بەدواداچوونێکی رووداو: لە کوردستان لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێک، کەسێک تووشی شێرپەنجە دەبێت
رووداو - تەندروستی
ئامارەکانی شێرپەنجە ساڵانە روو لە زیادبوونن و بەپێی بەدواداچوونێکی دێسکی تەندروستیی رووداو، ساڵی رابردوو لە 53 خولەکدا تووشبوویەکی شێرپەنجە تۆمارکراوە.
بەپێی ئامارەکانی تووشبووانی شێرپەنجە، ساڵی رابردوو نۆ هەزار و 911 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون کە رۆژانە دەکاتە نزیکەی 27 کەس و لە هەر 53 خولەکێکیشدا یەکێک تۆمارکراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31-10-2024 د. چنار عەلی سنجاوی، سەرۆکی بەشی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا شێرپەنجەی مەمک زۆرترینی شێرپەنجە تۆمارکراوەکانە.
د. چنار سنجاوی دەڵێت: 'شێرپەنجەی مەمک، شێرپەنجەی کۆڵۆن و شێرپەنجەی سییەکان' سێ باوترین شێرپەنجەکانن لەنێو هەرێمی کوردستان کە پیاوان بەهۆی جگەرەکێشانەوە زۆرترین رێژەی شێرپەنجەی سییەکانیان لەنێو تۆمارکراوە.
هەر بەپێی ئامارەکان، ساڵی رابردوو 55٪ـی تووشبووان لە هەولێر، 33٪ـی تووشبووان لە سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆکیش 12٪ بووە.
لە کۆتاییدا د. چنار گوتی، 30٪ بۆ 40٪ـی شێرپەنجەکان دەکرێت رێگریان لێبکرێت بە پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست و خۆپارێزی لە هۆکارە باوەکانی شێرپەنجە.