لە کەرکووک ئافرەتێک بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کەرکووک یەکەم گیانلەدەستدان لە ئەم ساڵ دا بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای کەرکووک تۆمارکرا، ئەو کەسەی مردووە ژنێکی ماڵەوەیە و تەمەنی 35 ساڵە.
 
سامان یابە، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند :"کاژێر 1:30ـی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 30ـی ئەم مانگە، یەکەم گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای کەرکووک تۆمارکرا."
 
بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک گوتی، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ئافرەتێکی تەمەن 35 ساڵە و ناوی شوکریە مەحموود نسەیفە و ژنی ماڵەوەیە. گوتیشی: "ئاژەڵدارن و دانیشتووی ناحیەی ریازی سەر بە پارێزگای کەرکووکن."
 
بەهۆی گیانلەدەستدانی ئەو ئافرەتەوە پشکنین بۆ کەسوکارەکەی کراوە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئایا تووشبووی نەخۆشییەکەیان تێدایە یان نا.
 
تائێستا چوار تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای کەرکووک تۆمارکراون، سێ لەو تووشبووانە تەندروستیان باشە و ئەوەی دیکەشیان ئەو ئافرەتە بوو، کە گیانی لەدەستدا. 
 
هەینی 17-05-2024 سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشکرای کرد، لە عێراق 39 کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون و پێنج کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە. ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێن، بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە.
 
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.
 
تای خوێنبەربوون ئەمساڵ سەرەتا لە پارێزگاى زیقارى باشوورى عێراق بڵاوبووەوە، کە ژمارەى دانیشتووانى زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە و زۆرینەى تووشبووەکانیش لە عێراقدا هەر لەو پارێزگایەن.