەوە پەیوەندییەکە بە جۆرێک بوو کە تەنانەت شێخ محەممەد باوکی مەلا مستەفا – کە من لەوێ بیستوومەوە، عەبدولواحید بارزانی بۆی گێڕامەوە – شێخ محەممەد بارزانی لە ماڵی کریستیانەکان نانی دەخوارد، دەستنوێژی دەگرت، نوێژیشی دەکرد. ساڵی 1961، من کە یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیس بووم لە هەرنێ بەرامبەر بارزان، جارێکیان پەڕیمەوە بۆ بەری ئەوبەر، لە بیرە کەپرەوانێ بۆ بەری بلێ، لە بلێ مەیخانەی لێ بوو. لە 1961 لە بلێ مەیخانەی لێ بوو.
رووداو: مامۆستا مەلا مستەفا پەیوەندییەکی خۆشی لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی هەبووە، شاعیر و نووسەر و تەنانەت ئەو کاتەی کە لە سلێمانی بووە، پەیوەندییەکی خۆشی لەگەڵ فایەق بێکەس و لەگەڵ زۆر کەسایەتی و رۆشنبیری شارەکەدا هەبووە. لەگەڵ مامۆستا قانعدا نێوانیان خۆش بووە و تەنانەت هەندێک جار گفتوگۆی تایبەتیان کردووە کە تۆ بەشدار بووی. حەز دەکەم لەسەر ئەوەش قسەمان بۆ بکەی.
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ، هاوینی 1964 بوو، مەلا مستەفا لە سەنگەسەر بوو، من چووم بۆ خزمەتی، برووسکە و شتم پێ بوو. ئەو لە ژوورێکی زۆر بچووکدا وەکو بڵێی پێنج-شەش کەس دەیتوانی دابنیشێت و لەوانە قانعیش لەوێ بوو. قانع بە بارزانیی گوت: "قوربان، توخوا واز لەم برایەتیی کورد و عەرەبە بێنە، وەڵا خوایش عەرەبی خۆش ناوێ و، لە قورئاندا جنێویشی پێداون." بارزانی گوتی: "ئینجا لە قورئاندا کوا جنێو هەیە؟" گوتی: "ئەوە نییە لە سوورەی تەوبەدا دەڵێت: 'ئەلئەعرابو ئەشەدو کوفرەن وو نیفاقەن.' بارزانییش گوتی: "ئینجا کەی ئەوە جنێوە؟" گوتی: "قوربان، خۆ جنێوی خوا هەر وایە، خۆ ناڵێ: وا و وا لە دایکی عەرەب بکەم.' گوتی: "تەماشاکە ئەمە چی دەڵێت."
رووداو: مامۆستا، زۆربەی بڵێین بارزانییەکان پێیان گوتراوە شێخ، شێخ ئەحمەد و شێخ عەبدولسەلامی یەکەم و دووەم و ئەمانە، بۆچی مەلا مستەفا لەناویاندا بەو دەڵێن مەلا مستەفا؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بڕوا بکە مەلا مستەفا، ئەو وەکو کوڕی خۆی تەماشای منی دەکرد، زۆر کراوە بووم ئەگەر هەندێک پرسیارم لێ بکردایە. گوتم: "قوربان، براکان ئەوە شێخ ئەحمەد، شێخ بابۆیە، ئەی بۆ جەنابت مەلایە؟ مەلا مستەفا نازناوی شێخی هەڵنەگرت؟" گوتی: "لە گوندی بارزان مەلایەکی زۆر بەدین و زۆر خۆشەویست دەبێت، ناوی مەلا مستەفا بووە. لە خۆشەویستیی ئەو کە من بووم لە دایک، ناویان ناوم مەلا مستەفا." هەر بەو ناوەوە مەلا مستەفا.
رووداو: یانی "مەلا مستەفا" یەک ناوە و ناوی خۆیەتی؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ، یەک ناوە و ناوی خۆیەتی. یانی خۆی کە ناوی خۆیی بهێنایە، هەر دەیگوت: مستەفا.
رووداو: ئەی مادام باسی مستەفا دەکەین، ئەو نامانەی کە لەپاش خۆی بەجێی ماون هەندێکیان بەرچاو دەکەون، زۆر جار نووسیویەتی: خزمەتکارتان، ئینجا ئیمزای کردووە و بە ناوی مەلا مستەفاوە. ئەمە بۆچی وایان نووسی؟ یان لە جیاتیی ئەوەی بنووسێت سەرۆکی کورد، بنووسێت سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەس دەنووسێت: خزمەتکارتان.
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: لە بناری کاورۆخ بووین. مەلا مستەفا کاخەزێکی دەنووسی بۆ هەباسی مەمەد ئاغا، کە لەم رۆژانەدا میوانی تۆ دەبین. دێم بۆ ئەو ناوچانە، بۆ دۆڵی ئاکۆیان. جا لە کۆتاییدا نووسی: خزمەتکارتان مەلا مستەفا. عەلی عەسکەری چاوی پێکەوت، زۆر ناڕەحەت بوو. گوتی: "قوربان، خزمەتکار یانی چی؟ بۆچی ئەوە دەنووسیت؟ خزمەتکارتان؟" گوتی: "ئەگەر میللەتی کورد من بە خزمەتکاری خۆی دابنێت، من پێم خۆشحاڵم و فەخری پێوە دەکەم کەوا کورد من بە خزمەتکاری خۆی دابنێت. ئەویش ئینسانێکی کوردپەروەرە، من خزمەتکاری هەموو کوردپەروەرێکم." عەلی عەسکەری هەوڵی دا کاخەزەکەی لە دەست بسەنێت، بەڵام ئەو هەر پێچایەوە و ناردیشی.
رووداو: ئەی مامۆستا، پرسیارێکی تر، ئەویش ئەوەیە کە مەلا مستەفا نوێژی دەکرد؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ، مستەفا من خۆم بە چاوی خۆم بینیومە کە نوێژی دەکرد. تەنانەت لە مانگی رەمەزاندا قورئانیشی خەتم دەکرد. دەبووایە هەموو قورئانی تەواو بکردایە کە مانگی رەمەزان دەهات. زۆر رێزی لە مەلای گوندەکانیش دەگرت. کە دەچووین بۆ هەر دێیەک، زیاتر دەچوو بۆ ماڵی مەلای دێیەکە. رێنوێنیی دەکرد لە گوتاری هەینیدا بە خەڵکەکە بڵێت لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا دەبن، ژێراوژێر لەگەڵ حکومەتدا نەبن، رێگەی جاشایەتی و خراپی نەگرن. دایمەن لە ماڵی مەلای دێیەکە میوان دەبوو.
رووداو: مامۆستا زۆر جار ئەو رۆژنامەنووسە بیانیانەیشی کە هاتوون بۆ لای جەنەراڵ بارزانی، بە شەو بینیویانە. بۆچی بە شەو کاری دەکرد؟ یانی زۆربەی راپەڕاندنی شۆڕش و ئەرکەکانی بە شەو کردووە. ئەوە راستە؟ وایە؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ، بە رۆژیش ئەو رۆژنامەنووسانە کە دەهاتن، بە خۆیان و کامێرا و ئامێری تایبەتییەوە، دەڕۆیشتن بۆ بەرەکانی شەڕ بۆ گرتنی دەنگ و رەنگ و هەموو شتێک، بە رۆژ بوو. بە شەو کە دەگەڕانەوە، مەلا مستەفا لە ژووری خۆی ئەوانەی دەبینی و پرسیارەکانی خۆیان تەواو دەکرد. بە شەو نەدەنووست هەتا بەرەبەیان. بە رۆژ دەچووە دەرەوەی دێیەکە، لە پەنا بەردێکدا، لە شوێنێکدا، دوو بەتانیی هەبوو، وەکو رایەخ و بۆ بەخۆدادان و ئەمانە و جلەکانی خۆشی لەناو هەگبەیەکدا و ئەوەیشی دەکرد بە سەرین و لە دەرەوە دەمایەوە.
رووداو: جیاوازی ئەو هەبوو لە خواردندا بەتایبەتی لەگەڵ پێشمەرگەکانی دیکە؟ یانی خواردنی تایبەتی بۆ دەهات، شتی تایبەتیان بۆ دەهێنا کە بۆ خۆی بێت، یانی خۆی بەکاری بێنێ و بەشی پێشمەرگە نەدات؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: ئێمە ئەو دەمە هەمیشە کۆچەری بووین و رەوەند بووین، تەنیا ماستم بە چێشتلێنەرەکەی دەبینی، توورەکەیەک ماستی تێدا بوو، لەگەڵ نان و شتی وا. یانی کە دەکەوتینە رێ، لە گوێئاوێ، لە سەرچاوە، یان کانیاوێ دادەنیشتن و هەر نان و چاو، خواردنی سەرەکیی بەیانییان و نیوەڕۆیان و ئێوارانیش هەر ئەو ماستە بوو. ئەگەر ئێوارە گوندێک نزیک بووایە، بچووینایە بۆ ئەوێ، بە گوێرەی دابەشکردنمان، بڵێی موختارەکە یاخۆ کوێخاکە خەڵکەکەی دابەش دەکرد بەسەر دێهاتدا، بەسەر ماڵەکاندا، مەلا مستەفاش چ ماڵێکی بەر بکەوتایە، هەر ئەوە بوو. ئیتر وا نەبوو خواردنێک داوا بکات، بە هیچ جۆرێک. لە ماڵی خۆیشیدا من دەزانم لەگەڵیدا ژیاوم، داوای خواردنی نەکردووە، هەرگیز. لە ماڵان کە بڵێی نانی خواردبێت، چێشتلێنەرەکەی خۆی سەرپەرشتیی چێشتخانەکەی دەکرد، یانی دەچووە لە چێشتخانەکە و لەگەڵ ئەوانەدا دەمایەوە کە خواردنەکەیان ئامادە دەکرد. ئەوە نەبوو لێی بخۆن و یەکێک بزانێت چی دێت.
رووداو: مامۆستا، دەڵێن زۆر سەرسام بووە بە شیعرەکانی مەلای جزیری و هەمووی لەبەر بووە و حەزی کردووە و شیعرانە گوێ لێ بگرێ و ئەمانە؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: خۆم زۆر جار گوێم لێ بووە کە لە بۆنەدا، لە هەڵوێستدا، زۆر جار کۆپلە شیعرێکی جەزیریی بە گوێرەی هەڵوێستەکە دەگوتەوە و جاری واش هەبوو یا ئایەتێکی قورئانی دەگوت یا حەدیسێکی دەگێڕایەوە، حەدیسەکان زیاتر بە کوردی دەگێڕایەوە، بەڵام قورئانەکە ئایەتەکەی دەگوت.
رووداو: ئەو خۆی بە سەرۆکی پارتی دادەنا یاخود خۆی بە سەرۆکی کورد دادەنا؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: مەلا مستەفا کوردایەتیی دەکرد. بۆ پارتایەتی، هەتا ساڵی 1964ـیش خۆی بە سەرۆکی پارتی نەدەزانی، دەیگوت ناوی من هەر بۆ ئەوە بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، ئەگینا بۆ پارتایەتی و حیزبایەتی نییە. هەتا 1964ـیش کە من لێم دەبیست، دەیگوت من سەرۆکی ئەو پارتە نیم، بەڵام دوای ئەوە کە کۆنگرەی شەش گیرا لە قەڵادزێ، ئیتر ئەو خۆی سەرۆکی پارتی بوو. بەڵام لە هەمان کاتیشدا یا زیاتر گرنگیی بە خەتی کوردایەتی دەدا، هەر ئەوەش بوو کە لەگەڵ حیزبی شیوعی و کاژیک و ئیسلامییەکان و ئەمانە، بە یەکسانی دەجووڵایەوە و هەموو بەرفەرمانی ئەو بوون.
رووداو: کەواتە بیروباوەڕی ئازاد هەبوو لە لای ئەو؟ بەلای ئەوەوە گرنگ نەبوو ئەمە پارتییە، ئەمە شیوعییە، ئەمە کاژیکە؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: نەخێر. هەتا 1967 وابزانم لە شوێنێک پێی دەڵێن بەردەکلۆر بەرامبەرە بە حاجی ئۆمەران، مامۆستا ئەحمەد هەردی هات بۆ لای کە ئەو دامەزرێنەری کاژیک بوو، من خۆم دانیشتبووم، گوتی: "هەتا ئێستا بە نهێنی ئیشمان کردووە، دەمانەوێت لەمەودوا بە ئاشکرا ئیش بکەین و بنووسین و شت بڵاو بکەینەوە و ئەمانە." بەمەلا مستەفا فەرمووی: " جا بۆ هاتووی بۆ لای من؟" گوتی: "وەڵا بۆ روخسەت." گوتی: "ئێوە روخسەتن و ئازادن، کوردستان موڵکی هەمووانە، لە چ شوێنێک حەز دەکەن ئێوە ئۆفیسی خۆتان دابنێن، ئیشی خۆتان بکەن، بەس من ئەو رجایەم هەیە ژێراوژێر یا بە ئاشکرا دژی ئێمە مەبن و دژی دۆستەکانیشمان شت مەنووسن. ئیتر چ شتێکتان پێویستە ئێمە پشتگیریتان دەکەین."
رووداو: ئەی مامۆستا هەڵوێستی لەسەر شەڕی عەرەب و ئیسرائیل چی بوو؟ هەڵوێستێکی تایبەتی هەبوو؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: جا هەر پێش ئەوەش، مەلایەکی تر هات ویستی رێکخراوێ دابنێ هی ئیسلامی و ئەوانە، گوتی: "ئێمە هەمانە، ئەگەر خواتان یەکە، ئێوەش هەر بچنە لای ئەوان." لەبارەی شەڕی شەش رۆژەی عەرەب و ئیسرائیلەوە، عەبدولڕەحمان عارف، سەرۆک عەشیرەتێکی عەرەبی نارد بۆ لای مەلا مستەفا، ئێمە لە دیلمان بووین، بە مەلا مستەفای گوت: "ئەوە ئەم رۆژەیە کە بیچەسپێنی تۆ سەلاحەدینی ئەیووبیی دووەمیت." گوتی: "چۆن؟" گوتی: "سەلاحەدینی ئەیووبی قودسی رزگار کرد و ئەمانە، ئێستا ئەوە جولەکە قودسی گرتووەتەوە و بەرامبەر بە میسر و سووریا و هەموو عەرەب شەڕ دەکات، تۆش بەڵکو دوو هەزار پێشمەرگە بنێریت، بەشداریی ئەو شانازییە بکەن بۆ تۆ." مەلا مستەفا گوتی: "پێشمەرگە ئەگەر پێشیان بڵێم بە قسەم ناکەن." گوتی: "چۆن بە قسەت ناکەن؟" گوتی: "ئەی حکومەت تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی نەکردووە بۆ میللەتی کورد. ئێستا من بە دوو هەزار کورد بڵێم بڕۆن خۆتان بە کوشت بدەن. دوای ئەوە عەرەب چ شەڕی ئیسرائیل دەکات؟ ئیسرائیل بریتییە لە ناوچەیەکی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئێوە تاوەکو زووە بگەڕێنەوە بەغدا، بەڵکو لەوێوە وەڵام بنێرن بۆ جەمال عەبدولناسر ئەو شەڕە رابوەستێنێت، ئەو شەڕی ئەمریکای پێ ناکرێت." ئینجا لە رێگەدا هەتا گەیشتبوونە جوندیان، دوو بارزانییان لەگەڵدا بوو. بارزانییەکان عەرەبییان دەزانی. ئەوان لەنێو خۆیاندا گوتبوویان: "وەڵا هازا خائین." دەیانگوت مەلامستەفا ناپاکە. بەڵام کە گوێیان لە هەواڵی شەڕەکە دەگرت، پەشیمان بوون.
رووداو: جیاوازیی دەکرد لەنێوان کورددا؟ واتە فەزڵی بارزانیبوونی دەدا بە سەر کورددا؟ شتی وا هەبوو یان هەمووی هەر لای ئەو کورد بوو؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بە هیچ جۆرێک. تەنانەت ئەو کاتانەهەندێک کەس کە دەچوون بۆ مەکتەبی سیاسیی کۆن لە ناوچەی ماوەت، لێیان دەپرسی تۆ لە خۆمانی یان لە خۆمان نییت؟ یانی تۆ پارتیت یان پارتی نییت؟ جا مەلا مستەفا ئەوەی بیستبوو و دەیگوت: "هەموو کوردێکی پاک لە خۆمانە." ئینجا هەندێک کەس ئەگەر حیزبییش نەبووایە لە لای مەلا مستەفا هەر یەکسان بوون، مادام نییەتی پاکە، مادام کوردە، رێی کوردایەتیی گرتووە، یان دەستی بە کڵاوی خۆیەوە گرتووە لە دێیەکەیدا دانیشتووە، خزمەتی پێشمەرگەی کردووە، ئەوەش هەر هەمووی کوردایەتییە و هەمان رێزی هەیە.
رووداو: ئەی لای ئەو کێ پێشمەرگە بوو؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: جارێکیان رۆژنامەنووسێک لێی پرسی پێشمەرگە کێیە؟ ئەویش گوتی: "پێشمەرگە گەنجانن، گەورە ساڵانن، پیر ئەوەی کە دەستی چەک دەگرێت و هەتا ئەوانەیە کە چەکیشیان هەڵنەگرتووە، بۆ نموونە پیرێژنێ لە کەرکووک دانیشتووە، تەماشا دەکات کە فڕۆکەکان بەرەو کوردستان دێن، ئاخێک هەڵدەکێشێت دەڵێت، بە خوا ئەوە دەچێت بۆردوومانی پێشمەرگە دەکات، ئەوەش هەر بەشدارە." بەو شێوەیە.
رووداو: مامۆستا، کاتەکەمان وردە وردە بەرەو کۆتایی دەچێت، بەڵام دوو شت ئەگەر بە کورتی لێ پرسین: یەکەم ئەو کاتەی سەدام هات بۆ لای مەلا مستەفا، زۆر جار باسی ئەوە دەکرێت کە گوایە مەلا مستەفا پاڵتۆکەی خۆی داوە بەسەر شانی سەدامدا و ئەمانە، شتی وا هەیە؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ، خۆی ئەو کاتانە لە تەلەڤزیۆنی بەغدا پێش هەموو هەواڵێک یەکێکیان پیشان دەدا، جلی کوردیی لەبەر بوو و پاڵتۆیەکی بەسەر شانەوە بوو، لەژێریدا دەیاننووسی "ریداء ئەلعەمالە"، یانی ئەمە پاڵتۆی بەکرێگیراوییە لە شانی مەلا مستەفا. ئیتر کە سەدام هات، پێش ئەوەی بێت بۆ چۆمان و قەسرێ، مەلا مستەفا پاڵتۆیەکی باشیان بۆ ئامادە کردبوو، تازە و نوێ، کە سەدام هات دای بە شانی سەدامدا و گوتی ئەوە منیش پاڵتۆی بەکرێگیراویم کردە شانی تۆ. ئیتر لە رەسمەکەدا هەیە کە سەدام زۆر پێدەکەنێت بەو قسەیە و پێخۆشحاڵ بوو کە ئەوە وەکوو نوکتەیەک وایە.
رووداو: بەڵێ، مامۆستا دوا پرسیارم، مەلا مستەفا لە مردن دەترسا؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: مەلا مستەفا مردنی بە حەق دەزانی، دەیگوت مردن حەقە، بەڵام بێکردنەوە لە مردن ئەو کەسە ناڕەحەت دەکات. لەبەر ئەوە تەنیا دە خولەک پێش مردن کە ئەو کەسە دەزانێت وا بەرەو مردن دەڕوات، ئەو دە خولەکە ناخۆشە لای ئەو کەسە و، دوای ئەوەش نازانێت دوای مردن چی روودەدات.
رووداو: بەڵێ، هیچ شتێکی تایبەتی مەلا مستەفا لای تۆ هەیە کە پاراستبێت، نامەیەک، شتێک؟
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: بەڵێ، نامەی بۆ من نووسیوە و نامەیەکی وەکوو باوک بۆ کوڕی خۆی بنووسێت، لە کتێبی یادەوەرییکەی خۆمدا دەقی ئەو نامەیەم بڵاو کردووەتەوە کە چەند رێزی منی لا هەبوو، وەکوو باوکی خۆم تەماشای کردووم، وەکوو لە نامەکەدا نووسیویەتی: "من بۆ تۆ لە باوکت زیاترم".
رووداو: مامۆستا، ئەگەر شتێکی تایبەت نەبێت، دیارە شت زۆر زۆرە کە باسی بکەین، کاتەکەمان هەر ئەوەندە بوو، ئەگەر شتێکی تایبەتت هەبێت بۆ یادی کۆچی جەنەڕاڵ بارزانی؟ من سوپاست دەکەم کە بەشداریی ئەم بەرنامەیەت کرد.
شەوکەت مەلا ئیسماعیل: زۆر زۆر سوپاست دەکەم، زۆر سوپاسی رووداو دەکەم، سوپاسی هەموو ئەو ستافانە دەکەم.
رووداو: زۆر زۆر سوپاست دەکەم مامۆستا گیان. هیوای تەمەندرێژیت بۆ دەخوازم. بینەرانی خۆشەویست، تا هەڤپەیڤینێکی دیکە بە خواتان دەسپێرین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ