رووداو - تەندروستی
ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا چەند رێنوێنییەک بۆ شەوی سەری ساڵ ئاشکرادەکات، بەجۆرێک دەڵێت، بایەخ بە خواردنی چەرەسەکان بدرێت.
بەگوێرەی ناوەندە پزیشکییەکە، لە شەوی سەری ساڵدا ژەمی سووک بخورێت و پسپۆڕانیشی پێشنیازدەکەن، رۆژی دوای شەوی سەری ساڵ، کاژێرێک بەپێ رۆیشتن هەبێت.
تەنانەت باسی پێکانەکانی شەوەکەش دەکات کە دەشێت کەسێک دووچاری ببێتەوە، چونکە شت هەڵدەواسن و دەچنە بەرزاییەکان بۆ ئەوەی دارودیوار بڕازێننەوە.
کلیڤلاندی پزیشكی دەریدەخات، لە شەواندا بایەخی زیاتر بە چەرەسەکان بدرێت، چونکە یارمەتیدەرن لە دابەزاندنی چەوریی خوێن و یارمەتیی بەهێزکردنی مێشک دەدەن.
جگە لەمە، ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، باشترە لە سەری ساڵدا لە شوێنە قەرەباڵخەکان دەمامک ببەسترێت و لە پشووی سەری ساڵ ئەوانەی نەخۆشن تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی کەمبکەنەوە.
بە گوێرەی ناوەندی مایۆکلینیک، چەرەسەکان سوودی جیاوازیان هەیە و لێرەدا باشترین ئەو چەرەسانە دەخەینەڕوو کە پێویستە بایەخیان پێبدرێت.
1- فستق
بە گوێرەی ناوەندی مایۆکلینیکی پزیشکی لە ئەمریکا، فستق یارمەتیدەرێکی باشە بۆ دابەزاندنی کێش، بەجۆرێک یارمەتیی گۆڕینی خۆراک دەدات بۆ وزە و بەخێرایی هەستی تێربوون دەبەخشێت، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامین بی کە هۆرمۆنەکانی خانمان رێکدەخات و توانای سێکسی لە پیاواندا زیاددەکات، هاوکات یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە.
2- بادەم
زۆر توێژینەوەی جۆراوجۆر سوودەکانی بادەم پشتڕاستدەکەنەوە بۆ دابەزینی کێشی جەستە و ئاستی کۆلیستڕۆڵی خوێن، هەروەها جگە لە پڕۆتین و ریشاڵەکان بادەم دەوڵەمەندە بە چەورییە ناتێرەکانیش و یارمەتیدەرێکی چالاکە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنەکانی جەستە.
3- عەلی بابا
ناوەندی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا دەریدەخات، عەلی بابا پڕۆتین، نیاسین و فۆڵەیتی تێدایە و دەوڵەمەندە بە ریشاڵەکان، ئاسن، پۆتاسیۆم، زینك، ڤیتامین B2، ڤیتامین E و ڤیتامین B.
هاوکات ناوەندەکە روونی دەکاتەوە، عەلی بابا سووڕی خوێن چالاکدەکات و پێست دەدرەوشێنێتەوە.
4- بوندووق
ئەم جۆرە چەرەسە یارمەتیدەرێکی باشە لە کەمکردنەوەی هەوکردن و چەوریی کۆلیستڕۆڵی خوێن، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامین E.
ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا دەریدەخات، بوندوق دەشێت پەستانی خوێن کەمبکاتەوە و ئەگەر رۆژانە 15 دانە لێبخورێت ئەوا یارمەتیی کێش دابەزاندن دەدات.
5- گازۆ
گازۆ یەکێکە لەو چەرەسانەی کە سوودی تەندروستیی جۆراوجۆری هەیە، بەجۆرێک دەزگای FDA رایدەگەیێنێت، گازۆ تەندروستیی پێست دەپارێزێت و دەوڵەمەندە بە ریشاڵ و فۆلیک ئەسید، هاوکات چەوریی خوێن کەمدەکاتەوە و تەندروستیی دڵ دەپارێزێت.
6- گوێز
دامەزراوی خۆراک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، گوێز یەکێکە لەو خۆراکەی کە دەوڵەمەندە بە چەورییە ناتێرەکان، بەجۆرێک رێژەیەکی زۆر لە ئۆمێگا سێی تێدایە، هەروەها پسپۆڕێکی خۆراکی ئەمریکی پێشنیازدەکات، پێش خەوتن بایەخ بە خواردنی گوێز بدرێت، چونکە هانی دەردانی بڕێکی زۆر لە هۆرمۆنی میلاتۆنین دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ