توێژینەوەیەک: مادە پاککەرەوەکان نیشانەکانی ئۆتیزم پێشدەخەن

31-03-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، مادە پاککەرەوەکان مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری و دەرکەوتنی نیشانەکانی ئۆتیزم زیاددەکەن.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئۆهایۆ لە ئەمریکا کراوە و دەرکەوت، مادە کیمیاییەکانی نێو پاککەرەوەی ماڵەکان کاریگەریی دەکەنە سەر خانەکانی مێشک، بەتایبەت کاتێک بەڕێژەیەکی زۆر بەکاردەهێندرێن.
 
توێژەران ئاماژە بە جۆرە خانەیەکی مێشک دەکەن بە ناوی ئۆلیگۆ دێندرۆسایت بەوەی کە زۆرترین کاریگەریی هەیە بە مادە کیمیاییەکانی نێو پاککەرەوەکان.
 
توێژینەوە لەسەر نزیکەی دوو هەزار مادەی کیمیایی نێو پاککەرەوەکان کراوە و لە ئەنجامدا 20٪ـی مادەکان کاریگەرییان لەسەر پووکانەوە خانەکانی مێشک هەبووە، کە بەشێکی زۆریان لەنێو پاککەرەوەکانی رۆژانەدا هەبوون.
 
ئیرین کۆن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: پاککەرەوەکان مادەی ئەمۆنیۆمیان تێدایە کە راستەوخۆ کار لە خانەکانی مێشک دەکات و توانای بیرکردنەوە، فێربوون و یادگەش کەمدەکاتەوە.
 
د. ستەیسی براون، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان لە ئەمریکا هۆشداریدەداتە خانمانی دووگیان و دەڵێت: بەکارهێنان و بەرکەوتن بە مادە پاککەرەوەکان لەماوەی دووگیانیدا نەبێت، بەتایبەت لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانی.
 
تەنانەت ئەو پسپۆڕەی خانمان، رێنوێنیی خانمان دەکات کە بەبڕی پێویست مادە پاککەرەوەکان بەکاربهێنن و دەمامک لەکاتی پاککردنەوەدا ببەستن.
 
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییە دەمارییەکان ساڵان زیاددەبێت و لە نوێترین راگەیێندراویشیدا ئاشکرای دەکات، ئێستا زیاتر لە 43٪ـی دانیشتووانی زەوی تووشبووی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمارن، بۆ بینینی راپۆرتەکەی تەندروستیی جیهانی کلیک لێرە بکە.
 
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، لەکۆی 36 منداڵ لە جیهاندا یەکێکیان ئۆتیزمە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە