بۆ هەڵگرتنی مەرجی کارتی ڤاکسین بۆ گەشتکردن وەزارەتی تەندروستی چاوەڕێی بڕیاری لیژنەیەکی زانستییە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێشتا بڕیار نەدراوە مەرجی کارتی وەرگرتنی ڤاکسین بۆ گەشتکردن هەڵبگیرێت کە عێراق ئەمرۆ بڕیاری هەڵگرتنی دا. دەشڵێت، "لێژنەیەکی زانستییمان لە وەزارەت و لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هەیە ئەوان لێکۆڵینەوە لە دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەکەن و دواتر بڕیار دەخەنە بەردەم وەزیری تەندروستی و ئەو بڕیار دەدات هەڵبوەشێتەوە یان نا."
 
رۆژی چوارشەممە، 30-11-2022، وەزارەتى تەندروستیى عێراق بەڵگەنامەى نێودەوڵەتیى تایبەت بە ڤاکسینى کۆرۆناى بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوە و بەپێچەوانەوە هەڵوەشاندەوە، بڕیارەکەش لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە کاری پێدەکرێت، هاوکات بەستنى ماسک جگە لە فەرمانگەکانى ئەو وەزارەتە، بۆ شوێنەکانی دیکە کرایە ئارەزوومەندانە.
 
لەبارەی بڕیارەکەوە و جێبەجێکردنی لە هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە، 30-11-2022، د. سەرهەنگ جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارە ئەمرۆ لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە دەرچووە، هێشتا بەفەرمی نەگەیشتووەتە وەزارەتی تەندروستی، بەڵام نووسراوەکەمان بینیوە."
 
د. سەرهەنگ جەلال ئاماژەی بەوەدا، لە هەرێمی کوردستان لیژنەی باڵای زانستی لە وەزارەتی تەندروستی هەیە، لەگەڵ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، لیژنەی زانستی وەزارەتی لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکات بەپشتبەستن بە دۆخی پەتاکە و تووندیی نەخۆشییەکە و ژمارەی ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە، لیژنەکە بڕیار دەدات و دواتر دەدرێتە وەزیر و پاشان لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و ئەوان بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدەن.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 458 هەزار و 874 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە حەوت هەزار و 468 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 30-11-2022، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێشتا بڕیارەکەمان لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقەوە پێنەگەیشتووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی کارکردن بە کارتی ڤاکسین، هەرکاتێک پێمانگەیشت پێوەی پابەند دەبین."
 
رۆژی 30ى تشرینى دووەمى 2022، وەزارەتى تەندروستیى عێراق سێ بڕیارى لەبارەى کۆرۆنا دەرکرد و ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکانى کردووە.
 
بەگوێرەى نووسراوەکە، بڕیاردراوە لە رۆژی پێنجشەممەوە یەکى کانوونى دووەمى 2022، کار بە بەڵگەنامەى نێودەوڵەتیى وەرگرتنى ڤاکسینى کۆرۆنا نەکرێت بۆ ئەو کەسانەی گەشتی دەرەوە دەکەن یان بەپێچەوانەوە، ئەگەر ئەو گەشتیارانە عێراقى بن یان بیانی.
 
لەکۆى زیاتر لە 41 ملیۆن هاووڵاتیى عێراق، بەگوێرەى دوایین راپۆرتى وەزارەتى تەندروستى، تاوەکو ئێستا 11 ملیۆن و 314 هەزار و 315 کەس ڤاکسینى کۆرۆنایان وەرگرتووە.