WHO: ئامانجمانە بە سێ رۆژ 640 هەزار منداڵ بە ڤاکسینی ڤایرۆسی ئیفلیجی بکوتین

دوێنێ کاژێر 01:18
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لەپێناو دابینکردن و کوتانی منداڵانی غەززە بە ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵان، ئاگربەستێکی سێ رۆژە لە کەرتەکە راگەیێنرا، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO دەڵێت، ئاگربەستەکە بۆ هەڵمەتی کوتانی منداڵانە و بەهۆی دۆخی مەترسیداری کەمبوونەوەی کوتانە دژی ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان، چونکە ئەگەری زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییەکە زۆرە.
 
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO لە ژنێڤ رایدەگەیێنێت، رۆژی یەکشەممە 1ـی ئەیلوولی 2024 لەگەڵ دەستپێکردنی یەکەم رۆژی ئاگربەستەکە هەڵمەتی کوتان لە غەززە دەستپێدەکات و زیاتر لە 640 هەزار منداڵی خوار 10 ساڵان دەکوترێن.
 
هاوکات د. تێدرۆس ئادهانۆم دەڵێت: ''هەڵمەتەکە لە سێ رۆژدا بە بەشداریی زیاتر لە دوو هەزار و 100 کارمەندی WHO دەکرێت و بە ئومێدین کە 90٪ـی ئامانجەکەمان بپێکین''.
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار قورچکی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان گەیێندراونەتە غەززە و بڕیاریشە 400 هەزار قورچکی دیکەش دابینبکرێن.
 
بەگوێرەی WHO، لەکۆی 132 بنکەی تەندروستی لە کەرتی غەززە ئێستا تەنیا 44یان کراوەن، لە کۆی 36 نەخۆشخانە، تەنیا 17یان توانای وەرگرتنی نەخۆش و دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستییان هەیە.
 
ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان چییە؟
 
بەپێی CDC، ڤایرۆسەکە دوای ئەوەی دەچێتە نێو جەستە، لە رێگەی خوێنەوە دەگوازرێتەوە بۆ نێوەندەکۆئەندامی دەمار و لەناو دەمارەخانەکان زۆردەبێت پاشانیش دەبێتەهۆی پەککەوتنی ماسوولکەکان و سەرەنجام کەسەکە تووشی ئیفلیجی دەبێت.
 
نیشانەکان
 
- نەمانی کاردانەوەی ماسوولکەکان 
- گرژبوونی ماسوولکەکان
- پەلەکانی جەستە تووشی فشەڵی دەبن و توانای جووڵەیان نامێنێ 
- نەمانی توانای قووتدان 
 
گرووپی مەترسیدار بۆ تووشبوون
 
- ئەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە
- هەژارنشینەکان
- منداڵانی خوار پێنج ساڵان
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە