رووداو - تەندروستی
وەزیری تەندروستیی عێراق ئاشکرای دەکات، ئێستا لە بەغدا بیمەی تەندروستی جێبەجێکراوە و ملیۆنێک فەرمانبەر بۆ پڕۆسەکە تۆمارکراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31-10-2024 د. ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بەردەوامن لە تۆمارکردنی فەرمانبەران بۆ بیمەی تەندروستی و ژمارەی بەشداربووان گەیشتووەتە ملیۆنێک کەس، نیوەیان ئەوانەن کە چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.
د. ساڵح حەسناوی دەڵێت: ''خزمەتگوزرییەکان بە نزیکەی بێ بەرامبەرە یاخود بەرامبەر بە پارەیەکی رەمزییە لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت. جێبەجێکردنی بەرنامەکە بە دروستی دەستیپێکردووە، خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکی پاڵپشتیکراو پێشکێش دەکرێن''.
هاوکات حەسناوی دەشڵێت: تەنیا پێویستمان بە هۆشیاریی کۆمەڵگە و رۆڵی میدیا هەیە لەبارەی بایەخی ئەو پڕۆژەیە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە دابینکردنی بیمەی تەندروستی ئێستا تەنیا بەغدا دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ کۆنفرانسی ئەنجوومەنی شێرپەنجە لە عێراق بەڕێوەچوو، لەنێو کۆنفرانسەکە ئامارەکانی شێرپەنجە لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگەیێنران بەم شێوەیە؛
لە ساڵی 2019
35814 تووشبوو
لە ساڵی 2020
31692 تووشبوو
لە ساڵی 2021
35815 تووشبوو
لە ساڵی 2022
39068 تووشبوو
بەپێی ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق، جۆرە باوەکانی شێرپەنجە لەنێو پیاوان؛ یەکەم سییەکان، دووەم کۆڵۆن و سێیەم پرۆستاتە.
لەنێو خانمانیش؛ یەکەم شێرپەنجەی مەمک، دووەم قوڕگ و سێیەم کۆڵۆنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ