توێژینەوەیەک: شێوازی ژیانی تەندروست پیربوونی مێشک دوادەخات

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی کارۆلینسکا لە سوێد دەریدەخات، دەشێت شێوازی ژیانی تەندروست قەرەبووی پیربوونی مێشک بکاتەوە کە بەهۆی نەخۆشیی شەکرەوە خێراتر دەبێت.
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، شێوازی ژیانی تەندروست وەکو 'دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی شەکر و خوێی زیادە، ئەنجامدانی وەرزشی مامناوەند و دوورکەوتنەوە لە كێشانی جگەرە، نێرگەلە و خواردنەوەی کحول' یارمەتیدەر دەبێت لە بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرە لەسەر مێشک.
 
د. ئەبیگایل دۆڤ سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، '' شەکرە هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ پیربوونی خانەکانی مێشک و تووشبوون بە لەبیرچوونەوە، دەبێت بە شێوازی ژیانی تەندروست کۆنتڕۆلبکرێت''. 
 
بە گوێرەی رێکراوی تەندروستیی جیهانی WHO, نزیکەی 540 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشبووی نەخۆشیی شەکرەن لەم ژمارەیەدا 98%ـیان تووشبووی جۆری دووەمی نەخۆشیی شەکرەن. 
 
بەپێی مایۆکلینیک شێوازی ژیانی تەندروست بریتییە لە؛ 
 
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان
- کاتی رێکی خەوتن 
- جووڵەی رۆژانە و چالاکیی جەستەیی
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش
- بەهێزیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی