لێكۆڵینەوەیەکی نوێ: دەرمانەکانی قەڵەوی پڕۆسەی پیربوون خاودەکەنەوە، بەڵام بە مەرج

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، دەرمانەکانی قەڵەوی پڕۆسەی پیربوون خاودەکەنەوە، بەمەش نیشانەکانی پیربوون درەنگ دەردەکەون.
 
دوای ئەوەی دەرمانەکانی قەڵەوی کە زۆرینەیان بۆ نەخۆشییەکانی شەکرەی جۆری دوو بەکاردەهێندرێن لەلایەن چەندان توێژینەوە سوودەکانیان پشتڕاستکراوەتەوە، لێکۆڵینەوەیەکی نوێی سکووڵی پزیشکیی یاڵێ لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەو دەرمانانە تەمەن درێژدەکەن.
 
لەم بارەیەوە پڕۆفیسۆر هارلان کرۆمهۆڵز، لە سکووڵی پزیشکیی یاڵێ لە ئەمریکا دەڵێت: مادەی سیماگلوتایدی نێو دەرمانەکانی قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن و هەوکردن و تەنانەت شێرپەنجەش کەمدەکاتەوە.
 
توێژینەوە نوێیەکە رۆژی هەینی لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی ئەورووپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ ئەنجامەکانی ئاشکراکران و دەرکەوت، لە ماوەی سێ ساڵدا زۆرینەی ئەوانەی رۆژانە 2.4 میلیگرام سیماگلوتایدیان پێدراوە، کەمتر خانەکانیان پیربوون.
 
بە گوێرەی توێژینەوەیەک 32.3٪ـی دانیشتووانی عێراق قەڵەون یاخود کێشزۆرن، هەروەها وڵاتی ناوروو زۆرترین رێژەی قەڵەوی تێدایە کە دەگاتە 61٪ـی دانیشتووانەکەی.
 
بە گوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا NHS، ژمارەی قوربانییانی دەرمانەکانی قەڵەوی زیادبووە و زۆرینەشیان بەکارهێنەرانی دەرمانە ساختەکانی ئۆنلاینن.
 
ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی NHS لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، دەرمانەکان قەڵەوی سەرەتا بۆ نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو بەکاردەهاتن و ئێستاش بە ئەو کەسانە دەدرێت کە نەخۆشیی شەکرە و دڵیان هەیە و قەڵەون، هەروەها پسپۆڕان دەڵێن، ئەو دەرمانانە چارەسەرێکی خێرا و جێگرەوە نین بۆ خۆراکی باش و وەرزشکردن، هەروەها پێویستە تەنیا لەژێر چاودێریی پزیشکدا بەکاربێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە