پسپۆڕێک: گازگرتن لە نینۆکەکان بۆ منداڵان مەترسیدارە و چارەسەریش ئاسانە

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی منداڵان لە ئەمریکا باسی چەند رێگەیەکی کاریگەر بۆ پێشگیری لە گازگرتن لە نینۆک دەکات و دەڵێت: زۆرجار منداڵ بەبێ ئەوەی ئاگای لەخۆی بێت، گاز لە نینۆکی دەگرێت.
 
د. مۆنیکا نیهاوس، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان ئاشکرای دەکات، زۆرجار نائارامیی سۆزداری و دەروونی وا لە منداڵ دەکات گاز لە نینۆکەکانیان بگرن کە دەکرێت ئەوە دووچاری چەندین کێشەی جیدیی تەندروستییان بکات.
 
بە گوتەی د. مۆنیکا نیهاوس، منداڵان زۆرجار لە تەمەنی سێ بۆ چوار ساڵیدا وەکو خوویەک گاز لە نینۆکەکانیان دەگرن، کە دەکرێت ببێتەهۆی هەوکردنی نینۆک، ناڕێکیی ددانەکان و شێواویی نینۆکەکان.
 
د. مۆنیکا نیهاوس گوتی، ''گازگرتن لە نینۆکەکان ئەگەری تووشبوون بە میکرۆبەکان زیاددەکات، چونکە بە هەزاران بەکتریا و هۆکاری نەخۆشیی لە ژێر نینۆکەکان هەن''.
 
هاوکات ئەم رێگەیانەی خوارەوە بۆ وازهێنان لەو خووە پێشنیاز دەکات؛
 
- بەکارهێنانی بۆیەی نینۆک کە تامی تاڵە.
- چارەسەرکردنی هۆکاری ناڕێکیی دەروونی و سۆزداریی منداڵەکە.
- رۆژانە نینۆکی منداڵ ببڕدرێت.
- بەکارهێنانی تۆپی گوشاری دەروونی.
- بەکارهێنانی دەستکێش.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە دەڵێت: ئەگەر هەموو ئەو هەوڵانە شکستیان هێنا، باشترە پەنا بۆ پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان ببرێت، بۆ ئەوەی بۆ منداڵ روونبکرێتەوە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ گوشاری دەروونی بکات و خۆی لە گازگرتن لە نینۆکەکان بەدوور بگرێت.
 
بەپێی دامەزراوەی دەرووندروستی لە بەریتانیا ئەمانە هۆکارە باوەکانی گازگرتن لە نینۆکن؛
 
- بێزاری
- دڵەڕاوکێ
- تووڕەیی
- ئۆتیزم 
- دوودڵی
- بیرکردنەوە