رۆژی جیهانیی میوەی ئاڤۆگادۆیە و سوودەکانی بزانە

رووداو - تەندروستی 

ئەمڕۆ 31ـی تەممووز رۆژی جیهانیی میوەی ئاڤۆگادۆیە و کۆمەڵەی خۆراک لە کەنەدا چەند سوودێکی ئاشکرادەکات؛ کەمکردنەوەی چەوریی خوێن یەکێکیانە.
 
کۆمەڵەی خۆراک لە کەنەدا رایدەگەیێنێت، ئاڤۆگادۆ میوەیەکی نایابە بۆ ئەوانەی چەوریی خوێنیان بەرزە، چونکە یارمەتیدەردەبێت لە کەمکردنەوەی چەورییەکانی خوێن بەتایبەت چەوریی سیانی.
 
کۆمەڵەکە ئەوەش ئاشکرادەکات کە خواردنی یەک دانە لە رۆژێکدا یارمەتیی هاوسەنگکردنی پەستانی خوێن دەدات، بەمەش ئەوانەی کە نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە دەتوانن زیاتر سوودی لێوەربگرن.
 
لە بەشێکی زانیارییەکانی کۆمەڵەکە هاتووە کە ئاڤۆگادۆ دەوڵەمەندە بە مادە دژەئۆکسێنەرەکان، بەمەش یارمەتیی کەمکردنەوەی هەوکردنەکان دەدات.
 
دیزیر نێڵسن، پسۆڕی خۆراک لە کەنەدا دەڵێت: ئاڤۆگادۆ میوەیەکی نایابە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە و ئەگەریش چەند کاژێرێک پێش خەوتن بخورێت، ئەوا کوالێتیی خەو باشتردەکات.