رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: کۆلێرا لەو وڵاتانە بەربڵاوە کە سیستمی ئاویان رێک نییە

رووداو - تەندروستی 

بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کۆلێرا لەو شوێنانە بڵاودەبێتەوە کە سیستمی ئاویان ناڕێکە، چونکە نەخۆشییەکە لەڕێگەی ئاو، خۆراک و کەلوپەلی پیسبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەروەها ئەگەر کەسی تووشبوو چارەسەرنەکرێت ئەوا 50٪ دەکرێت ببێتەهۆی گیانلەدەستدان. 
 
نیشانەکانی کۆلێرا چین؟ 
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کۆلێرا نیشانەکانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەکرێت بگۆڕدرێن، بەڵام دیارترین نیشانەی بریتین لە 'سکچوونێکی هاوشێوەی ئاوی برنج، رشانەوە، نەمانی ئارەزووی خواردن، بێهێزی، لاوازی، وشکبوونەوە و ئازاری سک و سەر.
 
تەندروستیی جیهانی ئاشکراشی دەکات، نیشانەکان لە 2 بۆ 3 رۆژ دوای تووشبوون بە بەکتریاکە دەردەکەون، بەڵام هەندێکجار 12 کاژێر دوای تووشبوون دەکرێت نیشانەکانی دەربکەون. 
 
وشکبوونەوەی جەستە یەکێکە لە پاشهاتە مەترسیدارەکانی نەخۆشیی کۆلێرا، چونکە ئەوانەی بە تووندی تووشی دەبن ئەم نیشانەیەیان لێدەردەکەوێت کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوا دەکرێت کەسی تووشبوو گیانلەدەستبدات. 
 
کۆلێرا بەچی دەگوازرێتەوە؟ 
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی روونی دەکاتەوە، خۆراک و ئاوی پیسبوو بە بەکتریاکە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەیەتی بۆ مرۆڤ، هەروەها بەرکەوتن بە پیسایی مرۆڤ یاخود کەلوپەلی پیسبوو بە بەکتریاکە سەرچاوەیەکن بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە نێوان مرۆڤەکان. 
 
پاشانیش خواردنی گۆشتی نەکوڵاو و بەروبوومی پاکژنەکراوی ئاژەڵی دەکرێت هۆکاربن بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکە، بەڵام ئەم نەخۆشییە لەڕێگەی هەناسە، بەڵغەم، کۆکە، پژمە و لیک ناگوازرێتەوە. 
 
رێگەکانی خۆپارێزی لە کۆلێرا چین؟
 
* پێویستە ئاو بکوڵێندرێت و دوای ساردبوونەوە بخورێتەوە
* شۆردنی دەستەکان پێش و پاش نانخواردن
* کوڵاندنی خواردن بەباشی و جوان شۆردنەوەی سەوزە و میوەکان
* بەکارنەهێنانی ئاوی بیر و ئەو ئاوانەی سەرچاوەیان نادیارە
* دوورکەوتنەوە لە خواردنی سەردانەپۆشراو و سەر عەرەبانە
* نەخواردنی سەوزە و میوەکانی چێشتخانەکان 
 
بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ سکچوون و رشانەوە لە تووشبووان کلیک لێرە بکە