رووداو دیجیتاڵ
پزیشکێکی نەخۆشییە دەروونییەکان، لەبارەی زیادبوونی رووداوەکانی کوشتن لە هەرێمی کوردستان و پاڵنەرە دەروونییەکان، ئاماژە بەوە دەکات، خراپی دارایی وادەکات خەڵک زووتر هەڵبچن. رەتیشی دەکاتەوە، ئەوانەی نەخۆشیی دەروونییان هەیە، زیاتر لە کەسانی ئاسایی تاوان بکەن، بەڵکو "چەند جۆرە نەخۆشییەکی کەمی دەروونی هەن، کە مەترسییان بۆ ئەنجامدانی تاوان هەیە".
دکتۆر محەممەد قادر خۆشناو دەڵێت "هەواڵەکانی میدیا و سۆشیاڵمیدیا لە هەرێمی کوردستان کە زۆربەیان نەرێنین، تاک ئامادە دەکەن بۆ پەرچەکردار و هەمیشە ئامادەن بۆ ئەنجامدانی تاوان. داواش لە میدیاکان دەکات وردەکاریی تاوانەکانی کوشتن بڵاونەکەنەوە تاوەکو کەسانی دیکە لاسایی نەکەنەوە.
لە هەرێمی کوردستان رۆژانە هەواڵی کوشتن بڵاودەکرێتەوە و تاوانەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە زیادبووندان، بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، لەسەرەتای ئەمساڵەوە 67 کەس لە هەرێمی کوردستان کوژراون، کە 55 کەس لەوانە بە چەک و هەشت کەسیش بە چەقۆ و چوار کەسیش لە ئەنجامی بۆردوومانەکانەوە کوژراون، بەپێی ئەو داتایانە، زۆرترینی ئەو رووداوانە لە مانگی تەممووزدا بوون کە 14 کەس کوژراون و، کەمترینیشیان مانگی شوبات بوون کە سێ کەس کوژراون.
دکتۆر محەممەد قادر خۆشناو، پزیشکی نەخۆشییە دەروونییەکان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی نوورۆژی رووداو، ئاماژەی بەوە کرد کۆمەڵێک هۆکار هەن بۆ تاوانەکانی کوشتن، بەڵام چوار هۆکاری سەرەکی هەن بۆ زاڵبوونی هەست و سۆز و ئەنجامدانی تاوان، کە "بریتین لە تووڕەیی، ترس، ئیرەیی و تۆڵەکردنەوە".
ئاماژە بەوەش دەکات "زۆرترین ئەو کەسانەی دەچەوسێنرێنەوە، نەخۆشیی دەروونییان هەیە، ئەو کەسانەی نەخۆشیی دەروونییان هەیە ستەملێکراون نەک ئەوەی ستەم لە کەسانی دیکە بکەن".
ئەو پزیشکەی نەخۆشییە دەروونییەکان دەشڵێت "خراپیی باری دارایی وادەکات خەڵکی زووتر تووڕە ببن و تووشی تاوان و هەڵچوونی دەروونی بن".
بە بڕوای ئەو پزیشکە، "سۆشیاڵمیدیا و میدیا بەگشتی و بارودۆخی هەرێمی کوردستان کە پڕدەبن لە هەواڵی نەرێنی، تاک ئامادەدەکەن بۆ پەرچەکردار، ئەو بارەی ئێستا کۆمەڵگەی کوردستان پێیدا دەڕوات، بارێکی نەخوازراوە".
دکتۆر محەممەد خۆشناو پێشنیاز دەکات، وردەکاریی کوشتن لە میدیا بڵاونەکرێتەوە، بۆ ئەوەی تاوانەکان دووبارە نەبنەوە و، دەڵێت "بڵاوکردنەوەی هەواڵی خۆکوشتن و کوشتن، نابێت بە وردەکارییەوە بێت، ئەمە کاریگەریی خراپی هەیە تاوەکو کەسانی دیکە ئەو شێوازە دووبارە بکەنەوە لە ئەنجامدانی تاوانەکان".
لە هەرێمی کوردستان، هۆکاری زۆربەی تاوانەکان کێشە کۆمەڵایەتییەکانن، زۆرجاریش کێشەی کۆمەڵایەتی وەک بیانوو بەکاردەهێنرێت بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکان، ئەو پزیشکەی نەخۆشییە دەروونییەکان رای وایە "ئەگەر بیانووی هەموو تاوانێک کرایە کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی، پێویستمان بە دادگە نامێنێت و دەبێت نەخۆشخانەی دەروونی زیادبکەین، هەرکەسێک نەخۆشیی دەروونیی هەبێت، لەبەردەم یاسادا بەرپرسە، ئەو نەخۆشیە دەروونییانە کەمن کە وادەکەن کەسەکە سەربکێشێتە سەر ئەنجامدانی تاوان، ئەوە دەبێتە پاساوێک و رێگەدانە بە کوشتن، بەڵکو کەسوکاری بکوژ دەبێت بەر لە هەمووان دەستپێشخەربن و پاساو نەهێننەوە بۆ ئەنجامدانی تاوان و کوشتن".
دکتۆر محەممەد خۆشناو دەڵێت "بەپێی توێژینەوەکان، هیچ کاتێک سزادان نەیتوانیوە تاوانەکان کەمبکاتەوە، بەڵکو کەمکردنەوەی تاوان پەیوەستە بە چاککردنی بارودۆخی دارایی خەڵک و گۆڕینی باری کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی چەک و پڕکردنەوەی پێداویستییە بنچینەییەکانی خەڵک". دەشڵێت "دەبێت هەوڵبدرێت تاکێکی ئارام دروست بکرێت و لەسەر ئاستی کۆمەڵگەش ئەو بێزارییەی هەیە لەنێو خەڵک کەمبکرێتەوە و میدیا و قوتابخانە هاوکاربن بۆ بونیاتنانی تاکێکی ئارام و رەواندنەوەی نیگەرانی و بێزارییەکان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ