بەشێک لە میدیاکانی ئێران: کەسێک تووشی ئاوڵەی مەیموون بووە کە لە کەربەلاوە گەڕاوەتەوە

رووداو - تەندروستی 

بەشێک لە میدیاکانی ئێران رایدەگەیێنن، تووشبوویەکی ئاوڵەی مەیموون لە وڵاتەکە هەیە کە لە کەربەلاوە گەڕاوەتەوە ئێران.
 
هەندێک لە میدیاکانی ئێران دەڵێن، تووشبووی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون لە وڵاتەکە هەیە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە تووشبوویەک لەنێو زیارەتکارانی کەربەلادا بووە و لەکاتی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکە نیشانەکانی لێدەرکەوتوون.
 
لەم بارەیەوە هیچ زانیارییەک و هۆشدارییەک لە حکومەتی ئێرانەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی تووشبووەکە نییە و بەپێی ئەوان بێت، ئەوە تەنیا دەنگۆیە، بەڵام ئەو میدیا ئێرانییانە دەڵێن، ئەو کەسەی تووشی نەخۆشییەکە بووە لەلای پزیشکێکە بە ناوی د. محەممەد رەزا یەزدان نیاز، چونکە لە پەڕەی فەرمیی خۆیدا وێنەی تووشبووەکەی بڵاوکردووەتەوە.
 
لە نێوەڕاستی مانگی ئاب دا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی باری لەناکاوی بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی mpox کە ناسراوە بە ''ئاوڵەی مەیموون'' راگەیاند، دوای بە دوای راگەیێندراوەکە چەندان تووشبوو لە وڵاتانی جیاواز راگەیێندران کە زۆرترینیان لە ئەفریقان.