پسپۆڕێکی خۆراک: خواردنی سەروپێ لە بەیانیاندا هۆکارێکی قەڵەوییە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی خۆراک و تەمەندرێژی لەبارەی سەروپێوە دەڵێت، باشترە سەروپێ لە ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارە لە بری بەیانی بخورێت، چونکە ئەگەر بەیانییان بخورێت ئەوا قەڵەوی دروستدەکات، چونکە سەروپێ خۆراکێکی پڕ لە چەوری و پڕۆتینە.
ئەمڕۆ دووشەممە 30-12-2024 د. زانا حەمەد، پسپۆڕی خۆراک و تەمەندرێژی بە رووداوی راگەیاند، باشترە دوای کاژێر 8ـی شەو هیچ خۆراکێکی چەور نەخورێت، چونکە خۆراکی چەور و قورس لە شەواندا خەو و هەرس تێکدەدات.
د. زانا حەمەد روونی دەکاتەوە، گۆشتی ئاژەڵ و قەل و قاز بڕێکی زۆر لە چەوریی تێریان تێدایە کە زۆرخواردنیان دەبێتەهۆی گیران و تەسکبوونی لوولەکانی خوێن و بەمەش لێکەوتی مەترسیداری دەبێت کە هۆکار دەبن بۆ کورتبوونەوەی تەمەن.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، لە ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارە لە بری بەیانی، سەروپێ بخورێت، ''چونکە زیندەچالاکیی سووتاندنی چەوری لە بەیانیاندا لاوازە و ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی زیاددەبێت''.
لەبارەی خواردنی سەروپێوە گوتی، نانی کەمی لەگەڵدا بخورێت و بە بڕێکی دیاریکراویش گۆشتەکەی بخورێت.