توێژینەوەیەک: دەتواندرێت بە پشکنینێکی خوێن پێشوەختە جەڵتە دەستنیشان بکرێت

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا ئاماژە بە جۆرێکی پشکنینی خوێن دەکات کە توانای هەیە دەیان ساڵ پێشوەختە دەستنیشانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بکات.
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری نیو ئینگلاند بڵاوکراوەتەوە و لەسەر 27 هەزار و 930 خانم بۆ ماوەی 30 ساڵ کرا و روونی دەکاتەوە، ئەو خانمانەی چەوریی LDL و LPaـیان بەرزبووە 36٪ ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ بەرزبووە بەراورد بەوانەی رێژەی چەورییەکەیان کەمبووە، تەنانەت ئەوانەشی کە CRPـیان بەرزبووە بەهەمان شێوەی 70٪ ئەگەری تووشبوونیان بەو نەخۆشییانە زۆر بووە.
 
توێژینەوەکە جەخت لەسەر هەڵسەنگاندنی هەرسێ رێژەی چەوریی زیانبەخش LDL و چەوریی LPa و CRP دەکاتەوە بۆ ئەوەی پێشبینی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنی لێوەبکرێت.
 
د. پۆڵ ریدەر، نووسەری توێژینەوەکە و بەڕێوەبەری سەنتەری خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن لە نەخۆشخانەی بریگهام لە بۆستن دەڵێت: ''هەر خانمێک رێژەی ئەو سێ مادەیەی بەرزبێت، ئەگەری تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ سێ ئەوەندە و ئەگەری تووشبوونی بە جەڵتەی مێشک 1.5 ئەوەندە بەرزدەبێتەوە''.
 
توێژەران بۆ رێگری لەم کێشە تەندروستییانەی دڵ و لوولەکانی خوێن ئەمانەی خوارەوە پێشنیازدەکەن؛
 
- خواردنی خۆراکی تەندروست
- کەمکردنەوەی خۆراکە خێراکان
- کەمکردنەوەی خواردنەوە گازییەکان
- دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە وزەبەخشەکان
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول
- کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی
- رێکخستنی کاتی خەو
 
لە کۆتاییدا د. پۆڵ ریدەر پێشنیازدەکات، لەگەڵ پشکنینی چەورییەکانی خوێن بایەخ بە پشکنینەکانی LPa و CRP بدرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە